ڕوحانی : کێ تاوانبارە ؟

سەلاح بەهرامی

سەرۆک کۆماری ئێران کە بە پێی گەڵاڵەی موجتەبا زولقەدر و پاش ١٤ مانگ لە تێپەڕبوونی لە ٦ی خەرمانان١٣٩٧لە ڕۆژی سێشەممە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەوێ ئامادە بوو .

ئەم گەڵاڵە پێنج تەوەری سەرەکی لە خۆ گرتبوو کە بریتی بوو لە : سەرکەوتوونەبوونی دەوڵەت لە کونترۆڵی قاچاخی کەل و پەل و دۆلار ، بەردەوامبوونی گەمارۆ بانکییەکان ، هەنگاوی لاوازی دەوڵەت بۆ دابەزاندنی ڕێژەی بێکاری ، دابەزینی گەشەی ئابووری و پەرەسەندنی بەهای دۆلار و بێ بەهابوونی نرخی ریاڵی ئێران .

لەم کۆبوونەوەدا ڕوحانی ڕووبەڕووی پێنج پرسیار بوویەوە کە وەڵامی تەنیا یەک پرسیاری بەلای نوینەرای مەجلیسەوە جێگای رەزایەت بوو . بە پێی مادەی ١١٠ یاسای بنەڕەتی ئێران ، بە بڕیاری پارلەمان سەرۆک کۆمار دەتوانرێ لە پێناوی بەرژەوەندی وڵاتدا لەسەر کار لابرێت .

لێرەدا دەمانەوێ جەخت بکەینە سەر چەند خاڵی بنەمایی لە قسەکانی روحانی کە بریتییە لە :

یەکەم : جێبەجێکردنی رێنوێنییەکانی خامنەیی لە وتەکانیدا .

دووەم : بێ هیوایی خەڵکی ئێران .

سێیەم : ئوروپا پاڵپشتی ئێران ناکات لە بەرجامدا .

ڕوحانی لە سەرەتای وتەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە بە هیوام بتوانم لەم کۆبوونەوەدا ڕینوێنییەکانی رێبەری ئێران بە تەواوی جێبەجێ بکەم ، ئەگەر ڕوحانی بۆ چارەسەری کێشەکانی ئێران هەنگاوی ناوەتە مەجلیس و دەیەوێ بە وتەی خۆی " کێشەی ئابووری " خەڵک چارەسەر بکات ، ئیتر چ پێویست دەکات کە تەنیا ڕەزامەندی ڕێبەری رژیم لەبەر چاو بگرێت و بیەوێت تەنیا فەرمانەکانی ئەو جێبەجێ بکات ، هەروەها ڕوحانی لە وتەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە کێشەی خەڵک ئابوورییە ، واتە سیاسی نییە ، لە شۆڕشی مەشرووتەوە تاکوو ئێستا خەڵک داوکاری سیاسی لە ڕژیمەکان هەبووە ، ئەمە چۆنە کە کوتوپڕ خەڵک داوکاری سیاسی نەماوە ؟ .

ڕوحانی لە قسەکانیدا ئاماژە بە بێ هیوابوونی خەڵکی ئێران دەکات و هۆکاری ئەو بێ هیواییە بۆ خودی خەڵك دەگەڕێنێتەوە ، ئەگەر لە قسەکانی ورد بینەوە ، دەڵێت : هەموو شتێ لە ٦ی بەفرانباری ٩٦وە دەستی پێکرد ، واتە هەموو کێشەکان بو خودی خەڵک دەگەڕێنێتەوە و ڕژیم و دەوڵەت بە بێ تاوان نیشان دەدات ، کێشەکە لێرەدایە کە سەرۆک کۆماری وڵاتێک هەموو خەڵکی خۆی بە تاوانبار دەزانێت ، ئەمەیە کارەسات .

بە پێی وتەکانی ڕوحانی خاڵێکی دیکە ئاشکرا دەبێت کە دەڵێت : سەرۆک وەزیرانی فەرانسە وتوویەتی کە ئەگەر ئوروپا بە بڕیارەکانی پابەند نەبێت رێگایەکی دیکە دەگرینە بەر ، واتە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئوروپا پاڵپشتی ئێران نەکات ، واتە ئێران بە تەواوی دەکەوێتە گەمارۆی هەموو وڵاتانەوە و چیتر کێشەی ئێران تەنیا ولایەتە یەکگرتووەکان نییە و ئێران ڕووبەڕووی هەموو وڵاتان دەبێتەوە .

ئەنجام : لێرەدا بەوە دەگەین کە کەسانێک لە وڵاتێک خۆیان بە نوێنەر دەزانن کە چی لە ئاستی گەورەترین کێشەکانی ئەو وڵاتەدا هیچ خۆیان بە بەرپرسیار نازانن بەڵکوو دەڵێن ئەمە تاوانی خەڵکە ، ئایا خەڵک کە هیچی بە دەستەوە نییە ، بوودجەی بە دەستەوە نییە ، میدیای بە دەستەوە نییە ، رۆژنامەی بە دەستەوە نییە ، چۆن دەکرێ کە سەرەڕای ئەمانە خەڵک بە تاوانباری سەرەکی دابنرێت ، ئەمە ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتی بەرپرسانی ڕژیم دەگەیەنێت ، ئەم نابەرپرسیارییە تا ئەو شوێنە دەڕوات کە ئاگایان لە مانای وتەکانی خۆشیان نەماوە ، ئێمە دڵنیاین کە خەڵکی ئێران شایانی سیستەمێکی حوکمڕانی باشترن و لەو پێناوەشدا سەدان ساڵە قوربانی بۆ دەدەن ، ئێستا ڕژیم خۆی یەکلایی کردۆتەوە کە نوێنەری خەڵک نییە ، کەواتە خەڵکیش دەبێ خۆی یەکلایی بکاتەوە کە ئایا ڕژیمێکی وەها بە نوێنەری خۆیان دەزانن یان نە ؟



AM:11:26:30/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 210 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌