شیعری "حركت" و جموجۆڵەكانی شیعری دەهەی حەفتا لە ئێران

ئەرسەلان چەڵەبی

لەسەرەتای دەهەی ١٣٧٠ ی هەتاوی بەو لاوە لە پاش ئەزموونگەلێكی بە بایەخ و تاقمێك شاعیری بە توانا وەكوو "ئەحمەد شاملوو، فرووغ فەروخزاد، سۆهراب سێپێهری، ئەحمەدڕەزا ئەحمەدی و...، جم‌وجۆڵ و بانگەشە لە كۆڕوكۆبوونەوەكانی ئەدەبی فارس بە تایبەت لە تاران لە سەر شیعری جیاوازی ئەو دەهەیە دەهاتە ئاراوە كە شاعیرانی دەهەی حەفتا بەو لاوەی لە هێڵی پێش خۆی جیا دەكردەوە و خۆی دەخستە ناو قۆناغ و بەرەیەكی كە لە مێژووی شیعری فارسیدا، ڕەنگە سەرەكیترین ڕەوت لەو سەردەمەدا هاتنی "شێعری حركت" بوو كە لە لایەن "ئەبولفەزلی پاشا" و چەند كەسێكی كە بانگەشەی بۆ دەكرا و وتار و شیعرییان لەسەر بڵاو دەكردەوە، ئەوان ڕوانگەیان لە بابەت ئەو شێوازە شیعرە ئەوە بوو كە: شێعری "حركت" جووڵانەوەیەكی بە كۆمەڵە و شاعیرانی ئەو ڕەوتەیان بە شاعیرانی ڕەسەن و بە توانای دەهەی حەفتا دەس‌نیشان دەكرد، كە واتە ئەگەر كەسێك خۆی لەو بەرەیە بزانێت دەبێت گرینگی بە گۆڕان و جووڵانەوە لە نووسیندا بدات.  لێرە دا باشتر وایە سەرنج بدەینە نووسراوەكانی "ئەبولفەزل پاشا" كە لە كتێبی "شیعری حركت" كە وەكوو مێژوویەك لەسەر ئەو ڕەوتە شیعرە باسی لێ‌دەكات: "ئەو بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەهەی حەفتای هەتاوی، لەو ساڵانەدا هەندێك شێواز و بانگەشەی نوێ لە شیعری نوێی فارسیدا بە گوێ دەگەیشت، دواتر لە لایەن هەندێك كەسەوە لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن لەسەر ئەو بانگەشانە دەكرا بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە كە لە سەرەتای ئەو ساڵانەدا ە كەس نەبوو گرینگی بەو كەشف و بانگەشانە بدات. 
زۆرێك لە شاعیرە لاوەكان لەو ساڵانەدا ئاگاداری بەرهەمەكانی خۆیان نەبوون كە زۆرجار لە كۆی بەرهەمەكان تەك و تووك كاری جیددی و گرینگی تێدا هەڵدەكەوت، بەڵام هەموو ئەو لاوە شاعیرانە چاویان لە زاری شاعیر و ڕەخنەگرە بەئەزموونەكانی پێش خۆیان بوو كە بەشكوو بۆ دڵخۆشیش بێت ئافەرینێكییان پێ بڵێن و...! پێویستە ئاماژە بەوەش بكرێت كە شاعیر و ڕەخنەگرەكانی پێش دەهەی حەفتا، واتە ئەوانەی لە دوای نیما دەركەوتن و بوونە سیمای ناسراوی ئەدەبی فارس بە سەر چەند لایەندا دابەش دەبن: ئەوانەی لە بەر دەست نەبوون كە ناچنە ناو جەغزی باسەكە، بەڵام ئەوانەی كە بوون بە دوو لایەن دابەش دەبن: یەكەمیان لەو كەشف و بانگەشانە تێنەدەگەیشتن و نەیاندەتوانی هیچ باسێكی لەسەر بكەن، دووهەمیان بە باشی ئاگاداری ئەو ڕەوتە شیعرییە بوون و كارە گرینگەكانیان دەناسی بەڵام هێندەیان بڕوا بە شێواز و ڕەوتی نەگۆڕی خۆیان هەبوو كە ئەو باسەیان زەق نەدەكردەوە و تیشكیان نەدەخستە سەر ئەو ڕەوتە شێعرە، بەو هۆیە شیعری دەهەی حەفتا كە لە سەرەتاوە خۆی وەدەر خستبوو، سەرنجیان پێ‌نەدەدا و بۆیان گرینگ نەبوو. جیا لە هەمووی ئەو باسە تاقمێكی دیكە هەبوون كە بە باشی دەیانزانی ئەزموونەكانیان كۆن بووە و بە كەڵكی ژیانی ئەوڕۆ و ئەوەی مرۆڤ لە شیعری دەوێت لەو سەردەمەدا نایەت، بەڵام بیرۆكەیەكی دیكەیان هەبوو، بەو هۆیە هێندەیان ئاوەكە قوڕاوی دەكرد تا دواتر بتوانن ماسی لێ ڕاو بكەن. ئەو تاقمە تەنیا خۆیان دەدیت و بە شوین كەسانێكەوە بوون كە چەپڵەیان بۆ لێدەن و بەردەوامیش باسەكانیان بۆ قەیرانی شیعر و ڕەخنە تەرخان كردبوو. لە كۆی ئەوانەدا شێعری دەهەی حەفتا هەر لە سەرەتاوە زوڵمی لێكرا و شاعیرەكانی توانا و بوێریی هەڵوێستیان نەبوو، كەواتە نووسەرەكانی پێش خۆشیان بێدەنگەیان لێ هێنابوو.
بەڵام من بە باشی هەستم دەكرد و دەمدیت كە شیعری ئەو دەهەیە تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆی هەیە كە شێعری پێشوو نەیبوو، تا ساڵی ٧٢ لەوەی كە لە بەرابەر ئەو شیعرانە بێدەنگییان هەڵبژاردبوو تەواو بێزار و دڵگران بووم، هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوە بكەم كە لەو ساڵانەدا تاقمێك نووسەر و ڕەخنەگر هەبوو كە لە ڕووی دڵسۆزییەوە دەستێكیان بە سەری شاعیرە گەنجەكاندا دێنا، بەڵام هەمووی ئەوانە زارەكی‌بوون و هیچ كات نەچووە خانەی نووسراوەیەكی مەكتووبەوە. بۆ وێنە، دەتوانم ئاماژە بە بەڕێز "محەممەد حوقووقی" بكەم كە لە ساڵی ٧٣ لە كۆبوونەوەكانی "شیعری ئەوڕۆ" لە ماڵی "حەسەن سەفدەری"  لە بابەت شیعری من و عەبدوالرەزایی قسەی كرد كە: "هەندیك خاڵی جیاواز و گرینگ لە شیعرەكانتاندا دەبینم" بەڵام بە داخەوە هیچ كات ئەو بابەتەی نەنووسی و تەنیا بە شێوەی زارەكی خۆی نواند. چەند جارێكی دیكە لە هەندێك كۆڕوكۆبوونەوەكانی سەبارەت بە شیعر تاقمێك نووسەری كە باسێكیان لەسەر شێعری دەهەی حەفتا كرد بەڵام زۆرتر لایەنی بەزەیی بوو تا ڕەخنەیەكی زانستی، پێویستە ئاماژە بەوەش بكەم كە ئەو ڕەخنە زارەكییانە لە ساڵانی دواتر لە لایەن كەسانی دیكەوە نووسرا و بڵاو بۆوە.
هەر لەو ساڵانەدا بوو كە من دەستم بە نووسینی وتار و ڕەخنە لەسەر شیعر كرد و بەردەوام لە هەوڵی كەشفی ئەو تایبەتمەندیانەدا بووم كە شێعری دەهەی حەفتا لە خۆی دەگرت، لە جم‌وجۆڵی وتاریك لەسەر ئەو بابەتە بووم بەڵام سەبرێكم گرت و زۆرترم خوێندەوە و خۆم زۆرتر ماندوو كرد هەتا ئەوەی كە ساڵی ٧٣ گەیشت. من قسەم لەگەڵ چەند كەسێك وەكوو "حافز مووسەوی" ، "مێهرداد فەللاح" كرد كە پێویستە شاعیرە لاوەكان لە دەوری یەك كۆ ببنەوە و لەمەڕ ئەو بابەتە واتە شیعری دەهەی حەفتا، قسە بكەن و ئەو شێعرانە هەڵبسەنگێنن. ئەوان هاوڕا بوون لەگەڵ من بەڵام بە هۆی هەندێك كێشە وەكوو نەبوونی شوێنێك بۆ كۆبوونەوەكان و...، بێدەنگیان لێ هێنا، بەڵام كۆڵم نەدا و چەند شیعرێكم دیتەوە كە تایبەتمەندییەكی هاوبەشیان هەبوو و لەگەڵ شیعرەكانی پێش خۆیان جیاواز بوون، كەواتە لە بەر چەند هۆ ناوی ئەو شێوازە شیعرانەم نا شێعری "حركت".
لە ساڵی ٧٣ حەسەن سەفدەری كۆڕەكانی شیعری دامەزراندەوە و یەكەم كەس "ڕەزا بەراهەنی" وتارێكی بە ناوی "بۆ من ئیتر شاعیری نیمایی نیم؟" خوێندەوە. سەفدەری بە هۆی هاوبیری لەگەڵ شاعیرە لاوەكان كۆبوونەوەكانی بە شێوەیەك وەگەڕ خست كە لە هەر كۆڕیكدا شاعیرێكی بە ئەزموون و شاعرێكی لاو و تازەپێگەیشتوو ئاڵ‌وگۆڕی بیروڕا بكەن، بەڵام بەرێوەچوونی ئەو شێوە كۆڕانە یەكجار ئەستەم بوو بەو هۆیە كە شاعیرە بە ئەزموونەكانی پێشوو دەماریان نەدەهێنا كە لەگەڵ شاعیرێكی لاو دانیشن و قسە بكەن، كەواتە لەو كۆڕانەدا بەشداریان نەدەكرد.
دوای ماوەیەك و خویندنەوەی هەندێك وتار لە لایەن تاقمێكەوە باسەكە ڕواڵەتێكی بڕێك جیددی‌تری بە خۆوە گرت و بە خوێندنەوەی وتارەكەی  "زەڕین‌پوور" تا ڕادەیەك باسەكان لە لای شاعیرە بە ئەزموونەكان جێی خۆی كردەوە، دواتر باسەكە زۆرتر پەرەی‌سەند و ڕاگەیەندرا كە "باباچاهی" و "عەبدول‌ڕەزایی" وتار دەخوێننەوە. بە شوێن وتارەكەی "عەبدول‌ڕەزایی" و ئاماژەی ئەو بۆ سەر شێعری "حركت"، ئەو ڕەوتە توانی وردە وردە زەینەكان ئامادە بكات هەتا لەگەڵ باسێكی تێروتەسەل بە ناوی "شێعری حركت"  ڕووبەڕوو بنەوە.
بە هەڵكەوت تاقمێك لە لاوەكان پێشوازییان لەو جووڵانەوەیە كرد و تەنانەت هەوڵیان دەدا باشتر ئەو ڕەوتە شیعرییە بناسن، لە نێو ئەو لاوانە كەسێك بە ناوی "كوورش هەمەخانی" لە بابەت شیعری "حركت" پرسیاری لێكردم و داوای لێكردم كە بزانێت خۆی شیعری "حركت"ی هەیە یان نا؟ وەڵامەكەم بەڵێ بوو، دواتر بۆم ڕوون كردەوە كە تایبەتمەندیی شیعری "حركت" تەنیا لە ناوی شیعری كۆمەڵێك شاعیردا بەر چاو دەكەوێت.
كۆڕەكانی "شێعری ئەوڕۆ" لە مانگدا یەك جار بەڕێوە دەچوو كە واتە من لە دوای وتارەكەی "عەبدول‌ڕەزایی" مانگێكم دەرفەت بوو هەتا بتوانم لێكۆڵینەوە و باسەكان  و یادداشتەكان كۆ بكەمەوە و ساختمانی وتارەكەم چێ بكەم و دوای خوێندنەوەی لە كۆڕەكەدا چاپ و بڵاوی بكەمەوە، جێی ئاماژەیە كە ئەو وتارە تەنیا ژێدەری شێعری "حركت" بوو.
من وتارەكەم نووسی بەڵام نەمخوێندەوە، چۆن كۆڕەكانی "شێعری ئەوڕۆ" داخرا و ئیتر پێك نەهاتەوە. دوای نووسینی وتارەكەم هەوڵمدا چاپی بكەم بەڵام بە هۆی زۆربوونی وتاركە هیچ گۆڤارێك و ڕۆژنامەیەك هەمووی بە جاریك بڵاو نەدەكردەوە و لە چەند ژمارەدا چاپی دەكرد، منیش خوازیاری ئەوە بووم كە بە یەك‌جار چاپ و بڵاو ببێتەوە. سەرنووسەری گۆڤاری "شباب" پێشنیاریدا بە جێی چاپ‌كردنی ئەو وتارە لەگەڵ شاعیرە لاوەكانی ئەو ڕەوتە وتوێژ بكرێت و بڵاو بێتەوە. لە ئاكامدا وتارەكە لەو ساڵەدا بڵاو نەبۆوە هەتا ئەوەی كە گۆڤاری "بشنو از نی" لە سێ بەشدا لە ساڵی ٧٥ بڵاوی كردەوە. لە مەودای ئەو دوو ساڵەدا بێدەنگییەك بەسەر ئەو ڕەوتە شیعرەدا داسەپا، نە كۆڕوكۆبوونەوە هەبوو، نە چاپەمەنییەكی ئەوتۆ، لە ئاكامدا بەختەوەرانە لە ساڵی ١٣٧٦ بەولاوە كتێبەكان دەرفەتی چاپیان بۆ ڕەخسا و تا ڕادەیەك شێعری "حركت" جم‌وجۆڵێكی لێ كەوتەوە.
دواتر لەگەڵ تاقمێك لە هاوڕێكان لە چەند دانیشتنێكدا باسێكی تێروتەسەلمان لەسەر ئەو ڕەوتە شێعرییە كرد و بە ئاكامێكی جددیتر و باشتر گەیشتین. بە شوێن ئەو ڕووداوانەدا كۆڕەكانی شێعری "حركت" زۆرتر پەرەمان پێدا و لە فەرهەنگ‌سەرای بەهمەن، كۆڕی لێكۆڵینەوە و تاوتوێمان لەسەر شێعری "حركت" بۆ شاعیرانی و لاو و هۆگرانی ئەو ڕەوتە شێعرە بەڕێوە برد. دوای ماوەیەك وتاری "شعر حركت" لە چەند جێگای دیكە وەكوو: گۆڤاری "معیار" و "لاپەڕە ئەدەبییەكانی ئێوارەی پێنجشەممۆ" چاپ و بڵاو بۆوە و ئەو هەواڵەی بە گوێی خوێنەرانی شیعر دەگەیاند كە شێعری "حركت" هاتۆتە قۆناغێكی كە لە مێژووی كورتی خۆیدا و هەر لەو ساڵانەشدا چەند وتار و هەڵوێستی كە لە لایەن شاعیرانەوە بەدی هات، بۆ وێنە دەتوانم ئاماژە بە چەند شاعیری ئەو ڕەوتە بكەم وەكوو: "مەجید باڵدەران،عەلی‌ڕەزا بێهنام، حەمید تەیمووری‌فەرد، عەلی شەهسەواری، فەریاد شیری، سینا میرزایی، ڕەسووڵ یوونان، ئەمیر كەریمی، ئەمیر فەتحی، جەلیل قەیسەری و...
شیعری "حركت" مانیفێستی نییە بەڵكوو كەشف و ناساندنی هەندێك تایبەتمەندیی شیعری دەهەی حەفتایە، ئەو ڕەوتە شێعرە تایبەتی بارودۆخی ئەو كاتی ئێران و جیهانە كە كاریگەریی لەسەر شاعیرەكان دانا و بەبێ دەنگدانی یەكتر ئەو شێوازە شیعرەیان هۆندەوە و ڕەنگە بۆ دواجار دوای ماوەیەك تاقمێك لەو شاعیرانە نەیانتوانیبێت ئیتر شیعری "حركت" بنووسنەوە، دەبێت ئەوە دووپات بكەمەوە كە باس لەسەر شیعری "حركت" بایەخ‌دان بەو شاعیرانە نییە بەڵكوو ناساندنی تایبەتمەندیی شیعری ئەو سەردەمەیە و هیچی‌تر. زۆر شیعر كە لە دەهەی حەفتادا نووسراوە كە "حركت" نین و زۆریش ئەو شیعرانەی بەهێز و جوانن. بەڵام ئاكامی ئەو جم‌وجۆڵە هەڵوێست بۆ ئەو ڕەوتە شێعرە و ناساندنی گرینگترین چەمكەكانی ناو ئەو شیعرانە بوو".
لە ئاكامدا شیعری "حركت" بە هەموو ئەو هەوراز و لێژییەی كە تووشی هات توانی تا ڕادەیەك جێگایەكی ئەگەرچی كەم بەڵام بە بەشی خۆی سەرنج‌ڕاكیش بۆ خۆی دابین بكات و خۆ بخاتە ناو مێژووی ئەدەبی فارسەوە. هەڵبەت ئەوە مێژوون نووسانی ئەدەبیات دواتر دەیسەلمێنن و ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڕیاری لەسەر بدەین.



PM:08:43:25/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 70 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌