ئەمریکا ئێران بە هێرش بۆ سەر چوار نەوت هەڵگر لە بەندەر فەجیرە تۆمەتبار کرد

ئا: ئالان سەلیمی

مایکێل گیلدێی یەکێک لە بەرپرسانی باڵادەستی سپای ئەمریکا بە شێوەی فەرمی وتی : "بە دڵنیاییەوە دەکرێت بڵێین کە سپای پاسدارانی ئنقلابی ئیسلامی بەرپرسی هێرش بە چوار نەوت هەڵگر لە بەندەر فەجیرەیە".

ئاسۆ شەیتێدپرێش لەم پەیوەندەدا نووسییوەتی:" مایکێل گیلدێی، ڕۆژی هەینی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٨ ، سپای پاسدارانی بە هێرش بۆ سەر چوار نەوت هەڵگر لە بەندەر فەجیرە و هەروەها، هێرشی موشەکی بۆ سەر "ناوچەی سەوز" لە بەغداد تۆمەتبار کرد.

لە لایەکی دیکەەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ ڕۆژی سێشەممە ٣١ گوڵانی ١٣٩٨ وتبووی کە "بە تەواوەتی گومانی ئەوە دەکرێت" کە کۆماری ئیسلامی بەرپرسی ئەو چەند هێرشەیە کە لەم دواییانەدا کراوەتە سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی لە کەنداو .

لە هێرشێکدا کە کرایە سەر بەندەری فەجیرە، چوار پاپۆڕی نەوت هەڵگر لە نزیک سنوورەکانی ئیمارات کرانە ئامانج و هەرکام لە وڵاتانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و عەرەبستان ئێرانیان تۆمەتبکار کرد کە دەستی بووە لەو کردەوە تێکدەرانەدا.

هەروەها هێرشی موشەکی بۆ سەر "ناوچەی سەوزی" بەغداد لە نزیک سەفارەتی ئەمریکا، هاوکات بوو لەگەڵ زیاتر بوونی کێشە و ناسەقامگیری لە نێوان واشینگتۆن و تاران.

چەند لایەن وەکوو ئەمارات و عەرەبستان ڕاستەوخۆ ئێرانیان بە بەرپرسایەتی ئەو هێرشانە تۆمەتبار کرد و زۆر لایەنی تریش ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری ئەوەیان داوە کە ئێران و ئەو گرووپانەی لە لایەن ئێرانە پشتیوانی دەکرێن لە پشتەوەی ئەو هێرشانەوە بن.

هەروەها کۆمپانییەکی بیمەی وڵات نۆروێژ کە یەکیک لە نەوت هەڵگرەکانی لە تەقینەوەی بەندەر فەجیرە دا زیان بەرکەوتبوو، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە، وادیارە ئامانجی ئەم هێرشە گەیاندنی پەیامێکە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەوەی کە ناتوانن کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمۆز بکەن و بەر بە هەناردە کردنی نەوتی ئێران بگرن. هەروەها لەو راپۆرتەی کۆمپانیای بیمە و تەئیمنی نۆروێژدا باس لەوە کراوە کە ئەگەری ئەوە هەیە ئێران لە پشت ئەو هێرشانەوە بێت.

لە لایەکیترەوە زەریف ، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هێرش بۆ سەر پاپۆڕەکانی بەندەری "فەجیرە" بە "گوماناوی" ناو دەبات و دەڵێت مەبەست لەو هێرشانە تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکەیە. "

ئەو وتەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدا دایە کە یەکێک لە گرووپە ژێر چاودێرییەکانی ئێران، "هێزە حوسییەکان" بەرپرسایەتی هێرش بۆ نەوت هەڵگرەکانی بەندەر فەجیرەیان گرتۆتە ئەستۆ و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، "پێنتاگۆن" ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبووە لە گەڵ هێرش بۆ سەر نەوت هەڵگرەکانی بەندەر فەجیرە و هەروەها هێرشی موشەکی بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغداد لە نزیک سەفارەتی ئەمریکا.

دوا بە دوای هێرشی موشەکی بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغداد، لە نزیکی سەفارەتی ئەمریکا، دۆناڵدا ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ماڵپەڕی تویتەری خۆی وتی: "ئێران لەمەو بەدوا نابێت هەڕەشە لە ئەمریکا بکات، ئەگینا ئەمە بە مانای کۆتایی هاتنی ئێرانە."

هەروەها کۆمیتەی سێنای ئەمریکا، ئەوەی رەت کردۆتەوە کە بۆ هێرش کردن بۆ سەر ئێران پێویست بکات سەرکۆمار بگەڕێتەوە بۆ دەنگی کۆنگرەو پەسەند کراوی کۆنگرەی لەگەڵ بێت. ئەمە بەو مانایەیە کە بە بێ ئیزنی کۆنگرە، سەرکۆمار دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ئێران.

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی، ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٨ ڕایگەیاند، ١ هەزار و ٥٠٠ هێزی نوێ بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەناردە کراوە.

هەواڵدەری سی ئێن ئێن لەوبارەوە دەڵێت،ئەو هێزانەی کە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نێردراون بریتین لە، سیستەمی بەرگری موشەکی پاتێریۆت، هێزی ئاسمانی سیخوڕی و ناساندن و هەروەها هێزی لۆجێستیکی پێویست لە ناوچەکە.

لە ماوەی ڕابردوودا کە ناسەقامگیری لە نێوان واشینگتۆن و ئێران زیاتر بووە، دەوڵتی ئەمریکا دەڵێت کە زانیاری نوێی لەبەر دەست دایە کە بە پێی ئەو زانیارییانە ئێران هەڕەشەیەکە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هەروەها ئەمنییەتی ناوچەکە.


PM:02:03:25/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 151 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌