شارۆمەندێکی بەهایی سنەیی، دوور خرایەوە بۆ میناب

بە پێی هەواڵێک کە بەناوەندی هەواڵی رۆژهەڵات گەیشتووە، رۆژی دووشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، زەبیحوڵا رەئوفی، شارۆمەندێکی بەهایی خەڵکی سنە، کە لە کۆتاییەکانی رەشەممەی رابردوودا لە زیندان ئازاد کرا، دوور خراوەتەوە بۆ میناب لە پارێزگای هورموزگان و دەبێت یەک ساڵ لەو شارە بمێنێتەوە.

ئەم پیرەپیاوە ساڵی ١٣٩٤ بە تۆمەتی راکێشانی خەڵک بۆ سەر ئایینی بەهایی و چالاکی دژ بە ئەمنییەتی نەتەوەیی دەستگیرکرا و دوای ١ هەفتە بە دانانی بارمتە ئازاد کراو. گەلاوێژی ١٣٩٧ لە لایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنەوە سزای ١ ساڵ زیندان و ساڵێک دوورخستنەوە بۆ مینابی بەسەردا داسەپا.

لە گەلاوێژی ١٣٩٧ ەوە لە زیندان بوو و دوای ٨ مانگ زیندانی بوون کەوتە بەر عەوفوو و رۆژی ٢١ی رەشەممەی ١٣٩٧ ئازاد کرا. هەفتەی رابردوو بانگ کرایە لقی چواری جێبەجێ کردنی سزاکانی دادگای شاری میناب بۆ تێپەڕکردنی ماوەی دوورخستنەوەکەی.


PM:12:07:16/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 202 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌