دووپات بوونەوەی مێژوو !


بیژەن قوبادی

پاش هەڕەشەکانی خومەینی بە سەر عێراق و هاندانی سپای عێراق لە لایەن خومەینی خۆیەوە، بۆ راپەڕین بە دژی دەسەڵاتی بەعسیەکان لە عێراق و دەسپێکردنی شەڕی کاولکارانەی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، سازمانی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران کە بەهێزترین و کاریگەرترین لایەنی رێکخراوەیی بوو بە هۆی شێوازی بیرکردنەوەو پێناسەکردنی جەمسەر بەندیی ئەوسەردەمە، یەکەم قوربانیی یاریی فریوکارانەی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەوان بە پێی بینینی جیهانی واقێع لە پشت چاویلکەی جەمسەربەندیی رەش و سوور، خۆیان لە بازنەی سووردا دەبینی و بۆ درێژەی چالاکی بەدژی جەمسەری رەش، خەباتی دژە ئێمپریالیستی! بەشێکی بەرینیان بوونە هاوسەنگەری کۆماری ئیسلامی و لە سەنگەری کۆماری ئیسلامیەوە بە دژی هاوسەنگەرانی پێشووی خۆیان، لایەنە سیاسیەکانیتر و جەماوەری خەڵک، وەستانەوە و بوونە بەشێک لەو سیستەمە. کەس ناتوانێت کاریگەریی ئەو لایەنە سیاسیە بە هردوو بارەکەدا نکۆڵی لێبکات و حاشاکاری بێت. روڵی پێشکەوتنخوازی و کاریگەری ئەو لایەنە تا پێش جیا بوونەوەکەی ١٣٥٩ ئەمڕۆ و پاش چوار دەیە و خولقاندنی شێوازێکی ئەخلاقی و ئەدەبیاتێکی شۆڕشگێڕانە، تا ئەمڕۆش لە بزووتنەوەی چەپی ئێراندا زەق و بەرچاوە. لە بەرانبەریشدا خەیانەت و رۆڵی تێکدەرانەی ئەو لایەنە کە بە بیانووی خەباتی دژە ئێمپریالیستی خزایە بندەستی کۆماری ئیسلامی خزمەتهایەک کە بە سەقامگیریی کۆماری ئیسلامییان کرد، لە کەس شاراوە نیە. چاوخشاندنێک بە سەر بڵاوکراوەی "کار"ی زمانحاڵی (اکثریت) ژومارە ١٤٩ رێکەوتی ٢٨ی رێبەندانی ١٣٦٠ی هەتاوی لە ژێر سەردێڕی(چرا گروهکها مضمحل می شوند؟) " بۆ تاقمەکان دەتوێنەوە؟" تا رادەیەکی باش ئەو بابەتەمەن بە روونی بۆ ئەسەلمێنێت.

ئەمرۆش بەداخەوە دیسان و سەرلەنوێ بە بێ ئەزموون وەرگرتن لەو مێژووە تاڵە، دیسانەوە ئەو ئەزموونە بە شێوازێکیتر دووپات ئەبێتەوە. بە پێی زانیارییە باوڕ پێکراوەکان لە ناوخۆی ئەو لایەنانەوە، یەکێک لە لایەنەکان لە شاری سنە بە پێی ئەم دۆخە تازەیەی پاش١٣ی خەزەڵوەر و گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، بڕێک بە ئەنقەست و بڕێک بێ ئاگایانە "کونی نوشتە"کەیان لێ ون بووە و ئەو یاریە گڵاوە دیسانەوە خەریکی روودانە.

لایەنێک کە هەمووانی پێ کافر و سزاواری سزادان و مانەوەی هەتاهەتایی ئاوری لە دۆزەخە و خۆی پێ تەنیا شایستەی بەهەشت چوون و کوێخایەتیی بەهەشتی خەون و خەیاڵەکانیە، تووشی لێکترازان بووە و لە درز تێپەڕیوە و قڵشێکی قووڵ و بەرینی هەڵگرتووە. هەر بەو ئاراستەیەدا کۆمەڵێک خەلکانی چالاک و خەباتکار و دڵسۆزیان لێدابڕاوەوە و بڕێکیان بە بەڵێنی وەرگرتنی شوێنی کار و کەل و پەل چاو نووقاندنی بە ئەنقەست و مەبەست دار لە ئاست چالاکی و مانوڤڕ و خۆبادان و شکاندنی پت و دەم و دانی ئێمپریالیزم، چوونەتە بەرەی خەباتی دژە ئێمپریالیستیکەوە کە کۆماری ئیسلامی ئاڵاهەڵگریەتی! زۆر بە رێک و راستی ئەڵێن، لە ڤێتنام چیمان بە ئێمپریالیزم کرد، لە ئێرانیش ئاوای لێ ئەکەین و چاوی خۆیان لە ئاست تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، ئەفغانستان، لوبنان، فەلەستین، یەمەن، عێراق، سووریە و .... بەستووە. ئەوان هەر وەکو کۆماری ئیسلامی تەنیا رۆڵی زیادەخوازیی ئامریکا بەرجستە ئەکەنەوە و رۆڵی کاولکارانە و تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لە گشت ئەو رووداو و کارەساتانە و دۆخی ئەمڕۆی خەڵک و ژیان و چارەنووسیان حاشا لێ ئەکەن.

بەداخەوە بڕێک گەنجی پڕ شوور بۆ بەربەرکانێ لە گەڵ ناسیونالیستە کافرەکان! بوونەتە ئامرازی دەستی ئاڵاهەڵگرانی"خط رسمی" کە خەریکن هەموو شتێک ئەکەنە قوربانیی وەهم و خەیاڵەکانی خۆیان تەنیا بۆ ئەوەی پێیان بڵێن ئەوان جیاوازن. هەر لە درێژەی ئەو رەوتەدا هەروەک ئاماژەی پێکرا، بە بەڵێنی وەرگرتنی شوێن و بڕە ئێمکاناتێک و چاوپۆشیی بە ئەنقەست لە ئاست کردەوەکانیان، گیروانەتە خزمەتی کۆماری ئیسلامی و لەم پێوەندیەدا لە شاری سنە هێڕشێکی بەربڵاویان بۆ سەر چەند لایەنی تایبەتی سیاسیی کوردستانی و سێ کەسی تایبەت وەکو ( ع. م، م. ه و ع. ج) دەست پێکردووە.

بەداخەوە هێز و لایەنە سیاسیە راستەقینەکان خۆیان لە ئاست رووداوەکانی خەمسارد کردووە و هەرکامە چوونەتە سووچ و قوژبنی داخراوی بەرژەوەندیی کورت ماوەی حیزبی و خۆیان لە رووداوەکانی دەور و بەریان بەدوور گرتووە و یان لە ئاست پیلان و پیلانگێڕیەکانی دوژمن و دەست و پێوەندەکانی، زۆر و لە رادەبەدەر کەمتەرخەمن.

زانیاریی زۆرتر لە بەردەستایە و لە ئەگەری پێویست بوون بیروڕای گشتیی لێ ئاگادار ئەکەینەوە.


AM:08:40:18/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌