کورتەیەک لە ژیان و بەرهەمەکانی د. جەمال نەبەز

ئا: ئاسۆی رۆژ

رۆژی شەممە ٨ی دیسەمبەری ٢٠١٨ی زایینی، دۆکتۆر جەمال نەبەز، نووسەرو زمانەوانی ناوداری کورد لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا لە وڵاتی ئاڵمان بە هۆی چوونەسەرەوەی تەمەن و نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

لەم دوو رۆژەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ماڵپەرەکان زۆر باسی ئەم نووسەرە ناودارەی کورد هاتووە. لێرەدا بە پێی توانا هەوڵدەدەین بە کورتی ئاوڕ لە ژیان و بەرهەمەکانی جەمال نەبەز بدەینەوە ، بە مەبەستی ناساندنی زیاتر بە خوێنەران: بەداخەوە جەمال نەبەز زۆر کەمتر لەوەی شایستەیە لای خوێنەری کورد ناسراوە.

نووسەر، وەرگێڕ، زمانناس و بیرمەندی گەورەی کورد دکتۆر جەمال نەبەز لە ساڵی ۱۹۳۳ی زایینی لە سلێمانی لە دایک بووە. لە سەرەتای خوێندنیدا جگه لە خوێندنی ئیسلامی، فەلسەفە، دەروونناسی، فیزیا و ماتماتیکی خوێندووە.

لە ساڵی ۱۹٦۲دا چووەتە ئەورووپا بۆ تەواو کردنی خوێندن و دواتر لە زانکۆکانی میونیخ و ئۆزبورگ خوێندنی ئیسلامی و ئێرانناسی و شێوازی گوتنەوەی وانەی خوێندووە. لە ساڵانی ۱۹۷۰-۱۹٦۷ لە زانکۆی هامبۆرگ خوێندوویەتی و هەروەها لەو ساڵانەدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی یەکێتی نەتەوەیی خوێندکارانی کوردیان دامەزراندووە.

لە ساڵانی ۱۹۷۹-۱۹۷۰ لە زانکۆی ئازادی بەرلین زانستە سیاسییەکان، ڕۆژنامەوانی و یاسای خوێندووە. هەروەها لە زانکۆی ئازادی بەرلین مامۆستا بووە. بە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی لە سەر میر محەممەد ڕواندزی بڕوانامەی دوکتۆرای لە بواری مێژوودا وەرگرتووە.

جەمال نەبەز یەکێک لە سەرەکیترین دامەزرێنەرانی کاژیک و نووسەرانی کاژیک‌نامە بووە. هەروەهاش، لە دانانی هاوتا و ڕاست کردنەوەی وشە پێشنیار کراوەکانی کۆڕی زانیاریی کورددا یارمەتیدەر بووە.

ئەم بلیمەتە لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا، لە ڕێککەوتی ٨ی دیسامبری ۲۰۱٨دا بە هۆی نەخۆشییەوە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

جەمال نەبەز خاوەنی زیاتر لە ٦۰ پەرتووکی چاپ کراوە لە بواری زانستی، ئەدەبی، مێژوویی، سیاسی و زمانەوانی. بەشی زمان و ئەدەبی کوردی بە بۆنەی کۆچی دوایی ئەم بیرمەندە چالاکەوە سەرەخۆشی لە نووسەران و خاوەن‌ڕایانی کورد دەکەین و هیوادارین نموونەی مرۆڤی دڵسۆزی زمان و ناسنامەی کوردی زۆر بێت.

هەندێ بەرهەمی مامۆستا جەمال نەبەز:

۱. چیرۆکی گەرداوەکە، وەرگێڕانی شانۆنامەی شکێسپیر، بەغدا، ۱۹٥٥.

۲. ڕۆمانی لالۆ کەریم، هەولێر، ۱۹٥٦.

۳. خوێندەواری بە زمانی کوردی، بەغدا، ۱۹٥۷.

٤. نووسینی کوردی بە لاتینی، بەغدا، ۱۹٥۷.

٥. وەرگێڕان هونەرە، سلێمانی، ۱۹٥۸.

٦. پاڵتۆ، وەرگێڕانی چیرۆکی نیکۆلای گۆگۆل، بەغدا، ۱۹٥۸.

۷. سەرەتای میکانیک و خۆماڵەکانی ماددە، بەغدا، ۱۹٦۰.

٨. زمانی یەکگرتووی کوردی، ئەڵمانیا، ۱۹۷٦.

۹. هەندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی کوردی سوسیالیزم، ستۆکهۆڵم، ۱۹۸٤.

۱۰. کوردستان و شۆڕشەکەی، سوێد، ۱۹۸٤.

۱۱. بیری نەتەوەیی کوردی، نە بیری قەومیەت-ی ڕۆژهەڵاتی و نە بیری ناسیۆنالیزم-ی ڕۆژاوایی-یە، ستۆکهۆڵم، ۱۹۸٤.

۱۲. المستضعفون الکورد و اخوانهم المسلمون، لەندەن، ۱۹۹۷.

۱۳. ڕۆژانی ئاوارەییم لە سویس، سلێمانی، ۱۹۹۹.

۱٤. ناسنامە و کێشەی ناسیۆنالیزمی کورد، لەندەن، ۲۰۰۲.

۱٥. ئێتیمۆلۆژیای زمانی کوردی، بەرلین، ۲۰۰۸.

۱٦. بیرەوەری‌نامەی ئەو ڕۆژانەی جارێک دی ناگەڕێنەوە، سلێمانی، ۲۰۱۷.

۱۷. فەلسەفە و ڕامانی یارسانی لە فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردەواریدا، سوێد، ۲۰۰٨.


PM:12:47:09/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 634 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌