ئایا هونەر خەریکە دەدۆڕێت؟

ئەرسەلان چەڵەبی
حەقیقەتی هونەر چییە؟ هونەر بۆ چ دەبێت و بە کەڵکی چی دێت؟ هێندەی هەموو هونەرمەندێک وەڵام بۆ ئەو پرسیارە هەیە. بنەچەکی هەموو وەڵامەکان یەک سەرچاوەی هەیە، زۆریشیان بە رواڵەت زۆر لە یەک نزیکن. بۆ وێنە پیکاسۆ دەڵێ:  هونەر ئامرازی رازاندنەوەی ماڵە دەوڵەمەند و بورژواگەل نییە، بەڵکوو چەکی شەڕە.
جۆزێڤ بۆیزیش پێناسەیەکی وەهای لە هونەر هەیە، ئەویش دەڵێ: «هونەر بۆ ئەوە نییە کە دیواری ماڵەوەی پێ بڕازێنینەوە، بەڵکوو هونەر چەکی شەڕە بە دژی دوژمن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، دوژمن کێیە؟»
رەنگە هیچ رووداوێک هێندەی دوو شەڕی جیهانی کاریگەری لە سەر هونەر دانەنابێت، واتە سیخورمەیەک بووە بۆ هونەر کە وەخۆی بێتەوە و ئاگادار بێت لە چ قەیرانێک دا دەژیت. بەو بەرچاوڕوونییە دەتوانین بگەینە ئەو وەڵامە کە رەنگە دوژمن هەر خودی بەشەرییەت بێت، یان شارستانییەتیک کە بووەتە هۆی وێرانی و کارەسات!
بەڵام ئایا هونەر دەرەقەتی ئەو دوژمنەی هاتووە؟ یان هەر جار نا جارێ بڕیکی پرتە و بۆڵە کردووە و لە ئاکامدا گەڕاوەتە گۆشەی تەنیایی و تەریکی خۆی!
هونەر بە شێوەی راستەوخۆ خەریکی ئافراندنە، ئافراندن بە واتای پیرۆزی خۆی، رەنگە ئەوە لە بەرانبەر خودا یان خوداکاندا قوت بێتەوە. خودا وەک هێزێکی ئافرینەر کە بوون و نەبوون و مرۆڤی بەدی هێناوە. لەولاشەوە هونەرمەند وەکوو ئافرینەرێ لە ناو دڵی ئەو بوون و نەبوونە دا دیسانەوە خەریکی ئافراندنە. بەو بەرچاو ڕوونییەوە دەتوانین بگەینە ئەو ئاکامە کە رەنگە دوژمنی هونەر خودا یان خوداکان بن! لەبەر ئەوەی ئافراندنی هونەرمەند لە بەرانبەر ئافراندنی خودا یان خوداکان دا دەوەستێتەوە. زۆرترین چەمکێک کە لە ناو هونەر دا لەنگەری لە سەر گیراوە «جوانیناسی» بووە. بەڵام ئایا بەرتەسک کردنەوەی هونەر بە جوانیناسییەکی رووت و قووت دەتوانێ بماگەیەنێتە وەڵامێکی دوروست؟
با بەو بارەدا باسەکە لێک دەینەوە و پەل و پۆ نەهاوێنە ناو باسی تر، با تەنێ لە سەر جوانی لەنگەر بگرین، بۆ جوانیناسی لە هونەر دا هیندە باسی لە سەر دەکرێت؟ بۆ بڵێی لە بەرانبەر دا ناحەزی لە زاو و زێ دایە بە بەردەوامی؟ ئایا شەری هونەر بۆ ئەوەیە کە جوانی بسەپێنێ بە سەر ناحەزیدا؟ وەڵامەکەی دەتوانێ «نا» بێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر هونەر لەو شەڕە دا براوە بێت، جوانی واتای خۆی لە دەست دەدا!
لایەنەکانی تری هونەریش ئەگەر بەو جۆرە باسی لە سەر بکەین لەکۆتاییدا بەو بۆنبەستە دەگات.
ئەگەر بە گشتی لەو پرسیار و وەڵام و شک و گومانە مەودا بگرین و بگەڕێنەوە سەر شەڕی هونەر و چەکەکەی و هەروەها دوژمنەکەی دەتوانین باسی یەک شت بکەین. سینەما وەک نوێترین ژانڕی هونەر بەهێزترین چەکی هونەر بوو! بەڵام لە درێژەی زەماندا وردە وردە ئەو چەکە بەهێزە تووشی داڕمان و نوشستی هزری دەبێت، بە جۆریک کە ئێستا لایەکی ئەو چەکە بەهێزە لە خزمەت دوژمنەکە دایە! ئایا هونەر خەریکە دەدۆڕێ؟
من پێم وایە ئەو پرسیارە پرسیاریکی جەوهەرییە کە دەبێ لێی بە خاوەن دەرکەوین!
ئایا هونەر خەریکە دەدۆڕێ؟

PM:12:38:04/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 239 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌