بەڕێوەچوونی سێمیناری ناوەندی حیزبە کوردستانیەکان لە ئوردووگای ناوەندی کۆمەڵە

لە درێژەی چالاکی ناوەندی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٨ی ئاگۆستی ٢٠١٨، ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ساڵڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژ، ڕۆژی دەرکردنی فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستان، سێمینارێکی تایبەتی لە هۆڵی ناوەندی بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەڕێوە برد.

سێمینارەکە بە خولەکێک بە بێ دەنگی وەستان بۆ ڕێز لێنان لە یادی سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دەستی پێکرد. دواتر هاوڕێ سامان ڕیشەساحیب ئەندامی جێگری کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٨ی گەلاوێژەوەی خوێندەوە.

دواتر سێمنیارەکە بە پێشکەشکاری هاوڕێ فەرزین کەرباسی ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە دەستی پێکرد کە لە پێنج پەنێلدا بەڕێوە چوو. تەوەری پەنێلەکانی سێمینارەکە بریتی بوون لە:

_هۆکارەکان، دەرەنجامەکانی ئەم هێرشە بۆ سەر خەڵک و شۆڕشێ کوردستانی ئێڕان کە لە لایەن بەڕێز محەمەد نەزیف قادری بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.

_نەبوونی گوتاری هاوبەشی حیزبەکان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی بەرامبەر بە ڕژیم کە ئەم پەنێلەش لە لایەن بەڕێز هێمن بایەزیدپوور بە نوێنەرانەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە پێشکەش کرا.

_بەلەبەر چاوگرتنی هەلومەرجی ئەوکاتە و ئەمڕۆی کوردستانی ئێران ئەگەری دوبارە بوونەوەی ڕووداوی وەها هەیە؟ و ڕێکاری بەرگیری لە دووپات بوونەوەی ئەم جۆر ڕووداوانە چییە؟ کە ئەم پەنێلە لە لایەن بەڕێز ئیسماعیل شەڕەفی بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانەوە پێشکەش کرا.

_چۆنییەتی دەرکردنی فەرمانی جیهاد و ڕەهەندەکانی بەردەوامی پێ بەخشینی کە لە لایەن بەڕێز کاک شۆڕش حاجییەوە بە نوێنەرایەتی سازمانی خەباتی کوردستانەوە پێشكەش کرا.

_شێواز و ئامانجی بەرەنگاربوونەوە، هەیئەتی هاوبەشی کورد لەو سەردەمەدا و پرسی دان و ستان لە ئەمڕۆدا کە ئەم پەنێلەش لە لایەن بەڕێز کاک ساڵح شەریفی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.

دواتر پێشكەش کردنی تەوەر و ناوەرۆکی هەر کام لە پەنێلەکان لە لایەن باسکارەکانەوە کە بەگەرمی لە لایەن بەشداربووانەوە پێشوازییان لێکرا، پشوویەک ڕاگەیەنرا و دواتر و دوابڕگەی سێمینارەکەش تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و تێبینی و سرنجی بەشداربووان دەربارەی ناوەرۆکی ناوەرۆکی هەرکام لە باسکارەکان بوو.

لەو بەشە لە سێمینارەکەش بەشدار بووان لە بە تێبینی و سرنج و پرسیارەکانیان باسەکانیان دەوڵەمەندتر کرد و هەر کام لە باسکارەکانیش پرسیارەکانی پەیوەست بە خۆیانەوە وڵام دایەوە و دواجار سێمینارەکە لە کەش و هەوایەکی گەرم و خۆمانییانە کۆتایی پێهات.

 

 

 


AM:09:27:19/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 597 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌