راگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە: بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن

سەرەتای وەرزی پاییز و رۆژی یەکەمی مانگی رەزبەر لە ئێران و کوردستانی رۆژهەڵات، وەک رۆژی کرانەوەی خوێندنگە و زانستگاکان دیاری کراوە. سەرەتای وەرزی پاییز سەرەتای کردنەوەی ناوەندەکانی زانستە لە ئێران و کوردستان و بە پۆل مناڵان و لاوان لە توێژ و چینە جیاوازەکان، لە شار و گوند روو دەکەنە ناوەندەکانی فێربوون و ڕیگەی فێربوونی زانست دەگرنە بەر.

سەرەتا لە لایەن کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەوە ، پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایان ،قوتابیان و خوێندکاران بە هەموو توێژ و رەگەزێکەوە دەکەین کە سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکان، سەرەڕای گوشارەکانی دەسەڵات، گوشاری ئابووری و گوشاری ناوەندەکانی ئەمنیەت، هەڵاواردنە رەگەزەی و نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاییەکان بەڵام هەر بەردەوامن لە پرۆسەی فێرکردن و فێربوون و خەرێکی پەروەردەکردنی کۆمەڵگا و خۆپەروەردەکردنن بۆ ئەوەی بە چرای زانست ڕووبەڕووی تاریکی دەسەڵات ببنەوە.

لە حاڵێکدا ئەمڕۆکە بەرەو ڕووی ساڵی تازەی خوێندن دەڕۆین کە بە هۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە و دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنامەی بەرجام لە مانگی مەی ئەمساڵەوە و بە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی تمەن لە جاو دراوەکانیتری وەک دۆلار و یۆرۆ و پاوەن و هەروەها گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، گوشاری گەورەی ئابووری کەوتۆتە سەر خەلک بە هەموو توێژ و چینێکەوە. مووچەی مامۆستایان لە خوێندنگەو زانستگەکان لە خوارەوەی ئەو رێژەوەیە کە وەک هێڵی هەژاری دیاریکراوە، لە بەر ئەوەی هێڵی هەژاری لە ئێران بە ٥ میلیۆن تمەن دیاری کراوە لە حاڵێکدا داهاتی مامۆستایان زۆر کەمترە لەو ئاستەی کە دیاری کراوە.

زۆربەی زۆری بنەماڵەکان و بە تایبەت چینی مامناوەند و هەژاری کۆمەڵگا ، داهاتیان لە ژێر هێڵی هەژارییەوەیە و چەند قات کەمترە لەو ئاستەی کە وەک هێڵی هەژاری دیاری کراوە. هەڵاوسانی ئابووری رووی لە ئێران کردوە بە شێوەیەک کە بە پێی هەندێ لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی رێژەی هەڵاوسان لە ئیران نزیک بە ٢٨٨ ٪ ە، کە ئەمە بە مانای داڕووخانی بونیادی ئابووری ئێرانە.

بە پێی ئامارەکانی رژیم لە ئەمساڵی خوێندندا زیاتر لە ١٧٢ هەزار مناڵ لە ئاستە جیاوازەکانی خوێندنی پێش زانستگا بە هۆی نەداری و هەژاری بنەماڵەکانیانەوە توانای ئەوەیان نییە ڕوو بکەنە خوێندگە و لەم مافە سەرەتاییەی خۆیان بێبەری دەبن. لە حاڵێکدا لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دونیا ئەرکی دەوڵەتە ئیمکانات و دەرفەتی خوێندن بە شێوەی یەکسان بۆ هەموو تاکێکی ژێر ١٨ ساڵ ئامادە بکات و مناڵان بە هەر ئاستێکی مادییەوە بە بێ هیچ کێشەیەکی ماددی درێژە بە خوێندن بدەن. بەڵام لە ئێران بە هیچ شێوەیەک دەسەڵات خۆی بە بەرپرس نازانێت بەرامبەر بە پرۆسەی خویندن و تەنانەت گوشارە ئابوورییەکان وەها زەق بۆتەوە کە هەر مناڵێک بۆ کڕینی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خوێندن بۆ دەستپیکی ساڵی تازە پێویستی بە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار تمەن هەیە کە ئەمە لەم دۆخەدا بۆ بەشێکی زۆر لە بنەماڵەکان دژوارە.

جگە لە گوشاری ئابووری ، خوێندنگە و زانستگەکان و مامۆستایان لە ئێران لە چوار دەیەی رابردوودا بەردەوام گوشاری کەلتووری و سیاسیان لە سەر بووە. سیاسەتە کەلتوورییەکانی رژیم کە هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم رژیمەوە لە ژێر ناوی (شۆڕشی کەلتووریدا) دەستی پێکردوەو هەر درێژەی هەیە، پرۆسەی پەروەردە و بارهێنانی لە ئێران تووشی کێشە کردوە. مامۆستایان و خوێندکاران رووبەڕووی سانسۆری جیاوازی حکوومەتی دەبنەوەو لە نزیک بە چوار دەیەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی دڵسۆز و خوێندکارانی تێکۆشەر بە شێوەی جیاواز لە پرۆسەی پەروەردە و بارهێنان دوور خراوەنەتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و مامۆستایان خراونەتە زیندان، ژمارەیەکیان لە خوێندن و کار دوور خرانەتەوەو بەشێکی زۆر لە خوێندکاران و مامۆستایانی بە توانا ناچار کراون ئێران بە جێ بهێڵن و لە دەرەوەی ئێران خۆیان پێ بگەیەنن و تواناکانی خۆیان بخەنە گەڕ.

مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران لە وەها دۆخێکی دژواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییدا خەریکی خزمەتکردن و خۆ پەروەدە کردنن. دۆخێک کە دەسەڵات خولقێنەرییەتی و بەرپرسە.

مامۆستایان و خوێندکارانی کوردستان!ئەمساڵ لە حاڵێکدا درگای قوتابخانە و خوێندگەکان بەرەورووی مناڵان و لاوان دەکرێتەوە کە وەک مێژووی چواردەیەی ئەم دەسەڵاتە و تەنانەت چەند دەیە پێش بە دەسەڵات گەیشتنی رژیمی ئیسلامیش، خوێندکارانی کورد وەک خوێندکارانی نەتەوەکانیتری ئێران لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی خۆیان بێبەرین و ئەم مافەیان لێ زەوت کراوە. مناڵانی کورد، مناڵانی بەلووچ، مناڵی عەرەب و تورکەمەن و لوڕ و تورک و... لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە خوێندن بە زمانی دایکی خۆیان کە مافێکی سەرەتاییە بێبەری دەکرێن و ناچار دەکرێن بە زمانی فارسی بخوێنن و بنووسن، زمانێک کە زۆربەی کات بۆیان نامۆ و نەناسراوە.

بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، هەر کەسێک ئەو مافەی هەیە بە زمانی خۆی بخوێنێت و بنووسێت و بە زمانی خۆی پرۆسەی پەروەردە تێپەڕێنیت، بەڵام مناڵانی کورد و نەتەوەکانیتری ئێران لەم مافە بێبەرین. تەنانەت رژیم ئامادە نییە ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی وڵاتەکەی جێبەجێ بکات . هەر چەند ئەم ماددەیە بە پێی جارنامەی جیهانی مافەکانی ئینسان ، دەرخەری پێشێلکردنی مافە کەلتووریەکانی نەتەوەکانە لە ئێران.

خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی مافێکی رەوای هەموو کەسە سەر بە هەر نەتەوەییەکی جیاواز و شارەزایانی پەروەردە بەردەوام باس لە گرینگی خوێندن دەکەنەوە بە زمانی دایکی، بەڵام خوێندکاران و قوتابیانی کورد و نەتەوەکانیتری ئێران لەم مافە سەرەتاییە بێبەرین . سەرەڕای هەموو هەوڵەکان تا ئێستە رژیم ئامادە نەبووە بە شێوەی شایستە وەڵامی خواستی خەڵک بداتەوەو ئەو دەرفەتە بچووکانەش کە کراوەتەوە لە زانستگەی سنە یان لە قوتابخانەکانی شاری سەقز زۆر کەمتر لەوەیە کە قوتابیانی کورد شایستەیانە و ئەمە نابێت ببێت بە جێی رەزامەندی خوێندکاران و مامۆستایان و کۆمەڵگا.

بەرگری کردن لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی، بۆ سەرجەم نەتەوەکانی ئێران و بە کوردستانیشەوە بەرگری کردنە لە یەکێک لە سەرەتایی ترین مافە ئینسانییەکان.

خوێندکاران و مامۆستایانی ئێران و کوردستان!دەنگی ئێوە لە هەموو دونیا وەک دەنگی چینی وشیاری کۆمەڵگا دەناسرێت. زانستگەکان و ناوەندەکانی خوێندن توانیویانە لە بەشێکی زۆر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا دەوری بەرچاویان هەبێت. بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستان و ئێران بە سروشت بزووتنەوەیەکی سیکۆلار و مافخوازە. ناوەندە ئاکادێمییەکان ئەتوانن دەوری کارایان هەبێت لە وشیار کردنەوەی کۆمەڵگا و وەستانە دژی چەقبەستوویی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری. لەم دۆخەی ئێستای کۆمەڵگای ئێران و کوردستان و بە تایبەت دوای رووداوەکانی بەفرانباری ١٣٩٦، بزووتنەوەی خوێندکاری و ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئەرکی ئەوەیان لە سەرە وەک هەمیشە داینەمۆی گۆڕان بن. یەکگرتوو بن و بە شێوەی یەکگرتووانە لە کۆڕ و کۆمەڵە خوێندکارییەکاندا هەوڵ بدەن بونیادنای کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیکی سیکۆلار. زنجیرە رووداوەکانی دوای مانگی بەفرانبار، بە یەکجاری دوایین بزمارەکانی لە تابووتی رەوتی بە ناو ڕیفۆرمخوازی دەوڵەتی دا. لەمەو بەدوا پێویستە لە بری دابەشبوون بە سەر باڵەکانی رژیم، یەکگرتوانە هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی دوایین بزمارەکان لە تابووتی کۆماری ئیسلامی بکوترێت. پێویستە بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران و کوردستان خۆی رێک بخات و هاوئاهەنگ لەگەڵ بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیتری ئێران، وەک بزووتنەوەی مامۆستایان، بزووتنەوەی کرێکاران، بزووتنەوەی ژنان و ... هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی گەش.


بنەماڵەی خوێندکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان!گوشارە ئابوورییەکان و کێشە ئابوورییەکان لە هەموو روویەکەوە کاریگەری لە سەر ژیانتان داناوەو بە داخەوە گوشاری گەورەی ئابووری خستۆتە سەرتان. ئێوە لە حاڵێکدا کچ و کوڕەکانتان ئەمساڵ دەنێرنە بەر خوێندن کە لە دەمی خۆتان دەگرنەوەو دەیدەنە پێویستی خوێندنی مناڵەکانتان. مناڵانی ئەمڕۆ دەتوانن سبەی رۆژ چەرخی کۆمەڵگا بسووڕێنن. خوێندن و زانست دەرگای کرانەوەی کۆمەڵگاکانە بەرەو بەختەوەری. بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێمەش لە رەوتی پێشکەتن جێ نەمێنێت پێویستە کچان و کوڕانی کورد بە بێ هیچ چەشنە هەڵاواردنێک لە خوێندنگە و زانستگەکاندا بن و خەریکی خۆ پەروەدە کردن بن. با نەهێڵین گوشارە ئابوورییەکان ببێت بە هۆی دوور کەوتنەوەی مناڵان لە خوێندنگە. ئەم دەسەڵاتە بە ئاشکرا ئەوەی نیشان داوە کە بەلایەوە گرینگ نییە کۆمەڵگا بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات. بەڵام ئاسۆ روونە و خۆری ئەم دەسەڵاتە روو لە ئاوا بوون. پێویستە لاوانی ئێمە، کچان و کوڕانی کورد خۆیان بۆ ئەوە ئامادە بکەن سبەی رۆژ جمکەکانی کۆمەڵگا بگرنە دەست و ئەمەش بە خۆ پەروەردە کردن دەکرێت لە ئێستادا.

ئێوە ئەركێکی گەورەتان لە سەرشانە، ئەرکێک کە دەتوانێت داهاتووی کۆمەڵگا و مناڵەکانیشتان روونتر بکاتەوە. با نەهێڵین گوشارە ئابوورییەکان، هەژاری و تەنگدەستی ببێت بە بیانوویەک بۆ نەخوێندنی مناڵان.

ژنان و کچانی کوردستان و ئێران!رژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنییەوە هەوڵیداوە بە سیاسەتی هەڵاواردنی رەگەزی و جێنسیەتی ئێوە لە پرۆسەی خوێندن و خۆ پێگەیاندن دوور بخاتەوە. بەڵام هەوڵ و تێکۆشانی ئێوە لە چوار دەیەی رابردوودا پێچەوانەی هەوڵەکانی رژیم بووەو ئەم ئاواتەی رژیمی ناوەتە گۆڕ. گرتنە بەری سیاسەتی هەڵاواردنی جنسیەتی و رەگەزی، ئیزن نەدان بەوەی ژنان لە هەندێک لە بوارەکان درێژە بە خوێندن بدەن و زۆر سیاسەتی تر هەوڵەکانی رژیم بووە بۆ ئەوەی بەر بە خوێندنی ژنان و کچان بگرێت لە زانستگەکان و ناوەندەکانی خوێندن. بەڵام وەک چۆن لە چەند ساڵانی رابردوودا بە پێچەوانەی ویستی دەسەڵات ژنان دەوری بەرچاویان بووە لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە ئێران، پێویستە لە داهاتووشدا بە هەمان شێوەو بە گەرم و گوڕتر لە هەموو کات بەشداری بکەن لە پرۆسەی پەروەردە و بارهێناندا و هەوڵبدەن خۆیان پێ بگەیەنن. پێگەیشتن و خۆ پێگەیاندنی ئێوە پێچەوانەی ویستی دەسەڵاتە.


خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

مامۆستایان و خوێندکاران!

سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا!هەموو ئەو کەند و کۆسپانەی باسمان کرد، لە بەردەم پرۆسەی پەروەدە و خوێندن لە ئێران بوونی بووەو بە داخەوە هەیە. بەڵام ئاواتەکان بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە ئەتوانێت چرای رێگای ئێمە بێت بۆ گەیشتن بە دۆخێکی باشتر. دۆخێک کە سیستەمێکی پەروەردەی عادڵانە و سێکۆلار و دیمۆکراتیک تێیدا بە یاسایی دابمەزرێت. دۆخێک کە پەروەردە بۆ هەمووان بێت و بە بێ هیچ چەشنە هەڵاواردنێکی رەگەزی و ئایینی و جنسیەتی و نەتەوەیی پرۆسەی پەروەردە و بارهێنان بچێتە پێش.

کۆمەڵە وەک هەمیشە خۆی بە لایەنگری دیمۆکراسی و سیكۆلاریزم دەزانێت و مەرجی سەرکەوتنی پەروەردە لە کۆمەلگا بەوە دەزانێت کە پەروەردەیەکی دێمۆکراتیک و سێکۆلار بێت و هەوڵ بۆ دامەزراندنی وەها سیستەمێکی یاسایی و پەروەردەیی و سیاسی دەدات. سیستەمی پەروەردە بە یەکێک لە گرینگترین سێکتەرەکانی کۆمەڵگا دەزانێت و گۆڕینی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیکی سێکۆلار، دەبێت لە پەروەردەدا بە جوانی رەنگ بداتەوە.



کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی کوردستانی ئێران

٣١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی

٢٢ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ی زایینی


PM:03:52:22/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 442 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌