"هێلسینکیی ٣" چی بۆ کوردی ڕۆژهەڵات تێدا دەبێ؟

ئەردەڵان فەرەجی

بۆ جاری سێهەم لە مێژوودا هێلسینکیی فینلاند بووە میوانداری دوو سەرۆکی ڕووسییە و ئەمریکا لە نێوان پوتین و ترامپدا. بەر لە دیدارەکەی دوو شەممە ١٦ی ژوئییە (٢٥ی پووشپەڕ) لە دوو کاتی جیاوازدا دوو سەرۆکی ڕووسییە و ئەمریکا کۆ ببوونەوە. یەکەم جار سێمپتامبری ١٩٩٠ مانگێک پاش هێرشی سەدام حسێن بۆ سەر کوەیت لە نێوان گۆرباچێڤ و جۆرج بووشی باوک ڕوویدا کە لەو دیدارەدا بە باڵادەستیی ئەمریکا و دۆخی ناسەقامگیری یەکێتیی سۆڤییەت، دەستی ئەمریکا لە عێراق ئاواڵە کرا و بە واتایەکی تر عێراق ڕادەستی ئەمریکا کرا کە دواتر ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق و چۆکی سەدامی شکاند. دیداری دووهەم لە نێوان بوریس یێلتسین و بیل کلینتۆن سەرۆک کۆمارەکانی ئەوکاتی ڕووسییە و ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٧ کاریگەریی گەورەی دیکەی لە ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دواوە بوو. لە پاشەکشەیەکی ئاشکرادا ڕێ بۆ باڵادەستیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرووپا خۆش کرا و وابوو کە بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی ئەندام لە پەیمانی "وەرشۆ" کاتی خۆی بۆ بەرامبەرکێ لەگەڵ ئەمریکا پێکهاتبوو بە کردەوە کەوتنە بەرەی ڕۆژاوا و ئەمریکاوە. هێلسینکیی ٣ش چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گرنگ لە پەیکەرە و قەوارەی جوگرافیایی_سیاسیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێ بکەوێتەوە. بەپێی گرنگیی ئەم دانیشتنە لە ڕوانگە و گۆشە نیگای جیاوازەوە بۆ پێگەی هەر کام لەم دوو هێزە لە دنیادا بەڵام خوێندنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات (کوردستانی ئێران) دەبێ وردبینانەتر بێت.

دۆناڵد ترامپ لە کاتێکدا لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوو کە بەدەر لە دۆخی خۆی و کابینەکەی لە ناوخۆی ئەمریکا و لە ئۆرووپا و باقیی ناوچەکانی دیکەی جیهان لە "بەرجام" هاتۆتە دەرەوە. بە ڕاگەیاندنی ستراتێژی نوێی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران و دانانی ١٢ پێش‌مەرج بۆ سازان کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاشکرا –بە بێ ناوهێنانی وشەی "گۆڕینی ڕژیم"- لە هەوڵی گۆڕینی ڕژیمی تارانە لە ئێراندا. ئێرانێک کە لە هەوڵی دەست خستنی بۆمبی ئەتۆمییە، دروشمە سەرەکییەکانی مەرگ بۆ ئەمریکا و پلانی لە ناوبردنی وڵاتی ئیسرائیلە، پێشێلکاری ڕووتی مافەکانی مرۆڤە لە وڵاتەکەی خۆیدا، گەندەڵی تان و پۆی بەرپرسانی ئەو ڕژیمەی تەنیوە، سەروەت و سامانی خەڵک و وڵاتەکەی خۆ بۆ پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان دەپچڕێ، موشەکی بالیستیک کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە بە بوردی ٢ تا ٦هەزار کیلۆمێتر دروست دەکات و تاقی دەکاتەوە و دەستی ئاژاوەگێڕی لە وڵاتانی ناوچەکە و لەوانە لە یەمەن، لوبنان، عێراق و سوریە و... وەردەدا و ... و لە هەمان کاتیشدا شەریک و هاوپەیمانی ڕووسییەشە. لە بەرامبەردا پوتین لە هەوڵی بە ڕەسمی ناسینی داگیرکردنی "کریمە"یە، گەمارۆکانی سەر ڕوسییە لە لایەن ئەمریکا هەڵبوەشێتەوە، مانۆڕە سەربازییەکانی ناتۆ لە دەریای باڵتیکە و جێگیرکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە سوریە و دەریا مەدیتەرانەدایە. بەڵێنی جێبەجێکردنی هەندێک داواکاریی پوتین لە لایەن ترامپەوە ڕەنگە پێویستی بە کات بێت و هەندێکیشیان ڕەنگە لە دەسەڵاتی شەخسی ترامپ دا بن و هەندێکی تریشیان فاکتی تر تێدا دەور دەگێڕن و لەوانە مەسەلەی دەست تێوەردانی ڕوسییە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کە ترامپ تێیدا سەرکەوت تا ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی کۆمیسیۆنی ڕابێرت مالێر هەروا دەمێنێتەوە، هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ڕووسییە پێویستی بە دەنگی کۆنگرێس هەیە، بەڵام کەم کردنەوە و یان کۆتایی هێنان بە مانۆڤری سەربازیی ناتۆ لە ئاوەکانی دەریای باڵتیک لە دەسەڵاتی ترامپ دایە. لە بەرامبەر داواکارییەکانی پوتیندا ترامپیش هەندێک داواکاری هەیە کە هەندێکیان لە زاری بەرپرسانی دوو دەوڵەتەوە وتراون. دیارە هەر دوو لا لە سەر پشتگیریی ئیسرائیل بۆ پاراستنی خۆی و خەڵکەکەی تەبان و هەموو کاتیش پێی لە سەر دادەگرنەوە، بەڵام گرنگترینی داواکارییەکانی ترامپ دەست هەڵگرتنی ڕوسیە لە پشتگیریی کۆماری ئیسلامییە بۆ هەموارکردنی پرۆسەی گۆڕینی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی یان بە واتایەکی تر ڕژیمی ئێران و بەگژداچوونەوەی تیرۆریزم بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ناکرێ ڕووسیە لە لایەک چێچێنییە داعشییەکان سەرکوت بکات، بەڵام لەلایەکی دیکەوە پشتگیریی دەوڵەت و دەسەڵاتێک بێت کە خۆی داعشی شێعە بێت. گۆڕینی ڕژیمێک کە هاوپەیمان و شەریکی ڕووسییەیە ڕەنگە داواکارییەکی قورس بێت بۆ ڕوسییە. بێ گۆمان ئێران کارتێکی گرنگە لە دەستی ڕوسییە بۆ باج وەرگرتن لە ئەمریکا. بەڵام لە بەرامبەر دەسکەوتێکی گەورەی وەک کریمە کە دەستپێڕاگەیشتنی ڕوسییە بە ئاوە گەرمەکانی جیهان مسۆگەر دەکات و کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا کە سوریە هەواڵ یان مژدەیەکی دڵخۆشکەر دەبێت بۆ ڕووسەکان. ئایا ڕوسییە لە پێناو دەستەبەر بوونی داواکارییەکانی ئامادەیە پشتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەمریکا بەر بدات؟ ڕستە و ڕاستییەکی جیهانی سیاسەت کە دەڵێ دۆست و دوژمن لە سیاسەت دا تا سەر نین و ئەوە بەرژەوەندییە کە دەیبڕێتەوە کێ دۆستە و کێ دوژمنە.

سەرڕای ئەوەی کە لەم دانیشتنەی هێلسینکیدا ترامپ باڵادەستیی باقیی سەرۆکە پێشووەکانی ئەمریکای لە بەرامبەر سەرۆکی ڕووسییە دا نەبوو، بەڵام گرفت و کێشەی ڕوسییەش کەم نین و دواجار بۆ بڕیاردان لە سەر ڕێ خۆشکردن بۆ ڕووخانی ڕژیم یان گۆڕینی ڕژیمی تاران، بەرژەوەندییەکانی ڕووسییە یەکلایی کەرەوە دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا بۆ ڕازی کردنی ڕووسییە لە کێشەی "کریمە" پشتی ڕوسییە بگرێت لە بەرامبەر ئۆرووپادا و سووریەشی بداتێ یان لانیکەم ناوچەیەکی گرنگی ئەو وڵاتە لە ژێر نفوزی ڕوسیەدا بمێنێتەوە، لە بەرامبەردا ڕووسیە بە نەکڕینی نەوتی ئێران و بردنە سەرەوەی ڕێژەی بەرهەم هێنانی نەوت بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەمیی پشکی نەوتی ئێران لە بازاڕی نەوتی جیهان لەگەڵ گەمارۆ جەرگبڕەکەی مانگی نوامبر (١٣ی خەزەڵوەر واتە ١٣ی ئابان ساڵڕۆژی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە) ی ئەمریکا دژی ئێران، بکەوێت.

بەخشینی سووریە بە ڕووسیە لە لایەن ئەمریکاوە بە بێ مەرج نابێت و دەرکردنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە دەبێت کە ئەمە دوو کاریگەریی گەورەی بۆگەرەنتی کردنی ئەمنییەتی ئیسرائیل و دواجار ڕەواندنەوەی کێشە ئەمنییەکانی ئۆردۆن دەبێت و لەم حاڵەتەدا ئەم مەرجە بۆ ڕوسیە قورس نابێت. ئیسرائیلیش کە پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ڕوسییە هەیە هەمان داواکاری هەیە و بۆیە ئەم یارییە بۆ ڕوسییە دوو بە یەک دەبێت. ئەگەرچی تا ئێستاش ڕووسییە لە هێڕشە کوشەندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگا و ناوەندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی چاوپۆشی کردووە. لە بەرامبەر ئەم پوەنانەی کە ڕووسییە وەری دەگرێت دەرکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە و عێراق و دەست درێژییەکانی لە یەمەن و ئۆردۆن چاوەڕوان کراوە.

ستراتێژی ڕاگەیەنراوی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بەرامبەر بە ئێران ٣ ئامانج و بەشی سەرەکی لە خۆ دەگرێت: یەکەم، بووژاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران و بە تایبەتی لە ٦ی ئاگۆست و ٤ی نوامبرەوە. دووهەم، کورت کردنەوە یان بڕینی دەستە ئۆختاپووسییەکانی ئێران لە ناوچەکە و سێهەم، پشتیوانی لە خواست و داواکارییەکانی خەڵکی ئێران لە بەرامبەر ڕژیمی دەسەڵاتدار. چنینی پازڵەکان و ئاراستەی ڕووداوەکان تا دێت زۆرتر ئەم وێنەیە ڕوون دەکاتەوە. بە تێگەیشتن و بەدواداچوونی ڕووداوەکان دەردەکەوێت گۆڕانی گەورە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوو لە ئێران و ناوچەکە بە دی دێت. ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی دژی کۆماری ئیسلامی و لە سەروو هەموویانەوە کورد چییە و دەبێ چێ بێت؟ لە کاتێکدا کە ئەوە بۆ چل ساڵ دەچێت هیچ کات ئاراستەی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەوندەی ئێستا هاوتەریب لەگەڵ خواست و داواکارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کورد نەبووە، بە هەدەر دانی ئەم دەرفەتە چ تاوانێکی گەورە دەخاتە ئەستۆی ئەم لایەنانە؟

زۆربەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی حیزبە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گوێیان لە وتاربێژییەکی "مایک پەمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بۆ ئێرانییەکانی ئەمریکا بوو. ئەگەرچی دەرفەتی لێکدانەوەی ئەو وتاربێژییە ئێرە نییە و خۆی دەرفەتێکی دیکە دەخوازێت، بەڵام ئایا مانای وتەکانی پەمپێئۆ گەڕان بە دوای ئۆپۆزیسۆنێکی بەهێز و ئاڵترناتیڤ نەبوو لە بەرامبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران؟ کورد و بزووتنەوەکەی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەیان ساڵە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خەباتیان کردووە، قوربانییان داوە و بە شاهیدی هەمووان ڕووسووری ئەو بوارەن، هەرچەند بێ کەم و کۆڕیش نەبوون. کورد و کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات لە چاو باقیی ناوەچەکانی دیکەی ئێران ڕێكخراوترین بەشی کۆمەڵگای ئێرانن. بزووتنەوەی خۆیان بە خواست و داواکاریی ڕەوا، پێشکەوتنخوازانە و دیاریکراویان هەیە، حیزبیان بۆی هەیە کە بە میلیۆن جەماوەریان لە پشتە، حەق وایە بە هەستیارییەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆخە نوێیە بکەن. یەکێتی و یەکگرتوویی لە پاڵ هاوخەباتییان زامنی سەرکەوتن و دەستەبەر کردنی ئامانجەکانیان بۆ شادکردنەوەی گەلەکەیانە بە مافە ڕەوا زەوتکراوەکانیان. ئەم گەلە چەوساوەیە دەبێ بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی بکرێت. گەلێک کە دەیان ساڵە بۆ مافەکانی خەبات دەکات و لە هیچ قوربانی دانێکیش سڵی نەکردۆتەوە. "شێرکۆ بێکەس" وتەنی هەموو جۆرە مەرگێکیان جگە لە مەرگ لە ترسیان ئەزموون کردووە، جێ خۆیەتی لەم هەل و دەرفەتە مێژووییە کەڵک وەربگرن. بە پێچەوانەی ئیدیعای نەیاران و دۆستانی ڕەنگ نەیاری حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات زۆر لێک نزیکن. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە بەرهەمی هەوڵی هەموو لایەک و لە سەروو هەموویانەوە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕە، دەتوانێت نموونەی بەرچاوی ئەو لێک نزیک بوونەیە و هەر ئەو جۆرەی کە لە ڕاگەیاندنی ناوەندەکەدا ئاماژەی پێدراوە پێک هێنانی بەرەیەکی بەرفراوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەرکی سەرەکیی ئەو ناوەندەیە کە دەتوانێت ببێت بە ئاڵترناتیڤێکی بەهێز و سەرمەشقێکی دیار بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری لە ئێران.

بەپێی تایبەتمەندی بزووتنەوەی کورد و دابەشکاریی کوردستانەکان، کوردەکان ئەو کاتانە دەتوانن هەنگاوی گەورە بۆ دەستەبەری مافەکانیان بنێن کە یەکەم خۆیان تەبا و ڕەبا و تەیار بن، دووهەم دەسەڵاتی ناوەند لاواز بێت و هاوسۆزی و پشتیوانییەکی نێونەتەوەییان هەبێت. بەپێی لێکدانەوەکان ئەم دۆخە لە مانگەکانی داهاتوودا بۆ کوردی ڕۆژهەڵات دێتە ئاراوە، بەو مانایە لە ئەنجامی شەڕێکی ئابووریی ڕۆژئاوا لە دژی ئێران، دەسەڵاتی ناوەندی تا دێت لاوازتر دەبێت، ڕۆژئاوا و جیهانی پێشکەوتوو دژی ڕژیمی ئێران وەستاونەتەوە کە بە مانای بەهێز بوونی بەرەی نەیارانی کۆماری ئیسلامی دێت. خاڵی سێهەم بۆ هەنگاونانی گەورە تەبا و ڕەبای حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە ئەمە خۆی تەیار بوونی بزووتنەوەکەی لێ دەکەوێتەوە.

پێویستە ناوەندی هاوکاری هەوڵەکانی خۆی بۆ لێک نزیکتر بوونەوەی لایەنەکان چڕتر بکاتەوە و بە زووترین کات بەرەیەکی بەرفراوانی کوردستانی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕابگەیێنێت. هەروا کە لە کۆنگرەی ١٥ی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیشدا پەسند کراوە، کار بکەن بۆ یەکخستنی هێزەکانیان لە بوارەکانی دیپلۆماسی، ڕێكخستن لە ناوخۆی وڵات، ڕاگەیاندن، هێزی پێشمەرگە و... و تەنیا بەم شێوەیەیە کە دەتوانن لە بەردەم خەڵک و میلەتەکەی خۆمان ڕوو سوور بین و بیسەلمێنین کە خوێنی ئەو هەزاران شەهیدەی کە لە پێناو ئامانجە بەرز و پێشکەوتنخوازەکانی بزووتنەوەی گەلەکەیان سەریان ناوە، فیداکاریی ئەو هەزاران تێکۆشەرەی بەشێک لە جەستەیان بۆ ئەو بزووتنەوەیە بەخت کردووە و قوربانی دان، جەزرەبە، سەرکوت و زیندان و سێدارە و کۆڵنەدانی میلیۆنان خەڵکی کوردستان بە فیڕۆ نەچووە و لە بەربەیانی ئازادی و شادبوونەوەمان بە مافە ڕەواکانمان یادی هەموویان بەرز ڕابگرین.



PM:08:49:03/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 538 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌