گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەست پێدەکاتەوە

ناسر خورشیدی

ڕۆژی دووشەممە ۱۵ی گەڵاوێژی ۱۳۹۷ی هەتاویی بەرانبەر بە ٦ی ئاگۆستی ۲۰۱۸ زایینی، دۆناڵد ترامپ فەرمانی گەرانەوەی سزاکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەلایەن واشنگتۆنەوە واژوو کرد. لە ڕێوڕەسمی واژوو کردنی فەرمانەکەدا سەرۆک کۆماری ئامریکا ڕایگەیاند:" بە واژوو کردنی ئەو فەرمانە مەبەستمانە گەمارۆ ئابوورییەکانمان بۆ سەر تاران، بگەیەنینە ئەوپەڕی خۆی."

"دوابە دوای واژوو کردنی فەرمانەکە لە لایەن ترامپ، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل دەستخۆشی لە ترامپ و دەوڵەتی ئامریکا کرد و دڵخۆشی خۆی بۆ ئەم بریارە دەربری."

حەسەن ڕووحانیش لە بارەی ئەم گەمارۆیانەوە وتی: ترامپ و دەوڵەتی ئامریکا ڕاست ناکەن و ئامادەی دانیشتن نین لەگەڵ ئێراندا و ئێمە ئەم گەمارۆیانە بە سەرکەوتووییەوە تێدەپەرێنین، بەڵام سەرۆک کۆماری ئێران نەیوت چۆن ئەم گەمارۆیانە تێدەپەرێنن. وەک هەمیشە تەنیا وتەی بێ ڕێگاچارەی پێشکەش کرد وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت.

ڕۆژی دووشەممە مەحەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران وتی ئامریکا و دووژمنانی ئێمە، پشتۆنیان تووند گرێداوە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەڵام ئەوان نازانن کە ئەمە تەنیا خەون و خەیاڵە، ئەگەر ئامریکا دۆستی خەڵکی ئێرانە بۆچی فرۆکە و کەرەستەی فرۆکە دەخاتە ناو لیستی گەمارۆکانەوە؟ کەسێکی پلەبەرزی ئامریکا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بە BBC، ڕاگەیاندبوو "بەڵێ ئێمە مەجبوورین پێش بە کڕینی فرۆکە و کەرەستەی فرۆکە بگرین چون ڕژیمی ئێران بە فرۆکەکانی چەک و تەقەمەنی دەگوازێتەوە بۆ تێرۆریستان و بە فرۆکەکانی کۆمپانیای هۆما بوو کە چەکی دەنارد بۆ بەشار ئەسەد، هەر بۆیە ئێمە ئەو بەشەمان خستۆتە ناو لیستی گەمارۆکان و کێشەی ئێمە ئامریکا لەگەڵ ڕژیمی ئێرانە،ئەوەیە کە پاڵپشتی تیرۆریزمە لە تەواوی جیهاندا."

دەقی تەواوی فەرمانەکەی دۆناڵد ترەمپ:

" ئەمڕۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەرلەنوێ دەست پێ کردنەوەی سزا و گەمارۆکان بۆ سەر ئێران کە بەپێی ڕێکەوتنی بەرجام، پەسندکراوی 14ی جوولای ساڵی 2015 هەڵگیرابوون، سەرلەنوێ دەست پێ دەکاتەوە."

ئەو هەوڵانە کە ڕاگیرابوون بریتین لە:" دووبارە دەست پێ کردنەوەی گەمارۆکانی پێوەندیدار بە پیشەسازی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ئێران، کڕین و فرۆشتنی کەرەستەکانی فرۆکە و فرۆکە بە ئێران، بازرگانی زێڕ و کانزا گرانبەهاکان و هەروەها سزاکانی پێوەندیدار بە ریاڵی ئێران، کە ئەم سزایانە لە ڕۆژی حەوتی ئاگۆستی ساڵی ۲۰۱۸ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە."

بەشی دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، سێ مانگیتر دەستپێدەکات کە ترامپ دەڵێت:" لە رۆژی ۵ی نۆڤامبری ساڵی ۲۰۱٨ بەرانبەر بە ۱۳ی گەڵاڕێزانی ۱۳۹۷، دەچنەوە بواری جێبەجێکردن. سزاکان بریتین لە گەمارۆی بەشی وزەی ئێران (نەوت و گاز)، لەوانە سزاکانی پێوەندیدار بە نەوت،مامەڵەکردنی دامەزراوە داراییەکانی جیهان لەگەڵ بانکی ناوەندی ئێران و بیمە و کەشتیوانی."

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندی جێبەجێکردنی سەرجەم سزاکانە و ئێمە لە نزیکەوە هاوکاری ئەو وڵاتانە دەکەین کە لەگەڵ ئێران پێوەندی ئابوورییان هەیە بۆ ئەوەی پابەندبوونی تەواوەتی ئەو وڵاتانە بە گەمارۆکانی سەر ئێران گەرەنتی بکەین، ئەو کەس و دامەزراوانەی هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئێران کەم نەکەنەوە، خۆیان رووبەڕووی ریسکێکی گەورە دەکەنەوە .

من دڵخۆشم کە زۆربەی کۆمپانیا جیهانییەکان بەر لە واژۆکردنی ئەو بڕیارە، بڕیاری کشانەوەیان لە بازاڕەکانی ئێران داوە و چەندان وڵاتیش رایان گەیاندووە کە ڕێژەی هاوردەکردنی نەوتیان لە ئێرانەوە کەم کردووەتەوە یان بە تەواوەتی ڕایان گرتووە. ئێمە داوا لە سەرجەم وڵاتانی جیهان دەکەین بە هەوڵێکی هاوبەشی لەو شێوەیە، بە ڕوونی پیشانی بدەن کە ڕژێمی ئێران ڕووبەڕووی بژاردەیەک بووەتەوە: یان رەفتارە هەڕەشەئامێز و ئاژاوەگێڕییەکەی بگۆڕێت و دووبارە نوقمی بازاڕی جیهانی ببێتەوە، یان لە گۆشەگیری ئابووریدا بمێنێتەوە.

هەوڵەکانی ئەمڕۆم لەوانە واژوو کردنی فەرمانێکی جێبەجێکردنە بە ناونیشانی، "گەراندنەوەی هەندێک لە سزاکان بۆسەر ئێران" کە درێژەی یاداشتی شوورای ئاسایشی نەتەوەییە لە رێکەوتی 11ی مەی 2017، بەپێی ئەو یاداشتە ئەمەریکا کشانەوەی لە رێکەوتنی ناوکی ڕاگەیاند.

لەدوای واژووکردنی ڕێکەوتنە ناوکییەکە، کردارە پەلاماردەرەکانی ئێران ڕووی لە هەڵکشان کردووە، ڕژێم سەرچاوە داراییە نوێیەکانی کە لە ڕێکەوتنەکەوە بۆی دەستەبەر کرابوو، بۆ درووستکردنی ئەو موشەکانە بەکاری هێنا کە توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمیان هەیە، هاوکات بۆ پشتیوانی دارایی تیرۆریزم و گەشاندنەوەی ئاگری شەڕ و تەنگژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بابەتی لەو شێوەیە بەکاری هێناوە.

ئێران هەتا ئەمڕۆ هەڕەشە لە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئێمە دەکات، سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی لاواز دەکات و پشتیوانی لە گروپە توندئاژۆ و تیرۆریستەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەکات.

وڵاتە یەکگرتووەکان بە چوونەدەر لە ڕێکەوتنی ناوکی و لە رێگەی سەپاندنی سزاکان دژی ئێران، پارێزگاری لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەکات. تا ئەمڕۆ دەوڵەتی من 17 کۆمەڵە سزای دژی ئێران جێبەجێ کردووە کە 145 کەس و دامەزراوە لەخۆی دەگرێت، لەکاتی ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنی ناوکی، حکومەتی من لە شەش هەوڵی جیاوازدا 38 ئامانجی پێوەست بە ئێرانی گەمارۆ داوە، دەستپێکردنەوەی سزاکانی پێوەست بە دۆسیەی ناوکی ئێران لەمڕۆوە پاڵەپەستۆکانی سەر تاران بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی زیاتر دەکات.

هاوکات بە بەردەوامبوون لەسەر گەمارۆی زیاتری ئابووری بۆسەر ئەو ڕژێمە، من ئێستەیش ئامادەم بۆ ڕێکەوتنێکی تەواوەتی کە کۆتایی بە سەرجەم چالاکییە زیانبارەکانی ئەو ڕژێمە بهێنێت، لەوانە پرۆگرامی موشەکی دورهاوێژ و پاڵپشتیکردن لە تیرۆریزم. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشوازی لە هاوکاری سەرجەم ئەو وڵاتانە دەکات کە هاوڕای ئەو هەوڵانەی ئێمەن.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بەردەوامی لەگەڵ هاوڵاتیانی ئێران دەمێنێتەوە کە میراتگرانی راستەقینەی ئەو میراتە دەوڵەمەندەی ئێران و قوربانی ڕاستەقینەی سیاسەتەکانی رژێمن. ئێمە ئاوات بۆ ڕۆژێک دەخوازین کە خەڵکی ئێران و سەرجەم خەڵکی ناوچەکە لە تەناهی و ئاشتیدا لەپاڵ یەکتر بە کامەرانی بژین.



AM:09:23:07/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌