بە هۆی ‌هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر بنكەیەكی كۆماری ئیسلامی لە سووریە ١٢ كەس كوژران

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، ٢ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی، هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی سەربازی ئێران لە سووریە و لەم هێرشە ئاسمانییەدا لانیكەم ١٢ سەرباز و پلەداری ئێرانی كوژران.

دوابەدوای ئەم هێرشە ئاسمانییە، بێنیامین ناتانیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا بە بێ ئەوەی ئاماژە بەو هێرشە ئاسمانییە بدات، رایگەیاند ئیسرائیل ئیزن نادات ئێران لە سووریە هێزی سەربازیی هەبێت.

بەشی ئینگلیزی رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، ئێوارەی شەممە رایگەیاند: كاناڵە تێلگرامییەکانی سەر بە سپای پاسداران ناو و ناسنامەی ١٢ ئێرانی بڵاو كردۆتەوە كە لەو هێرشە سەربازییەدا كوژراون.

هەر چەند تا ئێستا بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی و ماڵپەڕە فەرمییەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامی باسیان لەو هێرشە ئاسمانییە نەكردووە، بەڵام وێبسایتی رۆژنامەی ها ئارتێز و كەناڵی بەریتانیایی سكای نیوز بە عەرەبی راپۆرتیان بڵاو كردۆتەوە، لەم هێرشە ئاسمانییەدا كە نزیک بە گوندی ئەلكسوە لە ١٤ كیلۆمەتری باشووری دیمەشق روویداوە لانیكەم ١٢ كەس لە هێزە ئێرانییەكان كوژراون. 

PM:05:43:04/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌