سەقز/ کچێکی مێرمنداڵ لە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

بە پێی هەواڵێك کە بە ناوەندی هەواڵی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، ڕۆژی سێ شەممە ٢٨ی جۆزەردان کچێکی مێرمنداڵ (نەوجەوان) کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بە پێی زانیارییەکان، ئەو کچە مێرمنداڵە ناوی "دڵنیا تاهری" و تەمەنی ١٣ ساڵ بووە کە دەستی داوەتە خۆکوژی. بە پێی سەرچاوەیەکی نزیک لەو قوربانییە، دڵنیا لە لایەن زڕدایکییەوە لە ژێر گوشار دابووە. بە هۆی ئەو گوشار و دۆخە خراپەی کە لە لایەن زڕدایکییەوە بۆی دروست ببوو، خۆی دەکوژێت و کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت.
هەروەها هەواڵێکی دیکە لە پیرانشارەوە باس لەوە دەکات کە ژنێکی ٤٦ ساڵ تەمەنیش بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی کوردستان ئەمە ٦ م حاڵەتی خۆکوشتنە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو بۆتەوە.
دیاردەی خۆکوژی، دیاردەیەکی ناشیرینە کە ئەم ڕۆژانە لە کوردستان ڕوو لە زیاد بوونە و دابەزینی تەمەنی خۆکوشتن لە نێو ژنان بۆ تەمەنی ١٣ ساڵی، زەنگێکی مەترسیدارە کە زۆربەی هۆکار و پاڵنەرەکانیشی زاڵ بوونی نەریت و کولتوری کۆن و دژە مرۆیی، پیاوسالاری و بێ پشتیوان و بێ ئاسۆیی قوربانییەکانە کە دەگەنە بنبەست. 
جێی وەبیرهێنانەوەیە، بۆ کۆتایی هێنان و لە ڕەگەوە دەرهێنانی ئەو داب و نەریتە کۆنانە و سڕینەوەی کێشەکان و دەستەبەرکردنی پشتیوانی یاسایی، خۆکوشتن نییە و لاوانی کورد و بە تایبەتی کچان و ژنانی وڵاتەکەمان دەبێت، بەرەنگاری بوەستنەوە و بۆ لە ناوبردنی خەبات بکەن. 




PM:09:46:19/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 107 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌