بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی شاملووی شاعیر

ئەرسەلان چەڵەبی

 

هەژدە ساڵ لە مەرگی جەستەیی شاملوو تێپەڕ بوو بەڵام لە ڕاستیدا شاملوو وەکوو خوێن بەردەوام لە ناو شادەماری شیعری فارسدا لە هاتوچۆ دایە، شاملوو بەر لە هەر شتێک دەنگی ڕەسای ئازادی بوو. بڕوای بە مانای ڕاستەقینەی ئازادی هەبوو. هەر وەک خۆی دەیگوت: "ئازادی دەنگۆیەک نییە کە وەدرۆ بخرێتەوە، ئازادی ئامانجیکی مەزنە کە شەڕی بۆ دەکەین و وەچنگی دێنین. دڵنیا بن".

لە هەژدە ساڵەی کۆچی دوایی شاملوو لە یادداشتێکی ئاوەها خێرادا ناکرێ بە شێوەیەکی شێلگیرانە لەنگەر لە سەر دەقەکانی بگرین، بەڵام دەتوانین بە خێرایی ئاوڕ لە ئەندێشە و ڕوانگەی شاملوو بدەینەوە و بزانین ئەو مرۆڤە لە شیعر و هونەردا بە شوێن چییەوە بوو؟ چی لە لای ئەو پیرۆز بوو و لە ئاکامدا شاملوو لە ڕێگەی شیعرەوە چی بە خەڵک گوت؟

شاملوو خاوەنی ئەندێشەیەکی نوێ و دەشتوانین بڵێین تا ڕادەیەکی زۆر ڕادیکاڵ بوو، ئەو شاعیرێکی دژەباو بوو، باو بە واتای کۆمەڵێک عورف و داب و نەریت کە مرۆڤی پێ دەچەوسێتەوە. ناوبراو لە درێژەی دوو سیستمی تۆتالیتێر و فاشیزم هەناسەی دەدا و شیعری دەنووسی. بەڵام هیچ کات چۆکی دانەدا و تەنانەت خەنجەری سانسۆڕیش دەرەقەتی دەقی ئەو نەهاتن. شاملوو دەیگوت: "ئەوەی کاری بووەتە سانسۆر لە ڕاستیدا لە خۆی دەترسێ، وەحشەتی لە ئاشکرابوونی حەقیقەت هەیە، چۆن خۆی لە فریو و درۆیەک زیاتر شتیکی تر نییە، سانسۆر بەربەستێکی دڵنیاکەرەوەیە بۆ ڕێگە گرتن لە ئەندێشە و هزری نوێ بۆ سیستمە تۆتالیتێرەکان".

شاملوو شاعیری سەردەمێکی تاریک بوو بەڵام هاوکات چرایەک بوو لەو ژینگە پڕ لە وەحشەتەدا، ئەو مرۆڤی ناو جەغزی بەرژوەندی‌خواز و کانفۆڕمیستەکان نەبوو. ئەو دەنگێکی ڕاساو بوو لە بەرانبەر دەسەڵاتەکان. لە ڕاستیشدا ئەرکی شاعیر هەر ئەوەیە. ئەو شاعیری ئەو خوێنانە بوو کە لە سەر شەقامەکان دەرژان. لە ئەوین دەدوا ئەو کاتەی ئەوین لە کون و کەلەبەری ماڵەکاندا دەشاردراوە. شاملوو شاعیری وەها سەردەم و وڵاتیک بوو کە خۆی باسی دەکرد:

در سرزمینی

کە مزد گورکن از آزادی آدمی افزون است.

شاملوو شاعیرێکی دەروەست بوو، دەروەست بەو واتایەی هەرچی لە کۆمەڵگا و دەور و تەنیشتی ئەو ڕووی دەدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانی. پێناسەی شاعیر یان هونەرمەندی دەروەست لە لای شاملوو پێناسەیەکی مرۆیی بوو. شاملوو شاعیرێک بوو، ئازارەکانی دەناسی، دەیزانی دۆخەکە بە چ قۆناغیکی کارەساتباردا تێپەڕ دەبێ و مرۆڤی ئەو دۆخەش چ دەرد و ڕەنجێک دەکێشێ، بۆیە شاملوو لە مەڕ هەموو ئەو ڕووداوانە بەرپرس بوو. دەروەست بوون لە ئەدەبیاتدا لە لای ئەو پێناسەیەکی زۆر ڕوونی هەبوو، ئەوی دەیگوت:

"دەروەست بوون شتێک نییە کە بە زۆرەملی بە سەر کەسیکی دابسەپێنی، هیچ یاسایەک بوونی نییە کە باس لەوە بکات دەبێت شاعیر لە مەڕ کۆمەڵگاکەی دەروەست و بەرپرس بێت، ئەگەر بوو ئەوە خۆش هات و ئەگەریش نەبوو سەرچاوەکان هات. کاتیک شۆستەکان شەڵاڵی خوێنە و دەنگی فیشەک دێت کام گەمژە دادەنیشێ لەگەڵ مانگ ڕاز و نیازان بکات؟ ئەگەریش کردیان کێ دادەنیشێ چەپڵەی بۆ لێدەدا؟"

 

ئەوساڵ لە هەژدەهەمین ساڵیادی کۆچی شاملوو و پاش بەیاننامەی کانوونی نووسەرانی ئێران بۆ کۆبوونەوە لە سەر مەزاری ئەو شاعیرە جارێکی تر بۆمان ڕوون بۆوە کە قەڵەم و هزری شاملوو تا چ ڕادەیەک کاریگەر بووە لە خزمەت بە ئازادیی ئەندێشە. وەها کە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێگریان کرد لە بەڕێوەچوونی ئەو ساڵیادە و کۆمەڵیک لە چالاکان و نووسەرانیان دەستبەسەر کرد.

ترسی وەها حکوومەتێکی تۆتالیتێر لە شاملوو لەخۆڕا نییە، شاملوو جگە لەوەی شاعیر و نووسەر بێت هێمایەکە بۆ بەرگری لە ئازادی.

 


AM:08:25:09/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 39 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌