هێزێکی گەورەی ڕژیم بە موشەک و چەکی قورسەوە بەرەو سنوورەکانی مەریوان بەڕێکەوتوون

بە پێی هەواڵێک کە هەر ئێستا هەواڵنێرانی ئاسۆی ڕۆژهەڵات لە شاری مەریوانەوە پێیان ڕاگەیاندین، هێزێکی گەورەی ڕژیم بە موشەک و چەکی قورسەوە بەرەو کێوەکانی سوورێن کە کەوتووەتە سنووری نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشوور، بەڕێکەوتوون.

ئەم هێزە کە لە ٧ ماشین هێزی چەکداری سپای پاسداران، دوو ترێلی و جەرەسەقیلێکی گەورە پێکهاتووە، گەورەدێی نێ و گوندی سیاناوی سەر بە شاری مەریوانیان تێپەڕاندووە و لە کێوەکانی سوورێن نزیک بوونەوە.

سەرچاوەکە ئەمەشی پشتڕاست کردەوە کە ترێلییەکان هەڵگری موشەکن و بۆ ئامانجێکی دیاریکراو بەرەو ئەم ناوچانە دەبردرێن.

هاوکات، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن: کە ڕۆژی ڕابردوو، هێزێکی دیکەی سپای پاسداران لە ناوچەی شنۆوە بەرەو خاکی کوردستانی باشوور هاتوون و سنوورەکانی ئێرانیان بەزاندووە.

جوڵاندنی ئەم هێزە بەرەو سنوورەکانی نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانان، بنکەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوونە ئامانجی موشەکەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامدا ١٦ پێشمەرگە شەهید و زیاتر لە ٤٠ پێشمەرگەیتریش برینداربوون، و هاوکات مەترسی هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانیتری کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش کە لە هەرێمی کوردستان جێگیرن، هەست پێکراوە.

PM:02:08:10/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 3448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌