ڕامانێك دەربارەی داهاتووی سووریا

سۆران سەلیمی

پرسیارێكی سەرەكی لەمەڕ قەیرانی سووریە هەنووكە لە شەقامی سیاسیدا هاتووتە كایەوە، پرسیارێك كە پێشتریش لە یەكەم ڕۆژانی دەستپێكردنی ئەو قەیرانە هەبوو بەڵام دوای ٧ ساڵ ڕەنگ و بۆنی جیاوازی گرتووتە خۆی، ئەویش ئەوەیكە داهاتووی هاوكێشەكانی سووریه ‌و بەگشتی داهاتووی ئەو وڵاتە دەبێت بە چی؟ ڕەنگە ئەگەر ئەم پرسیارە لە سەرەتاكانی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی باسی كرابا زۆرینەی چاودێرانی سیاسی زۆر بە دڵنیاییەوە دەیانگوت ئەوە هێدی هێدی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ڕووی لە ڕووخانه ‌و بێگومان لە ساڵی ٢٠١٢ حكوومەتی بەعسی سووریە هەر بوونی نییە، بەتایبەت ئەوەیكە لە لایەك بەهاری عەرەبی لە سێ وڵاتی باكووری ئەفریقا سەركەوتبوو و لە لایەكی دیكە ناڕازیان زۆر بە خێرا توانیان بەشێكی بەرچاو لە خاكی سووریە بخەنە ژێر ڕكێفی خۆیان و بەشار ئەسەد زۆر بە زوویی پاشەكشێی پێكرا. بەڵام ئێستاكە بە ڕوونی دیارە كە تەنانەت زۆربەی چاودێرە بە ناوبانگەكانی جیهان لە پێشگۆیی و دیاریكردنی ڕەوتی داهاتووی ڕووداوەكان و چارەنووسی سووریە زۆر بە هەستیارییەوە‌ هەڵویست دەگرن و ناوێرن بە دڵنیاییەوە باسی داهاتوو بكەن و چارەنووسی قەیرانەكە سەدا سەد شی بكەنەوە. هەڵبەت تاوانی ئەوان نییه ‌و ئەوەش دەرەنجامی نەزانیی ئەو چاودێرانە نییە، بەڵكوو لە ناكاو هێندێك فاكتەری دەرەكی دیكە هاتنە ئاراوە كه ڕەنگە كەس بە مێشكی نەدەگەیشت. بۆ نموونە ئەگەرچی ڕوون بوو كە كۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە بەشار ئەسەد دەكات بەڵام ڕاستی ئەوەیە كە تاران، بەخت ئەو كاتە ڕووی تێكرد كە لە لایەك "داعش" سەری هەڵدا و لە لایەكی دیكەوە ڕووسیە هاتە ناو گەمەكە. واتە ئەگەر داعش لە عێراق و سووریە سەری هەڵنەدابا ڕۆژاوا بەو ئاسانیە بەرۆكی بەشار ئەسەدی بەرنەدەدا. لە لایەكی دیكەوە خودی داعش و گرووپە جیهادیەكانی دیكە وایان كرد كە مەترسیەكی "باوەڕپێكراو" دژی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسەكان هێنایە ئاراوه ‌و بیانوویەكی بە ڕووسەكان دا كە ئەوە بكەن بە دەرفەتێك و بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بە قازانجی بەشار ئەسەد دەستێوەردانی سەربازی بكەن و ڕەوتی هاوكێشەكان بە شێوەیكی سەیر بگۆڕن. ئەوەی لە سووریه هاتە ئاراوە لە ڕاستیدا نەك بەرهەمی ئازایەتیی بەشار ئەسەدە و نەك بە تەنیا دەرەنجامی پاڵپشتیەكانی كۆماری ئیسلامییە، بەڵكوو ئەوە ڕووسەكانن كە بە زەبری هێز، وەكوو وڵاتێكی زلهێز، توانیان هەموو لێكۆڵینەوە و چاوەڕوانیەكان بە هەڵە بخەن و وا بكەن كە بۆ جارێكی دیكە حكوومەتی بەعس بتوانێت زۆرینەی خاكی وڵات كۆنتڕۆڵ بكاتەوە. كێشە لێرەدا دەست پێدەكات كە بوونی ڕووسەكان لە سووریە جۆرێك بەرەوڕوو بونەوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئامریكا و ڕووسیە دێنێتە ئاراوە. تەنانەت هێڕشی مووشەكی ڕۆژئاوا بۆ سەر سێ ناوەندی بەرهەمهێنان و دێپۆكردنی چەكی كیمیاوی لە سووریە وەبیرهێنانەوەی قەیرانی "مووشكیی كووبا"یە لە سەردەمی شەڕی سارد و لە نێوان ئامریكا و سۆڤیەتی پێشوو. ئەمجارەش هەردوو لا بە هێندێك پاشەكشێ و هێندێك پرۆپاگەندەی دوور لە ڕاستی كێشەكەیان چارەسەر كرد، هەم ڕووسەكان لە پێگەی خۆیان وەكوو پاڵپشتی سەرەكی بەشار ئەسەد مانەوه ‌و هەم ڕۆژاواییەكان وایان نیشاندا كە لە بەرامبەر جینایەتی بەشار ئەسەد بێدەنگ نامێننەوە. قەیرانی سووریە زۆر لە قەیرانی ئۆكراین نزیكە، لەوێش دەبینین كە ڕووسەكان هەم نیمچە دوورگەی كریمە داگیر دەكەن و هەم بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی جوداییخوازە ڕووسەكان دەكەن و تا ئەم ساتە ڕۆژاوا پێی ناكرێت بە شێوەیەكی كردەیی و سەربازی دەستێوەردان بكات. ڕاستی ئەوەیە كە لە بەختی خەڵكی سووریە، قەیرانی ئەوان هاوكاتە لەگەڵ دەورێكی نوێ لە پێوەندیە نێودەوڵەتیەكان و سەرهەڵدانی ڕووسیەیەكی نوێ كە دەیەوێت پێگەی بەهێزی خۆی لە سەردەمی سۆڤیەت زیندوو بكاتەوه ‌و لەم نێوانەشدا لە دوو فاكتەری "وزە" و "چەك" كەڵك وەردەگرێ و تا ئەم كاتەش كە سەركەوتوو بووە. بۆیە داهاتووی قەیرانی سووریە تا ڕادەیەكی زۆر پێوەندی بە شێوه ‌و شێوازی پێوەندیەكانی ڕۆژاواو ڕووسیە هەیە تا هێزی ناوخۆیی. بەڵام ڕوونە كە تەنانەت ئەگەر بەشار سەربكەوێت و وڵاتیش بە تەواوی كۆنتڕۆڵ بكاتەوە چیدیكە ئەو بەشارەی جاران نییە و لە ئاكامدا هەر دەبێت مل بۆ گۆڕانی بنەڕەتی كەچ بكات، لەبەر ئەوەیكە مەودایەكی زۆر لە نێوان پێكهاتەكانی سووریە دڕووست بووە كە چیدیكە ناكرێت بە شێوەی جاران و بە سەركو‌ت چارەسەر بكرێت یان بشاردرێتەوە، جگە لەوەش وڵات بە تەواوی وێران بووە، بەتایبەت ئەو بەشانەی كە بە تەواوی خەڵكی سووننەی لێ نیشتەجێ یە. داهاتووی سووریە هەرچۆنێك بێت، تەنانەت ئەگەر چارەنووسی وەكوو بۆسنی هێرزۆگۆڤین بێت، بێگومان بەشار ئەسەد و دەسەڵاتەكەی ناتوانێت بە شێوەی ٧ ساڵ پێش بەردەوام بێت و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت لە ئاكامدا بڕیارێكی دیكە بدات.


PM:11:27:12/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 91 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌