ئەمجەد حسێن‌پەناهی: ئەگەری ئیعدامی ڕامین حسێن‌پەناهی زۆر زۆرە

ڕامین حسێن‌پەناهی، زیندانی سیاسی کوردی دەستبەسەر لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە کە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و ئەندام بوون لە کۆمەڵە سزای ئیعدامی بە سەر داسەپاوە، چەند ڕۆژ لەمەوبەر سەرلە نوێ سزاکەی لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە. بۆ زانیاری زیاتر لەمبارەیەوە، ئاسۆی ڕۆژهەڵات وتووێژێکی لە گەڵ ئەمجەد حسێن‌پەناهی، برای ڕامین حسێن‌پەناهی و چالاکی بواری مافی مرۆڤ ئەنجامداوە.

سازدانی: ئیدریس ئابجامە

پرسیار: کاک ئەمجەد سپاس بۆ قبوڵ کردنی ئەم وتووێژە، سەرەتای پرسیارەکان بەوە دەست پێدەکەم، دوایین هەواڵەکان لە چارەنووسی ڕامین چیە؟
ئەمجەد حسێن‌پەناهی: هەر وەک ئاگادارن، بەداخەوە ڕامین ئێستا حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاستکراوەتەوە و ئەگەری ئێعدام کردنی زۆرە و بە مانای ڕاستەقینە، هەڕەشەی جێبەجێ کردنی سزاکەی لە ئارادایە، دوایین هەواڵ لە سەر ڕامین ئەوەیە کە حوکمەکەی نێردراوە بۆ دیوانی باڵای وڵات لە لقی 39ی شاری قوم و بە داخەوە ئەمڕۆ ئاگادارکراین کە حوکمی رامین لە دیوانی باڵای وڵات وەکوو خۆی پەسەند کراوەتەوە و ڕەوانەی بەشی جێبەجێ کردن کراوە؛ هەموو قۆناغەکانی یاسایی لە سەر ڕامین تێپەڕبووە و ئەگەری ئێعدامی زۆر زۆرە.

پرسیار: نزیک بە ساڵێک بەسەر دەستبەسەر کردنی ڕامین حسێن‌پەناهی تێپەڕ دەبێت، لە ماوەی ئەم ساڵەدا دۆسیەی ڕامین و سزای ئیعدامی ناوبراو کاردانەوەی جۆراوجۆری هەم لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەمیش لە ئاستی ناوخۆیی و تەنانەت بەرپرسانی خودی دەسەڵاتیشی بەدواوە بووە، بەڵام هیچ کام لەوانەیە نەیتوانی پێش بە پەسەندکردنەوەی سزای ئیعدامی ڕامین بگرێت، ئەم ڕادەیە لە پێداگری ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە سەر دۆسیەی ڕامین چییە؟
ئەمجەد حسێن‌پەناهی: هەر وەک ئاگادارن، دەتوانم بڵێم، بە داخەوە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هیچکات بەزەیی بە دژبەرانی سیاسی خۆیدا نەهاتۆتەوە، وە بە تایبەت لە کوردستان خۆتان ئەزانن ئێعدامی سیاسی بەردەوام کەرەستەی دەستی ڕژیم بووە بۆ ئەوەی کە کومەڵگای پێ سەرکوت یان چاوترسێن بکات، بە داخەوە لە سەر کەیسی رامین، هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستبەسەرکردنیەوە تا ئێستا، رامین سەرەتاییترین مافەکانی لێ زەوت کراوە و هیچکات وەکوو زیندانییەکی سیاسی چاوی لێنکراوە و قەد کۆماری ئیسلامی نەیهێشت لە دووسیەکە، خودی رامین و ئەسڵەن بنەماڵەکەمان ڕەوەندی یاساییەکەی تێپەڕ بکەین و ببینین.
من لە چەند ساڵی ڕابردوودا نەک رامین زۆرێک لە چالاکانی سیاسی کورد کە ئێعدام کراون زۆر جار وەکوو رامین مافیان زەوت کراوە، بەڵام جیاوازی دۆسیەی ڕامین لە گەڵ دۆسیەی کەسانیتر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت ئیتڵاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعات لە کوردستاندا دەستی باڵایان هەیە و بڕیاریان داوە ڕامین ئێعدام بکەن، خوتان ئەزانن کە مانگی بەفرانباری ساڵی پێشوو ناڕەزایەتییەکی بەرین لە شارەکانی ئێران و کوردستان هاتەئاراوە و زیاتر لە سەد شاری ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە گوێی بەرپرسانی ڕژیم، ئەم ناڕەزایەتیانە لە چوار دەیەی ڕابردوودا بێ‌وێنە بووە، تەواوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بردە ژێر پرسیار وە هەر لەم پیوەندەدا بە سەدان چالاکی کورد و ئێرانی گیران و زورێکیان لە زیندانەکانی ڕژیمدا کوژران؛ هەر بەم بۆنەوە لەم کاتوساتە ناسک و هەستیارەدا بۆ چاوترسێن کردنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بە ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی، دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک کپ بکات.

پرسیار: پێویستە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لەم هەلوومەرجە حەساسەدا چی بکەن بۆ پشتیوانی لە ڕامین حسێن‌پەناهی؟
ئەمجەد حسێن‌پەناهی: بە نەزەری من هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە هەستێکی بەرپرسیارانە ئێستاکە دەنگی ڕامین و هەموو بەندکراوانی سیاسی بن، ئێستاکە کە دەبێ بە ناڕەزایەتی خۆیان بە بانگەشە کردن، بە نووسینی بەیاننامە و بە هەر شێوەیەک بۆیان دەگونجێت ڕووبە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم دۆسیە ئاگادار بکەنەوە و بەر بە ئیعدامی ڕامین بگرن؛ ئێستا جێی خۆیەتی هەموو چالاکانی مافی مرۆڤ لەم بارەوە بێنەدەنگ و ناڕەزایەتی خۆیان بەم حوکمە ناعادڵانەیە دەرببڕن وە بەر بە ئێعدامی ڕامین حسێن پەناهی بگرن.

پرسیار: وەک برای ڕامین و بنەماڵەی حسێن‌پەناهی پەیامتان چییە ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان؟ و جەماوەری خەڵکی کوردستان لە چ ڕێگایەکەوە دەبێ پێش بە ئیعدامی ڕۆڵەکانیان بگرن؟
ئەمجەد حسێن‌پەناهی: وەکوو دەزانن وە لە کەس شاراوە نیە، لە کوردستان ڕۆڵەکانی کورد بە مەبەستی سیاسی و ئاگاهانە ئێعدام دەکرێن، جاری وایە تۆڵەی جووڵانەوەیەکی جەماوەری بەرینی خەڵکی کوردستان، لە کەسێک دەکەنەوە، ڕامین ڕۆڵەیەکی ئەو خەڵکەیە، یەکێک لە چالاکانی سیاسی کوردە کە دژ بە ناعەداڵەتی و دژ بە ناحەقییەک کە بەرانبەر بە خەڵکەکەی دەکرێت دەستی داوەتە خەبات، هەر بەم بۆنەوە جێی خۆیەتی هەموو خەڵکی ئازادیخوازی ئێران و کوردستان و هەروەها هەموو چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەمبارەوە بێنە سەرهێڵ و خاونداریەتی لە ڕامین بکەن، ڕامین ئێستا تەنیا کوڕی بنەماڵەی ئێمە و ئەندامی کۆمەڵە نییە، بەڵکوو کوڕی بنەماڵەی هەموو تاکێکی کوردە و دەبێ هەموومان پێکەوە بە یەکدەنگ پاڵپشتی لە ڕامین حسێن پەناهی و هەموو چالاکانی سیاسی کورد بکەین. دەنگی ڕامین بین و بەر بە ئێعدامی ئەوە بگرین، بە ڕێکخستنی ئاکسیۆن، ناڕەزایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وە لە هەمووی گرینگتر، ناڕەزایەتی خەڵکی شارەکانی کوردستان دەتوانێت کاریگەر بێت لە هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدامی ڕامین.

PM:05:27:11/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 770 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌