زنجیرە خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتی لە وڵاتی یونان بە دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: لە ڕۆژانی ڕابردوو لە لایەن كۆمەڵێک لە چالاكانی سیاسی و نوێنەری حیزبە ڕۆژهەڵاتییەكان بڕیاردرا زنجیرە كۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێران لە شوێنە جۆراوجۆرەكانی شاری ئاتێنی پێتەختی وڵاتی یونان بەڕێوە بچێت.

چالاكانی سیاسی هاوڕێ لەگەڵ نوێنەری حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان ڕۆژی هەینی ڕابردوو، 5ی ژانویە لە بەردەم سەفارەتی كۆماری ئیسلامی لە ئاتێن یەكەم كۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لەم زنجیرە کۆبوونەوانەی کە بڕیاری لە سەر درابوو، بەڕێوە برد. ئەو كۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا درووشم گەلێک دژ بە كۆماری ئیسلامی، لە شێوەی "بڕووخێ كۆماری ئیسلامی، ئازادی زیندانییە سیاسییەكان و..." بە چەند زمان وترایەوە و دواجار دواتر هەرکام لە نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەكان (چالاكانی سیاسی ئاتێن، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی کوردستان، حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و شوورای دێمۆكراسیخوازانی ئێران)، ڕاگەیاندنی تایبەت بە خۆیان خوێندەوە؛ لە درێژەدا ڕاگەیاندنی هاوبەشی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حدكا بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكانی ئێران و كوردستان لە لایەن هاوڕێ شاهۆ مەحموودی كادری كۆمەڵە خوێندرایەوە.

ڕۆژی دواتر واتە 6ی ژانویە، لە بەردەم سەفارەتی كۆماری ئیسلامی و هاوکات مەیدانی سەرەكی ئاتێن دوو كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دیكە بەڕێوە چوو.

دواجار لەلایەن ڕێکخەرانی ئەم زنجیرە كۆبوونەوانە بڕیاردرا تا گەیشتن بە مەبەست، واتە هەڵوێستی جددی حكوومەتی یونان بەرانبەر بە ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئێران و هەوڵەكانی كۆماری ئیسلامی هەموو ڕۆژێک كاتژمێر 5 لە دوو شوێنی گەشتیاری و قەرەباڵغی شاری ئاتێن ئاكسیۆنی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن و بە ئامادە كردنی تۆمارێک داوا لە خەڵک و حیزبە سیاسییەكانی یونان دەکەن كە بە واژۆكردنی تۆماری ئامادەكراو بۆ پەڕلەمانی یونان، پشتگیری خۆیان لە خەڵکی ئێران دەربڕن و هەڵسووکەوتی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ناڕازییان مەحکووم بکەن.


PM:08:03:10/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌