لە کوردستان نان گرانترە لە ژیان


بیژەن قوبادی

چەند ساڵی رەبەقە من بەو ئاواتەوەم کە رۆژێک سەیری لاپەڕەی ماڵپەڕە کوردیەکان بکەم و بینەر، خوێنەر و بیسەری هەواڵی تەقەکردن لە کۆڵبەران و کوشتن، بریندار کردن، دەسبەسەر کردن، سووتاندن یان تاڵانکردنی کەل‌وپەلەکانیان یان بەربوونەوەیان لە شاخ و هەلدێر و رەق بوونەوەیان لە بەفر و سەرمادا نەبم یان کوشتن و سووتاندنی ئەسپ و هێستر وبارگینەکانیان و لانیکەم رۆژانە خەبەرێک بەرەوە سەرەوەترمان لەو بارانەوە نەبێت.

باشە بۆ ئێمە لە ج چاخێکدان کە لە زۆرێک لە ولاتان ئەمرۆ بە کەڵک وەرگرتن لە ئینتێرنێت و تاکسی سێرویسی ئاسمانی بۆ گۆاستنەوەی کەل و پەل و کالا کەڵک وەر ئەگیردرێت و گواستنەوە و هاتوچوو تادێت ئاسانتر و خێراتر ئەبیتەوە و ئامرازی گواستنەوەی کەل و پەل تەنانەت بە قورسایەکی زۆر کەمەوە تا قەبارەی تۆناژ، ئامرازی تایبەت بە خۆی بۆ داهێنراوە. ئەی هۆکاری چیە کە لە کوردستان مرۆڤیان گەڕاندۆتەوە بۆ چاخە کۆنەکان و کراوەتە بار هەڵگر و ئەویش بە قەبارەی قورستر لە قورسایی خۆی؟

تازە سەرەڕای ئەوەی کراوەتە بەرهەڵگر، ئەویش پی رەوا نابیندرێت و کراوەتە نیشانەی گەڕۆکی پاسەوانە سنووریەکانی ئێران و هەرچەند بە بڕیاری راستەوخۆی دەسەڵات ئەو تاوانانە لە ژێر سێبەری رەشی یاسادا ئەنجام ئەدرێن، بەڵام زۆرجاریش تەنیا بۆ رابواردن و کەیفخۆشی ئەو هیزانە و پێکەنین و نیشان دانی لێزانی خۆیان لە تیر هاویشتنا وەکو کاتێک بۆ پشوودان و رابواردن جیبەجێ ئەکرێت و زۆرجاریش کە بنەمالەی قوربانیان سکاڵایان تۆمار کردووە و پارێزەریان کێشاوەتە نێو بابەتەوە، هیچ ئاکامیکیان دەس نەکەوتووە و بڕێک جار تەنیا بە گۆاستنەوەی تاوانباری بکوژ بۆ شوێنێکی تر و ناوە ناوەش تەنانەت بە پێدانی پلە و پایە، هەم دەسەڵات و هەم سیستمی دادوەریەکەی بە کردەوە هاندەری تاوانباران بوون بۆ کوشتنی زۆرتری کۆڵبەران.

بە تێپەڕینی سالیانێکی دوور و درێژ بە سەر چەندپات بوونەوەی ئەو کارەساتانە لە سنوورەکانی کوردستان، بڕیک جار لە ژێر گوشار و کاریگەریی ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگا مەدەنیەکەی، تاران ناچار بووە هەنگاوێک هەلبێنیت و ئەو هەنگاوانەش تەنیا سەردانی وەفدێک بووە بۆ ئەو ناوچە سنووریانە و گرتنی چەند وێنەیەکی بەرپرسانی نێردروا و بڕێک بەڵێن کە هەر لەو ئاستەدا ماونەتەوە و هیچ هانگاویکی کرداریان بۆ هەڵ نەگیراوە و تەنیا خۆبادانیکی رووالەتی بووە و نە هیجیتر.

لەم رۆژانەدا کە لە هەموو بارێکەوە دەسەڵاتی تاران گوشاری کەوتوتە سەر، بەنیازن وەک هەل و دەرفەتێک بۆ خۆدزینەوە لە گەمارۆکان کەلکی لێ وەر بگرن. بۆیە سەرۆکی پارلەمانی ئێران زمانی ئەوگۆڕێت و باس لە دانانی تەعاونیی کۆڵبەران ئەکات کە پێویستە دایبمەرزێنن. ئەگەر ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی تاران لە ئاوا درگایەکە سەر دەر دێنن، تەنیا لە پێناو رزگار کردنی خۆیانایە و بە شێوازیکی یاسایی کۆڵبەری وەکوو پیشەیەک چاو لێئەکن و رێک قسەکانی لاریجانی لەکاتێکایە کە فەرماندەی هێزە سنوورپاریزەکان ئەڵێت کۆڵبەر قاچاخچیە و ئێمە تەقەیان لێ ئەکەین و ئیزن نادەین کۆمەڵێک قاجاخچی سنوورەکانمان ببەزێنن!

کوشتنی کۆڵبەران کراوتە نورمێکی ئاسایی و ئەگەر رۆژانە کۆڵبەر یان کۆڵبەرانێک نەکوژن، پێیان وایە ئەو رۆژە کارەکەیان ناتەواوە و ئەرکی رۆژانەی خۆیان بە جی نەهێناوە. لە کوردستان رۆژانە لە پێناو بەدەست هێنانی پاروە نانیک گیان یان چەند گیانیک لە ئێمە ئەسێنن و چەند بنەماڵەمان داخدار ئەکەن و بژیویی چەند خێزانێک ئەبڕن. ئێمە لە کوردستان نەرخی نانمان لە گیانمان زۆرتر.

جا بەداخەوە بابەتێک کە جێگای سرنج و تێڕامان و لە بەرجاو گرتنە،ئەویە کە ئەو باسانە تەنیا لە ماڵپەڕ و هەوالنێریە کوردیەکاندا رەنگدانەوەیان هەیە و باس ئەکرێن و لە بەشی فارسیدا جیا لە ماڵپەڕ و هەواڵنێریە کوردیەکانی کە خاوەنی بەشی فارسین، ئێمە کاردانەویەک نابینین و بە تایبەت لایەنە ناوەند گەراکان مەتەقیان لێوە دەرنایەت و کەڕ و کوێر و لاڵن بەڵام نازانم چ سڕێکە کە تا باس لە مافی دیاری کردنی چارەنووس و مافی نەتەوە بندەستەکانی و پیداگریان لە سەر مافەکانیان ئەکرێت، لە خەو رائەچڵەکین و زمان و گوێ و چاویان ئەکرێتەوە. بەڕای من ئەوان پێیان وایە پاراستنی قەوارەی ئێران گرینگە و کوشتنی رۆژانە کۆڵبەران بەلایانەوە ئاسایی بێت چۆن لە هەرحاڵا کوردن و بە کوشتنی هەرتاکێکیان، کوشتنی کوردێکەوە کەم کردنەوەی رێژەیان و ئەمە بەواتای قازانجی زۆرتر و سەرئێشەی کەمتر بۆ لایەنە ناوەندگەراکان.

بۆیە خواستی ئێمە نە ناساندنی کۆڵبەری وەکوو پیشەیەک کە ئەوپەڕی سووکایەتیە بە کەرامەتی ئینسان. بەڵکوو ئەبێ کۆڵبەری نەمێنیت و هەڵی کاری گونجاو و ژیانی شیاو بۆ هەموو کەس دابین بکرێت و کۆڵبەران لە باتی دانانی گیانی خۆیان لە پێناو پاروە نانێک، لە هەلی کاری شایستە و ژیانێکی ئاسوودە بەهرەمەند بن.



PM:05:29:30/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 579 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌