عادل جوبەیر: ئێران گەورەترین پشتیوانی تیرۆریستەكانە لە ناوچەكە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات

لە كاتی كۆبوونەوەی نێونەتەوەیی ناسراو بە (وتووێژەكانی دەریای ناوەڕاست، كە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان كە  لە رۆم پێتەختی ئیتالیا بەڕێوە دەچێت، عادل جوبەیر وەزریری دەرەوەی عەرەبستان رۆژی هەینی ١ی دیسەمبەر بە توندی هێرشی كردە سەر ئێران و سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی و باسی لەوە كرد كە كۆماری ئیسلامی دەورێكی نێگەتیڤ دەگێڕێت لە رووداوەكانی ناوچەكەداو ئێرانی بەوە تاوانبار كرد كە بێترس دەست دەدەنە قەتل و عام لە ناوچەكە و جیهان و هۆكاری بشێوین لە ناوچەكە.
وەزیری دەرەوەی عەرەبستان هەروەها باسی لەوە كرد:"لە ساڵی ١٩٧٩ەوە كۆماری ئیسلامی لایەنگر و پشتیوانی سەرەكی تیرۆریسمە لە جیهان، پشتیوانی تیرۆریستەكانە و یارمەتیان دەدات بەوەی چالاكی بكەن و بە سەقامگیر كردنی حیزب اللە لە لوبنان، ئەم تاقمەی بە مەبەستی سپی كردنەوەی پارەو قاچاخی ماددە سڕكەرەكان بەكار هێناوە."
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە حاڵێكدایە كە رۆژی پێشتر جەواد زەریف هێرشی كردبووە سەر عەرەبستان و عەرەبستانی بەوە تاوانبار كردبوو كە ناویهەوێت ئاشتی لە لوبنان و سووریە سەقامگیر بێت.
هەروەها عەرەبستانی بەوە تاوانبار كردبوو كە پشتیوانی داعشە و بە پشتیوانی داعش دەیانویست دەوڵەتی ئەسەد بڕووخێنن. 
ئەم مشت و مڕ و وتانەی وەزیرانی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی و عەرەبستان لەحاڵێكدایە كە لە چەند مانگی رابردوودا كێشەو  ململانێی نێوان دوو وڵاتی عەرەبستان و ئێران بە تایبەت لە سەر پرسی سووریە و لوبنان و یەمەن زەقتر بۆتەوە.
عەرەبستان ، كۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار دەكات كە دەیهەوێت بە پڕچەك كردنی گرووپە شیعەكان لە وڵاتانی ناوچەكە بشێوی لەو وڵاتانە دروست بكات.
ماوەیەك لەوە پێش سەعەد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان بە ناڕەزایەتی بە دەستێوەردانی ئێران لە لوبنان و پشتیوانی لە حیزب اللە دەستی لەكار كێشایەوەو دەست لە كار كێشانەوەی خۆی لە عەرەبستانەوە راگەیاند. كۆماری ئیسلامی و گرووپە نزیكەكانی دەیانویست وەها نیشان بدەن كە سەعد حەریری لە ژێر گوشاری عەرەبستاندا ئەم كارەی كردوەو وایان نیشان دەدا كە عەرەبستان سەعد حەریری بە بارمتە گرتووە. بەڵام سەرئەنجام دوای سەفەر كردن بۆ فەرانسە سەعد حەریری گەڕایەوە لوبنان و جارێكیتر جەختی كردەوە لە سەر ئەوەی پێویستە كۆماری ئیسلامی واز لەوە بهێنێت دەست وەربدات لە كار و باری لوبنان.
هەروەها پرسی عێراق و باڵا دەست بوونی هەركام لەو دوو وڵاتە (ئێران و عەرەبستان) لە عێراق یەكێكیتر لە پرسە جێناكۆكەكانی ئەم دوو وڵاتەیە. هەرچی ئێرانە دوای ٢٠٠٣ توانیویەتی لە ناو گرووپە شیعەكاندا كاریگەری زۆر دابنێت لە عیراق  لە هەمانكاتدا بەشێكی زۆر لە بازاڕی عیراقی گرتۆتە دەست. 
بەڵام بەشێك لە گرووپە شیعەكان لەوانە (سیستانی) بەرەو عەرەبستان رۆیشتوون و سەفەری ماوەیەك لەوە پێشی عیبادی بۆ عەرەبستان نیشانەیە بۆ نزیكبوونەوەی عیبادی لە عەرەبستان.
لە هەمانكاتدا لە لایەن حكوومەتی عیراقەوە باجێكی زۆر خراوەتە سەر كاڵا بازرگانییەكانی ئێران و لە بەرامبەردا كاڵاكانی عەرەبستان بە بێ هیچ باجێك هەناردەی عێراق دەكرێن كە ئەمەش نیشانەیە بەوەی عیراق خوازیاری پەرە پێدانی پەیوەندییە بازرگانییەكانیەتی لەگەڵ عەرەبستان.
عادڵ جوبەیر، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان زۆرجار بە زمانی توند دژی كۆماری ئیسلامی قسەدەكات و ئێران بە پشتیوانی گرووپە تیرۆریستیەكان ناو دەبات، بەتایبەت لە لوبنان و یەمەن و سووریە و عێراق.

PM:03:06:03/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌