پارێزەری رامین: جێبەجێ کردنی سزای ئیعدامی رامین نایاساییە

ئا: ئاسۆی رۆژ

دوا بە دوای جێبەجێکردنی حوکمی ئیعدامی رامین حسێن پەناهی، ئاسۆی رۆژ پەیوەندی کرد بە عوسمان موزەین پارێزەری ناوبراوەوە، ناوبراو جێبەجێ کردنی سزای ئیعدامی رامینی بە نایاسایی ناوبرد و لە هەمانکاتدا وەک پارێزەر رایگەیاند کە ئاگاداری جێبەجێ کردنی سزای ئیعدامی ناوبراو نییە. ئەمە دەقی وتەکانی عوسمان موزەین ە.

:" ئیمە لە بەیانییەوە لەگەڵ براکەی رامین، بە شوێن دۆسیەکەی رامینەوە بووین، لە تاران سەردانی دادگامان کرد ، کە ئاگاداری دوایین هەواڵەکان بین کە بەداخەوە هیچ وەڵامێکیان پێ نەداوینەتەوە. دەوروبەری نیوەڕۆ چووینە زیندانی رەجایی شار و یەکێک لە بەرپرسانی زیندان بە شێوەی زارەکی پێی راگەیاندین کە ئێوارەی رۆژی هەینی و کاتی خۆر ئاوا بوون رامین و لوقمان و زانیار لە زیندانی رەجایی شار براونەتە دەرەوەو ئەوان هیچ زانیارییەکاین لە سەر بارودۆخی ئەم سێ کەسە نییە.

بەڵام بەرپرسانی قەزایی و دادوەری پارێزگای کوردستان لە کۆبوونەوە جیاوازەکاندا بە شێوەی ئاشکرا رایانگەیاندووە کە سزای ئیعدامی رامین و زانیار و لوقمان جێبەجێ کراوە. بەڵام تا ئێستە هیچ شتێکیان نە بە بنەماڵەکە و نە بە پارێزەرەکان رانەگایندووە. ئێمە ئاگاداری شوێن و کات و چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ئیعدامی ئەم کەسانە نین. لە حاڵێکدا بە پێی یاسا دەبێت پێش ئیعدام پارێزەر و بنەماڵەکان بانگ بکرێن بۆ سەردان و رێ و شوێنە یاساییەکان جێبەجێ بکرێن، کە ئەم بابەتە ناڕوونە و وەها نەکراوە. ئەگەر سزای رامین جێبەجێ کرابێت لە باری یاساییەوە کێشەی هەیە و نایاساییە. لە بەر ئەوەی ئێمە هەفتەی رابردوو لە کۆمیسیۆنی لێبوردنی دادگای سنە داوای لێبوردنمان کردبوو ، ئەمە بە ئاشکرا لە دۆسیەکەیدا نووسراوە. هەر ئەم داوا کارییە دەبێت بە هۆی راگرتنی سزای ئیعدام، لەگەڵ ئەوەش کە داواکاری پێداچوونەوە بە سزاکەیان لە دیوانی باڵای وڵات لە پێداچوونەوەدا بوو. داوای جیبەجێ کردنی یاسای ٤٧٧مان کردبوو. لە بەر ئەوەی ئەم حوکمە بە شێوەی ئاشکرا دژی شەرع و یاسایە.:"

رامین حسێن پەناهی زیندانی سیاسی کورد رۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی وێڕای زانیار و لوقمان مورادی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج ئیعدام کران.



PM:02:57:08/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 162 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌