تەنیا نیم و نەتەوەیەک پاڵپشتمن

ڕاپۆرتێك دەربارەی دوایین بارودۆخی ڕامین حسێن‌پەناهی، زیندانی سیاسیی كورد
ناسر خورشیدی

ڕامین حسێن‌پەناهی ڕەنگە پێش دووی پووشپەڕ تەنیا  هاوڕێیانی و بنەماڵەكەی بیانناسیبا بەڵام ئەم ناوە ئێستا ناوێكە كە نەك بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات بەڵكوو بۆ تەواو ئێرانیان و تەنانەت پارچەكانیتری كوردستان و زۆربەی ئەو كەسانەی كە هۆگر و پێداچوونەوە بۆ هەواڵەكانی ئێران بەتایبەت دۆخی زیندانیانی سیاسی مەحكووم بە سێدارە دەكەن ناوە ناوێكی ئاشنایە. ڕامین ڕۆژی ۲ی پووشپەڕی ساڵی ۱۳۹٦ی هەتاوی بە نەهێنی دەیەوێت بچێتەوە سەردانی دایكی نەخۆشی بكات. (بە گووتەی بنەماڵەكەی و گووتەكانی خۆی لە دادگا) كە لە ناو ڕێگادا شناسایی دەكرێن و لە سێ ڕێیانی شاڵمانی شاری سنە، تووشی هێرشی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی دەبنەوە و لەم ڕووداوەدا ڕامین بە تەقەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی بریندار دەبێت و سێ كەس لە هاوڕێیانی بە ناوەكانی سەباح حسێن‌پەناهی، حامید سەیف‌پەناهی و بێهزاد نووری شەهید دەبن. ڕامین بۆ ماوەی زیاتر ۲۰۰ ڕۆژ لەناو زیندانە تاكەكەسیەكانی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپا بە برینداری لە ژێر ئەشكەنجەی ڕۆحی و ڕەوانی و جەستەییدا دەبێت. كە لەم ماوەیەدا تەنانەت بنەماڵەكەشی ئاگاداری بارودۆخی نابن و ڕاستیەكان دەشاردرێنەوە لە لایەن ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپا لە بنەماڵەی حسێن‌پەناهی و پێیان ناڵێن ڕامین لای ئەوان دەسبەسەرە و هیچ كەس لە مانەوەی ڕامین لە زیندانە تاكەكەسیەكان یان باشتر بڵێم لە ئەشكەنجەگاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاگا نابێت. دوای تێپەڕاندنی ماوەی زیاتر لە ۲۰۰ ڕۆژ لەم ئەشكەنجەگایانەدا ئاشكرا دەكرێت كە ڕامین لای ئەوانە.
حسێن ئەحمەدی‌نیاز پارێزەری ڕامین حسێن‌پەناهی لە لێدوانێكدا بۆ نووسەری ئەم ڕاپۆرتە باسی دۆسیەكەی ڕامینی بەم شێوەیە كرد: "لە ڕاستیدا هەر تاوانبارێك كە بە هەر تاوانێك مەحكووم بێت پێویستە و مافی سەرەتاییەتی بەپێی پڕەنسیپە یاساییەكان و هەروەها پاراستنی گیانی لە هەر چەشنە خەسارێك لە دادگایەكی دادوەرانەدا دۆسیەكەی داوەری بكرێت بەڵام دۆسیەكەی ڕامین، نە پێڕەوی سزا یاساییەكان بووە نە بەپێی بنەما و بنچینەكان و مەرجەكانی ماف كە لە یاساكانی كۆماری ئیسلامیی ئیراندا هاتووە، بووە و تەنانەت مافی پێوەندیگرتن بە پارێزەرەكەی  كە ەمن بووم، نەیبووە و ئەو مافەشی لێ زەوت كرابوو."
ڕامین جگە لەو برینانەكانی كاتی برینداربوونەكەیلە ژێر ئەشكەنجەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا تووشی نەخۆشی و برینیتریش دەبێت. پارێزەرەكەی ئاوا باسی دەكات: "ڕامین لە كاتێكدا دەسبەسەر دەكرێت كە بریندار و بێهۆش بووە تەنانەت ئەشكەنجەش دەدرێت كە خودی ڕامین لە دانیشتنەكەی دادگادا باسی دەكات و دەڵێت بەشێوازێكی زۆر خراپ و تووند ئەشكەنجە دراوم بۆ داننان بەو تاوانانەی پێی تاوانبار كراوم. ئەمە لە حاڵێكدایە كە بەپێی یاسای۳۴ و ۳٨ی یاسای بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامی هەر دانپێنانێك كە لە ژێر ئەشكەنجەدا بێت بەهای یاسایی نییە و ناكرێ بەڵگە بێت منیش وەك پارێزەری ڕامین داوای بەدوواچوونم لە دادگا كردووە بۆ ئەشكەنجە كردنی كە تا ئەم كاتەش وەڵامێكیان پێنەداوینەتەوە".
كۆماری ئیسلامیی ئێران هەركات بە پێویستی بزانێت یاساكانی خۆی پێشل دەكات بۆ بێ تاوانكردنی كەسانێك وەك سەعید مۆرتەزەوی كە چەن تاوانی بریتین لە: "پاكژكردن و هەڵوەشاندنەوەی دادگای ڕۆژنامەنووسی و داخستنی بەكۆمەڵی چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار لە سەردەمی خاتەمی، كووشتنی ڕۆژنامەنووس و وێنەگرێك بە ناوی زەهرا كازمی، دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی ۱۳٨٨، ئەشكەنجەو كووشتنی چەن كەس لە گیراوانی ناڕەزایەتیەكانی ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەو ساڵە و ئێختلاسە میلیاردیەكانی لەگەل بابەك زەنجانی" بۆ ئەم چەن نموونەیە و چەندین تاوانیتر سەرجەم دوو ساڵ سزا دراوە. بەڵام بۆ ڕامین، چەنگیز قەدەم‌خێری، لوقمان و زانیار مورادی و محەممەد نەزەری و سەدان بەندكراوی سیاسیی دیكە (لە ژمارەی ۱۴۹ی ئاسۆی ڕۆژهەڵات بە تێر و تەسەلی باسكراون) یاساكان چیتر سەروەر نابن و بە دژی ئەوان پێشلیان  دەكات.
حسێن ئەحمەدی‌نیاز دەڵێت: "لە كاتی بەڕێوەچوونی دادگا هەروەها دادگای پێداچوونەوە یاسا سەروەر نەبوو چونكە ڕامینیان بە دژی خۆیان دەزانی بۆیە دەستە شاراوەكان ئیزنیان نەدا و حوكمی سێدارەیان بەسەر ڕامیندا داسەپاند."
گروپێك لە شارەزایانی بواری مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان داوایان لە حكومەتی ئێران كردووە سزای لەسێدارەدانی ڕامین لە ئێران هەڵبوەشێنێتەوە و دەڵێن، دادگاییكردنەكەی دادپەروەرانە نەبووە. ئەو شارەزایانەی بواری مافەكانی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەكردووە، ڕامین حسێن‌پەناهی لە زینداندا ئەشكەنجەدراوە و شوێنەواری ئەوەش بەجەستەیەوە دیاربووە بەڵام دادگا لێكۆڵینەوەی لەو بارەیەوە نەكردووە دادگایكردنەكەشی بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان نەبووە. حسێن ئەحمەدی‌نیاز لەم بارەیەوە دەڵێت: "هەر ئەو جۆرەی پێشتریش باسم كرد دام و دەزگاگەلێك و دەستی شاراوە دەیانەوێت ڕامین لە سێدارە بدرێت چونكە سەرەتا لە مەودایەكی زۆر كورتدا سزای سێدارەیان بۆ دەركرد لە كاتێكدا بۆ دۆسیەیەكی وا یەكجار بەڕێوەچوونی دادگا كەمە و دواتر ڕای دادگای بەرزی ئێرانیش دەرخەری ئەم ڕاستییە بوو كە یاسا سەروەر نەبووە و زووڵم لە ڕامین كراوە كە هیوادارم هیچ كات ئەم حوكمە جێبەجێ نەكرێت چونكە ڕامین شایانی سێدارە نییە."
لە كاتی دەسبەسەر بوونی ڕامین حسێن‌پەناهی تا ئێستا زۆر بەیانیە و ئاكسیۆن لە شارەكانی وڵاتە جۆراوجۆرەكانی جیهان بەڕێوەچووە سەبارەت بەلابردنی حوكمی سێدارەی ئەم گەنجە تەمەن ۲۵ ساڵەیە، ناوندی هاوكاریی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەكان و هونەرمەندان و نووسەران و چالاكانی سیاسی هەموو یەكدەنگ دەڵێن ئەم حووكمەی ڕامین نایاساییە و پێویستە هەڵبوێشێتەوە. عەبدوڵڵا موهتەدی، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی شۆڕشگێریش لە كاتی وتار پێشكەشكردنەكەی لە كۆنفرانسی "تێپەڕبوون لەكۆماری ئیسلامی" لە كۆبوونەوەی دێمۆكراسی‌خوازانی ئێراندا دەڵێت:" بەشی كورد لە كۆماری ئیسلامی سێدارە زوڵم و ستەم بووە كە هەمووكات لەم چڵ ساڵ تەمەنەی كۆماری ئیسلامیدا كورد دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم كردووە و ئاخرین نموونەشی گەنجێكی كورد بەناوی ڕامین حسێن‌پەناهی‌یە كە پێویستە هەموومان بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم حوكمە تێبكۆشین."
دوایین زانیارییەكان لەمەڕ چارەنووسی ڕامینم لە پارێزەرەكەی پرسی و لە وڵامدا گوتی: "ئەمرۆ پێنج شەممە لە ڕێكەوتی ٦ی گوڵاندا چاوم بە ڕامین كەوت و ڕامین لە بارودۆخێكی ڕۆحی و ڕەوانیی باشدا بوو و وتی خۆشحاڵم تەنیا نیم و نەتەوەیەك پشتیوانمن". ڕۆژی سێشەمە ۱۱ی گوڵان لە ناكاو هەواڵی گواستنەوەی ڕامین بۆ قەرەنتینە بە مەبەستی جێبەجێكردنی حوكمی سێدارەكەی بوو بە شۆك و خورپەیەك بۆ هەموان بە تایبەت خوشكەزای ڕامین، نیشتمان حسێن‌پەناهی تەمەن 25 ساڵ بە بیستنی ئەم هەواڵە بەداخەوە كۆتایی بە ژیانی دەهێنێت.

PM:11:26:12/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 457 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌