ڕێبەرێك لە بەستێنی مێژوودا: سەبارەت بە مامۆستا شێخ عیزەددین حسەینی

ناسر خورشیدی


هەشت ساڵ بەسەر كۆچی یەکێک لە گەورەترین، ئەمەگناسترین و بوێرترین رێبەرانی مێژووی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد مامۆستا شێخ عیزەدین حسەینی رێبەر و بیرمەندەی كورد تێپەر دەبێت. مامۆستا چیتر لە نێوانماندا نەماوە تا بوێرانە لەبەرابەر کۆنەپەرستیدا وەک تەرەغە، قەندیل، ئاویەر و شاهۆ راوەستێت و قورسایی ئەوەندە بێت کە بەرەی رۆشنبیر و چەپی تازە پێگەیشتووی ئەوكات بتوانێت لە سێبەریدا هەست بە هێز و جەماوەر بکات. زۆر دەخایەنێت کە کورد بزانێت بە كۆچی مامۆستا، چ رێبەر و بیرمەندێكی لەدەستداوە. مامۆستا سەرچاوەی فیربوونی راستبێژیی، بوێریی بووە، هەیە و دەمێنێتەوە.

مامۆستا عیزەدیندەتوانین وەك نموونەیەك و شایەتحاڵێك لە قۆناغی حوجرە واتە بەر لە ھاتنی ئەکادیمیای شەریعەت كە زۆر خزمەتیان بە نەتەوەی كورد کردووە ناو ببەین. و لەسەر ئەم بروایەش بوو و دەیگووت من کوردم دواتر کەسێکی موسوڵمانم هەروەها تەواووی ژیانی خۆی لە ڕێگەی خەبات بەدژی زوڵم و ستەم تەرخان کرد. شێخ عیزەددین دژی چەوسانەوە چینایەتی بوو باوەڕی تەواووی بە یەکسانی مافەکانی ژنان و چینایەتی هەبوو و لەهەمانکاتدا کەسێکی بەتەواوەتی نەتەوەیی بوو، تا دواین هەناسەکانیشی لەسەر ئەم ڕێبازەی مایەوە. ئەو كەسێكی ئایینی بوو بەڵام لەهەمانكاتدا سێكۆلار وبڕوای بەجیاکردنەوەی دین و دەوڵەت، بە یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، دژى خورافاتى ئایینى و پشتگیرێکى سەرسەختى خوێندن و زانست بوو.

هەر بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی ئەم سەرکردەیە کورتەیەک لە ژیانامەکەیتان پێشكەش دەكەم:

شێخ عیزەدینی حسەینی ساڵی ١٩٢١ لە شاری بانە و لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لەدایکبووە. بەهۆی نەبوونی قوتابخانەوە سەرەتا لای شێخ ساڵەحی باوکی لە حوجرە دەس بە خوێندن دەکات و سەرف و نەحویی عەرەبی و قورئان و هتد هەر لە لای باوکی فێر دەبێت. و لە ساڵەکانی ١٩٣٨ تا ١٩٤١ بۆ خوێندن دەچێتە چەندین شار و ناوچەی جیاواز و لە كۆتاییدا ساڵی ١٩٤٢ دەچێتە ناوچەی موکریان و قۆناغێكی تازە لە ژیانیدا دەس پێدەكات و دەبێتە هەڵسووراوێکی سیاسی و لە ساڵی ١٩٤٣ لە بۆکان دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی ژیکاف و ناوی نهێنی "هەوێن"ى پێدەدرێت و لە کۆبوونەوەکانی بۆکان و مهابادا چالاکانە بەشداری دەکات.

بەھاری ساڵی( ١٩٤٦ ١٣٢٥)دەچێتە مهاباد کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا بوو و ھەتا پاییز لای مامۆستا مەلا حسەین مەجدی وەزیری دادی کۆماری کوردستان درێژە بە خوێندن دەدات. دوای تێکچونی کۆمار لە ساڵی ١٣٢٦ دەچێتە ناوچەی مەریوان لە ئاوایی باڵەک لە قوتابخانەی مەلا عەلی باقر كەمامۆستایەکی ناوداری ئایینی بوو درێژە بە خوێندن دەدات. ساڵی ١٩٤٨ (١٣٢٧) دەگەرێتەوە بۆ موكریان و دەچێتە لای مەلا عەلی وەڵزی لە گوندی حەمامیانی بۆکان و ئیجازەی ئیفتا و تەدریس وەردەگرێت و بە ڕەسمی دەبێتە مامۆستای ئایینی و لە ساڵەکانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣ بزووتنەوەی جوتیاران لە موکریاندا بەهێز دەبێت (لە سەردەمی موسەدقدا یاسایەك دەردەچێت بۆ دابەشكردنی زەویی و زاریی ئاغاوات لە ئێراندا كە بە دە و دوو ناسراوە و جووتیارانی ناوچەی موكریان بەتایبەت شاری بۆكان بۆ وەرگرتنی مافیی خۆیان دەست دەدەنە كۆچ كردن كە بە بزووتنەوەی جوتیارانی موكریان یان بۆكان ناسراوە.) مامۆستا شێخ عیزەددین پشتیوانیان لێدەکات و بەم هۆیەوە ئاغاکان لە ناوچەکە دەریدەکەن. لە ساڵی ١٩٥٨ دەبێتە مامۆستای قوتابخانەی زانستە ئایینیەکان لە شاری مهاباد و لەگەڵ وتنەوەی وانەی ئاینی بەردەوام قوتابیەکانی بە مێژووی کورد و خەباتەکەی لەپێناو ئازادیدا ئاشنا دەکات. هەر بەهۆی باس لە خەبات و ناساندنی مێژووی كورد لە ساڵی ١٩٦٨ دوای ئەوەی ببوو بە وتاربێژی نوێژی هەینی شاری مهاباد، بۆ ماوەیەک دەستبەسەر دەکرێت.

١٧ی جۆزەردانی ١٣٥٧ لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنى تەرمی عەزیز یوسفی( نووسەر و وەرگێر و چالاكی سیاسی كە ساڵێک پێش لە مردنی بەبۆنەی نەخۆشی لە زیندان ئازادکرابوو وتارێکی گرینگی پێشکەش کرد. شێعری پێ ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن وگرین ــ نامرن ئەوانە وا لەدڵی میللەتا ئەژین (خوێندەوە)، دیارە مەبەستی ئەوە بوو کە عەزیز یوسفی شەھیدە وماوەیەکی زۆرلە بەندیخانەل ە ژێر ئازار و ئەشگەنجەدا بوو، بە ھۆی نەخۆشی لە بەند رزگاری بوو وپاش ماوەیەک کۆچی دوایی کرد. ئەم وتارە لەسەر گۆڕی ئەو تێکۆشەرە لە شاری مەھاباد کە بە بەشداری ھەزاران کەس لە ھەمو شارەکانی کوردستانەوە بەڕێوەچوو، دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو. ) ئەو وتارە بووە دەستپێکی بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە دژی دەسەڵاتی شای ئێران. چەند مانگ دواتر مامۆستا دەبێتە سەرۆکی شورای شاری مهاباد.

دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی ئێران، لە ١٨/٢/١٩٧٩دا لە سەفەری یەکەمین دەستەی نوێنەرایەتی حکوومەتی نوێ بۆ شاری مهاباد ڕاستەوخۆ دەچنە خزمەت شێخ عیزەدین و سەدانی ئەو دەكەن. دواتر لە کۆبوونەوەیەکدا کە نوێنەرانی شارەکانی کوردستان و سەرکردەکانی کۆمەڵە و دیموکرات، شێخ عیزەددین دەكرێتە سەرۆکی دەستەی دانوستانکار لەگەڵ حکومەتدا.هەر لەو ساڵەدا لە شارى سنە وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت دەست پێدەكات.

كە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا، چەند فڕۆکەیەکی جەنگی بەسەر شارەکەدا هەڵفڕێن و لەوێدا شێخ عیزەددین بە نوێنەرانی حکوومەت دەڵێت "فەرقی تاج و عەمامە چیە؟ حکومەت نەگۆڕاوە، بەلكوو تەنیا تاجی پاشایەتی جێگای خۆی بە عەمامە داوە".

لە ٢٦/٣/١٩٧٩دا ڕایدەگەیێنێت لەبەر ئەوەی ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی نادیارە بەشداری لە ڕیفراندۆمەكەیکە لەسەر کۆمارى ئیسلامى ڕێکخراوە نایكات.

مانگێک دواتر لە سەر داوای خومەینی و بەبانگەیشتی وەزیری ناوخۆ بەرەو تاران لە نێو ئاپۆرای خەڵكدا، دەروات. ئاپۆرای جەماوەر لەکاتی بەڕێکردنی مامۆستادا بەرەو تاران، دەرخەری پێگەی ئەو کەسایەتیەیە لەناو کورددا بوو. لەتاران لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و مەهدی بازرگان سەرۆک وەزیری ئەوکاتە و دواتریش لەگەڵ خومەینیدا کۆدەبنەوە و دیدار و گفتوگۆ دەكەن. پاش تەواو بوونی دانیشتنەکەی لەگەڵ خومەینی و لەکاتی ماڵئاواییکردندا، خومەینی یەخەی عەباکەی شێخ عیزەددین دەگرێت و پێی دەڵێت "من ئارامیی کوردستانم لە تۆ دەوێت". ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت "منیش خودموختاریی کوردستانم لەتۆ دەوێت".

لەو سەفەرەدا لە زانکۆی شەریف لە تاران لەناو خوێندکارانی زانکۆ لە وتارێکدا وتی: ”ئەو ئایینەی خەڵک بە گژ یەکدا دەکات، ئایینی ئیلاھی نییە. سانسۆر نمونەیەکە لە گەڕانەوەی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستیە. کۆنەپەرستی لە ھەر جلوبەرگێکدا و بەھەر ڕەنگێک بێت مەحکومە ئێمە لایەنگری ھەڵسوڕانی ھەمو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانین. شۆڕش ھێشتا بە ئاکام نەگەیشتوە چونکو ئامانج لە شۆڕش گۆڕانی بنەڕەتییە.”

لە كاتی گەرانەوەی لە تاران، ئاپۆرایەکی جەماوەری گەورەتر لەوەی پێشووتر لە پێشوازیدا وەرێکەوت. دوای گەیشتنەوەشی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزۆنیدا بەوردی باسی دانوستانەکانی بۆ خەڵک کرد و ڕایگەیاند:" ئەو دڵنیایە لەوەی خومەینی و حکومەت هیچ مافێک بە کورد نادەن.

"لە ٦/٦/١٩٧٩دا شێخ عیزەدین وشیاری دا لەوەی کە حکومەت تووشی شەڕی چەکدارییان دەکات و پێویستە خۆیان ئەمادەبکەن.

پێشبینیەکەی لە ١٩/٨/١٩٧٩ هاتەدی و خومەینی فەرمانی جیهادی بۆ سەر کوردستان دەرکرد، بەڵام بەهۆی ئامادەکاریە پێشوەختانە، سوپای ئێرانیان تووشی شکست و زیانێکی گەورەی گیانی و مادیان كردن. لەکاتی بردنەوەی تەرمەکانی سوپای ئێران بۆ تاران، حكومەت بەرپرسیارێتی تێکشکانی دانوستانەکان و دروستبوونی شەڕی خستە ئەستۆی شێخ عیزەددین و هەروەها خۆپشاندانێکی گەورەی دژی ڕێکخست کە تێیدا خۆپشاندەران داوای لەسێدارەدانی شێخ عیزەدینیان دەکرد. حکومەت دووبارە داوای دانوستانی کردەوە. کۆبوونەوەکان دەستیانپێکردەوە و تاکۆتایی ساڵ بەردەوامبوون، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان نەبوو. دوابەدوای ئەوە شێخ عیزەدین گرنگیی زیاتری بە کاری دیپلۆماسی و هەوڵیدا دەنگی کورد بە جیهان بگەیەنێت. هەر بەم هۆیەوە چەندین جار سەفەری دەرەوەی وڵاتی کرد و چەندین نوێنەر و نامەی ئاڕاستەی پاپاى ڤاتیکان و سەرۆکی وڵاتانی جیهانی کرد. ماڵەکەی لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٨ لە ناوچەکانی سنوری نێوان ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشووردا بوو هەر لەو ماوەیەدا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکومەتی ئەوکاتی عێراقەوە ماڵەکەی بۆردوومانکرا و خۆی و هاوسەرەکەى برینداربوون. لە هاوینی ١٩٩٠دا شێخ عیزەدین ژیانی تاراوگەی گرتە پێش و چوو بۆ سوید و لەوێ نیشتەجێبوو. لە تاراوگەش لە بێکار دانەنیشت و لە ڕێگای ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانییەوە، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوو دەنگی کورد بۆ وڵاتانی جیهان بگات. لە ڕۆژی ١٠/٢/٢٠١١ لەشاری ئۆپسالای سوید کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی ١٦ ئەو مانگە تەرمەکەیان هێنایەوە بۆ شاری سلێمانی و ڕۆژی دواتر لە ڕێوڕەسمێکدا لە گردى سەیوان بەخاک سپێردرا.



PM:11:54:12/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌