کوردی ڕۆژهەڵات و پێویستیی دیپلۆماسی یەکگرتوو

ئەردەڵان فەرەجی

 

لە گەرمەی یارییەکانی مۆندیالی جیهانی خۆپیشاندانی ئیعترازی بازاڕییانی تاران کە بەشێکی گرنگن لە ئابووریی ئێران ئەم ڕاستییەی دەرخستەوە کە بزووتنەوە جەماوەرییەکەی ٧ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٨٠، ٩٠ شار و ناوچەی جیاجیای ئێران هەڵەسوونی هێناوەتەوە و تا دێت چین و توێژی گرنگ و چارەنووس سازی خەڵکی ئێرانی لە خۆ دەگرێت. هەمووان دەزانن کە بازاڕ و بازاڕییان بە نەریتی ٤٠ ساڵەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی و لە دێرزەمانیشەوە بنگەی ڕووحانییەت بوون لە ئێران دا. مەلای کارنەکەر و دەست و پێ سپیلکە لە لایەن بازاڕەوە پشتیوانی کراون و پاش هاتنە سەر کۆماری ئیسلامی بنگەی سەرەکیی ڕژیم و یەکێک لە ناوەندە ئابوورییە گرنگەکانی ڕژیمی تاران بوون. پێشووتریش بینیمان (٧ی بەفرانبار) کە چینی هەژار و زەحمەتکێشی ئێران کە کۆماری ئیسلامی بە "موستەزعەف" ناوی دەبردن لێی هەڵگەڕانەوە و ئەو بزووتنەوە ئیعترازییە بەرفراوانە جەماوەرییەیان خولقاند و ئەم ڕۆژانەش توێژی بازاڕییانی تاران بەو بزووتنەوەیە پەیوەست بوون. مانگرتنی زیاتر لە یەک هەفتەیی لۆرییە بارهەڵگرەکان و سەرکەوتنی ڕێژەییان لە بەرامبەر کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا دەریخست ئەو ڕژیمە لە چ دۆخێکی لاواز و ناسک دایە.

ئاشکرا کردنی ڕێژەی پارە نوستووەکانی بەرپرسان و منداڵان و خاوخێزانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکا _١٤٨ میلیارد و ٢٦٧ میلیۆن دۆلار بە بێ مڵک و زەوی_ کە نیشانەیەکی بەهێزە لە گەندەڵی و تاڵان و بڕی ئاشکرای بەرپرسانی ڕژیم، دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکاییدا بۆ نزیک ١٠٠٠٠ تمەن لە بەرامبەر ١ دۆلاردا و بەربەستەکانی ئەمریکا بۆ فرۆشی نەوتی ئێران _هەڕەشەی دۆناڵد ترامپ لە ژاپۆن بۆ نەکڕینی تاقە یەک "دڵۆپ" لە نەوتی ئێران و هاندانی باقی وڵاتانی ئۆپێک بۆ بردنە سەرەوەی ڕێژەی هەڵێنجانی نەوت بۆ قەرەبوو کردنەوەی بڕە نەوتی پشکی ئێران لە بازاڕی جیهانیی نەوت_ بڕبڕەی پشتی ئابووریی کۆماری ئیسلامی کردۆتە ئامانج و ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ سیاسەتی گۆڕینی ڕفتاری ڕژیمی ئێران یان بە واتایەکی تر "گۆڕینی ڕژیمی ئێران".

دیارە ئەمریکا بە هۆی مەعزووراتی نێونەتەوەیی ناتوانێ بە فەرمی باس لە گۆڕینی ڕژیمی ئێران بکات و بەرپرسایەتی ئەو گوتارە لە سەر ئەمریکا دەکەوێت، بەڵام لە توێی دوو وتار بێژی پەمپێئۆ و بەتایبەتی ئەو ١٢ خاڵ و مەرجەی ئەمریکا بۆ بەردەوامی بەرجام و واژۆکردنی ڕێكەوتننامەیەکی ناوکی نوێ لەگەڵ ئێران ئەم خواستەی ئەمریکا (گۆڕینی ڕژیم) ئاشکرا دەبێت. هەڵبەت بیریشمان نەچێت کە ئەمریکا بە جێ بە جێ بوونی ئەو ١٢ مەرجە ڕازییە ئەگەر لە لایەن ئێرانەوە جێ بە جێ بکرێن و هەر بۆیەشە دەنگێک لە ئێرانەوە دەبیسرێت کە دەبێت لەگەڵ ئەمریکا سازش بکات. ئایا کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی ڕازی بە جێ بە جێ کردنی ئەو ١٢ خاڵە دەبن یان نا؟! پرسیارێکی چارەنووس سازە، بەڵام بە هەر دوو حاڵەتی دا کە چ جێ بە جێیان بکات و چ نا گۆڕانی گەورە بە دوای خۆیدا دێنێت. ئەگەر بەو مەرجانە ڕازی بێت ئەوا ئێران دەبێتە ئەو "شێرە بێ یاڵ و کلکە"ی کە فارسەکانی بۆ خۆیان لایان مەسەلە و ئەرگەریش نا ئەو گۆڕان بە شێوازێکی تر چاوەڕوان دەکرێت.

بەهەموو ئەو ئاماژانەوە لە ماوەی مانگەکانی داهاتوودا ئێمە شاهیدی گۆڕانی گەورە دەبین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئێران. مانگی ڕابردوو سەرکردایەتیی حیزب و لایەن سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گەشتێکی دیپلۆماسییانە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست پێکرد. بەڕێزان هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و کاک مستەفای هیجری، بەرپرسی گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وەک سەرۆکی دوو حیزبی سەرەکیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هاوپەیمان لە هەندێک لەو کۆنفرانس و سمینارانە یاوەری یەکتر بوون.

هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی لە کۆنفرانسێک لە زانستگای جۆرج واشینگتۆن و ناوەندی لێکۆڵینەوەی "لەندەن" و ناوەندی لێکۆڵینەوە لە "ڕۆژهەڵاتی نزیک" و چەند ناوەندێکی تر وتاربێژی کرد.  بە ئینسافەوە هاوڕێ عەبدوڵڵا نەک وەک نوێنەری تەنیا حیزبەکەی خۆی بەڵکوو وەک وتەبێژ و نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستانی ئێران و بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی لە کۆنفرانسەکەی زانستگای جۆرج واشینگتۆن دوا و ئەلحەق سەری هەمووانی بەرز کرد. کاک عەبدوڵڵا لەو وتاربێژییەدا کورتەیەکی لە مێژووی خەباتی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی، تایبەتمەندییە پێشکەوتنخوازانەکانی بزووتنەوەکەی و خواست و داواکارییەکانی ئەو بزووتنەوەیەی باس کرد و لەگەڵ پێشوازیی گەرمی بەشی هەرە زۆری بەشدار بووانی ئەو دانیشتنە بەرەوڕوو بوو. هەڵبەت بوون کەسی وا کە بە ناوەرۆک هەر ئەو داواکارییانەی هاوڕێ عەبدوڵڵایان هێنایە سەر زار، بەڵام نەک نەیانتوانی سۆز و پشتیوانییەک بۆ بیرۆکە و سیاسەتەکانیان دەستەبەر بکەن، بەڵکوو بوونە مایەی گاڵتەجاڕی و لێرەدا بوو کە شارەزایی و زمانی دیپلۆماسی دەریخست کە دەتوانێ چ ڕۆڵێکی گرنگ لە چارەنووسی بزووتنەوەکەماندا بگێڕێت.

بێ گومان دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بەشێکی گرنگی بوارەکانی خەباتی کوردی ڕۆژهەڵات بووە و لە داهاتووشدا دەوری کاریگەرتری دەبێت و سیاسەت و هەڵوێست و گوتاری هاوبەش لە نێوان هێز و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی بزووتنەوەی کوردستان لەو بووارەدا وەک پێویستییەکی چارەنووس ساز دەردەکەوێت. هەڵبەت سەرکردایەتیی بزووتنەوەی کوردستان دەبێت لە هەموو ڕەهەندەکانی خەبات و پوتانسیێلەکانی بزووتنەوەکەی بە دروستی و لە کات و شوێنی خۆیدا کەڵک وەربگرێت. هەر لە خەباتی ڕێکخستن و کار و چالاکی لە ناوخۆی وڵات، خەباتی مەدەنی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، خەباتی پێشمەرگانە، خەباتی میدیایی و گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی کوردی ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەکەی و...

مێژووی خەباتی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات پڕن لەو ئەزموون و کەڵک وەرگرتنانە لە هەموو پوتانسیێل تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەکەی. کێشەی کورد لە کوردستانی ئێران کێشەیەکی سیاسی و یاساییە و بێگومان دوا چارەسەریش بۆ ئەو کێشەیە هەر لەم ڕێگەیەوە چارەسەر دەبێت، بەڵام بۆ بە ئەنجام گەیاندن و گەیشتن بەو دەسکەوتە سیاسی و یاساییانە گەلێک فاکتەری دیکە دەور دەبینن. دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران بۆ گەلی کورد گەورەترین بەربەستە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە و بێ گومانیش لاوازی و نەمانی ئەو ڕژیمە بە هەمان ڕێژە لە بەرەوپێش چوونی خەباتەکەی دەوری دەبێت. بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەم دۆخەی کە ئێستا بەرامبەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی نێونەتەوەیی بۆتەوە، گەورەترین قەیرانێکە کە ئەم ڕژیمەی گەمارۆ داوە. ئەگەر بۆ ماوەی نزیک بە ٤٠ ساڵ کورد لە سەنگەری پێشەوەی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و زۆرجارانیش بە تەنیا ماوەتەوە و کەوتۆتە بەر بێ مێهری تەنانەت نەیارانی کۆماری ئیسلامی، ئەمڕۆ لە ئەنجام شێلگیری و بەردەوامیی ئەو خەباتە و هەڵسوکەوتە نائاساییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی، گەیاندنی بوردی موشەکە بالیستیکەکانی بۆ ٢٠٠٠ کیلومتر کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و بوون بە مەترسی بۆ هەموو جیهان، دەستێوەردانی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییانە لە وڵاتانی ناوچەکە، پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم لە ڕووی سیاسی و ئابووری و لۆجیستیکەوە و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، هەڕەشەی لە ناوبردنی وڵاتێکی دیکەی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە بارمەتەگرتنی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی و کوشت و بڕ و دەمکوت و سەرکوت و ... ئەمڕۆکە جیهان لێی هاتۆتە دەنگ، بەربەستی بۆ دادەنێن و پاشەکشەی پێ دەکەن، جێی خۆیەتی کە کورد دەوری شایستەی خۆی و مزدی بەردەوامی خەبات و بەرەنگاری چەندین ساڵەی خۆی وەربگرێت. بە درێژای ئەم ساڵانە هیچ کات بەم ڕادەیە گوێ بۆ بیستنی دۆخ و داواکاریی بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات لە ئاستی ئێران و ئاستی جیهانیدا نەبووە. جێی خۆیەتی کە سەرکردایەتیی ئەو بزووتنەوەیە ببێت بە خاوەن گوتارێکی هاوبەشی یەکگرتوو. پوتانسیێلەکانی بزووتنەوەکەی بناسێت و لە شوێن و کاتی خۆیدا بە گونجاوترین شێوە کەڵکیان لێوەر بگرێت و هیچ کامیان نەکاتە قوربانیی ئەوەی تریان. خاڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە کە بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەلات ئەمڕۆکە زۆر لێک نزیکن، دوو هێزی سەرەکیی ئەو بزووتنەوەیە واتە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە هاوپەیمانێتییەکی دوو قۆڵیدان، جیالەوە لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە "ناوەندێکی هاوکاریی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" پێک هاتووە کە پێنج حیزب و ڕەوتی سیاسی تێیدا بەشدارن و لەم ماوەیەی ڕابردووشدا لە زوربەی هەرەزۆری پرس سیاسییەکانی ڕۆژ هاوڕا و هاوتەریب و هاوهەڵوێست بوون. 

یەک دەنگی و هاوهەڵوێستی کوردی ڕۆژهەڵات سەنگ و قورسایی خەڵکی کوردستانی ئێران و بزووتنەوەکەی هەم لە ئاستی ناوخۆیی ئێران و هەمیش لە ئاستی نێونەتەوەیی چەند ئەوندە دەکاتەوە. گرنگە کە کوردی ڕۆژهەڵات خواست و داواکارییەکانی خۆی کۆنکرێت، فوورموولە، ڕوون و ڕاشکاوانە بە ئاشکرا بێنێتە گۆڕێ. ڕوونە کە کورد لە ئێران لە گەشبینانەترین حاڵەت ١٠، ١٢٪ خەڵکی ئێران پێک دێنێت، بەڵام وەزن و قورسایی بزووتنەوەکەی زۆر لەو ڕێژەیە زۆرترە و حەقوایە ئەم بزووتنەوەیە لە یەک کاناڵی دیاریکراو، یەک دەنگ و بەهێزەوە لە ئاستی ناوخۆیی ئێرانی و جیهانی نوێنەرایەتی بکرێت بۆ ڕاکێشانی پشتیوانیینێودەوڵەتی بۆ خواست و داواکارییەکانی و سەرەنجام دەستەبەر کردنی مافە سیاسی و یاساییەکانی خۆی.


AM:11:44:05/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 611 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌