خەباتی کرێکارانی هەفت تەپە و فوولادی خوزستان و هەوڵەکانی رژیم بۆ سەرکوت کردنی


ئا: ئاسۆی رۆژ

مانگرتنی کرێکاران لە ماوەی رابردوودا تا دێت پەرە دەستێنێت. بە شێوەیەک کە رۆژانە شاهیدی خۆپیشاندانی بەرفراوانی کرێکارانین چ لە یەکە بەرهەم هێنەرە گەورەکان وەک هەفت تەپە و فوولاد، چ وەک یەکەیەکی وەک "رۆنی نەباتی جیهان" لە زەنجان. یان کرێکاران و کارمەندەکانی نەخۆشخانەی خومەینی لە کەرەج و یان شارەوانییەکان، کە مانگرتنی کارمەند و کرێکارەکانی شارەوانی شارەکانی ئێران و کوردستان تا دێت بەرفراوان دەبێت. هەر لە کرێکارانی شارەوانی سنەوە بگرە تا کرێکارانی بیجاڕ و ئەندیمشک و بەندەر خومەینی و.. کە ماوەیەکی زۆرە ئەم مانگرتنانە بەردەوامە سەرەڕای مانگرتنی کرێکاران و کارمەندەکان تا ئێستە ناوەندە حکوومەتییەکان وەڵامی دروستیان بە خواستەکانیان نەداوەتەوە. لەم راپۆرتەدا باس لە مانگرتنی کرێکارانی هەفت تەپە و کرێکارانی فوولادی ئەهواز دەکەین و هەروەها ماهییەت و چۆنییەتی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان بە چۆنییەتی دروشمەکانەوە دەخەینە روو.

کرێکارانی هەفت تەپە

مانگرتنی کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە رۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز پێی نایە ٢٨ەمین رۆژی خۆیەوە. کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە لە بەردەم بینا دەوڵەتییەکان لەوانە فەرمانداری و بانکی میللی شووش کۆبوونەوەو دژ بە بەڕێوەبەرایەتی و بەتایبەتی کردنی ئەم ناوەندە دروشمیاندا. هەروەها خوازیاری ئازادی کرێکارانی دەستبەسەرکراو لەوانە ئیسماعیل بەخشی بوون.

کرێکارانی نەیشەکەری حەفت تەپە لە رۆژی ١٤ی خەزەڵوەرە بە ناڕەزایەتی بە دۆخی کرێکاران و بەتایبەتی کردن (خصوصی سازی ) ئەم ناوەندە و هەروەها داخرانی بەشێک لەم کۆمپانیا دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و مانگرتن.

کرێکارانی ناڕازی دژ بە دەستگیرکردنیکرێکاران و هاوکارەکانیا دروشمیان دەدا و دەیاگوت :" کرێکاری زیندانی دەبێت ئازاد بکرێت " یان ئەوە بوو دەیانگوت" لە هەفت تەپەوە تا تاران، زەحمەتکێشەکان لە زیندان" هەروەها خوازیاری پشتیوانی چین و توێژی بازاڕی بوون لە مانگرتنەکانیان و دەنگوت " بازاڕی بە غیرەت، پشتوان بە پشتیوان." هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بازاڕی شووش بە پشتیوانی لە کرێکارانی ناڕازی دووکان و بازاڕیان داخست و پەیوەستبوون بە کرێکارانی ناڕازییەوە.

هەر لەم پەیوەندەدا جێگری وەزارەتی کاری ئێران، دەربارەی کرێکارانی ناڕازی و ئەو کرێکارانەی دەستگیر کراون، لەوانە ئیسماعیل بەخشی، رایگەیاندووە:" پرسی کرێکارانی دەستگیرکراو پرسێکی ئەمنیەتییەو ئێمە وەک وەزارەتی کار هیچمان لە دەست نایەت بۆیان."

ئیسماعیل بەخشی، وێڕای ١٧ کرێکاریتر رۆژی ٢٧ خەزەڵوەر لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستگیر کران. ١٧ کرێکاری دەستگیرکراو لە ماوەی چەند رۆژدا و بە دانانی بارمتە ئازاد کران. بەڵام ئیسماعیل بەخشی هێشتا لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەرە و چارەنووسی نادیارە.

:

كرێکارانی گرووپی میللی فوولادی ئەهواز

خۆپیشاندان و مانگرتنی کرێکارانی گرووپی میلی فوولادی ئەهواز، رۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز پێیی نایە ٢٣هەمین رۆژی خۆیەوە. کرێکارانی ناڕازی گرووپی میلی فوولادی ئەهواز لە هەڤدەهەمین رۆژی خۆپیشاندانیاندا، سەرەڕای ئەوەی کە شار بە تەواوەتی میلیتاریزە کرابوو و ژمارەیەکی زۆر هێزی چەکدار و پۆلیسی بەناو دژە شۆڕش رژابوونە سەر شەقامەکان، بەڵام کرێکاران رووبەڕووی هێزەچەکدارەکانی رژیم بوونەوەو توانیان شەقام بگرنە دەست.

ژمارەی کرێکارانی فوولاد ئەهواز زیاتر لە ٣٠٠٠ کرێکارەو لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە بە ناڕەزایەتی بە نەدانی حەقدەستەکانیان و راگرتنی بەرهەم هێنانی ئەم یەکە پێشەسازییە هاتوونەتە سەر شەقام و بە کۆبوونەوە لە بەردەم بینای "پارێزگا" و " فەرمانداری" ئەهواز خوازیاری وەستانەوە دژی ئەو مافیایەیە کە بەر بە بەرهەم هێنانی ئەم ناوەندە پیشەسازییە دەکات.

کرێکارانی ناڕازی دەوڵەت و ناوەندە دەوڵەتییەکان بە بەرپرس دەزانن لە وەڵام نەدانەوە بە خواستی کرێکاران و ئەو مافیایەی کە باسی دەکەن، تێكەڵ بە دەوڵەت دەزانن و بەم بۆنەوە دەڵێت :" مافیا و دەوڵەت/ یەکگرتنتان پیرۆز." ئەمە دروشمێکە کە دەیڵێنەوەو مافیاکانی پشت پەردە ودەوڵەت بە یەک شت دەزانن.

بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بۆتەوە، کرێکارانی گرووپی میللی فوولادی ئەهواز بە شێوەی بەرفراوان شەقامەکانیان گرتۆتە دەست و بە وتنەوەی دروشم خوازیاری گەیشتن بە مافە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیانن. لە هەمانکاتدا دژ بە سیاسەتەکانی رژیم دەوەستنەوە.

کرێکارانی ناڕازی لە بەردەمسەرپەرەشی بانکی میللی خووزستان لە ئەهواز کۆبوونەوەو دروشمیان دەدا و دەیانگوت :" دایکی فەساد و گەندەڵییەکان لێرەیە،لێرەیە و دوژمنی ئێمە لێرەیە، درۆیە دەڵێن ئەمریکایە."

کرێکارەکانی فوولادی ئەهواز هەروەها لە خۆپیشاندانەکانیاندا پشتیوانی خۆیان لە کرێکارانی "هەفت تەپە" دەربڕی و خوازیاری ئازادی کرێکارانی هەفت تەپە بوون و خوازیاری ئازادی ئیسماعیل بەخشی بوون. ئەوان بە کۆ دروشمیان دەدا " کرێکاری هەفت تەپە دەبێت ئازاد بکرێت." ، ئیسماعیل بەخشی دەبێت ئازاد بکرێت."

کرێکارانی فوولاد هەروەها وەک پشتیوانی کردن لە کرێکارانی "هەفت تەپە" دروشمیا دەدا " فوولاد، هەفت تەپە/ یەکگرتنتان پیرۆز. " کە ئەمە دەرخەری ویستی هاوسۆزی و هاوکارییە لە ناو کرێکارەکاندا.

کرێکارەکان هەروەها بە دەم رێگاوەو لە کاتی خۆپیشانداندا داوایان لە خەڵک دەکرد پەیوەست بن پێیانەوە و پشتیوانی بکەن لە خواستەکانیان. ئەوان بە دەم رێگاوە دروشمیان دەدا :" خەڵکە بۆچی دانیشتوون/ ئەهواز بووە بە فەلەستین." بەو مانایەی کە ئەهواز بووە بە وێرانە و خەڵک تێیدا غەریبن.

حەقدەستی کرێکارانی فوولادی ئەهواز لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵەوە نەدراوە. کەسرا غەفووری بەڕیوەبەری بەشی پیشەسازی میللی فوولادی ئەهواز، داوای لە کرێکارەکان کرد کە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و بەڵێنی ئەوەی داوە لەگەڵ دەستپێکردنی فرۆش لە بازاڕی ئازاد، حەقدەستی ١ مانگ و نیوی کرێکاران دەدرێت. بەڵام کرێکاران ئامادە نین بەم مەرجەوە بچنەوە سەر کارو ئەمە بە بەڵێنێکی بێ بنەما دەزانن.

گرووپی پیشەسازی فوولادی ئەهواز لەو زنجیرە کۆمپانیایانەیە کە سەر بە گرووپی "ئەمیر مەنسوور ئاریا ( مە ئافەرید خوسرەوی)یە کە ساڵی ١٩٩٣ و دوای ٣ ساڵ زیندانی بوون بە تۆمەتی گەندەڵی ماڵی دزینی ٣٠٠٠ میلیارد تمەن ئیعدام کرا. لەو کاتە بە دواوە بەڕێوەبەرایەتی ئەم ناوەندە پیشەسازییە هەر ماوەیەک بە یەکێک لەم ناوەندانە :قوەی قەزاییە، بانکی میللی ، بەشی تایبەت و جارێکیتر بانکی میللی سپێردراوە.

ڕووی قسەکان دەکەنە دەوڵەت:

لە بیست و سێهەمین رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کرێکارانی فوولادی ئەهواز، خواستی کرێکاران زیاتر لە خواستێکی پیشەیی دەرکەوت و کرێکاران رەخنەی توندیان ئاراستەی دەوڵەت و سیاسەتەکانی کرد.

کرێکارەکان لە ناو شار بە شێوەی بەرفراوان دژی سیاسەتەکانی رژیم وەستانەوەو دروشمیان دەوتەوە :" هەڵاوسان، گرانی/ وەڵام دەوە رۆحانی" یان ئەوەیە دەیانگوت :" گرانی و هەڵاوسان/ سزای دەنگی خەڵکە" هەروەها دژ بە سیاسەتی دەرەکی رژیم و پشتیوانی رژیم لە سووریە دروشمیان دەوتەوەو دیانگوت :" واز لە سووریە بێنە/ بیر لە ئێمە بکەوە" .

تا ئێستەش دەنگ و رەنگ (صدا و سیما)ی کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی بێدەنگەی کردووە بەرامبەر بە خواستی کرێکاران ، یان ئەوەیە هەواڵ و زانیارییەکان بە پێچەوانەوە بڵاو دەکاتەوە. کرێکارانی فوولادی خوزستان ئەمڕۆ روویان کردە میدیاکانی حکوومەت و هاوریان دەکرد :" ننگ ما، صدا و سیمای ما" واتە :" دەنگ و رەنگی ئێمە/ شەرمەزاری بۆ هێناوین."

هەروەها کرێکارانی فوولاد دژ بە ناعەداڵەتی کۆمەڵگا و نەبوونی عەداڵەت و یەکسانی دروشمیان دەوتەوە و دەیانگوت :" ما کارگران فولاد علیه ظلم و بیداد می‌جنگیم، می‌جنگیم" واتە :" ئێمەی کرێکارانی فوولاد/ دژ بە زڵم و نایەکسانی، دەجەنگین، دەجەنگین."

هەڕەشەی قوەی قەزاییە

صادق ئامولی لاریجانی، بەرپرسی قووەی قەزاییەی کۆماری ئیسلامی ، لە وەڵامدانەوە بە خواستی کرێکاران و نارەزایەتی کرێکاران، هەڕەشەی لە کرێکاران کرد و وتی :" دوشمن دەیهەوێت خواستە کرێکارییەکان لە بەرژەوەندی خۆیدا بقۆزێتەوەو وەک ئامرازێک بەکاریان بهێنیت " هەروەها لاریجای بە زمانی هەڕەشە وتی :" کۆمەڵێک کەم و کووڕی هەیە و دوژمن دەیهەوێت لەو کەم و کووڕیانە کەڵک وەر بگرێت. "

جارێکیتر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە لە وشەی دوژمن و دەستەواژەی کەڵک دوژمنان کەڵکی وەردەگرن و کرێکاران بە دەستەچیلە ناو دەبەن و بە زمانی ترساندن و تۆقاندن هەڕەشە لە کرێکاران دەکەن. لاریجانی لەمبارەوە بە هەمان شێوەی رابردوو و بە دروستکردنی ئەویترێک کە دوژمنە دەیهەوێت خواستی کرێکاران بە دوژمنی دەرەکییەوە گرێ بداتەوەو دەڵێت:" بە توندترین شێوە دژی کەسانی بێگانە ئەوەستینەوە کە بیانهەوێت خواستە کرێکارییەکان بۆ تێکدانی نەزمی وڵات بەکار بهێنن."

لاریجانی هەروەها لە قسەکانیدا بە هەڕەشە لە کرێکاران، خۆپیشاندانی کرێکاران بە "ئاژاوە نانەوە" و "بشێوی نانەوە" ناو دەبات و دەڵێت :" هیچکات بە نانەوەی ئاژاوەو قەیران دروست کردن و پێچەوانەی نۆرمی گشتی کار کردن، خەڵک بە خواستەکانیان ناگەن." هەروەها جەختی لە سەر ئەوە کردەوە :" ئەمە پەسەند کراو و قابلی قەبووڵ نییە ئەوەی کە کەسانێک خواست و داخوازییەکان بکەنە بیانوو و نەزمی وڵات تێک بدەن."

ئەم وتانەی ئامولی لاریجانی لە حاڵێکدایەئیسماعیل بەخشی یەکێک لە کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە و "سپیدە قلیان" چالاکی کۆمەڵایەتی کە هاوکات لە گەڵ کرێکاران دەستگیر کراون، دەستبەسەرن و چارەنووسیان نادیارە.

دەستگیر کردنی عەلی نەجاتی

رۆژی پێنج شەممە ٨ی سەرماوەز هێزەچەکدارەکانی رژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی عەلی نەجاتی چالاکی کرێکاری و ئەندامی سەندیکای کرێکارانی حەفت تەپە و دەستگیریان کردووە.

جێگەی ئاماژەیە ئەم هێزە چەکدارانە لە حاڵێکدا هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی ئەم چالاکی کرێکارییە کە هیچ بەڵگەیەکی رەسمیان پێ نەبووە بەوەی ئیزنیان هەبێت ئەم چالاکە کرێکارییە دەستگیر بکەن.

هەروەها دەستیان کردوە بە ئەزیەت و ئازاری بنەماڵە و کوڕی ئەم چالاکە کرێکارییە و عەلی نەجاتی و کوڕەکەی ناوبراو بە ناوی پەیمان نەجاتیان دەستگیر کردوە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گوێزاونەتەوە.

دەستگیر کرانی عەلی نەجاتی لە حاڵێکدایە وەک چۆن پێشتر و لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێدرا، ئیسماعیل بەخشی یەکێک لە کرێکاران و ئەندامی سەندیکای کرێکاران لە زینداندایە و چارەنووسی نادیارە.

درۆی راگەیاندنە دەوڵەتییەکان:

راگەیاندنە حکوومەتییەکان و لەوانە ماڵپەڕی فەرمی کۆماری ئیسلامی (ئیرنا) رۆژی ١١ی سەرماوەز باسی لە دەستپێکردنەوەی کۆمەڵی کشت و کاڵی (نەیشەکەر) یان چەوەندەری حەوت تەپە کرد، بەڵام کرێکارانی حەوت تەپە هەر سوور بوون لە سەر خۆپیشاندان و رێ پێوان و خوازیاری ئازادی کرێکارانی دەستگیرکراو بوون و وەعد و بەڵێنەکانی دەسەڵاتدارانیان بە هەند وەر نەگرتووەو رایانگەیاندووە وەعد و بەڵێنەکانیان جێی متمانە نین.

بانگکردنی ٢٠ کرێکار بۆ ئیتلاعات:

لە حاڵێکدا ماڵپەڕە حکوومەتییەکان باس لە چارەسەرکردنی كێشەی کرێکارانی حەوت تەپە دەکەن، راپۆرتەکان و چالاکانی کرێکاری باس لەوە دەکەن کە ٢٠ کرێکاری ئەم ناوەندە پیشەسازییە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بەتەلەفۆن بانگ کراونەتە ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەتییەکان.

پشتیوانی خوێندکارانی زانکۆی هونەر لە کرێکاران

رۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز/ ٢ی دیسەمبەر خوێندکارانی زانکۆی هونەری تاران بە پشتیوانی لە کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە و فوولادی خووزستان کۆبوونەوەو پشتیوانی خۆیان لە خواستی کرێکاران دەربڕی. کۆبوونەوەی پشتیوانی ئەم خوێندکارانە لە حاڵێکدایە کە لە ١٦ی سەرماوەز رۆژی خوێندکار نزیک دەبینەوەو لە لایەکەوە خوێندکاران لە زانکۆکان خەریکی خۆ رێکخستنن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم رێ و رەسمە کە چەندین ساڵە وەک نەریتێکی ساڵانەی لێهاتووە و سەرەڕای هەموو پێشگیرییەکانی حکوومەت بەڵام هەر بەڕێوە دەچێت. حکوومەت ترسی لێ نیشتووە کە ١٦ی سەرماوەز ببێت بە پردی گرێدانەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوەی کرێکاری.

.


PM:08:57:02/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 61 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌