مایک پۆمپێئۆ: هاوپەیمانییەکی جیهانیمان دژ بە کۆماری ئیسلامی دروستکردووە

ئا: ئاسۆی رۆژ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتاردانێکی ڤیدیۆیی لە کۆبوونەوەی ئابووری ناسراو بە "داڤووس"دا وتی :" کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەیەکی راستەقینە و واقعییە لە سەر ناوچەکە و دەبێت بە هەند وەر بگیردرێت.مایک پۆمپێئۆ هەروەها دەڵێت ئەمریکا "هاوپەیمانییەکی جیهانی" دژ بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دروستکردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەم وتاردانەیدا رۆژی ٢ی رێىەندان لە داڤووسی سویسرا، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری دایەوە لە لایەن رێکخەرانی ئەو کۆبوونەوەوە. جێگەی ئاماژەیە بە هۆی داخران و کێشەی دەوڵەتی ئەمریکا، وەفدی ئەمریکایی بە پێچەوانەی ساڵانی پێشتر نەیانتوانیوە سەردانی سویسرا بکەن و ئامادەی کۆبوونەوەی "داڤووس" بن.

پۆمپێئۆ لە قسەکانیدا دەربارەی ئێران وتی :" ئێمە کۆمەڵێک هەڕەشەی جیدیمان لە بەردەمدایە. هەندێکیشیان زۆر نوێ نین. هەر لە بەرنامەی ئەتۆمی کۆریای باکوورەوە بگرە تا دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە و وڵاتانی دەرەوەی، تا مۆدێلی ئابووری چین و جۆری هەڵسووکەوت و رەفتاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی و پاراستنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ناوخۆی وڵاتەکەی."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە ئێمە توانیومانە بە هاوپەیمانییەکی جیهانی بگەین و دروستی بکەین بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی کردن لە خەڵکی ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە وردەکارییەوە باسی لەم هاوپەیمانی و بەرەیە نەکرد و ئێستاش دیار نییە، ئەو وڵاتانەی کە لەم هاوپەیمانییەدان کێن .

هەڵبەت باسکردن لە پێکهێنانی بەرەیەک دژی کۆماری ئیسلامی، لە زاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە شتێکی زۆر نوێ نییە و پێستریش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و رۆژی ١٧ بەفرانبار لە کاتی سەفەری خۆی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتبووی کە بەرەیەک پێکهاتووە دژ بە کۆماری ئیسلامی و داعش لە ناوچەکە. ئەو هەروەها وتی :" ئەمە بەرەیەکە کە دەزانیت کۆماری ئیسلامی و تیرۆریسم، گەورەترین هەڕەشەکانن لە ئێستادا. ئەمانە ئەو شتانەن کە ئێمە بە شێوەی هاوبەش کاری لە سەر دەکەین و دژی دەوەستینەوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دواتر ئاماژەی بە جەنگی یەمەن و سووریە و کێشەی حیزبوڵڵای لوبنان و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ئازادی لە عێراق دا و وتی :" کۆماری ئیسلامی دەستی سەرەکی هەیە لەم رووداوانە و هۆکاری سەرەکی نائارامی ناوچەکەیە."

ئەو دواتر وتی :" ئەمانە ئەو شوێنانەن کە ئێران بە راستی هۆکارێکی تێکدەرانەیە لەوانەدا ، بۆیە ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە وەها بەرەیەکمان دروستکردووە بۆ ئەوەی ناوچەکە سەقامگیر بێت و سەقامگیربوونی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو شتەیە کە خەڵکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایستەین و پێویستە پێی بگەن و گەیشتن بەو ئارامی و سەقامگیربوونە ئامانجی سەرەکیمانە. "

پۆمپیئۆ هەروەها باسی لە دانیشتنی وەرشۆ کرد و وتی :" لە مانگی داهاتوودا دانیشتنێک لە وەرشۆ پێتەختی لەهستان (پۆڵەندا) لەمبارەوە بەڕێوە دەچێت و لەم بارەوەو دەربارەی کۆمەڵێک پرسیتر گفتوگۆ دەکرێت."



AM:10:09:23/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 95 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌