مەرگی سێ کۆڵبەر لە سنووری پیرانشار بە هۆی سەرما و بەفرەوە

پێشتر و لە هەواڵەکانی ئاسۆی رۆژدا رامانگەیاندبوو کە ٦ کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی (کانی خوا) سنووری نێوان پیرانشار و حاجی ئۆمەران لە بەفردا گیریان کردووە. بە داخەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ئاگادار کراینەوە ٣ کەس لەو کۆڵبەرانە بە ناوەکانی "یووسف جەسووری " تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی شیناوێی پیرانشار، حسەین شەمعزادە، خەڵکی کانی ئەشکەوتی پیرانشار و سیروان محەمد مام ئەوڵا، خەڵکی مۆسڵانی سەردەشتی گیانیان لە دەستداوە.

جێگەی ئاماژەیە تەرمی ئەم کۆڵبەرانە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی پیرانشار.

بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کار و بێکاری ، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان ڕوویان کردۆتە کاری سەخت و پڕمەترسی کۆڵبەری لە سنوورەکان کە بەداخەوە رۆژانە هەواڵی مەرگ و برینداربوونی کۆڵبەرەکان دەبیستین بە هۆکاری جیاواز لە سنوورەکان. بێگومان ئەگەر دەرفەتی کاری شایستە و بێ مەترسی هەبێت لاوانی کورد لە سنوورەکان روو ناکەنە کاری قورس و پڕمەترسی کۆڵبەری. رژیمی کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکی دیاردەی کۆڵبەری و مەرگی کۆڵبەرەکانە لە سەر سنوور.


PM:06:21:17/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 231 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌