ئەفشین حسێن‌پەناهی دادگایی کرا

ئاسۆی رۆژهەڵات: بە پێی هەواڵی کومیتەی داکۆکی لە مافە مەدەنی، سیاسی و یاساییەکانی رامین حسێن‌پەناهی، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ی خەرمانان، ئەفشین حسێن‌پەناهی چالاکی مەدەنی و برای رامین حسێن‌پەناهی زیندانی سیاسی کورد لە دادسەرای ئینقلابی شاری سنە دادگایی کرا.

ئەفشین حسێن‌پەناهی لە دانیشتنی دادگایەکەی دا بە تۆمەتی پڕوپاگەندە و پلان داڕشتن دژی نیزام و پەیوەندی لە گەڵ راگەیاندنەکانی دەرەوەی وڵات و لایەنگری لە حیزبە کوردییەکان مەحکووم و لە رۆژانی داهاتوودا سزاکەی پێ رادەگەیەندرێت.

ناوبراو هەروەها بە هۆی نەبوونی پارێزەر داکۆکی لە خۆی کردووە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵی رەدی کردۆتەوە و دەستبەسەرکردنی خۆی بە نایاسایی ناو بردووە.

جێگای ئاماژەیە، ئەفشین حسێن‌پەناهی پێشینەی هاوکاری لە گەڵ ئەنجوومەنە ژینگەپارێزیەکان دا هەیە و ساڵی١٣٩٠یش لە جەریانی بەدواداچوون بۆ مەرگی گوماناوی براکەی "ئەشرەف حسێن پەناهی" دەستگیر و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" سزای ساڵێک زیندانی بە سەر داسەپا.

PM:11:04:12/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 343 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌