وتووێژ لەگەڵ خالید حوسێنی دەربارەی بەرهەمەكانی

و: مستەفا زاهیدی

تكایە پێمان بڵی لە ئەفعانستان چەند زمان باوەو تۆ بە كام یەك لەو زمانانە گەورە بووی؟
ئەفغانستان وڵاتێكە كە فرەچەشنی زۆری تێدا دەبیندرێت، خێڵەكان، نەتەوەكان و عەشیرە و ... و هەر ناوچەیەك زاراوەی تایبەتی خۆی هەیە و هەڵگری كلتووری لۆكاڵی تایبەت بە خۆیەتی، كە زمانی لۆكاڵی جۆراوجۆری تێدایە.  فارسی دەری یەكێكە لەو دوو زمانە سەرەكییەی كە لە ئەفغانستاندا هەیەو لە ئێرانیش بەم زمانە قسە دەكەن، هەڵبەت لە ئێران پێی دەڵێن فارسی و لە ئەفغانستان پێی دەوترێت (دەری). زمانی دەری هەندێ‌ جیاوازی بچووكی هەیە لە گەڵ زمانی فارسیدا و ئەمەش زیاتر لە قسەكردندایە، بەڵام ئەوەیە هەردوو زمانەكە یەك رەگ و ریشەی هاوبەشیان هەیە، بەڵام لە زاراوەدا جیاوازن. وەك ئینگلیزی زمانەكانی تەگزاس و ئایرلەند كە زمانێكی هاوبەشیان هەیە بەڵام تەنها ئەوەیە لە هەندێ‌ لە وشەكاندا بەیەكەوە جیاوازن. زمانە سەرەكییەكەیتر زمانی "پشتوون"ە كە خەڵكی ناوچە جیاوازەكان و لەوانە خەڵكی بابول پێتەختی ئەفغانستان بەم زمانە قسە دەكەن، بەڵام من زیاتر لە ناوچەیەك گەورە بووم كە دەری زمانە. باوك و دایكم هەردووكیان خەڵك هەراتن، خەڵكی هەرات بەم زمانە قسە دەكەن، كەوایە من بە زمانی دەری گەورە بووم. لەلایەكیترەوە لە قوتابخانە زمانی پشتوون فێربووم، لەبەر ئەوەی  هەمووان ناچارن لە قوتابخانە ئەو زمانە فێر بن. بەڵام هیچكات لە ماڵەوە بەم زمانە قسەمان نەدەكرد و لەم كاتەدا كە لەگەڵ تۆ قسە دەكەم شتێكی ئەوتۆم لە زمانی پشتوون لە بیر نەماوە.

زمانی ئینگلیزییەكەت زۆر رەوان و بێ گرییەو هەروەها بەم زمان دەنووسیت. لەكوێ‌ و چۆن ئەم زمانە فێربووی؟
لام وایە بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی تازەلاویم. زمانی فارسی یەكەم زمان بوو كە قسەم پێدەكرد، یازدە ساڵم بوو كە زمانی فەرانسە فێربووم و بۆ ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ بنەماڵەكەم لە فەرانسە دەژیام. كەوایە زمانی فەرانسە زمانی دووهەمی منە. پازدە ساڵم بوو كە بەرەو ئەمریكا كۆچمان كرد، هەربۆیە دەستمكرد بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی، لەڕاستیدا زمانی ئینگلیزی زۆر زوو فێربووم، بەشێوەیەك كە لە ماوەی یەكساڵدا دەمتوانی بە تەواوی قسەی پێبكەم. ئەم لێهاتووییە رەنگە لەو رووەوە بێت كە تەمەنی 14-15 ساڵی تەمەنێكە كە ئینسان مێشكی ئامادەیە بۆ فێربوون و هێشتا شتێك لە مێشكیدا رەگی دانەكوتاوە، كەوایە وەك سەردەمی منداڵی توانای وەرگرتنی زۆر شتی هەیە، لەمڕووەوە زمانی ئینگلیزی زۆر بە باشی فێربووم. رەنگە هۆكاریكیتری ئەوە بیت من هەموو كات زۆر بە ئاسانی رووبەڕووی زمانە بیانییەكان ئەبمەوەو گوێم هەستیارە پێان و لاموایە زۆر خێراتر لە هاوڕێ‌ و هاوپۆلییەكانم زمان فێربووم، رەنگە هەردوو هۆكارەكەش دەستیان دابێت بە دەستی یەكەوە.

بۆچی بڕیارت دا رمانەكانت بە ئینگلیزی بنووسیت؟
مانگی مارچی 2001 كە دەستمكرد بە نووسینی رۆمانی "كۆلارەباز" زیاتر لە بیست ساڵ دەبوو كە لە ئەمریكا دەژیام، كە وایە زمانی ئینگلیزی بەلامەوە زمانێكی زۆر ئاسایی بوو و زۆر ئاسان دەمتوانی لەگەڵی رابێم. لەڕاستییدا تا ئەوكات دوو دەیە بوو كە چیرۆكم بە زمانی ئینگلیزی دەنووسی. لام وایە زمانی ئینگلیزی زۆر ئاسان و رەوانە بۆم و لام وایە بووە بەو زمانەی چیرۆكنووسین پێی بۆم ئاسانترە. ئەوكاتەی منداڵبووم بە فارسی دەمنووسی و ئەوكاتەش كە رۆشتبووینە فەرانسە بۆ سەرقاڵی بە زمانی فەرانسە دەمنووسی، بەڵام لە ئێستادا بیركردنەوەو خەیاڵ و ورتە ورت و هەموو ئەو شتانەی بۆ نووسینی چیرۆك پێویستم پێیەتی بە زمانی ئینگلیزییە، كەوایە ئەمە ئەو زمانەیە كە هەست دەكەم ئاسانتر دەتوانم پێی بنووسم.

ئەوە راستە كە بۆ چاپی كتێبی " كۆلارەباز " لە 30 شوێن دەستی رەتیان بە سنگتەوە ناوەو كتێبەكەیان وەرنەَگرتووە؟
بەڵێ، سەرەتا دەستم كرد بەناردنی بەشێك لە كتێبەكەم بۆ نوێنەرایەتی چاپ و بڵاوكەرەوەكان، ئەوەی كە بینیم شەپۆلێك لە وەرنەگرتن و پەسەن نەكردن بوو. دەمویست هەرجۆرێك بووە لەگەڵ 6-7 نوێنەرایەتی پەیوەندییەكەم رابگرم و ئەو كاتەی خاتوو "ئیلین" پەیوەندی پێوە كردم، ژمارەیەك لە جوابی پەسەن نەكردنم لەبەردەستدا بوو. لە زۆربەی ئیمەیلەكاندا ئەم رستەیە دەبیندرا"كتێبەكەتان پەسەند نەكراوە، زۆر سپاس" و ئەمە ناوی كەسیشی لەگەڵ نەبوو كە بەم جۆرە نووسینەدا بەوە دەگەیشتم كتێبەكە هەر نەخوێندراوەتەوە. ژمارەیەكیشیان كتێبەكەیان خوێندبۆوە بەڵام پەسەندیان نەكرد وەریان نەگرت بۆ وێ،ە یەكیان نووسیبووی :" ئێمە كتێبەكەتمان پێخۆشە بەڵام بەلای ئێمەوە ئەفغانستان ئیتر لایەنگری نییەو خەڵك پێیان خۆش نییە دەربارەی هیچ ببیستن و لە ئەفغانستان ماندوو و بێزار بوون، رەنگە ئەگەر چەندساڵیتر بینیرێت پەسەند و چاپ بكرێت." ئەوكات زانیم كە دۆخی چاپ لەم وڵاتە چۆنەو بەخۆمم گوت نابێت ماندوو بیت و دەبێ هەر بەردەوام بیت. سەرەنجام خاتوو "ئیلین" یەكێك لە نوێنەرانی چاپ و بڵاوكردنەوەم بینی: ئەو وتی " كتێبەكەت سەركەوتنی گەورە بە دەست دێنێت." تەنانەت ئەو رۆژەش كە كتێبەكە چاپ  و بڵاو بۆوە هێشتا تووڕە بووم و سترێسم هەبوو لەبەر ئەوەی كاتێك بەرهەمێك چاپ ئەبێت  تەنها ئەوەیە ئەبێت بە كتێبێك لە دونیای بێ ئەوپەڕی كتێبەكاندا. بەڵام سەرەڕای هەموو كێشەكان ئەم بەرهەمە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا. هەست ئەكەم ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە قسە دەكەم و هەموو ئەو رووداوانەی روویداوە، وەك زنجیرەیەك لە پەڕجووە سەیر و سەمەرە و چاوەڕوان نەكراو وایە. 

كۆلارەباز وێنایەكی روون لە ئەفغانستان ئەدات بە دەستەوە. چەنە لەم رۆمانە بەسەرهاتی ژیانی خۆتەو چەنەی چیرۆك و زادەی خەیاڵە؟
وەك هەر رۆماننووسێكیتر كە یەكەمجار لە رۆمانەكەیدا بگێڕەوەی تاكەكەس بەكار دەبات، بەتایبەت لە یەكەم رۆمانیدا، ئەوە شتێكی روونە زیاتر حەزم دەكرد بەسەرهاتی ژیانی خۆم بنووسم لەچاو رۆمانەكانیتر، بەڵام ئەم كتێبە بەهیچ شێویەك ژیاننامە و بەسەرهاتی خۆم نییە، هەرچەند ئەوە دژوارە ژمارەیەك لە خوێنەرانی خۆم قەناعەت پێ بكەم. كەم تا زۆر وێكچوون هەیە لە نێوان ژیانی من و كوڕەی كۆلارەبازدا، من هەر لەو كابۆلەدا گەورەبووم كە چیرۆكەكە تێیدا روودەدات و هەر لەوێ‌ چوومەتە خوێندن. ئێمە هەردووكمان بە شێوەیەك نووسەرێكی زیرەك و هەردووكمان عاشقی فیلمە كۆنەكانی دەیەی 1960-1970 بووین. من و كارەكتەری چیرۆكەكە هەردووكمان لە تازە لاوییەوە حەزمان لە شیعر و خوێندنەوەو نووسین بوو و هەردووكمان لە ئەفغانستان چبووینە دەرەوەو لە ئەمریكا پەنابەری سیاسی بووین. رەنگە هەندێ‌ بەش لە كتێبەكە زیاتر وەك ژیانم دەچێت، ئەو بەشانە تایبەتە بەو شوێنانەی كە ئەمیر و باوكی خەریكی فرۆشتنی كاڵان لە بازاری كۆنە و هات‌وچۆیان هەیە لە گەڵ ئەو ئەفغانییانەی كە ئەفغانستانیان بەجێهێشتووە. منیش لەگەڵ باوكم ئەزموونی ئەم كارەم بووە. ئێمە بۆ فرۆشی شتە كۆنەكان ئەچووینە بازاڕی كۆنە فرۆشی و لەگەڵ ئەفغانییەكانیتر مامەڵەمان دەكرد. هەربۆیە بەشێكی بەرچاو لە ژیانی من لەم كتێبەدا هەیە بەڵام پلۆتی چیرۆكەكەو ئەوەی لە نێوان كوڕەكاندا روودەدات هەموو زادەی خەیاڵە.

ئیزن بدە با لەسەر رۆمانی "هەزار خۆری درەوشاوە" قسە بكەین. لەم رۆمانەدا وێنایەكی زۆر روون لە هێرشی یەكیەتی سۆڤییەت و جەنگی ناوخۆیی دوای ئەو دەستدرێژییەی یەكییەتی سۆڤییەت دەبیندرێت. كە ئەم رووداوانە لە ئەفغانستان روویدا تۆ لەوێ‌ نەبوو بەڵام زۆر بە وردی ئەم شتانەت باس كردووەو جۆرە ئازارێك بە وێنا دەكێشێت.ئەم زانیاریانەت لەكوێوە هێناوە؟
تا رادەیەك بە قسەكردن لەگەڵ خەڵك لە شەقامەكانی كابۆل. بەهاری 2003 واتە دوای ئەوەی نووسینی كۆلارەبازم تەواو كرد و بەرلە بڵاوبوونەوەی، بۆیەكەمجار دوای 27 ساڵ رۆیشتمە كابۆل و دوو حەوتوو خەریكی قسەكردن بووم لەگەڵ خەڵك دەربارەی ئەو رووداوانە. ئەوكات بە مەبەستی لێكۆڵینەوە نەڕۆشتبوومە كابۆل بەڵكوو زیاتر بە مەبەستی سەفەركردن و پەیوەندی گرتنەوە لەگەڵ خەڵك و دیتنی شار چبوومە ئەوێ‌ و هەروەها دامركاندنەوەی جۆرێك حەزی نەستالۆژی كە ساڵانێكی زۆر لە مندا بوو. جگەلەمانە، خۆشم حەزم دەكرد بزانم چی روویداوەو چ كاریگەرییەكی لەسەر خەڵك بووەو خەڵك چۆن لەگەڵی راهاتوون.

سەركەوتنی ئەو دوو رۆمانەت سەیر بوو، بەڵام رەخنەی نێگەتیڤیشیان لێگیرا. چ پەرچەكردارێكت هەبوو بەرامبەر بەو رەخنانە؟
تۆ وەك نووسەرێك دەبێ زۆر خۆڕاگر بیت ئەوەی لە روانینی یەكەمدا چەند كەسێك هێرش بكەنە سەركارەكانت بەلاتەوە سەیر نەبێت، هەرچەند رەنگە هەندێ‌ جار ئەوان لەسەر حەق بن و ئەوان راست بكەن. هەڵەت ئەگەر رەخنەكە لە رووی رقەوە بێت- كە زۆر كەم روودەدات وابێت- بەو مەبەستە رەخنە بگرن كە خۆیان بخەنە روو یان بڵێن چەندە نەترسانە قسە دەكەن، ئەو كات جیاوازە. بەڵام وادیارە ئەگەر كەسەكان هەرچەند لەگەڵ بەرهەمەكەم ناكۆك بن، چ ئەوەی لەگەڵیان هاوڕا بم یان هاوڕا نەبم، بە وەها روانینێكەوە رەخنە ناگرن و رەخنەكەیان ئەنجامی بیركردنەوەیانە بەرامبەر بە بەرهەمەكە. بەڕاستی بینینی ئەو رەخنە توندانەی كە لەبەرهەمەكانت دەگرن ئاسان نییە، بەڵام بەڕاستی لەو نووسینە باشانە كەڵك وەردەگرم كە دەربارەی هەردوو كتێبەكەم نووسراوە. بەدڵنیاییەوە ناتوانیت چاوەڕوانی ئەوە بیت ئەوەی دەربارەی بەرهەمەكانت دەنووسرێت نووسینی زۆر باش و شاكار بێت، بەڵام ئەو رەخنانەی دەربارەی هەردوو كتێبەكەم نووسرا زۆر باش بوون. بەخت یارم بوو كە ئەو نووسراوانەی دەربارەی كتێبی دووهەمم نووسرابوو باشتر بوو لە كتێبی "كۆلارەباز" و ئەمەم زۆر پێخۆش بوو، لەبەر ئەوەی وەك نووسەر پێمخۆشبوو بزانم لە كتێبی دووهەممدا لە چاو كتێبی یەكەم پێشكەوتنم بووە. بەڵام تۆ ئەبێ بە گومانەوە چاو لە رەخنە نێگەتیڤەكان بكەیت و وەریان بگریت كە دەربارەی كتێبەكانت دەنووسرێت. ئەمجۆرە رەخنانە لە تایبەتمەندییەكانی بڵاوكردنەوەیە و بەشێكە لە یارییەكە.
چ ئامۆژگارییەكت هەیە بۆ رۆماننووسە گەنج و تازەكارەكان؟
زۆر كەسم دیوە كە ئەڵێن كتێبێكیان بەدەستەوەیە، بەڵام تەنانەت هێشتا یەك وشەشیان نەنووسیوە. من لاموایە بۆ بەنووسەربوون ئەبێ بنووسیت. ئەبێ هەموو رۆژێك بنووسیت. ئەبێ دەربارەی هەموو ئەو شتانەی پێت خۆشە و پێت خۆش نییە بنووسیت، ئەبێ بەردەوام خەریكی كاركردن بیت بەردەوام خەریكی خوێندنەوە بیت. من لە هەموو كەس شتێك فێر ئەبم. حەزناكەم بڵێم فڵانە نووسەر كاریگەری راستەوخۆی لەسەرم بوە، بەڵام حەز ئەكەم لە هەر نووسەرێك كە بەهەرهێكی لێ دەخوێنمەوە شتێك فێربم. بە شێوەی جیاواز دەخوێنمەوەو كاتی خوێندنەوە سەرنج ئەدەمە دەنگ و ئەوەی كە ئەوان چۆن دیالۆگ دەنووسن، چۆن پاڕادۆكسەكان لەناو دەبن، چۆن پێكهاتەو رەوتی چیرۆك رێك دەخەن و هەندێ‌ جار لە روانگەیەكی رەخنەگرانە لە بەرهەمی نووسەرە گەورەكان دەڕوانم و زۆر جار ستایشی كارەكانیان دەكەم. نووسین بۆ بەردەنگ و وەرگری ناوەوەی خۆتە. ئەو كاتەی بۆ بەردەنگ و خوێنەری دەرەوەی دەنووسیت، دەستبەجێ‌ سەردەم رەوتی داهێنان خەوش هەڵدەگرێت. هەردوو كتێبەكەم لەبەر ئەوە نووسی كە دەمویست چیرۆك بۆخۆم بگێڕمەوە. من بەڕاستی دەمویست بزانم چی بەسەر ئەمیردا دێت و چی روودەدات بۆی دوای ئەوەی خیانەتی لەهاوڕێكەی كرد. دەمویست بزانم پەیوەندی نێوان دوو ژن چۆن گۆڕا. تۆ دەبێ بەڕاست ئەو چیرۆكە بۆخۆت بگێڕیتەوەو دوای ئەوەی تەواوت كرد هیوادار بیت كەسانیتر چێژی لێوەربگرن، تەنها ئەوەیە لە قۆناغەكانی نووسیندا هەموویان بخەیتە لاوەو خۆت بخەیتە سووچێكەوەو بە شێوەیەك بچیتە خەڵوەوەز

چ بەرنامەیەكت بۆ داهاتوو هەیە؟ لەسەر رۆمانیتر كار دەكەیت؟
هیوادارم بە زووترین كات دەست بكەم بە نووسینی رۆمانێكیتر. هەندێ‌ جار لەباری زەینی و فیكرییەوە لەسەر رۆمانی نوێم كار دەكەم، بەڵام هیوادارم بە زووترین كات دەستبكەم بە نووسینی كتێبێك و ئەمە تەنها شتێكە ئەتوانم بیڵێم.

http://www.persianpersia.com/artandculture/adetails.php?articleid=14293&parentid=1&catid=11

PM:08:59:23/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌