ماركس بخوێننەوە

وتووێژی مارچێلۆ مۆستۆ لەگەڵ ئێمانۆێل والێرشتاین
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: مستەفا زاهیدی

ئاماژە: ڕۆژی ٥ی مای ٢٠٠ەمین ساڵڕۆژی لە دایكبوونی كارل ماركس، بیرمەند و نووسەری دیاری سەدەی نۆزدەهەمە. بیرمەندێك كە بە پێچەوانەی فیلسووفەكانی پێش خۆیەوە هەوڵیدا دونیا تەفسیر نەكات، بەڵكوو دونیا بگۆڕێت. ئەوەی لە خوارەوە دەیبینن وتووێژێكە لەگەڵ ئێمانۆێل والێرشتاین، نووسەری دیاری چەپ دەرباری ماركس و گرینگیی پەرژانە سەر ماركس لە ئێستادا كە بۆ سێ دەیە دەچێت نیۆلیبرالیزم چەتری بە سەر دونیادا كێشاوە. ئێمانۆیل والێرشتاین (Immanuel Wallerstein)  لە دایكبووی ٢٨ی سێپتەمبەری ١٩٣٠ لە نیۆیۆرك، كۆمەڵناس و فیلسووفێكی دیاری چەپە لە سەدەی بیست و یەكەمدا بە یەكێك لە گەورەترین بیرمەندانی سۆسیالیستی هاوچەرخ دەناسرێت. بەرهەمە ناودارەكەی (The Modern World-System) بۆ بەشێكی زۆر لە زمانە زیندووەكانی دونیا وەرگێڕدراوەتەوە.(و- كوردی).

بۆ ماوەی سێ دەیە سیاسەت و ئایدۆلۆژیای نیۆلیبرالیزم لە هەموو جیهان تاكە مەیداندار بوو. بەمەشەوە قەیرانە ئابوورییەكانی ساڵی ٢٠٠٨، ئەو نایەكسانییە قووڵەی كە لە كۆمەڵگای سەردەمی ئێمەدا بوونی هەیە_ بە تایبەت لە باكوور و باشووری دونیا- پرسە ژینگییە فەراوانەكانی سەردەمی ئێمە، لێكۆڵەران و زانایانی ئابووری و سیاسەتی هاندا بۆ ئەوەی جارێكیتر پرسی داهاتووی سەرمایەداری پێویستی ئەڵترناتیڤی سەرمایەداری بێننەوە بەر باس. بەم هۆیەوەیە ئەمڕۆكە، دەكرێت بڵێین لە هەموو دونیا، بە بیانوی دووسەدەمین ساڵڕۆژی لەدایكبوونی ماركسەوە، باس لە (زیندووكردنەوەی ماركس) دەكرێت. گەڕانەوە بۆ نووسەرێك كە لە ڕابردوودا بە نادرووست بە دۆگما بیركردنەوەی ماركسیسم- لێنینیزم گرێ دەدرایەوە، هەربۆیە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین زۆر بە پەلەپڕووزكە و خێرا خرایە لاوە.
گەڕانەوە بۆ ماركس تەنها لە بەر ئەوە نییە كە هێشتا پێویستمان بەوە هەیە كە لە لۆژیك و گەشەی سەرمایەداری تێبگەین. ئایدیاكانی ماركس هەروەها كەرەسە و ئامرازێكی بەكەڵكە بە ئامادە كردنی تاقیكردنەوەیەكی دژوار گرینگی بەم خاڵە دەدات كە بۆچی ئەزموونە كۆمەڵایەتی- ئابوورییەكانی پێشتر كە وەك ئەڵترناتیڤی سەرمایەداری دانران لەگەڵ شێوەكانیتری بەرهەمهێناندا تووشی شكەست هاتن. شیكردنەوە و تەفسیری ئەم شكستانە بۆ گەڕان بە دوای ئەڵترناتیڤدا لە ئێستادا شتێكی پێویستە. 
ئێمانۆیل والێرشتاین، لێكۆڵەری پلەبەرز لە زانكۆی یەل، نیۆ هۆن، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، یەكێكە لە كۆمەڵناسە زیندووەكان و یەكێكە لە باشترین و گونجاوترین لێكۆڵەرەكان بۆ ڕوونكردنەوەی پێوەندیی ماركس لەگەڵ دونیای ئەمڕۆدا. ئەو چەندین ساڵ خوێنەری ماركس بووە و بەرهەمەكانی لە ژێر كاریگەریی شۆڕشگێری لەدایكبووی شاری تریەر، لە ٥ی مای ١٨١٨دایە. والێرشتاین نووسەری زیاتر لە ٣٠ كتێبە كە بە چەندین زمان وەرگێڕدراونەتەوە، لەوانە بەرهەمە ناودارەكە، (سیستمی جیهانی مودێرن) كە لە چواربەرگدا لە ساڵەكانی ١٩٧٤-٢٠١١ بڵاو كرایەوە (مارچێلۆ مۆستۆ).

مارچێلۆ مۆستۆ: پرۆفیسۆر والێرشتاین، ٣٠ ساڵ دوای كۆتایی هاتنی ئەو شتەی پێی دەوترا (سۆسیالیزمی هەبوو) هێشتا بڵاوكراوەكان، گفتوگۆ و سمینار لە هەموو دونیا لە ئارادایە دەربارەی توانای بەردەوامی كارل ماركس بۆ ڕوونكردنەوەی سەردەمی ئێستا. ئەمە سەیر نییە؟ تۆ لە سەر ئەو باوەڕەی ئایدیای ماركس درێژە دەدات بە پاراستنی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەوانەدا كە بە شوێن جێگرەوەیەكن بۆ سەرمایەداری؟
ئێمانۆێل والێرشتاین: چیرۆكێكی كۆن دەربارەی ماركس هەیە: لە درگای پێشەوە دەری دەكەن و لە پەنجەرەی دواوە دەخزێتە ناوەوە. ئەمە شتێكە كە جارێكیتریش ڕوویداوە. ماركس پێوەندی لەگەڵ سەردەمی ئیمە لە بەر ئەوەی ئێمە بە ناچار لەگەڵ كۆمەڵێك پرسدا سەروكارمان هەیە كە هێشتا ماركس قسەی زۆری بۆ وتن  هەیە دەربارەی ئەو پرسانە، هەر بۆیە ئەو شتەی ئەو دەربارەی سەرمایەداری وتوویەتی زۆر جیاوازە لەو شتەی كە زۆربەی نووسەرانیتر باسیان كردووە. بەشێكی زۆر لە نووسەران و لێكۆڵەران- نەك تەنها من-ماركس بە قووڵی بە كەڵك دەبینن و ئەمڕۆكە بە پێچەوانەی ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٩ پێشبینی كرابوو، لەو دەورانانەیە كە ماركس تێیدا زۆر خۆشەویستە. 
مارچێلۆ مۆستۆ: ڕووخانی دیواری بەرلین ماركسی لە زنجیرە ئایدیۆلۆژییەكان ڕزگار كرد كە زۆر پێوەندییان بە تێگەیشتن و لێكدانەوەی ئەوەوە بۆ كۆمەڵگا نەبوو. ئاسۆی سیاسی دوای ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیەت یارمەتی دا بەوەی ماركس لەو دەورەی كە وەك داهۆڵێك پێی درابوو بۆ ناوەند و دەزگا حوكمییەكان ڕزگار ببێت. چ شتێك لە تەفسیر و لێكدانەوەی ماركسدا شاراوەیە كە وەها جێی سەرنجە و سەرنجەكان بۆلای خۆی ڕادەكێشێت؟
ئێمانوێل والێرشتاین: لە سەر ئەو باوەڕەم ئەوكاتەی خەڵك دەربارەی تەفسیری ماركس بۆ دونیا بیر دەكەنەوە،  بە مانایەك "خەباتی چێنایەتی" بە بیریاندا دێت. ئەو كاتەی كە من ماركس لە بەر تیشكی ئەم ڕووداوانەی ئێستادا دەخوێنمەوە، بەلای منەوە خەباتی چینایەتی بە مانای خەباتی پێویستی ئەو شتەی بە چەپی جیهانی ناوی دەبەم- ئەو چەپەی كە لە سەر ئەو باوەڕەم هەوڵی ئەوەیە نوێنەری بەشی خوارەوەی ٨٠ لە سەدی كۆمەڵگای جیهانی بێت لە باری داهاتەوە، لە بەرامبەر ڕاستییەكدا كە نوێنەری ڕەنگە یەك لە سەدی حەشیمەتی زەوی بێت: خەبات لە سەر ئەو ١٩ لە سەدەیە. چیرۆكەكە ئەوەیە كە چۆن ئەو ١٩ لە سەدە بەرەو لای خۆمان ڕابكێشین، نەك بەرەو لایەكیتر.
ئێمە لە سەردەمی قەیرانی بونیادی سیستمی جیهانیداین، بەڵام هیچ كەس بە ڕەهایی و بە دڵنیاییەوە نازانێت چ سیستمێك جێگای دەگرێتەوە. لام وایە سیستمی سەرمایەداریی هەبوو دوو ئەگەری لە بەردەمدایە: یەكەمیان، ئەو شتەیە كە من بە  "ڕۆحی داووس" ناوی لێدەبەم. ئامانجی كۆنفرانسی جیهانیی داووس ئەوەیە كە سیستمێك جێگیر بكات كە خراپترین تایبەتمەندییەكانی سەرمایەداری بپارێزێت: پلەزنجیرەی كۆمەڵایەتی (social hierarchy)، چەوساندنەوە (exploitation)، زیاتر لە هەر شتێك بەجەمسەركردنی سەرمایە واتە دوواس هەوڵ دەدات ئەم سێ تایبەتمەندییەی سەرمایەداری بپارێزێت و بەرگریان لێ بكات: و_كوردی). جێگرەوەكەی سیستمێكە كە دەبێت دێمۆكراتیكتر و یەكسانیخوازتر بێت؛ خەباتی چینایەتی هەوڵی بونیادییە بۆ كاریگەریدانان لەسەر داهاتووی ئەو شتەی كە دەبێت بە جێگرەوەی سەرمایەداری. 
 مارچێلۆ مۆستۆ: ڕامانەكانت لەسەر چینی مامناوەند دەمخاتەوە یادی ئایدیای هێژێمۆنیی ئانتۆنیۆ گرامشی، بەڵام لام وایە بەدەر لەمەش پرسەكە ئەمەش دەگرێتەوە كە چۆن حەشیمەتی خەڵك، ئەو هەشتا لە سەدەی ئاماژەت پێدا، هان بدەین بەشداری لە سیاسەتدا بكەن. ئەم پرسە بەتایبەت لە باشووری دونیا شتێكی پێویستە، ئەو شوێنەی كە زۆرینەی حەشیمەتی دونیا تێیدا جێگیرە، ئەو شوێنەی كە سەرەڕای زیاتربوونی نایەكسانیەكان بە هۆی سەرمایەدارییەوە، بزووتنەوە پێشكەوتنخوازەكان زۆر لە ڕابردوو لاوازترن. لەم ناوچانەدا دژایەتیكردنی بەجیهانیكردنی نیۆلیبرالیزم بەزۆری هان دەدرێت بەرە فەندەمێنتالیزمی ئایینی و حیزبە بێگانە پەرێزەكان. بە شێوەیەكی بەرچاو دەبینین ئەم دیاردەیە لە ئۆرووپاش دەردەكەوێت.  پرسیارەكە لێرەدایە ئاخۆ ماركس یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی لەم سێناریۆ نوێیە تێبگەین؟ بەم دواییانە كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی نوێ بڵاو بۆتەوە كە هەڵگری تەفسیر و لێكدانەوەی نوێن لە ماركس كە یارمەتیمان دەدات وەك تۆ وتت (دەلاقەیەكیتر لە دواوەوە) بكرێتەوە. ئەوانە نووسەرێك وێنا دەكەن كە توێژینەوەكانی لەسەر دژبەیەكەكانی كۆمەڵگەی كاپیتاڵیست بە بەریەككەوتنەكانی نێوان كاپیتاڵ و هێزی كار سنووردار نەكردەوە و بەڵكوو بردیە ناو بواری دیكەشەوە. لە ڕاستییدا ماركس بەشێكی زۆر لە تەمەنی خۆی تەرخان كردوە بۆ خوێندنەوەی وڵاتە نا-ئۆرووپاییەكان و دەوری خراپ و وێرانگەری كۆلۆنیالیزم لە دەرەوەی سەرمایەدارییدا. بە پێچەوانەی ئەو تەفسیری كە تێگەیشتنی ماركس لە سۆسیالیزم دەگەڕێنێتەوە بۆ گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەكان، بە ئاشكرا كەڵكەڵەی ئێكۆلۆژیك (ecological concerns) بە بەرهەمەكانیەوە دیارە. 
لە كۆتاییدا ماركس بە بەربڵاوی سەرنجی بە كۆمەڵێك بابەتیتر دەدا كە لێكۆڵەران كاتی قسەكردن دەربارەی ماركس ئە بابەتانە لەبەرچاو ناگرن. لەوانە توانای تەكنۆلۆژیا (potential of technology)، ڕەخنە لە ناسیۆنالیزم  (the critique of nationalism) ، گەڕان بۆ شێوەكانی خاوەندارێتیی بەكۆمەڵ (collective forms of ownership) كە لەلایەن دەوڵەتەوە كۆنتڕۆڵ نەكرێت و هەروەها پێویستیی ئازادی تاك لە كۆمەڵگای هاوچەرخیدا (individual freedom in contemporary society)، كە هەموویان بابەتگەلێكی گرینگن بۆ سەردەمی ئێستەی ئێمە. بەڵام بەدەر لەم سیما نوێیەی ماركس- كە مانای ئەوەیە هۆگرییەكی زۆر هەیە بۆ ئایدیاكانی ئەو، دیاردەیەك كە بە ناچار لە ساڵانی داهاتوودا درێژەی دەبێت- دەكرێت ئاماژە بە نموونەیەك لە دیارترین ئایدیاكانی ماركس بدەیت كە لات وایە لە ئێستاشدا بۆ ئەوە دەبێت دووبارە خوێندنەوەی بۆ بكرێت و لەبەرچاو بگیردرێت؟
ئێمانوێل والێرشتاین: بەر لە هەر شتێك ماركس باشتر لە هەر كەس پێمان دەڵێت سەرمایەداری شێوەی سرووشتی ڕێكخستنی كۆمەڵایەتیی نییە. ماركس لە هەژاریی فەلسەفەدا (The Poverty of Philosophy)، كە هێشتا تەنها ٢٩ ساڵی تەمەن بوو بڵاو كرایەوە، گاڵتەی بە ئابووریناسانی سیاسیی بورژوا دەكرد كە دەیانگوت پێوندییەكانی سەرمایەداری " یاسای سرووشتین و سەربەخۆن لە كاریگەریی زەمان ". ماركس نووسیی ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن "مێژوو بوونی هەیە، لەبەر ئەوەی لە دامەزراوەكانی فیۆدالیزمدا پێوەندییەكانی بەرهەمهێنان بە تەواوەتی جیاوازە لە پێوەندیی بەرهەمهێنان لە كۆمەڵگای بۆرژوازی"دا بەڵام ئەوان مێژوو بەو شێوە بەرهەمهێنانەی كە پشتیوانیی لێ دەكەن بەكار ناهێنن، ئەوان لایان وایە سەرمایەداری (سرووشتی و هەمیشەیی)ە. من لە كتێبەكەمدا سەرمایەداری مێژوویی (Historical Capitalism) هەوڵمداوە ئاماژە بەم خاڵە بدەم سەرمایەداری دیاردەیەكە بە درێژایی مێژوو ڕوویداوە (occurred historically)، لە بەرامبەر كۆمەڵێك ئایدیای ئاڵۆز و ناڕووندا كە ئابووری سیاسی ناسانی ڕەوتی سەرەكی (mainstream political economists) بەرگریی لێدەكەن. زۆرجار جەختم لەسەر ئەوە كردۆتەوە سەرمایەداری بەبێ كاپیتالیزمی مێژوویی بوونی نییە. بۆیە من و ئێمە هەموومان زۆر بە ئاسانی قەرزداری ماركسین. 
دوهەم، دەمەوێت جەخت بكەمەوە لەسەر چەمكی "كەڵەكەبوونی سەرەتایی" (primitive     accumulation)، بەو مانایەی سەندنەوەی زەوی لە وەرزێرەكان بونیادنەری سەرمایەداری بوو. ماركس زۆر بە باشی لەوە تێگەیشتبوو كە كەڵەكە كردنی سەرەتایی، ڕەوتێكی گرینگ و چارەنووس‌سازە لە درووستكردنی دەسەڵاتی سەرمایەداریدا، ڕەوتێك كە لە سەرەتای سەرمایەداریدا بوونی بووە و ئێستاش هەر بوونی هەیە. 
لە كۆتاییدا پێشنیاری ئەوە دەكەم زیاتر لە پرسی (خاوەندارێتیی تایبەت و كۆمۆنیسم) ورد ببینەوە. لەو سیستمەیدا كە لە یەكێتیی سۆڤیەت دامەزرا- بەتایبەت لە سەردەمی ستالیندا- دەوڵەت خاوەنی سەرمایە و داراییەكان بوو بەڵام ئەمە بەو مانایە نەبوو كە خەڵك ناچەوسێنەوە یان سەركوت ناكرێت. ئەوان دەچەوسانەوە و سەركوت دەكران. قسەكردن دەربارەی سۆسیالیزم لە وڵاتێكیشدا، وەك چۆن ستالین ڕێكی خست، شتێك بوو كە پێشتر بە مێشكی كەسدا و لەوانە ماركسدا نەهاتبوو. خاوەندارێتیی گشتی ئامرازی بەرهەمهێنانی یەك ئەگەرە(One possibility) . دەكرێت بە شێوەی هەرەوەزیانە (cooperatively) خاوەندارێتیی كەرەسەكانی بەرهەمهێنان بكرێت. بەڵام ئەگەر دەمانهەوێت كۆمەڵگایەكی باشتر بونیاد بنێین دەبێت بزانین كێ بەرهەم دەهێنێت و كێ بەهای زیادی ( surplus value)  وەردەگرێت. لە پێگەی بەراورد كردن لەگەڵ سەرمایەداری، ئەم پێوەندییە دەبێت بە شێوەی گشتی لە بنەڕەتدا بە شێوەی نوێ ڕێك بخرێتەوە. ئەمە پرسی سەرەكییە بۆ من. 
مارچێلۆ مۆستۆ: ساڵی ٢٠١٨ دووسەدەمین ساڵڕۆژی لە دایكبوونی ماركسە و كتێب و فیلمی سینەمایی زۆر تەرخان كراوە بۆ ژیانی تایبەتی ئەو. هیچ سەردەمێك لە ژیانی هەیە كە زیاتر لە سەردەمەكانیتر سەرنجت ڕابكێشێت و هۆگر بیت پێی؟
ئێمانوێل والێرشتاین: ماركس ژیانێكی زۆر دژواری هەبوو. ئەو ژیانی بە فەقیری و هەژاری بەڕێ دەكرد و بەختی هەبوو كە هاوڕێیەكی وەك فریدریش ئەنگلس‌ی هەبوو كە یارمەتیی دەدا بۆ مانەوەی. ماركس لە باری سۆزداریشەوە ژیانێكی ئاسانی نەبوو و سووربوونی بۆ هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ئەو شتەی كە لای وابوو ئەركی ئەوە لە ژیان- تێگەیشت لە شێوەی كاركردنی سەرمایەداری- جێگای ستایش بوو. ماركس نە دەیویست چاخی كۆن ڕوون بكاتەوە و نە دەیویست وێنایەك لە سۆسیالیزم لە داهاتوودا بدات بە دەستەوە. ئەمە ئەو ئەركانە نەبوو كە بۆ خۆی دیاری كردبوو. ئەو دەیویست ئەو دونیای سەرمایەدارییەی كە تێیدا دەژی بناسێت و لێی تێ بگات. 
مارچێلۆ مۆستۆ: ماركس بە درێژایی تەمەنی، ئەوە نەبووە كە تەنها لێكۆڵەرێك بێت كە لەناو كتێبەكانی مۆزەخانەی بەریتانیا و لەندەندا زیندانی بێت، بەڵكوو شۆڕشگێڕێك بوو كە لە بزووتنەوە و خەباتەكانی سەردەمی خۆیدا بەشداریی دەكرد. بەهۆی چالاكیەكانیەوە لە فەرانسە، بەلجیكا و ئەڵمانیا لە سەردەمی گەنجێتیدا دەركرا. ئەو هەروەها دوای شكستی شۆڕشەكانی ١٨٤٨ ناچار كرا ژیانی تاراوگەیی لە بەریتانیا هەڵبژێرێت. ژمارەیەكی زۆر ڕۆژنامە و گۆڤاری دامەزراند و بەردەوام هەوڵی دەدا بە هەر شێوەیەك بۆی دەكرێت یارمەتیی بزووتنەوە كریكارییەكان بدات. دواترەكان، لە ساڵەكانی ١٨٤٦ەوە تا ١٨٧٢، بوو بە ڕێبەری یەكێتیی نێونەتەوەیی كرێكاران (the International Working Men's Association)، یەكەم ڕێكخراوی بان نەتەوەیی (transnational) چینی كرێكار و ساڵی ١٨٧١ پشتیوانیی لە كۆمۆنی پاریس كرد، یەكەم ئەزموونی سۆسیالیستی لە مێژوودا..
ئێمانوێل والێرشتاین: بەڵێ وایە. پێویستە شۆڕشگێڕ بوونی ماركست لەبەرچاو بێت و لەبیرت بێت. وەك چۆن تۆ بەم دواییانە لە كتێبی كرێكارانی جیهان یەكگرن! زەقت كردۆتەوە و گرینگیت پێداوە، ماركس دەورێكی بەرچاوی لە ئەنترناسیۆناڵدا هەبوو، ڕێكخراوێك كە پێك هاتبوو لە كەسانێك كە لەباری فیزیكییەوە لەیەكتر دوور بوون، لە سەردەمێكدا كە ئامراز و كەرەسەی پێوەندی كردنی ئاسان بوونی نەبوو. چالاكیی سیاسیی ماركس ڕۆژنامەنووسیشی دەگرتەوە. ماركس لە بەشێكی زۆری تەمەنیدا بەم كارەوە سەرقاڵ بوو، وەك ڕێگایەك بۆ پێوەندیگرتن بە بەردەنگی زۆرتر و بەربڵاوترەوە. ماركس بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان كاری ڕۆژنامەنووسی دەكرد، بەڵام بەشداریكردنی خۆی لە كاری ڕۆژنامەنووسیدا وەك چالاكییەكی سیاسی دەبینی. ئەو بە هیچ شێوەیەك بێ لایەن نەبوو. هەموو كات ڕۆژنامەنووسێكی دەربەست بوو. 
مارچێلۆ مۆستۆ: ساڵی ٢٠١٧، بە بۆنەی سەدەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ئۆكتۆبەر (رووسیا)وە، ژمارەیەك لە لێكۆڵەرەكان پەرژانە سەر جیاوازییەكانی (contrast) ماركس لەگەڵ ئەو كەسانەی خۆیان بە شوێنكەوتووی ماركس دەزانی و لە سەدەی بیستەمدا دەسەڵاتیان بە دەستبوو. گرینگترین جیاوازیی ماركس لەگەڵ ئەوان چییە؟
ئێمانوێل والێرشتاین: نووسراوەكانی ماركس ڕوون كەرەوەن  (illuminating) و زۆر زیرەكانەتر( subtle) و فرەچەشنتر ( variegated)ە لە بەشێك لەو تەفسیرانەی كە ئایدیاكانی سادە دەكەنەوە. هەموو كات پێویستە ئەم وتەی ماركسمان لە بیر بێت كە وتی: "ئەگەر ماركسیزم ئەمەیە، بە دڵنیاییەوە من ماركسیست نیم." ماركس هەموو كات ئامادە بوو ڕووبەڕووی ڕاستییەكانی جیهان ببێتەوە، بە پێچەوانەی ژمارەیەك لەو كەسانەی كە بە شێوەی دۆگم ئایدیاكانی ئەو بە سەر خەڵكدا دادەسەپێنن. ماركس زۆركات بۆچوونەكانی خۆی دەگۆڕی. ئەو بەردەوام بە شوێن ڕێگاچارەوە بوو بۆ ئەو پرسانەی كە بوون بە پرسی گرینگ بۆ دونیا و جیهان ڕووبەڕوویان بۆتەوە. هەربۆیە هێشتا ماركس ڕێنوێنێكی یارمەتیدەر و بەكەڵكە. 
مارچێلۆ مۆستۆ: وەك كۆتایی، حەز دەكەی چ شتێك بە بەرەی نوێتر بڵێیت كە هێشتا ڕووبەڕووی ماركس نەبۆتەوە؟
ئێمانوێل والێرشتاین: یەكەم شتێك كە دەبێ بەم گەنجانە بوترێ ئەوەیە دەبێ بیخوێننەوە. دەربارەی ماركس مەخوێننەوە، ماركس بخوێننەوە. كەسانێكی زۆر كەم- بە بەراورد بەو كەسە زۆرانەی دەرباری ماركس قسە دەكەن- بە ڕاستی ماركس دەخوێننەوە. ئەمە بۆ (ئادام سمیت)یش هەروایە. بە گشتی تەنها كەسانێكی كەم دەربارەی كلاسیكەكان دەخوێننەوە. خەڵك لە ڕێگای كورتكردنەوەی ئەوانیتر دەربارەی كلاسیكەكان شت فێر دەبن. ئەوان دەیانەوێت دەست بە كاتەكانیانەوە بگرن، بەڵام ئەمە لە ڕاستییدا بەفیڕۆدانی كاتە! دەبێ نووسراوەی كەسە سەرنجڕاكێشەكان بخوێنرێنەوە و ماركس یەكێكە لە سەرنجڕاكێشترین لێكۆڵەرانی سەدەی نوزدە و بیست. هیچ گومانێك لەوەدا نییە. لە چوارچێوەی ئەو بابەتانەدا كە ماركس دەربارەیان نووسی، كەس وەك ئەو نابێت، لەباری كوالێتیی ئانالیز كردنیشیەوە هەر بەو شێوەیە. كەوایە پەیامی من بۆ بەرەی نوێ ئەوەیە ماركس بە تەواوەتی بۆ ئەوە دەشێ لێی تێبگەن، بەڵام دەبێ بیخوێننەوە، بیخوێننەوە، خۆی بخویننەوە. كارل ماركس بخوێننەوە. 

سەرچاوە:
http://www.truth-out.org/news/item/43947-read-karl-marx-a-conversation-with-immanuel-wallerstein

AM:10:50:05/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 477 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌