ئایدیۆلۆژیای شاراوە لە سینەمادا

جەمشید بەهرامی

ئەگەر سینەما لە خزمەتی مندا بوایە، هەموو دونیام داگیر دەکرد! (ستالین)

ئایا بینەر هەست بە ئایدیۆلۆژیای شاراوەی پشت دیمەنەکانی فیلم دەکات؟ ئەگەر فیلمساز چەند دەقە لە دیوارێکی سپی دیمەن هەڵبگرێتەوە و لە ڕەوتی چیرۆکی فیلمەکەیدا کاراکتەری سەرەکیی لە ڕێگای مۆبایل یان تەلەفیزیۆنەکەی ماڵەوەی چاو لە دیمەنی دیوارە سپییە بکات چ واتایەکی تایبەت بۆ بینەر دەخولقێنێ؟ ئایا فیلمگەلێکمان پێ شک دێت بەبێ ئەوەی ئایدیۆلۆژیایەک لە پشت دیمەنە بەرهەمهێنراوەکانەوە بێت، هاتبێتنە بەرهەم؟ ئایا خولقاندنی واتا لە ڕێگای دیمەنەوە کە کارکردی سەرەکیی سینەمایە، ناچێتە ژێر بازنەی بانگەشە یان دژایەتیی ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت؟

ئەمانە و پرسیالگەلێکی لەو چەشنە لە بازنەی تەوەری ئایدیۆلۆژیا و سینەمادا بەرجەستە دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەم تەوەرە هەڵگری باسێکی دوور و درێژە بەڵام هەوڵدەدرێت بە گشتی لەم بارەوە بەرچاوڕوونییەک بدرێت بە خوێنەر. بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە دەکرێ لەم بازنەیەدا گەڵاڵە بکرێن، وێڕای شیکردنەوەی ئایدیۆلۆژیا، ئاوڕێک لە ڕەوتی سەرهەڵدانی سینەما و کاریگەرییەکانی ئایدیۆلۆژیاکان لەسەر سینەما دەدەینەوە. ئایدیۆلۆژیا بریتییە لە کۆمەڵەیەک لە ئەندیشەکان و بیر و بڕوا نەگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک سیستمە ئایینی، فەلسەفی و فیکرییەکانی تاک، یان گرووپێکی مرۆیی یان کۆمەڵگایەکی تایبەت؛ ئایدیۆلۆژیا لە دیاریکردنی کردەی سیاسی یان کۆمەڵایەتی بڕواداران لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا کاریگەریی هەیە. دیارە ئایدیۆلۆژیا پرسێکی گەلێک گرینگە و بەردەوام باس کراوە لەسەر پێناسە و مێژووی مەفهوومی و مانا جیاوازەکانی لە مارکسەوە تا پیتێر سلۆتێردایک و سلاڤۆی ژیژێک و هەروەها بیروڕا و بۆچوون و پۆلێنبەندیگەلێکی جیاواز لەسەر چەمک و پێناسەی ئایدۆلۆژیا لە ئارادایە، بەڵام ئەگەر بۆ ڕوونکردنەوەی باسەکەمان و گۆشەنیگای کارکردیی بۆ لێکدانەوە و کارکردەکانی لە سینەمادا لە ڕوانگەیەکی مارکسیتییەوە ئاوڕ لە ئایدیۆلۆژیا بدەینەوە بۆ تێگەیشتن لە باسەکە یارمەتیدەرمان دەبێت.ئایدیۆلۆژیا بەگشتی بە مانای ووشیاریی پێچەوانەیە واتە تێگەیشتن و خاڵی دەسپێکی ناسینمان لە کۆمەڵگا، مێژوو و کولتوور. بە واتایەکی دیکە، ئەو بارودۆخە ڕۆنراوەیە کە ئیستا لە کۆمەڵگا و ئاستە جۆراوجۆرەکاندا بوونی هەیە و لە ڕێگەی دەسەڵات و دام و دەزگا جۆراوجۆرەکانەوە بەسەر کۆمەڵگا و کەشی کشتیدا زاڵ دەبێت و ئەو وێنا، ناسین و تێگەیشتنە باوە دەخولقێنێت کە وەک واقعی کۆمەڵایەتی، سیاسیی یان کۆمەڵایەتی دەیناسین. لێرەوە، تاکەکانی کۆمەڵگا بەپێی ئەو ئایدیا و ئەندێشە چەوت، ناڕاست و پێچەوانەوە دەجووڵێنەوە لە کاتێکدا کە خۆیان نازانن ئەم ووشیارییە لە چەندین ڕیگەی جۆراوجۆرە ساز بووە و دەیان دامەزاروە، میدیا و دەزگای ئاڵۆز بوونیان هەیە لە درووستکردن و هەروەها لە سەرخستنی ئایدیای باڵادەست و شكڵدانی ئەم ووشیارییە درۆیینە لە ئاستی گشتیی کۆمەڵگادا. سەرچاوەی ووشیاریی درۆیین دەگەڕێتەوە بۆ ناسینی بێ‌نێوەنجی و نێوگری کۆمەڵگا و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆی ناسین و مەعریفەمان بۆ کۆمەڵگا و ئەو جیهانە هەبووەدا. لێکەوتەی ئەم ڕووبەڕوو بوونەوە ڕاستەوخۆییە شکڵگرتنی جۆرێک ووشیاریی پێچەوانە و چەوتە لە کۆمەڵگا و هەروەها ئەو پێوەندییە باڵادەستەی کە بەدواهات و لێکەوتەی ئایدیای باڵادەستە.

سینەما لە ئاراستەکردنی بیری گشتیی کۆمەڵگا بە مەبەستێکی دیاریکراو، ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت و لەم ڕێڕەوەدا سەرمایەداری ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، چونکوو بەبێ هیچ زەختێکی سەربازی جڵەوی ئاراستەی بیروڕای تاکەکانی کۆمەڵگا بەدەستەوە دەگرێت، بەبێ ئەوەی تاکە ئاساییەکانی کۆمەڵگا خۆیان ئاگادار بن. هەڵبەت بە لە بەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکان دەتوانین بڵێین ئەم ڕوانگەیە هەموو دەسەڵاتێک دەگرێتەوە؛ مادام دەسەڵاتێک هەبێت ئەو دەسەڵاتە ناچارە لە سینەما کەڵک وەرگرێت و ئاراستەکردنی ووشیاریی مرۆییش تاقە کارکردی سینەمایە لە ڕوانگەی ئەو دەسەڵاتەوە. سینەما واتا خولقێنە، واتە دیمەنی بەرهەمهاتوو لە ڕێگای کامێرا و بەکەڵکوەرگرتن لە مۆنتاژ و تەکنیکە تایبەتەکانی مۆنتاژ، کۆمەڵێک واتا دەخولقێنێت کە هەندێ جار مەبەستی سەرەکیی فیلمساز بووە و هەندێ جاریش واتای بەرهەمهاتوو بەرهەمی لێکدانەوەی بینەرە لە بارودۆخێکی تایبەتدا. دووپاتبوونەوەی خولقاندنی واتاکان لە ڕێگای دیمەنەوە کاریگەریەکی بێ‌وێنە لەسەر بینەر دادەنێت و بینەر خۆی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای شاراوەی پشت کامێرادا هاوتەریب دەکات، هەر بۆیە دەسەڵات بە هانا بردن بۆ سانسۆر، ئەوەی کە لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای فەرمیی دەسەڵاتدا یەک ناگرێتەوە، دەبێ بیسڕێتەوە، بۆ ئەوەی نەکات بیرۆکەی دەرەکی و ناحکوومی کاریگەری لەسەر بیری گشتی کۆمەڵگا دابنێت.

دیمەنە بەرهەمهاتووەکان لە شوێن و کاتە جیاوازەکاندا واتای جیاواز دەخولقێنن، بەڵام ئەوەی کە جێگای باسی ئێمەیە واتای بەرهەمهاتووە بە پشتبەستن بە سینەمای فەرمیی وڵاتێکی تایبەت. بە درێژایی تەمەنی سینەما لە وڵاتە تۆتالیتەر و دیکتاتۆرەکاندا واتای بەرهەمهاتوو لە ڕێگای سینەماوە خزمەتی دەسەڵاتدا بووە و جگە لەو واتایە کە بەرهەمی ئایدیۆلۆژیای زاڵیشە، هەر چەشنە واتایەکی دیکە یان پەراوێز خراوە یان دژایەتی کراوە.

لە قامووسی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تۆتالیتەرەکاندا، سینەمای بێ ئایدیۆلۆژیای لە هیچ کوێدا بوونی نییە، واتە سینەما خودی ئایدیۆلۆژیایە و هیچی تر، لە هەر کوێدا سینەمایەک هەبێت ئایدیۆلۆژیایەکیش هەیە، لە هەرکوێدا ئایدیۆلۆژیایەکیش هەبێت بەرهەمی سینەمایی گەوجاندنی بینەری بەدواوە دەبێت، ئەمە ڕێک بە پێچەوانەی ئەرکی هونەری ڕەسەنە بۆیە لە لایەن فیلمسازە سەربەخۆکانەوە هەمیشە بە جۆرێک دژایەتی لەگەڵ سینەمای زاڵ یان ئایدیۆلۆژیای فەرمی و شاراوە لە بەرهەمی سینەماییدا دەکرێت.ئایدیۆلۆژیا بۆ بڵاوەدان و خستنە ژێر ڕکێفی کۆمەڵگا و هاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ بیرکردنەوە لەسەر هێڵێکی دیاریکراودا پێویستی بە سینەمایە و سینەما باشترین چەکە بۆ بەرنگاریی نەیارەکان و ئەوانەی کە لە بازنەی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدا نین.

سینەما لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا

شۆڕشی بۆلشێڤیکی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لە سەر تەواوی هونەرکانی پێش خۆی و دوای خۆی دانا. دوای ڕووخانی ڕۆسیای تێزاری بە دەستی بۆلشێڤیکەکان بە ڕێبەرایەتیی لنین، دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت کۆنتڕۆڵی پیشەی فیلمسازیی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. لە نیوەی دووهەمی 1920دا بە هۆی ئەوەی کە فیلمە بیانییەکان لەگەڵ لۆژیک و بنەما کۆمۆنیستییەکاندا نەدەهاتنەوە ڕێژەی پیشاندانی فیلمە بیانییەکان زۆر کەم بووەوە. بەرجەستە بوونی لایەنی پڕوپاگاندای سینەمای یەکێتیی سۆڤیەت بووە هۆی لاوازیی بەشی فیلمسازی دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت. دوای شۆڕشی بوۆلشێڤیکی زۆرێک لە هونەرمەندان وڵاتیان بەجێهێشت و زۆرێکیشیان ئیعدام کران. لەو سەردەمەدا دەسەڵات بڕیاریدا سینەما نەتەوەیی بکاتەوە و لە هاوردەکردنی فیلمە بیانییەکان کەم بکاتەوە و لە بەرامبەردا گرنگایەتی بە ڕێژەی بەرهەمهێنانی فیلم لە ناوخۆی وڵاتدا بدات، بەڵام جگە لە چەند بەرهەمێک، بەرهەمەکانی دیکە یان لە ڕوانگەی ناوەڕۆکەوە تووشی شکست بوون یان لە ڕوانگەی بەجێهێنانی ئەرکی پڕوپاگاندایی خۆیاندا بەرەوڕووی کێشە بوونەوە، واتە کێشەی سەرەکییان کەم و کووڕیی تەکنیکی بوو. ساڵەکانی دوای شۆڕش، کۆمەڵگای یەکێتیی سۆڤیەت بینەری ئەزموونە بەربڵاو و گونجاوەکانی هونەرمەندان لە هەمو لقە هونەرییەکاندا بوو. هونەرمەندان لە هەوڵی ئەوەدابوون، بە شێوەیەکی گونجاو ئاوڕ لەو ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان بدەنەوە و داهێنەرانە چاو لەو ڕەوتانە بکەن. ئاکامی ئەم ئەزموونانە هاتنەئارای ڕەوتێک لە هونەرە دیدارییەکاندا بوو لە ژێر نێوی پێکهاتەخوازی.

ستالین پێی وابوو دەبێت سینەماکاران لە ڕێگای بەرهەمەکانیانەوە پەیامی سۆسیالیزم بە ئاشکرا بگوازنەوە بۆ بینەر، بە شێوەیەک کە کرێکاران و چینی خوارەوەی کۆمەڵگا بە سانایی لێی تێبگەن و پەیامەکە وەربگرن. مەبەستی ستالین ئەرکی سینەماکارە حکوومییەکان بوو. سینەماکارە حکوومییەکان دەبوایە ناوەڕۆکی پلان بۆ داڕێژراوی حکوومی بەرجەستە بکەنەوە و ئەوەندە گرنگایەتی بە فۆرم نەدەن، بەڵام فۆڕماڵیستەکان زۆرترین گرنگایەتییان بە فۆرم دەدا تاکوو ناوەرۆکی پشتبەستوو بە ئایدیۆلۆژیا؛ تاوانی فۆڕماڵیست بوون بۆ فیلمسازان لە یەکێتیی سۆڤیەتدا یەکێک لە تاوانەکان بوو کە دەخرایە پاڵ ئەو فیلمسازە سەربەخۆیانەی کە بەرهەمەکانیان لە ئاراستەی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدا نەبوو، فیلمساز لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا یان ناچار دەبوو وڵات بەجێبهێڵێت یان دەستبەسەر و بێ ‌سەر و شوێن دەکرا، یان ناچار دەکرا ڕێگای سێهەم و توانەوە لە نێو ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدا هەڵبژێرێت.

میخاییل کالاتۆزۆڤ سینەماکاری سەردەمی زێڕینی یەکێتیی سۆڤیەت لە سەردەمی ئایزنشتایندا، لە لایەن دەسەڵاتەوە ناچارکرا بۆ هاوتەریب کردنی ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیکی خۆی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدا حەوت فیلمی پڕوپاگاندایی بە ناوەرۆکی نیشتمانپەروەرانەوە بەرهەم بهێنێت.

گرنگترین خاڵ لە بەرهەمهێناندا بۆ سینەماکارە سەربەخۆکان ڕەسەنایەتی سینەماییە بەبێ ئەوەی ئایدیۆلۆژیا خۆی بە سەر بەرهەمی سینەماییدا بسەپێنێت، فیلمسازە سەربەخۆکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیادا، ڕێکارگەلێکی تایبەت لەبەرچاو دەگرن و هەندێجاریش لە ئاکامدا شەپۆل یان بزووتنەوەیەکی سینەماییش بەدوای خۆیدا دەهێنن. پۆدۆڤکین، ژیگاوێرتۆڤ و ئایزنشتاین لە گرنگترین بیرمەندان و سینەماکارانی ئەو سەردەمە بوون کە بە کەڵکوەرگرتن لە لێزانیی خۆیان و ئاوێتەکردنی لەگەڵ بونیادگەریدا، بزووتنەوەیەکیان ڕێکخست لە ژێر نێوی "مۆنتاژی یەکێتیی سۆڤیەت".

سەرەڕای هەموو بەربەستەکان لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا بۆ سینەماکارانی ناحکوومی و حکوومی کردنی سینەما وەک ئامرازێک بۆ پڕۆپاگاندای ئایدیۆلۆژیک، ناکرێت دەستکەوتە زێڕینەکانی فیلمسازانێک وەک ئایزنشتاین لە بیر بکەین.

سینەمای کۆماری ئیسلامیی ئێران

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە سینەماکانی داخست، خومەینی لە ساڵە سەرەتاییەکاندا سەبارەت بە سینەمای پێش شۆڕشی گەلانی ئێران دەڵێت "سینەمای ئێمە ناوەندی فەحشایە... سینەما دەبێت لە خزمەتی پەروەردە کردنی خەڵکدا بێت...". خومەینی لەگەڵ ئایدیۆلۆگەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامیدا بە پێشمەرجی ئایدیۆلۆژیای شاراوەی پشت دیمەنی سینەماییەوە دانیان بە سینەمادا نا. کۆماری ئیسلامیش هەمان ڕێکاری ستالین بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سینەمای بیانی بە باش دەزانی و بەری بە هاوردەکردنی فیلم لە ئۆرووپا و ئەمریکاوە گرت و بایەخی بە سینەمایەکی بایەخداری ئیسلامی-ئێرانی دا. بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە فیلمە سەرەتاییە بەرهەمهاتووەکان لە چوارچێوەی سینەمای حکوومیی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرتر لایەنی ئایدیۆلۆژیای شاراوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. بۆ وێنە: ئەندامی ڕێکخراوێکی چەپ، لەلایەن ساواکەوە دەستبەسەر دەکرێت و ئەوەی کە لە گرتووخانەدا بەرەوڕووی دەبێتەوە وەبیرهێنەرەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی خۆیەتی لە دەرەوەی گرتووخانەدا، واتە پێوەندیی خۆی لەگەڵ ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیەدا کە تیایدا ئەندامە، هەروەها پێوەندیی خۆی لەگەڵ ژن و مێردێکی موسوڵماندا؛ هێدی هێدی بیروباوەڕی دەگۆڕدرێت و بە گومانەوە دەڕوانێتە ئایدیۆلۆژیای پێشتری خۆی، لە کۆتاییدا دەسەڵاتی پاشایەتی سەرەڕای ئاڵووگۆڕ بە سەر بیروڕایدا ئیعدامی دەکات، دوای ئیعدام کرانی، ئەندامانی ڕێکخراوە چەپەکە هەوڵدەدەن لە ئاراستەی بەرژەوەندیی سیاسی خۆیاندا قارەمانێک لە هاوڕێ ئیعدام کراوەکەیان درووست بکەن.

ئەمە کورتەیەکە لە چیرۆکی فیلمی بایکۆت، بەرهەمی موحسین مەخمەڵباف، کە لە بەرهەمهێنانی ناوەندی پڕوپاگاندای کۆماری ئیسلامییە (حوزه هنری سازمان تبلیغات اسلامی). مەخمەڵباف وەک یەکێک لە فیلمسازە بەڵێندەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر لە سەرەتای کرانەوەی سینەماکان لە ساڵە سەرەتاییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، بەبێ ئەوەی هیچ چەشنە زانیاری و لێزانییەکی تایبەتی لە بواری سینەمادا هەبێت وەک فیلمساز سەریهەڵێنا. ئەگەرچی دواتر مەخمەڵباف لە زۆر شت پاشگەز بوویەوە و گۆڕان بە سەر ڕەوت و باکگراوەندی فیلمەکانیدا هات، بەڵام لە ساڵەکانی دەیەی 60ی هەتاویدا، وەک یەکێک لە سیما سەرەکییە سینەماییەکانی کۆماری ئیسلامی دەناسرا کە لە چوارچێوەی سینەمای بایەخداری کۆماری ئیسلامیدا بەرهەمی سینەمایی بەرهەم دەهێنا.

مەخمەڵباف لە چەندفیلمی سەرەتاییدا بۆ وێنە "تەوبەی نەسوح" و " بایکۆت" ڕاستەوخۆ ڕۆڵی ڕاوێژکاری "تەواب سازی" زیندانەکانی لە ئەستۆ بوو و فیلمەکانی بە تایبەتی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بۆ زیندانییە سیاسییەکان بە تایبەت زیندانییە چەپەکان بڵاو دەکرایەوە و ڕاستەوخۆ لە ڕەوتی "تەواب سازی"دا ڕۆڵێکی سەرەکیی دەگێڕا، مەخمەڵباف لە فیلمی "بایکۆت"دا بەبێ ئەوەی باس لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی بکات، زۆر وردبینانە لە پشتی چاویلکەی ئایدیۆلۆژیای کۆماری ئیسلامییەوە هێرش دەکاتە سەر چەپەکان و کاریگەریی ژن و مێردێکی موسوڵمان بەرجەستە دەکاتەوە، و ڕەوایی دەبەخشێتە بەرەوڕوو بوونەوەی سیستمی دادوەری کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر زیندانییە سیاسییەکاندا و ناڕاستەوخۆ بە بەردەنگ دەقەبووڵێنیت سیستمی دادوەریی پاشایەتی سەرەڕای گۆڕان لە بیروبڕوای زیندانییە سیاسییەکاندا، سزای ئێعدامی بە سەریاندا دەسەپاند و تەنانەت سزاکەیشی جێبەجێ دەکرد، بەڵام لە سیستمی دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا گۆڕان و پاشگەزبوونەوەی زیندانییە سیاسییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پێشوازی لێدەکرێت، هاوکاتیش هێرش دەکاتە سەر بیروبڕوای چەپەکان و لەرزۆک بوونی بیروبڕواکانیان...

بەرهەمهێنانی ڕەوتی سینەمای حکوومی ئەوەندە درێژەی نەکێشا کە ڕەوتێکی دیکە لە ژێر نێوی سینەمای ناحکوومیدا سەریهەڵدا؛ سینەمای ناحکوومی ئەوەندە خۆی لە قەرەی بابەتە دیاریکراوەکان و ئایدیۆلۆژیای حکوومی نەدەدا و سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، هەموو دەستکەوتەکان و ناوبانگەکانی سینەمای ئێران منەتباری ئەو سینەما ناحکوومییەیە.


PM:02:16:10/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 201 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌