شەڕی دروستكراو لە زیندانی شاری سنە ٢٠ برینداری لێكەوتۆتەوە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بە پێی هەواڵێک كە بە ناوەندی هەواڵی رۆژهەڵات گەیشتووە، شەوی هەینی لە سەر شەممە، دوای تەواو بوونی یاری فووتباڵی نێوان ئێران و مەراكش شەڕێكی دروستكراو، لە بەندی سیاسییەکانی زیندانی ناوەندی شاری سنە لە لایەن بەرپرسان زیندانەوە دروستكراوە و بەو بۆنەوە نزیك بە ٢٠ كەس بریندار بوون و رامین حوسێن پەناهی و حەیدەر قوربانی دوو چالاکی سیاسی کوردەن کە لە بریندارانی ئەم شەڕە دروستکراوەن.

مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە دروستکردنی تێکهەڵچوونی لەم شێوەیە لە ناو زیندان ئەوەیە کە چالاكانی سیاسی لەیەكتر داببڕن و بە بیانووی تەمبێی ئینزباتی زیندانییەكان ببەنە ژووری تاكەكەسی و ئاسانتر بتوانن پیلانی خۆیان جێبەجێ بكەن.

نانەوەی ئەم شەڕە دروستكراوە لە زیندانی ناوەندی شاری سنە لە حاڵێكدایە كە لە ماوەی رابردوودا لە لایەن بەرپرسانی ئەمنییەتی رژیمەوە باس لەوە كراوە كە دوای مانگی ڕەمەزان رامین حوسێن پەناهی چالاكی سیاسی لە سێدارە دەدرێت و بەم بۆنەوە كەمپەینی بەرفراوان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات رێكخراوە.

تا بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دۆخی نایاسایی لە زیندانی ناوەندی شاری سنە ڕاگەیەندراوە.



PM:07:17:16/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 454 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌