جامی ژەهر یان گۆڕی تەسک؟! کۆماری ئیسلامی جەنگی دەوێت نەک ئەمریکا


ئاستیاگس

وا وێ دەچێت لە دۆخی ئێستادا هەموو لێکدانەوەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەم ئامانجە کۆتایی دێت کە تەنیا ڕێگەچارەیان "شەڕـە. مەرجەکانی ئەمریکا چ یەک دانە بێت و چ دووان و سێیان تا ١٢ (ئەگەرچی تا ئێستا ١٢ مەرجەکە وەک خۆی ماوەتەوە)، بە واتای تەسلیم بوونی تەواوی نیزامە. لە بەر ئەوەش هەموو عەقڵێکی ساغ بە لێکدانەوەیەکی بەرایی بەم ئەنجامە دەکات کە نیزامی کۆماری ئیسلامی بۆ قبووڵی مەرجەکان، تەنیا خواردنەوەی جامە ژەهرەکەی قبووڵی کۆتایی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق نییە، بەڵکوو ڕاکشان لە گۆڕێکی تەسک و داپۆشینی ئەم گۆڕەیە بە خاک.

شلەژانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە لە هەڵسووکەوت و وتە دژواز و جیاوازەکانی سەرانی باڵای و ناوەندی ڕژیم بۆ هەمووان ڕوونە، ڕوونتر لەوانە سەردانەکانی جەوادی زەریف بۆ ئەمریکا، تورکمەنستان، هیند، ژاپۆن و چین و پاکستان؛ باس لە شڵەژان و شەپۆکانی زۆر لە سیاسەتی دەرەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر گوشارەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ دەکات.

ئەمەی کە دەوڵەتی ئێستای ترامپ وەها ڕێگەی لە نیزامی کۆماری ئیسلامی تەسک کردۆتەوە، کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو ڕێگاکان بۆ کەم کردنەوەی گوشارەکە کەڵک وەر دەگرێت، تەنانە بە بەهای فرۆشی ئێران و واژۆ کردنی گرێ بەستی گەورە بۆ هەراجی وڵات، تەنیا و تەنیا بۆ درێژ کردنەوەی دەسەڵاتداری خۆیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژ. بەڵام تا ئەو جێیەی کە بە کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی وڵاتی سێهەمەوە، کارێکی بێ هوودە و لەخۆڕاییە، چونکا سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی ترامپ ڕوون و ئاشکرایە و پێویستی بە لۆبیگەری نییە. 

ڕێی تێدەچێت بزانین لە پشت پەردەوە سیاسەتی ڕژیم بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەمارۆ و گوشارە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبوونەکانی ئەمریکا و بەچۆک داهێنانی ڕژیمی تاران لە ڕێگەی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ کەنداو، شتێک لە ئارادایە.

لە سەردانە پەیتا پەیتاکانی زەریف بۆ وڵاتان وا دەردەکەوێت کە ڕژیم دەیەوێ بڵێت کە سیاسەتی دەرەوەی ئەم ڕژیمە بریتی نییە لە "شەڕ، بەڵکوو لایەنگری گفت و گۆ و دان و ستانە.

بەڵام ئەمە تەنیا شوێن ون کردنێکی پیشەییانەیە بۆ ڕاستی پشتی پەردە و ئەویش بریتییە لەشەڕ. بە واتایەکی دیکە جەوادی زەریف ڕۆڵی پۆلیسە باشەکە دگێڕێت، بەڵام بە وردبوونەوەیەکی کورت دەکرێت بەم ڕاستییە بگەین کە جەوادی زەریف داهۆڵێکە و نە هیچی تر و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی، بەیتی ڕەهبەری و بەرپرسانی باڵای سپا دیاری و جێ بە جێی دەکەن.

ئەو جۆرەی کە ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەم ماوەیەدا خستوویانەتە ڕوو، قاسم سولەیمانی بە هەموو گرووپە میلیشیاکانی ژێر فەرمانی خۆی لە عێراق فەرمانی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندی و بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا دەرکردووە.

بێ گومان ئەم ڕاپۆرتانە زانیاری گەلێکی تەواو ڕاستن، بۆچی؟

چونکا کۆماری ئیسلامی تەنیا ڕیی مانەوە لە "شەڕدا دەبینێتەوە. هەڵبەت شەڕێکی نیابەتی پڕاوپڕ لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی وەک سعودیا و ئیماڕات. دامەزراوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە دروستی مشتی کۆماری ئیسلامییان کەشف کردووە، بەڵام تا ئێستاش مەترسی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بە شێوەی جیددی لە ئارادایە. هەر بۆیەش لە دوو هەفتە لەمەوبەر ناوی شەڕکەری ئابراهام لینکۆڵن بۆ هۆشداری دان بە ئێران ڕەوانەی کەنداو کرا.

لە ڕووداوەکانی ئەم چەند هەفتەیەی ڕابردوو، تەقینەوەکانی بەندەری ئەلفوجیرە، هێرش بۆ سەر هێڵەکانی گواستنەوەی نەوتی سعوودیا و هێرش کردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، هەموو ئەمانە دەری دەخات ئەم شەڕە پێویستی بە جەخماخەیەکی بچووک هەیە بۆ هەڵگیرسانی ئاگر لە ئەنباری باڕووت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کورتەی باسەکە ئەمەیە؛ کۆماری ئیسلامی بە دوای شەڕەوەیە نەک گفت و گۆ، بە پێچەوانەی ئەوەی کە خامنەیی وتی شەڕ نابێت و وت و وێژیش ناکەین. هۆی ئەم ڕاستییەش وەک ڕۆژ ڕوونە. هۆکاری سەرەکی ئەم ڕاستییەش ئەمەیە کە قبووڵی وت و وێژ بە مانای گۆڕینی جەوهەر و ناوەرۆکی ڕژیمە، ئەوەی کە لە ماوەی چل ساڵ بە گوێی خەڵکی ئێراندا وتراوە، ئێستا بە دەست هەڵگرتن لە ئاڕمانجە پووچ و بێ بەرهەمەکان، کۆڵێک مودەعی ناوخۆیی کە تا پێش وت و وێژ لایەنگری شێلگیری ڕژیم بوون، بۆیان ڕێک دەکاتەوە و ئیتر پێویست بە ئەمریکا ناکات، بەڵکوو خوودییەکانی تواوە لە ویلایەت زگی ئەم ڕژیمە هەڵدەدڕن.

تەنیا ڕێگە شەڕە. ئەم شەڕە ئەو جۆرەی کە دیارە، نیزام بۆ مانگی ڕەمەزان پلانی بۆ داڕشتبوو، بەڵام ئیسرائیل و ئەمریکا پلانەکەی کۆماری ئیسلامییان پووچەڵکردۆتەوە. ئەمەی کە کۆماری ئیسلامی دەیویست و دەیەوێت لە مانگی ڕەمەزاندا چەخماخەی شەڕ لێ بدات (تەنانەت حوسییەکان بە نیاز بوون بە موشەک بالستیک هێرش بکەنە سەر مەکە)، بیانووی زۆرە، بەڵام گرینگترینیان کڕینی هاوسۆزی موسوڵمانانی جیهانە کە لە مانگی ڕەمەزان بۆ کەم کردنەوەی گوشاری شەڕ بووە یان دەبێت کە خودی ڕژیم لە ڕێگەی گرووپە دەستکردەکانییەوە دوگمەی شەڕی ڵێ داوە یان لێی دەدات، بەڵام بە دوای ئەوەدا، ئەمریکا خودی ڕژیمی ئێرانی دەکاتە ئامانج و شەڕەکە دەباتەوە ناو سنووری ئێران.

ئەم بێ زەبوونییە لە سیاسەتی دەرەوە ئاکامی ٤٠ ساڵی شکستی نیزامی کۆماری ئیسلامییە کە هەموو ڕێگاکانی کرد بە یەک ڕێگا و ئەوش شەڕی ماڵوێرانکەرە.

ئەم شەڕە نزیکە و چونکا کۆماری ئیسلامی لە گەمارۆی ئابووری تەواوی ئەمریکادایە، لە لایەکی دیکەوە گواستنەوەی کەل و پەل و چەک و چۆڵی سەربازی بۆ باشوور و ڕۆژئاوایی ئێران، تەواو ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.

هەر بۆیە سەردانەکانی زەریف و ژێستە دیپلۆماتیکەکەی تەنیا بۆ فریوی سیاسی دنیایە و بە کردەوە کۆماری ئیسلامی بە دوای شەڕەوە بووە و هەیە و بە نیازە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تا ئەو جێگایەی کە بۆیان دەکرێت لە ڕیگەی هێزە دەستەچیلە و دەسکردەکانییەوە هەڵخرێنێت، بۆ ئەوەی ئەمریکا شەڕەکە دەست پێ بکات، ڕژیم بە تایبەتی خۆی لە بەرامبەر موسوڵمانانی جیهان مەزڵووم بنوێنێت کە ئەی هاوار! ئەمریکا هێرشی کردۆتە سەر وڵاتێکی موسڵمان.

چ لە مانگی ڕەمەزاندا و چ لە مانگەکانی داهاتوودا، نیزامی ئیسلامی دەبێت لە هەر ڕێگەیەوە کە بۆ دەکرێت بۆ کڕینی کات، خۆ مەزڵووم دەرخستن و شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بە هەموو توانای خۆیەوە لە ڕێگەی گرووپ و ڕێکخراوە دەستەچیلە و گۆپاڵەکانی خۆیەوە بۆ هەڵخراندنی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی هەڵبگیرسێنێت.



AM:09:30:26/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 581 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌