خۆکوژی دوو ژن لە کامیاران و پیرانشار

بە پێی هەواڵیک کە بەناوەندی هەواڵی رۆژهەڵات گەیشتووە، رۆژی چوارشەممە ٢٥ی گوڵان، ژنێکی پیرانشاری بە ناوی "پرشنگ ساڵەحی" تەمەن ٤٠ ساڵ، کە ١٠ رۆژ لەوە پیش دەستی دابووە خۆ کوژی و ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو بە هۆی کاری بوونی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.

دەوترێت ئەم ژنە بە بۆنەی هەژاری و کێشەی ئابوورییەوە دەستی داوەتە خۆکوژی و خۆی سووتاندووە. کەسێکی نزیک لەم بنەماڵەیە بە ئاسۆی رۆژی راگەیاند کە مێرد و هاوژیانی "پرشنگ ساڵەحی" بە ناوی " ئەبووبەکر ئارمکان" چەند ساڵ لەوە پێش و ساڵی ١٣٩١ ی هەتاوی کەوتۆتە سەر مین و لاقی راستی پەڕیوە. بەڵام تا ئێستە لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە هیچ چەشنە یارمەتییەک نەدراون.

هەر بە پێی هەوالێکی لەم جۆرە، ئێوارەی رۆژی سێ شەممە ٢٤ی گوڵان، ژنێکی لاوی کامیارانی بە ناوی "ئیلهام مورادی" بە هۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوەو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. سەرچاوەیەک کە نزیکە لەم بنەمالەیە بە ئاسۆی رۆژی راگەیاند ئەم ژنە کەمناڵێکی وردی هەیە لە گەڵ هاوسەرەکەی و بنەماڵەی هاوسەرەکەی کێشەی بووە.

کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی و هەروەها کێشەی ئابووری هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی دیاردەی خۆکوژین لە کوردستان و ئێران. گوشاری ئابووری بۆ سەر بنەماڵەکان بووە بە هۆی دروستبوونی کێشەی خێزانی و سترێس و نائارامی خستۆتە ناو بنەماڵەکان.


PM:12:28:15/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 50 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌