زیاتر لە ٧٥ لەسەدی پۆلەکانی خوێندن لە پارێزگای ورمێ ستاندرارد نین


بە پێی ئەو ئامارانەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەو بارهێنانی پارێزگای ورمێ وە بڵاو کراوەتەوە، لە کۆی ٢٤ هەزار و ٨٠٠ پۆلی خوێندن کە لەم پارێزگایەدا وانەی تێدا دەوترێتەوە، تەنها ٦ هەزار پۆلی ستاندارد بوونی هەیە و زیاتر لە ١٨ هەزار پۆلی خوێندنیتر پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەو دوبارە بونیاد نانەوە هەیە.

ئیبراهیم محەممەدی بەرپرسی، پەروەردەو بارهێنانی ورمێ هەروەها باسی لە خراپبوونی دۆخی پەروەردە کرد لەم پارێزگایە وتی :" پارێزگای ورمێ و شارەکانی دەورووبەری لە باری ئیمکاناتەوە لە دۆخێکی خراپدان و بەشێکن لە ٤ پارێزگای هەژار لە باری ئیمکاناتی پەروەردەوەو پێویستە گرینگی زیاتر بدرێت بە ژێرخانی پەروەردە لەم پارێزگایە و بونیاد نانەوەو دروستکردنی خوێندنگە و پۆلی خوێندن.

ئەم ئامارە فەرمییانە لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لە حاڵێکدا بڵاو دەبنەوە، کە کەرتی پەروەردە و خوێندن لە هەموو دونیا بە یەکێک لە کەرتە گرینگەکان دادەنرێت. لە هەمانکاتدا لە لایەن حکوومەت و ناوەندە بڕیاردەرەکانەوە گرینگی تایبەت بەم کەرتە دەدرێت. بەڵام دەبینین لە پارێزگایەکی وەک پارێزگای ورمێ کە زۆربەی زۆری خەڵکەکەی کورد نشینن و بە یەکێک لە پارێزگا کوردنشینەکان ناو دەبرێت لە جوغرافیای ئێراندا، زیاتر لە ٧٥ لە سەدی پۆلەکانی خوێندن ستاندارد نین .

ناستاندارد بوونی پۆلەکانی خوێندن کێشەیەکی گەورەی سیستەمی پەروەردەیە لە ئێران. ٧ ساڵ لەوە پێش و رۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە خوێندنگەیەک لە گوندی شیناوێی سەردەشت ٢٩ قوتابی بوون بە قوربانی و بەم بۆنەوە ٢ کەسیان گیانیان لە دەستدا. بەڵام تا ئێستەش بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ئێران کەمتەرخەمن بەرامبەر بە چارەسەر کردنی کچانی شیناوێ و سەرەڕای هەموو بەڵێنەکان تا ئێستەش کچانی شیناوێ چارەسەری پزیشیکیان بۆ نەکراوە.

لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین جار شاهیدی ئەوە بووین کە قوتابخانەکانی ئێران ئاگریان گرتووە یان رووخاون، هەر ماوەیەک لەوە پێش بوو کچێکی ٧ ساڵانی خەڵکی گوندی (گەرماش) سەر بە پارێزگای سنە بە هۆی رووخانی دیواری قوتابخانەکەوە گیانی لە دەستدا. گیان لە دەستدانی ئەم کچە ٧ ساڵانەیە لە خوێندگە بە هۆی رووخانی دیواری قوتابخانەکەوە ناڕەزایەتی زۆری دونیای میدیایی لێکەوتەوە، بەڵام بەرپرسانی پەروەردەو بارهێنانی ئێران و پارێزگای کوردستان کەمتەرخەمانە لەم بابەتەیان روانیوەو دەڕوانن.

کەمتەرخەمی بەرپرسان بەرامبەر بە پۆلەکانی خوێندن و ناستاندرارد بوونیان دەتوانێت خەساری لێ بکەوێتەوەو مەترسییە بۆ سەر قوتابی و خوێندکارەکان. وەک چۆن تا ئێستە چەندین جار رووداوی دڵتەزێن روویداوە. بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە بری ئەوە بیر لە بونیادنانەوەی وڵات و نۆژەن کردنەوەی وڵات بکەنەوە خەریکی یارمەتی گەیاندنن بە حیزب اللە لوبنان و سووریە و حووسیەکانی یەمەن و عیراق.

ئەو پارە زۆری لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە خەرج دەکرێت بۆ یارمەتی گەیاندن بە گرووپە توندڕەوەکان لە دونیا ئەتوانرێت ئابووری وڵاتی پێ بونیاد بنرێتەوە بە کەرتی پەروەردەشەوە. هەڵبەت ئەمە تەنها دۆخی پارێزگای ورمێ و خوێندنگەکانی ئەم پارێزگایە نییە. ئێمە بەردەوام شاهیدی ئەوەین کە لە پارێزگا و شوێنەکانیتری ئێران بەتایبەت لە پارێزگا پەراوێزکەوتووکانی وەک کوردستان، ئیلام، کرماشان، سیستان و بەلووچستان و خووزستان خوێندنگەکان لە دۆخێکی زۆر خراپدان و تەنانەت هەندێ وێنە و ڤیدیۆ بڵاو بوونەتەوە کە دەری دەخەن کە لە هەندێ ناوچە لە ئێران گوندەکان بێبەرین لە قوتابخانە و لە کەلاوە یان لە ئەمبار دا خەریکی خوێندنن.

گرینگی نەدان بە کەرتی پەروەردە، گرینگی نەدانە بە داهاتووی کۆمەڵگا و بەلای رژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامییەوە ئەوەی گرینگ نییە داهاتووە، لەبەر ئەوەی سیستەمی راندخواری ئابووری ئێران تەنها بە فیکری بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیەتی و بەس.


AM:11:04:08/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 40 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌