كوشتاری كۆڵبەرانی سەر سنوور و داهاتوویان

ڕاپۆڕتێک لەسەر دۆخی كۆڵبەران
ئارام محەممەدی

كۆڵبەری یەكێك لە مەترسیدارترینی ئیشەكانی ژیانی شارۆمەندانی ڕۆژهەڵاتە. پرسی ژیانی كۆڵبەر بەپانتایی هەژاری و فەقیرییەكەیانەوە هەموو ڕۆژهەڵاتی گرتووتەوە و پرسیاری كەمتەرخەمیی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی بەرانبەر ژیان و مەعیشەتی شارۆمەندانی ڕۆژهەڵات هەمووكات لەئارادا بووه. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا چارەسەر نەكراوە و هەزاران كۆڵبەری كورد بەناچار لەبەر نەبوونی كار ڕوو دەكەنە ئەم كارە و ساڵانە دەیان و سەدان كەسیان بە هۆی (تەقینەوەی مینە پووچەڵنەكراو و هەروەها مینە داڕیژەراوەكانی ئیستا و داهاتووی كۆماری ئیسلامی لەسەر سنوور و سەهۆڵ و سەرما، كەوتنەخوارەوە لە شاخو بەرزاییەكاندا، گرینگتر لە هەموو ئەم خاڵانەی كە باسكرا، بە بیانووی تۆمەتی قاچاخەوە و بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامی و ئەمنیەتیكانی ڕژیمەوە دەكوژرێن و بریندار دەبن. كوژران و برینداربوونی كۆڵبەران، لەلایەن كۆماری ئیسلامیەوە جێگەلە گوشارێكی فراوان لەسەر بنەماڵەی كۆڵبەران، زیان و لێكەوتەی ڕۆحی و ڕەوانی دادەنێت كە قەرەبوو ناكرێتەوە. هەر بەم بۆنەوە ئاماریكی كورتمان لە كوژران و برینداربوونی كۆڵبەران لە یەك مانگی ڕابردوودا ئامادە كردووە كە لە خوارەوەدا دەیبینن:
١-لە سەرەتای ساڵی: ٢٠١٧ میلادیەوە تا ئیستا مامناوەندی هەر مانگ، سێ كۆڵبەر لە سنوورەكانی سەردەشت دەبن بە قوربانی. ئەمە بەمانای ئەوەیە لە ١٧ مانگی ڕابردوودا، لە سنوورەكانی سەردەشت ٥٦ كۆڵبەر بووبن بە قوربانی و ١٦ كەس كوژران و ٤٠ كۆڵبەر بریندار بوون. ١١ كەس بەتەقەی ڕاستەوخۆ و ١٨ كۆڵبەریش بەتەقەی هێزەكانی ڕژیم بریوندار بوون.
٢-لەمانگی "مەی ٢٠١٨-گۆڵانی ١٣٩٧ هه تاوی: ٥ كۆڵبەر لە سنوورەكانی ڕۆژهه ڵات كوژراون و ١٤ كۆڵبەری دیكە بریندار بوون، كە لە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ڕابڕدوودا ١٣٧ لە سەد بەرز بووتەوە.
٣-لەسەرەتای ساڵی: ٢٠١٨ زایینیەوە سێ كۆڵبەر كوژران و ١١ كەسی دیكەش لە سنوورەكانی ڕۆژهەڵاتدا بریندار بوون.
٤-ڕێكەوتی: ١٠ جۆزەردانی ١٣٩٧ هەتاوی "لەبەردە ڕووخاو" كۆڵبەرێك لە "لاقەوە  بەتەقەی ڕاستەخۆی هێزەكانی ڕەژیمی كۆماری ئیسلامیەوە بریندار بووە.
٥-ڕێكەوتی: ١٦ جۆزەردانی ١٣٩٧ هەتاوی "دوو كۆڵبەر لە سنوورەكانی شنۆ بەتەقەی هێزە كانی سەر سنوور، بە توندی بریندار بوون.
٦-ڕێكەوتی: ١٦ جۆزەردانی ١٣٩٧ هه تاوی "لە سنوورەكانی كێلەشین، یەك كۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی كوژراون و دوو كۆڵبەری دیكە بریندار بوون.
٧-ڕێكەوتی: ١٧ جۆزەردانی ١٣٩٧هەتاوی، لەڵایەن بنكەی سەربازیی "كەپران"وە، كۆڵبەریك بەتووندی بریندار بوو.
٨-ڕێكەوتی: ١٧ جۆزەردانی ١٣٩٧ هەتاوی، لە سنوورەكانی پیرانشار "سپی ڕێز" سێ كۆڵبەر دەسبەسەر و  هەروەها كەلو پەلەكانیان لەلایەن هێزەكانی ڕژیمەوە دەستی بەسەردا گیرا.
٩-ڕێكەوتی: ١٧ جۆزەردانی ١٣٩٧ هەتاوی، لەلایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە چوار كۆڵبەر، لە سنوورەكانی شنۆ دەسبەسەركران و كەلوپەلەكانیانیش ڕاگیرا. هەروەها یەكێك لەو كۆڵبەرانە بەتووندی بریندار بوو. 
١٠-ڕێكەوتی: ١٨ جۆزەردانی ١٣٩٧ هەتاوی، كۆڵبەریك لە بەرزایەكانی شاری پاوە، سەر بە پاریزگای كرماشان كەوتە خوارەوە و گیانی لە دەس دا.
١١-ڕێكەوتی: ٢٣ جۆزەردانی ١٣٩٧ هەتاوی، لە سنوورەكانی بانە "چۆمان" كۆڵبەرێكی كورد بەتەقەی ڕاستەوخۆی هیزەكانی ڕژیمەوە كوژرا. هەروەها لەسەرەتای "بەهار"ی ١٣٩٧ هەتاویدا كۆڵبەرێكی كورد كوژرا و سێ كۆڵبەری دیكەش بە تەقەی نیزامیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە بریندار بوون.
١٢-ڕێكەوتی: ٢٥ جۆزەردانی ١٣٩٧ هەتاوی، كۆڵبەرێكی كورد لە سنوورەكانی چاڵدۆران بە تەقەی هیزەكانی سەر سنوور بەتووندی بریندار بوو.
١٣-ڕیكەوتی: ٢٥ جۆزەردانی ١٣٩٧ هەتاوی، هێزەكانی ڕژیمی ئیسلامی لە سنوورەكانی سەردەشت، كۆڵبەرێكی كوردیان بەتووندی بریندار كرد.
١٤-ڕێكەوتی: ٢٩ جۆزەردانی ١٣٩٧ هه تاوی، پیرەمێردێكی كۆڵبەری مەهابادی، بەنێوی عەزیز ڕەسۆڵپور، لە سنوورەكانی ئەم شارە بەهۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لەدەسدا. شایانی باسە، هەر بەم بۆنەوە هێزەكانی سەر سنوور لە ناوچەی كێلەشینی سەردەشت، تە قەیان لە چەن كاسبكار كرد و كۆڵبەرێكی كورد بە نێوی فەرهاد ناسی، بەتووندی بریندار بوو.
١٥-ڕێكەوتی: ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٧ هەتاوی، كۆڵبەرێكی كوردی مەریوانی لە سنووری تەتەی هەورامان بەهۆی كەوتنی بارەكەیەوە جەستەی بەتووندی بریندار بوو.
بەهۆی ئامارە تۆماركراوەكان تەنیا لەساڵی ١٣٩٦ هەتاویدا ٤٦ كۆڵبەر و هەروەها بریندار بوونی ٥٨ كۆڵبەر لە لایەن هێزەكانی سەر سنوورەوە تۆمار كراوەن كە زۆربەی ئەم كارەساتە ئینسانیە لە ناوچە كوردنشینەكاندا ڕووی داوە. ئەمە لە حاڵێكدایە كە بە هۆی مادەی سێی یاسیای بەكارهێنانی چەك لە لایەن هێزە نیزامیەكانەوە لە كاتێكدا دەتوانن چەك بەكار بهێنن كە گیانیان لە مەترسیی جددیدا بێت. بەڵام هێزەكانی كۆماری ئیسلامی كۆڵبەر و كاسبكارەكانی سەرسنوور بە قاچاخچی دەزانن و ساڵانە دەیان و سەدان كۆڵبەر و كاسبكاری كورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە دەكوژرێن و بریندار دەبن. لەلایەكی دیكەشەوە، زیاتر لە ١٣ ملوێن لە شارۆمەندانی شارەكانی سەرسنوور بەهۆی ئامانجە سیاسی و ئەمنیەتەكانی ڕژیمی ئیسلامیەوە وابەستەی كۆڵبەرین لەسەر سنوور و داخستنی ئەم سنوورانە بە مانای بێكاری و بڕینی داهاتی هەزاران شارۆمەندی سەرسنوورەكانە و هەر بەم بیانوەشەوە خەڵك و كاسپكارانی سەر سنوور سەركوت دەكەن و دیانكوژن.


AM:12:05:11/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 289 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌