بەرزڕاگرتنی یادی هاوڕێ "ڕامین حسەین پەناهی" و سەرجەم گیانبەختکردوانی مانگی خەرمانان لە وڵاتی ئاڵمان


دوانیمەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢/٩/٢٠١٨ لە شاری "کۆڵن"ی وڵاتی ئاڵمان، بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆ یادی هاوڕێ "ڕامین حسەین پەناهی"، "زانیار و لوقمان مورادی"، گیانبەختکردوانی ئەم دواییەی کۆمەڵە و سەرجەم گیانبەختکردوانی مانگی خەرمانان بەرز ڕاگیرا.

هەروەک هەمووان ئاگادارن لە بەرەبەیانی ڕۆژی ۱۷ی خەرمانان سێ لاوی تێکۆشەری کورد لە سێدارەدران و دواتر بنکەوبارەگاکانی حیزبی دێمۆکرات لە کۆیە کەوتە بەر پەلاماری مووشەکی کۆماری ئیسلامی کە چەندین گیانبەختکردوو و برینداری لێکەوتەوە. پێشووتر و لە زۆربەی وڵاتان یادی گیانبەختکردوانی ئەم ڕۆژە بە هاوبەشی لە لایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەرز ڕاگیرابوو. هەر لەم پەیوەندییەدا کومیتەی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات ڕێوڕەسمێکی تایبەتی لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەبرد.

پاشنیمەڕۆی ڕۆژی شەممە، لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەلە، بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە کادر و ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵە هەروەها دەیان کەسایەتی ناسراو و چالاکی سیاسی و مەدەنی و مافی مرۆڤ لە نەتەوە جیاوازەکان، بۆ ڕێزگرتن لە گیانبازی و فیداکاری هاوڕێ "ڕامین حسەین پەناهی" و هاوڕێیان "ئەرسەلان جەوزاک"، "پەرویز عەبدی" و "ناسر بانووچ" هەروەها سەرجەم گیانبەختکردوانی مانگی خەرمانانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێوڕەسمێکی شکۆدار بەڕێوەچوو.

لەدوای بەخێرهاتنی میوانەکان و بەشداربووان بە زمانی کوردی و فارسی، ڕێوڕەسمەکە بە سروودی بانگەواز و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و بەرابەری و عەداڵەت دەستی پێکرد. سەرەتا هاوڕێ "عەبدوڵڵا موهتەدی"، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە وتارێکی بە زمانەکانی کوردی و فارسی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و تیشکی خستە سەر فیداکاری و لەخۆبردوویی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو. ڕێوڕەسمەکە بە خوێندەنەوەی چەند پارچە شێعر و پەخشان و سرودی شورشگێرانە لە لایەن هاوڕێیان "ئارام بوداغی" و "نامۆ شە ره فی" و بەکر لەگزی درێژەی پێدرا .پاشان لە لایەن هاوڕێ "ڕەفێق حسەین پەناهی"، برای هاوڕێ "ڕامین" و ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سپاسنامەی بنەماڵەی ئەو گیانبەختکردووە بۆ هاوسۆزی و پاڵپشتیی بەرفراوانی خەڵکی ئازادیخواز ڕاگەیێندرا و وتارێک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. لە درێژەدا بەرێزان"ئەحمەد ڕەفەت" رۆژنامە نووس و چالاکی سیاسی و حسێنئەحمەدئ نیاز ، پارێزەری هاوریی شەهید رامین حسێن پەناهی باسێکی دیکەیان ئاراستە کرد و ڕێوڕەسمەکە کۆتایی پێهات.

شایانی باسە، ئەم ڕێوڕەسمە بە دوو زمانی کوردی/فارسی و لە کەشوهەوایەکی دۆستانە و شۆڕشگێڕانەدا، لە کاتژمێر ٣ی پاشنیمەڕۆ تا کاتژمێر ٧ی ئێوارە درێژەی خایاند و لە پەراوێزی ئەم گردبوونەوەدا یاد و بیرەوەری و ڕێبازی نەسلی نوێی لاوانی خەباتکار و شۆڕشگێڕ بەوپەڕی ئەمەگناسییەوە بەرز و بەڕێز ڕاگیرا و بەڵێن درایەوە تا گەیشتن بە ماف و خواستە ڕەواکان درێژەپێدەری ڕێگا و ڕێبازی گەشاوەیان بین. هەروەها لەسەر پێویستیی هاوخەباتی و هاوکاری لە نێوان هەموو هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان و جینایەتەکانی تاران و گەیشتن بە ئاسۆیەکی ڕوون جەخت کرایەوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران - کومیتەی دەرەوەی وڵات


PM:03:07:25/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 105 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌