شانتال ئاكێرمان و ئەزموونە ناوازەكەی (2)

دەروازەیەك بۆ سینەمای شانتال ئاكێرمان
بەشی دووهەم و كۆتایی
پ. جاهێد
و: ئیدریس عەبدی

حەز و هیواكانی "ژان" لەگەڵ بیرەوەرییەكانی سەردەمی منداڵیدا لە برۆكسێل و لە شوێنێكدا كە دانیشتووانەكەی جوولەكەن، لە یەك گیر بوون، شوێنێك كە لەوێدا ڕێساكانی ژیان بەپێی ئایینەكان دادەڕێژرێت. ئاكێرمان لەم بارەوە دەڵێت: "من ئینسانێكی ئایینی و دیندار نیم، بەڵام بەرهەمهێنانی فیلم ئەوەندە بۆ من گرنگە كە هەندێك لە شتەكانی لە لام لایەنی موقەدەسی دەبێت.
ژان دیلمان تاساڵی 1983 دەرفەتی پیشاندانی لە نیۆیۆرك نەبوو، بەڵام چەندین جار لەلایەن ڕەخنەگرانی فیلم، بیرمەندان و فێمینیستەكانەوە، ڕێزی لێگیرا و وەك یەكێك لە باشترین فیلمەكانی مێژووی سینەما، لەڕیزی فیلمە باشەكانی ڕەخنەگراندا جێگای خۆی كردەوە.
ئاكێرمان لەسەر ئەم فیلمە دەڵیت: "بە هۆی درووستكردنی ئەم فیلمەوە هەست بە شانازی دەكەم. زۆر لە بەشەكانی لە نەستی منەوە سەرچاوەیان گرتبوو. كاتێك سیناریۆی ئەم فیلمەم دەنووسی، وەكوو ڕووبارێك بەخوڕ هات. دەقەكە ئەوەندە پڕ لە وەردەكاری بوو، "دۆلفین سرینگ" (ئەكتەری فیلمەكە) گلەیی ئەوەی كرد كە جێگایەك بۆ داهێنانی ئەو نەماوەتەوە.
"بەدرێژایی شەو "198"، سەمفۆنیای شەوانەی ئاكێرمانە سەبارەت بە پێوەندی كچێك لەگەڵ دوو كوڕی گەنجدا، هەموو فیلمەكە لە شەوێكدا و لە برۆكسێل تێپەر دەبێت. ئەم فیلمەش تا ڕادەیەك، بە یەكێك لە كارە گرنگەكانی دێتە ئەژمار و هەڵگری خەسڵەتی ستایل و گێرانەوەی سینەمایی ئەوە.
لە فیلمی ئۆتۆبیۆگرافیكی " ژوانەكانی ئانا" (1978)، ئاكێرمان دەپەرژێتە سەر كێشەكانی ژیان و قەیرانگەلی دەروونیی كچێكی گەنجی سینەماكار بەناوی ئانا و سەفەر و دیدارەكانی لەگەڵ كەسە جۆراوجۆرەكاندا، ئەم فیلمەش بەپێی هەمان ستراتیژییە فۆرمیكەكان و ڕێكارە مینیماڵیستییەكانی گێرانەوە بەرهەم هاتووە، بۆنموونە پیشاندانی كاتی دوور و درێژ،  جەخت كردنەوە لە سەر ڕووداوە سادە و ڕۆتینەكانی ژیانی ڕۆژانە، دووركەوتنەوە لەهەر چەشنە ئاڵۆزی و باق و بریقێك.
خۆڕاگری لە بەرامبەر مۆركەكاندا
شانتاڵ ئاكێرمان بەردەوام دژی ئەوەیە فیلمەكانی بە مینیماڵیستی یان فێمینیستی پێناسە بكەن. ئەو لە بەرامبەر بە مینیماڵیستی یان فێمینیستی ناوزەدكردنی"ژان دیلمان"دا وتوویەتی: پێم وانییە بەرهەمێكی مینیماڵیستی بێت. بەڕای من بەرهەمێكی ماكسیماڵیستییە. زۆر گەورەیە، و ئەگەریش ئەمرۆ ئەم فیلمەم بەرهەم بهێنایە، نەمدەزانی كە بە فیلمیكی فێمینیستی ناوزەدی دەكەن، چونكوو دەتوانێت سەبارەت بە ژیانی پیاوێكیش بێت.

بە بڕوای ژانت بێرگسترۆم، مامۆستای زانكۆی یۆسی ئێڵ ئەی، لە زۆربەی باسە پێوەندیدارەكان بە "سینەمای نوێی ژنان"ـەوە، سینەما بە دوو دەستەی ڕیالیست و ئاوانگارد دابەش كراون، بەڵام لە فیلمەكانی ئاكێرماندا، ئەم جیاوازییانە لە بەرچاو ناگیردرێت و بە گشتی ناچنە خانەی ئەم پۆلێنبەندییەوە.
فیلمەكانی ئاكێرمان، سنووری نێوان ڕیالیستبوون و ئاوانگاردبوون لەبەرچاو ناگرێت و لەبەرامبەر دابەشكردنە باو و پێناسەكراوەكاندا بەرگری لەخۆیان دەكەن. ئاكێرمان وتوویەتی فیلمەكانی زۆرتر باسی چۆنایەتی و دۆخەكان دەكەن تا ئەوەی تەنیا ڕۆانگەیەكی فێمینیستیان هەبێت. ئاكێرمان دەڵێت هەموو ناولێنان و مۆركێك كە بەسەر فیلمەكانیدا دەچەسپێنن، تا ڕادەیەك بێزاركەرن: ناودانان لە سەر شتێك، بەمانای خاوەندارێتییە. بەڕای من ئەم مۆركانە فیلم بچووك دەكەنەوە. لەوانەیە لەسەر حەق بن، بەڵام هیچ كات بە تەواوەتی لەسەر حەق نین. بەدڵنیاییەوە بە فێمینیستی یان مینیماڵیستی ناوزەدكردنی سینەمای ئاكێرمان، خوێندنەوەیەكی بەربەست كراو، داشكێنانە(Reductionism)  و یەكلایەنانەیە بۆ فیلمەكانی و زۆرێك لە لایەنە گرینگەكانی شێواز و تێماتیكی كارەكانی لەبەرچاو ناگرێت. هەر فیلمێكی ئاكێرمان دەبێت بەپێی دونیایەك كە دەیخۆڵقێنێت و كاراكتەرەكان و بارودۆخەكانی شیكاری بكرێت. بەبێ دابەشكردنی فیلمەكانی ئاكێرمان لەم دەستە بەربەستكراو و داشكێنانەدا دەكرێ فیلمەكانی ببینرێت و لە ڕوانگەی سینەمایەكی ڕئالیستی و بیرمەندانەوە سەیر بكرێن. هەرچەندە ئاكێرمان هاوڕەگەزخوازە و هۆگرایەتیی سێكسی ئەو بە ئاشكرا لە فیلمەكانیدا بەتایبەت لە فیلمی "من، تۆ، ئەو كوڕە، ئەو كچە"دا ڕەنگیداوەتەوە، بەڵام بەهەمان شێوە كە دێڤید ئێدگار دەڵێت: زەحمەتە فیلمەكانی ئاكێرمان لە ژانری سینەمای هاوڕەگەزخۆازەكاندا دابنرێت، چونكوو فیلمەكانی لەبەرامبەر هەر جۆرە پۆلێنبەندی كردنێكدا بەرگری لەخۆیان دەكەن.
بە وتەی ئێدگار، لە نێو فیلمەكانی ئاكێرماندا فیلمی "من، تۆ، ئەو كورە، ئەو كچە"1974، لەوانیتر جیاوازترە، چونكوو لەم فیلمەدا، كاراكتەری سەرەكیی ژن، كە خودی ئاكێرمان ڕۆڵی تێدا دەبینیت، دەڕواتە ئاپارتمانی كچە هاوڕێ پێشووەكەی و لە پلان_سكانسێكی درێژدا، لەگەڵی سێكس دەكات. سیكانسێك، كە بە وتەی ئێدگار، بەهۆی درێژ ماوەبوون و پیشاندانی سێكسی دوو ژنی ڕووت، لەوانەیە وروژێنەر بێت، بەڵام بەهۆی بێ جووڵە بوونی كامێرا، تایبەتمەندیی پۆرنۆگرافیكی نییە.
 "من، تۆ، ئەو كوڕە، ئەو كچە"1974 
ئاكێرمان، بەردەوام دژایەتی لەگەڵ ئەوە كردووە كە ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵەكان و ڕووداوە سینەماییەكانی تایبەت بە هاورەگەزخۆازان پیشان بدرێت. ئاكێرمان وتوویەتی، هیچ كات ڕێگە نادات فیلمێكی لە فێستیڤاڵێكی تایبەت بەهاوڕەگەزخۆازاندا پیشان بدرێت. ئەگەرچی دواتر لەسەر فیلمی "من، تۆ، ئەو كوڕە، ئەو كچە" پاشگەز بووەوە و لێگەڕا فیلمەكە لە فێستیڤاڵی فیلمی هاوەڕەگەزخوازەكانی لەندەن لەساڵی 2013دا نمایش بكرێت.
فیلمە دێكۆمێنتارییەكانی ئاكێرمان
ئاكێرمان لەو فیلمە دێكۆمێنتارییانەیدا كە لە نیۆیۆرك بەرهەمی هێنا بوو، چەند فیلمێكی وەك"دەنگوباسەكانی ماڵەوە"1976 و"چیرۆكە ئەمریكییەكان، خواردن، خێزان و فەلسەفە"1989، وێنەیەكی نەناسراو و پێناسەنەكراوی لە نیۆیۆرك نیشان دا، كە لەفیلمەكانی دیكەدا نەبینرابوون. لە دێكۆمێنتاریی "دەنگ و باسەكانی ماڵەوە" لەگەڵ پێكهاتەیەكی ناگێڕانەوەییدا ڕووبەڕووین. كامێرا لە شەقامەكاندا، مێترۆ و شوێنە گشتییەكانی نیۆیۆرك وەك وێستگە، ڕێگای ژێرزەمینیی تایمز سكوێر و ناوچەی هێلز كیچەن (كلینتۆن) لە نزیكی مەنهەتەن ئەسووڕێتەوە و ژیانی ماندوو و ڕووتینی  ڕۆژانە پیشان ئەدات.
ئەم فیلمانە لە ڕۆانگەی ژنێكی كۆچەریی جوولەكەی بێلژیكی و بەڕەچەڵەك "لەهێستان" یەوە بەرهەم هێنراون و لەگەڵ شۆناسی ڕەگەزی و نەتەوەیی ئاكێرماندا تێكەڵن. هەر فرێمێكی بابێت مۆنگۆلێت، فیلمهەڵگری هەمیشەیی ئاكێرمان لە نیۆیۆرك، وەكوو تابلۆیەكی ئێدوارد هۆپێر وایە. دەنگی ئاكێرمان كە نامەكانی دایكی دەخوێنێتەوە و بەشێوەی "ڤۆیس ئۆڤەر" لەسەر فیلمەكە دەیبیسترێت، كەشێكی زۆر ملانكۆلیكی خۆڵقاندووە. فیلمەكە بەگرتەیەكی لانگ شات لە كۆڵانێكی چۆڵ لە نیۆیۆرك دەست پێدەكات و هەندێك جار ئۆتۆمۆبیلێك یان كەسێك لەوێدا، تێدەپەرێت. كامێرا بۆ ماوەیەكی زۆر بەبێ جووڵە دەمێنێتەوە. دواتر كات دەبێت بە گرتەیەكی دیكە لەشەقامێكی پانتر كە ئەویش چۆڵە. لەو كاتەدا دەنگی ئاكێرمان دەبیستین، نامەیەكی دایكی كە لە بێلژیكەوە بۆی ناردووە دەخوێنێتەوە: "منداڵە ئازیزەكەم. نامەكەت گەیشت. هیوادارم كە هەموو جارێك نامەم بۆ بنووسیت. هیوادارم كە زووتر بگەرێتەوە بۆ ماڵەوە. هیوادارم تا ئێستا كارت پەیدا كردبێت. پێم وابێت نیۆیۆرك بە لاتەوە خۆشترە. هەر بۆیە ئێمەیش، هەرچەند بێ تاقەتین، بەڵام خۆشحاڵین، كەی دەگەڕێیتەوە؟ لێرە هەموو شتێك وەكوو جارانە. بەڵام سیلوین سەرمای بووە و منیش زۆر باش نیم. پەستانی خوێنم زۆر دابەزیوە و بەو هۆیەوە دەرمان دەخۆم. ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایكبوونمە و هەست بە خەم و پەژارە دەكەم. ئەمرۆ، شەممەیەكی بێزاركەر و بێدەنگە لە فرۆشگادا. بە بۆنەی ڕۆژی لە دایكبوونمەوە، نانی ئێوارە لەگەڵ هاوڕێیكانمان دەبین. ڕۆژی لەدایكبوونی تۆیش نزیكە و باشترینەكانت بۆ بە ئاوات دەخۆازم. زوو وڵامم بدەوە، من نیگەرانی كارەكەت و نیۆیۆرك و هەموو شتێكم. لەلایەن هەرسێكمانەوە لەئامێزت دەگرم. ئێمە هەمیشە بیرت دەكەین. دایكت."  گرتەی كۆتایی، گرتەیەكی لانگ شاتە لە تەلارە بەرزەكانی نیۆیۆرك، كە لە هەوایەكی هەوریی و تەم و مژاویدا و لەسەر ئاو وێنەگیراوە.
لە كۆتایی فیلمەكەدا، كامێرای ئاكێرمان، بەپێچەوانەی دەستپێكی فیلمەكەوە دەجووڵێتەوە. لە پلان_سكانسی درێژی كۆتایی فیلمەكەدا كە نزیك بە 12 خۆلەك دەخایەنێت، كامێرا لەناو بەلەمێكدا كە هێدی هێدی لە بەندەری نیۆیۆرك دوور دەكەوێتەوە و ئەوەندە دوور دەبێتەوە كە لە كۆتاییدا دیمەنێك لە تەلارە بەرزەكان لە هەوایەكی هەوری و دڵتەنگدا دەبینرێت. ئاكێرمان دوایین نامەكەی دایكی دەخوێنێتەوە و ئیتر جگە لە دەنگی شەپۆلەكانی ئاو و ئاوازی مەلە دەریاییەكان، هێچ دەنگێكی دیكە نابیسترێت.
لە دیكۆمێنتاری دراماتیزەكراوی "چیرۆكە ئەمریكییەكان، خواردن، بنەماڵە و فەلسەفە"(1989)شدا، ئاكێرمان جارێكی دیكە كامێراكە دەباتە نێو نیۆیۆرك، بۆ نێو كۆمەڵی جوولەكەكانی ئەم شارە و فەرهەنگێك تۆمار دەكات كە بەرەبەرە بەرەو لەناوچوون دەڕوات. لەم فیلمەشدا كامێرای ئاكێرمان لە فرێمی بێ جووڵە و گرتەگەلی درێژدا، قسەكانی بنەماڵە جوولەكەكان و گێرانەوەكانی ئەوان لە كۆچ كردن، هۆلۆكۆست و ژیان لە نیۆیۆرك و سوننەتی جوولەكەكان تۆمار دەكات.
فیلمی "ڕۆژهەڵات"1993، بەرهەمی ئاكێرمان، دێكۆمێنتارییەكە سەبارەت بە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڕووسیای دوای ڕووخانی كۆمۆنیزم، لەم فیلمەدا ئاكێرمان جەغدی كردۆتە سەر نیشتمانی باوباپیران و ڕەچەڵەكە لەهێستانی و ڕۆژهەڵاتییەكەی خۆی. فیلمی "ڕۆژهەڵات"یش بە هەمان شێوازی "دەنگ و باسەكانی ماڵەوە" بەرهەم هاتووە. فرێمی بێ جووڵە لە ریزگەلی درێژی، خەڵكانێك كە ڕوو بە كامێڕا ئەوق بوون.
وەرگرتن لە ئەدەبیات
زۆربەی فیلمەكانی ئاكێرمان بەپێی ئەزموونەكانی ژیانی تاكەكەسی خۆی بەرهەم هاتوون، بەڵام ئاكێرمان چەند فیلمیشی بەپێی ڕۆمانە بەناوبانگەكان لە نووسەرانی ناوداری ئەوروپی بەرهەم هێناوە. فیلمی "دیل" (2000)، هەڵینجانێكە لە ڕۆمانی "زیندانی"ی بەرهەمی مارسێل پرۆست. چیرۆكی پیاوێكی دەوڵەمەندە بەناوی سیمۆن كە خۆشەویستەكەی ناوی ئاریانە لە شووقەكەیدا زیندانیی دەكات، چونكوو لێی بەگۆمانە و دەیەوێت بزانێت كە ئاریانە، هاوڕەگەزخوازە یان نا. ئەم فیلمە هەر وەك فیلمە سەرەتاییەكانی ئاكێرمان، خوێندنەوەیەكە لەسەر چییەتیی ئەوین و شوناسی سێكسی. دواین فیلمی ئاكێرمان بەناوی "گەمژەیی ئالمایر"(2011)یش هەلێنجانێكە لە ڕۆمانی جۆزێف كۆنراد (Joseph Conrad) ، نووسەری بریتانیایی. چیرۆكی بازرگانێكی هوڵەندییە كە لە نێو دارستانەكانی بورنیودا دەژی. ئەم فیلمەش، درێژەی ئەزموونە ڕادیكاڵە پێشووەكانی ئاكێرمانە، هاوڕێ لەگەڵ پلان_سێكانسی درێژ و وەستانی زۆر لەسەر ساتەكانی ژیان. ئاكێرمان لەم بەرهەمەدا، خوێندنەوەیەكی فیمینیستی و "پۆست كۆلۆنیالیستی" بۆ ڕۆمانی سەردەمی كۆلۆنیالیزمی جۆزێف كێنراد خستۆەتەڕوو. گرتەی دە خولەكیی كۆتایی فیلمەكە، گرتەیەكی بێ جووڵەیە لە ڕووخساری "ئالمایر" و مۆنۆلۆگەكەی ڕوو لە كامێرایە، زۆر بوێرانە و كاریگەرە.
شاناتال ئاكێرمان دوای "ژان دیلمان" فیلمی زۆری بەرهەم هێنا، بەڵام هەر وەك "دێنیس لیم" دەڵێت: ئاكێرمان وەك ئۆرسن وێڵز كە بەردەوام لە ژێر سێبەری یەكەم بەرهەمی خۆیدا واتە "هاوڵاتی كەین"دا بوو، هیچ كات نەیتوانی خۆی لە ژێر سێبەری شاكاری یەكەمی ڕزگار بكات. ئاكێرمان خۆی لەم بارەوە دەڵێت "هەندێك جار بیر لەوە دەكەمەوە كە دەبوو ئەم فیلمەم لە دوای بەرهەمهێنانی چەند فیلمی دیكەم و لە كۆتایی قۆناخی فیلمسازیمدا بەرهەم بهێنایە. لە بیرمە بەخۆم دەگوت، چۆن دەتوانم فیلمێك باشتر لە "ژان دیلمان" بەرهەم بهێنم؟ بەڵام ئەم فیلمە، هەمان ئەو فیلمە بوو كە دەبوایە درووستم بكردایە. فیلمێك كە سەبارەت بە ژنان قسەی پێیە، هەروەها سەبارەت بە شێوەی ژیان و ژیانی دوای جەنگ. من نەدەبوو هیچ شتێكیم بگۆڕایە.

PM:07:54:11/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 102 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌