مامۆستا "زیرەک" و مەکتەبی نەتەوەیی مۆسیقای کورد

 

دلۆ. ع

 

تۆماس ئێستێرنز ئێلیۆت لە "وتارگەلی ڕەخنەگرانە"* دا دەڵێ:

نە ڕابردوو و نە ئێستا بە تەنیا، زیاتر لە هونەرمەندێکی بێ ڕابردوو و بێ ئێستا (مردوو)، مانایان نییە. بە واتایەکی تر ئەگەر ڕابردوو بە شێوەیەکی زۆر هەست پێکراویش گوزەرابێ، هیچ هۆکارێک بوونی نییە بۆ ئەوەی لە بەرانبەر زەمانی ئێستا دا ئیگنۆری بکەین. ڕابردوو و ئێستا هەردووک لە ئەحواڵی یەکتر ئاگادارن و یەکتر لە ئامێز دەگرن.

ئەم بیرە لە وتاری ئەمڕۆ دا خۆی نیشان دەدات. کەمتر هونەرمەندێک هەیە کە توانیبێتی وەک مامۆستا "حەسەن زیرەک" ڕابردوو و ئێستا تا ئەم ڕادەیە پێکەوە گرێ بدات. کارکردی کۆمەڵایەتی بەرهەمەکانی مامۆستا حەسەن زیرەک پاش ٥ دەیە هێشتا بەهێز و کاریگەرە. تۆ دەتوانی بوونی ئەو لە هەموو شوێنێک دا ببینیتەوە. ئەویش چەندین هۆکاری سەرەکی هەیە و تەنیا بە هۆی دەنگ خۆشی نییە.

ئێمەی کورد بە هۆی ئەوەی تا ئێستا کرۆنۆلۆژی مۆسیقاییمان باش نەهۆنیوەتەوە و شرۆڤە نەکردووە، نەمانتوانیوە بزانین بلیمەتێکی وەک زیرەک چی کردووە و لە چ ئاستێکدایە.

من لێرەدا نامەوێ پێیدا هەڵبڵێم، بەڵام مەبەستم ئەوەیە زۆر بە کورتی و کوردی ئاماژە بە شتێکی گرنگ بکەم کە تا ئێستا سەرنج نەخراوەتە سەر ئەو بەشە.

هەموو میللەتان مەکتەبی نەتەوەیی مۆسیقای خۆیان هەیە؛ ویلیامز(بریتانیا)، بارتۆک(مەجارستان)، گریگ (نۆروێژ)، سیبلیوس(فەندلاند)، ئالبینێز (ئیسپانیا)، مۆسۆرۆگسکی (ڕوسیە) و هتد.

بێ تەعارف ئێمەی کورد  تا ئێستاش شتێکمان بەناوی مەکتەبی نەتەوەیی مۆسیقا نییە. بەڵام ئەوەی کە ٥٠-٦٠ ساڵ پێش مامۆستا زیرەک کردی ئەوە بوو؛ پێشەکییەکی بۆ بنیادنانی مەکتەبی نەتەوەیی کورد دانا.

کە دواتر زۆرێک هونەرمەند و گۆرانیبێژ لەسەر ئەو پێشەکییە پێ گەیشتن. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە تا ئێستاش نەتوانیومانە لەو پۆتانسیلە کەڵک وەرگرین، نە توانیومانە دێوێلۆپێک لەو ڕێچکەیە ساز بکەین کە دواتر مەکتەبی نەتەوەیی لێی هاسڵ بێت. ئەم پێشەکییەی مامۆستا زیرەک کارێکی زۆر گەورە و قوڵ بوو کە دەتوانێ لە پرۆسەی نەتەوەسازی دا ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە بەشی هونەری و فەرهەنگی دا.

هەڵبەت هەندێک بەناو هونەرمەند لە بە ئێرانی کردنی ئەویش کەمیان زەحمەت نەکێشاوە. بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگە ژیانی تاکەکەسی وهۆنراوە و ناوەرۆکی هۆنراوەکانی نیە، بەڵکوو ڕەوتێکی مۆسیقاییە کە زیرەک دەستیپ پێکرد و بە کۆمەڵێک چالاکی ئەکادمیک و عاقڵانە دەتوانین بیکەین بە میراسێکی پتەو بۆ بنیادنانی مەکتەبی نەتەوەیی مۆسیقای کورد.

وردەکارییەکان باس ناکەم، چوون نامەوێت لە لایەن ئەنستیتۆ و ئۆرگانە کاولکەرە فەرهەنگییە کوردییەکان بدزرێ و بە سەقەتی دەستی بۆ بەرن.


PM:12:36:04/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 247 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌