لاریجانییەكان لە مێژوودا

(بەشی یەكەم)
ئایەتوڵڵا میرزا هاشمی ئامۆلیی لاریجانی
مەنسوور سۆفی

بنەماڵەی لاریجانی یەكێك لەو بنەماڵانەی كۆماری ئیسلامین كە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵێكی گەورەیان هەیە. ئێستاكە ئەم بنەماڵەیە وەكوو مافیایەكی گەورە لەناو دەسەڵاتدارانی كۆماری ئێسلامی دەناسڕێن و ڕۆژ بە ڕۆژ ناڕەزایەتیەكان بەرەو ئەوان جیدیتر دەبێتەوە. بەڵام بنەماڵەی لاریجانی وەها ڕیشەیان لە سەر ئەم حكوومەتە داكوتاوە كە بەم ئاسانیە ناتوانرێ ڕۆڵیان لەناو حكوومەت كەم بكڕێتەوە. لەم ڕۆژانەدا بە هۆی دژایەتیی مەحموود ئەحمەدی نژاد لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە، ناویان زۆرتر دەبیستڕێت و زۆرتر ڕۆڵ و كاریان لە بەڕێوەبردنی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی بەرجەستە بۆتەوە. بۆ زیاتر ناساندنی ئەو بنەماڵەیە و ڕۆڵ و كارگەرییان لە بەڕێوەبردنی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی و هۆی دژایەتی كردنی ئەحمەدی نژاد لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە، زەنجیرە وتاڕێك لە ژێر ناوی لاریجانیەكان لە مێژوودا بڵاودەكەینەوە. بنەماڵەی لاریجانی لە ناو سیاسەت و دەسەڵات و بەڕێوەبردنی كۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵێكی گەورە و گرینگیان هەیە. باوكی ئەم بنەماڵەیە، میرزا هاشمی لاریجانی، یەكێك لە مەرجەعە تەقلیدەكانی شیعەیە.  ئەم بنەماڵەیە لای عەلی خامنهای، ڕێبەری ئێستای كۆماری ئیسلامی زۆر خۆشەویستن و باوەڕ و متمانەی زۆری پێیانە.  بۆ ئەوەی بە جوانی ڕۆڵ و كاریگەریی ئەم بنەماڵەیە لە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیدا بناسین سەرەتا دەگەڕێنەوە بۆ شۆێنی لە دایكبوون و سەرهەڵدانی ئەم بنەماڵەیە. لە ساڵی ١٢٧٨ هەتاوی لە شاری لاریجانی مازەندەران لە باكووری ئێران لە گوندی پۆردەمە لە هەفتا كیلومتری  شاری ئامۆل، لە بنەماڵەیەكی مام ناوەند كۆڕێك چاوی بە دنیا دەپشكوێ كە دواتر نازناوی میرزا هاشمی ئامۆلیی لاریجانی پێدەدەن. ناو براو لە منداڵیەوە لە حوجرە دەست بە خوێندنی قورئان دەكات و دواتر بۆ  فێربوونی ئەدەبیاتی عەرەبی دەچێتە لای سەید تاج و شێخ ئەحمەد ئامۆلی كە لە ناوچەكەی خۆیاندا ناوبانگیان هەیە. (ڕۆژنامەی مەشرێق ١٤ی پووشپەری ١٣٩٣ی هەتاوی) لە سێزەد ساڵیدا بۆ درێژەدان بە خوێندنەكەی دەچێ بۆ تاران و لە قوتابخانەی بەڕێوەساڵار لە ژێر دەستی سەید حەسەن مودەرەس، پەروەردە دەبێت و ماوەی دوازدە ساڵ بە واتایەكیتر تا تەمەنی ٢٥ ساڵی هەر لەو قوتابخانەیەدا درێژە بە خوێندن لە بواری زانستی ئایینی دەدات. ( ڕۆژنامەی هەمشەهری ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩١ هەتاوی). دواتر لە ساڵی ١٣٠٥ی هەتاوی بەرەو شاری قوم دەڕوات و بۆ ماوەی ٦ ساڵ لەوێ لە لای ئایەتوڵڵا حائێری و ئایەتوڵڵا موئەسێس خەریكی خوێندن لە بواری فەلسەفە و عیرفان دەبێت. پاشان كە دەگات بە دەرەجەی ئێجتهاد بەرەو شاری نەجەف لە عیراق وەڕێ دەكەوێت و تا وەرگرتنی دەرەجەی ئێجتهاد لەو شارە دەمێنێتەوە و درێژە بە خۆێندنەكەی دەدات. دوای ئەم ماوەیە دەگەڕێتەوە بەرەو شاری قوم و خەریكی وانە وتنەوە لە بواری ئاییندا دەبێت. لە شاگردە بەناو بانگەكانی ناو بروا دەتوانین ئاماژه بە محەممەد یزدی، مكارم شیڕازی، جەوادی ئامۆلی، مستەفا موحەقق داماد و... نێو بكەین. (ڕۆژنامەی هەمشەهری ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩١ هەتاوی). هێندێك لە سەرچاوەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامی و نزیك لە علی خامنهای، باس لەوە دەكەن كە ناوبراو لە ساڵی ١٣١١ی هەتاوی دەستی كردووە بە دژایەتی لەگەڵ محەمەد ڕەزا شای ئێران و لە هەموو شۆێن و بۆنە ئایینیەكان ڕەخنەی تووندی لە شا گرتووە و هەر ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی كە بە ناچار شاری قوم بەرەو شاری نەجەف لە عیراق جێ بهێڵێت و بۆ ماوەی نزیك ٣٠ ساڵ لەوێ ماوە و ژیانی لە تاراوگەدا بەسەربرد. (ماڵپەڕی موباحسات ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٤ هەتاوی). هەروەها ئەم سەرچاوانە دەنووسن كە میرزا هاشمی لاریجانی یەكێك لە دۆستانی نزیكی خومەینی بوو كە لە  ڕەزبەری ١٣٤١ی هەتاویەوە لە ناو ناڕەزایەتیەكانی خومەینی دژ بە شا لە پەنای خومەینی ڕاوەستا و یارمەتیدەری بوو و پشتیوانیی تەواوی ڵێدەكرد. (بیرەوەریەكانی ئایەتوڵڵای گرامی، نووسەر حەكیمە ئەمیری لاپەڕەی ١٠٥). هەروەها دەگوتڕێت كە میرزا هاشم لە ڕەشەمەی ١٣٤١ی هەتاوی لەگەڵ هێندێك لە مەلاكانی دیكە، نامەیەكیان بۆ ئەسەدوڵڵا عەلەم سەبارەت بە سەرپێچیەكانی حكوومەت لە قانون نووسی و زۆر بە تووندی ڕەخنەیان لەوە گرت كە نابێت حكوومەت مافی دەنگدان بە ژنان بدات چ لە بواری خۆ پاڵێوەری و چ لە بواری هەڵبژاردن. ئەوە گوناهێكی گەورەیە و لەگەڵ ئایین و سونەتەكانی ئیسلام نایەتەوە و كۆمەڵگا بەرەوە هەڵدێر و گەندەڵی دەبات. (سەنەدەكانی شۆڕشی ئیسلامی ج ١ لاپەڕەی ٥٢-٥٦). لە لایەكی دیكەوە خوشكی میرزا هاشم باس لەوە دەكات كە ناوبراو كاری بە سیاسەت نەبوو و حەزی پێ نەدەكرد... منداڵەكانیشی دوای فەوتی ناوبراو زۆرتر لە سیاسەتەوە گڵان. (فەردا نیوز ٣ی پووشپەری ١٣٨٨ی هەتاوی). بەڵام ئەوەی ڕوونە سەبارەت بە خومەینی ناوبراو لە سەرەتایی ساڵەكانی ١٣٤٠ی هەتاوی زۆر خۆشی لە خومەینی نەدەهات و بە جۆڕێكیش دژایەتیی دەكرد. ئەم دژایەتیە لە ڕووداوی مەدرەسەی فەیزییە لە شاری قوم، ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی زۆر ئاشكرا دەبێت و لەوێدا زۆر بە تووندی دژ بە خومەینی هەڵوێست دەگڕێت. مێهدی خەزعەلی ٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی لە بەرنامەی ڕادیۆ دەنگی ئەمریكا لە بەرنامەی سەفحەی ئاخردا دەڵێت دوای ماوەیەك لەم ڕووداوە باوكم و ١٢ مەلای دیكە لە سەر مەرجەعیەتی خومەینی كۆ دەبنەوە و ڕازی دەبن بەوەی كە خومەینی وەك مەرجەعی تەقلیدی شیعە بیناسێنن. یەكێك لە شاگردەكانی میرزا هاشم لە سەر كلاسی دەرسەكەی ئەم هەواڵه بە ناوبراو دەگەێنێت. میرزا هاشم زۆر تووڕە دەبێت لەم كارە و بە دەنگی بەرز دەڵێت ئەوە گەورەترین خیانەتە بە شیعە و تەواوی مەلاكانی دیكەی شیعە. ناوبراو لە دڕێژەی باسەكەی ئاماژه بەوەش دەكات كە خومەینی خۆی پێی وابووە ناوبراو سەر بە ئینگلیزەكانە و زۆر ناكڕێ باوەڕی پێ بكڕێ. بە جۆڕێك تا كاتێك خومەینی لە ژیاندا مابوو هیچ بەرپرسایەتییەكی گرینیگ بەو بنەماڵەیە نەدرا و بە جۆڕێك دوور خرابونەوە لە دەسەڵات.  لە سەنەدێكدا كە لە ئارشیڤی ساواك بڵاوبۆتەوە و لە ماڵپەڕی موباحێسات كە گۆڤاڕێكی حەوزە و ڕوحانیەتە بە تێر و تەسەل باس لەوە دەكات كە وتارەكان و كارەكانی ناوبراو لە چڕتربوونی چالاكیەكانی شۆڕش زۆر تووند و كاریگەر نەبووە و بە جۆڕێك ساواك زۆر بە وتارەكانی و چالاكیەكانی حەساس نەبووە. هەروەها لە درێژەی ڕاپۆرتەكەی ساواك هاتووە تەنانەت بۆ ئەوەی خەڵك لە خومەینی دوور كەونەوە پێشنیاریان داوە كە پشتیوانی لە میرزا هاشمی ئامۆلی بكەن تاكوو بەم شێوەیە خومەینی بخەنە پەراوێزەوە. (ئیمام خومەینی لە ئاوێنەی دێكۆمێنتی ساواكدا، بەرگی ١١ لاپەڕەی ٣٤٣). دواتر لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی كاتێك خومەینی دەسەڵاتی گرتە دەست و خۆی بە سەر گەڵانی ئێراندا سەپاند، ناوبراو بە ئاشكرا پشتیوانیی خۆی لە خومەینی و حكوومەتەكەی كرد. میرزا هاشمی لاریجانی، ٧ی ڕەشەمەی ١٣٧١ی هەتاوی لە تەمەنی ٩٣ ساڵی بە هۆی جەڵتەی دڵەوە مرد. ناوبراو ٦ منداڵی هەیە كە گەرەترین منداڵی كچێكە بە نێوی فازێلە لاریجانی، كە هاوسەری مستەفا موحەققه. دواتر ٥ كوڕی هەیە بە ناوەكانی محمد جواد لاریجانی، علی لاریجانی، سادق لاریجانی، باقر لاریجانی، فازل لاریجانی. سێ كورە گەوری میرزا هاشم لە دایكبووی شاری نەجەف لە ولاتی عیراقن و دوو براكەی دیكە لە شاری قوم لە ئێران لە دایكبوون. هەموویان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی خزمایەتیان هەیە. فازێلە لاریجانی هاوژینی سەید مستەفا موحەقق دامادە. ناوبراو لە ماوەی ساڵەكانی ١٣٦٠ی هەتاوی تاكوو ١٣٧٣ی هەتاوی بەرپرسی ڕێكخراوی تەفتیشی تەواوی ئێران (سازمان بازرسی كل كشور) بوو. ئێستاش ئەندامی فەرەهەنگستانی ئێرانە. عەلی لاریجانی هاوژینی فەریدە موتەهەری، منداڵی پێنجەمی مورتەزا موتەهەریە. مورتەزا موتەهەری لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بەرپرسی شورای شۆڕش بوو. سادق لاریجانی هاوژینی كچی حوسەین وەحید خوراسانیە كە یەكێك لە مەرجەعە تەقلیدەكانی شیعەیە. هەروەها باقر لاریجانی هاوژینی كچی حەسەن حەسەنزادە ئامۆلیە كە لە گەورە كەسایەتیەكانی مەزهەبی شیعەیە. پێج كوڕی ئەم بنەماڵەیە سیاسەتوان و بەرپرسایەتی گەورەی سیاسی و دادوەرییان لەناو سیستمی بەڕێوە بردنی كۆماری ئیسلامیدا هەیە. بە جۆڕێك دوو برا لەم پێنج برایە بەرپرسی بەڕێوەبردنی دوولایەن لە سێ لایەنی سیستمی بەڕێوەبردنی كۆماری ئیسلامین. ئێستاكە عەلی لاریجانی بەرپرسی پارلمانە. سادق لاریجانی بەرپرسی دەزگای دادە. محەممەد جەواد لاریجانی بەرپرسی مافی مرۆڤی دەزگای دادە. باقر لاریجانی جێگری فێرگەی وەزارەتی بێهداشتە. هەر وەها فازل لاریجانی بەرپرسی زانكۆی ئازادی ئیسلامی بەشی شاری ئامۆلە. سەبارەت بەم بنەماڵەیە، یەكەم جار باقر خەڕازی بەرپرسی گشتی كۆمەڵی حیزبوڵڵای ئێران و بەرپرسی ڕۆژنامەی حیزبوڵڵا لەبارەی گەندەڵی هێندێك لە دەسەڵاتدارانی حكوومەتی ئیسلامی ڕوو بە ڕای گشتی لە ڕێكەوتی ١١ی پووشپەر ١٣٩١ی هەتاوی لە ڕۆژنامەی شەرق دەڵێت كە... ئێمە زۆر ترساوین لەوەی كە جەریانێك بەم شێوەیە ڕێكوپێك خۆی ڕێكخستووە بە جۆڕێك هێزەكانی خۆی لە ناو گەروی كۆماری ئیسلامیدا جێ كردۆتەوە... چۆن دەبێت لە گوندێكی لاریجان هێندێك لە بەرپرسانی ئێمە بە دەسەڵات گێشتبێتن كە هیچ پێشینەیەكی شۆڕشگێڕیان نییە. چۆن ئەم متمانەیان پێ كراوە؟ دەبێت بە ڕوونی ڕابردووی ئەوانە هەڵدەینەوە و لێی بكۆلینەوە. من بە باشی بەدواداچوونم لە مەركەزی قودرەتی حكوومەت بۆ كردووە و بۆم دەركەوتووە هەموو ئەم موشكیلانەی ئێستا بەرۆكی حكوومەتی گرتووە لە ژێر سەری ئەمانەدایە... . شایانی باسە باقر خەڕازی، كوری ئایەتوڵڵا سەید موحسن خەڕازی ئەندامی مەجلسی خێبرگانی ڕێبەریه. براكەی سادق خەڕازی سەفیری پێشووی ئێران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو. مامی، دوكتور كەماڵ خەڕازی وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی بوو و خۆشكی ناوبراویش هاوژینی مەسعود خامنەای كوڕی ڕێبەری كۆماری ئیسلامیە. 

AM:11:38:11/04/2018




ئه‌م بابه‌ته 275 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌