راپۆرتێک لە سەر خۆپێشاندانەکەی رۆژی پێنجشەممەی شاری سنە

ئاسۆی رۆژهەڵات: کاتژمێر ٧ی ئێوارەی رۆژی رابردوو، ١٦ خەرمانان، لە سەر بانگەوازی بازاڕیانی شاری سنە، هەزاران کەس لە خەڵکی ئەو شارە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی شاری بانە و خواستە رەواکانیان رژانە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردەوە.

خەڵکی شاری سنە لەم خۆپێشاندانەدا کوشتنی کۆڵبەران لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتیان مەحکوم کرد و بە وتنەوەی دروشمی " بانە تەنیا نیە سنە پشتیوانیە" پشتیوانی خۆیان لە خەڵکی شاری بانە دەربڕی.

هەر وەک لە راگەیاندنەکەی بازاڕیانی شاری سنەش دا هاتبوو خۆپێشاندانەکە بڕیاربوو لە مەیدان ئیقباڵ بەڕێوەبچێت بەڵام بە هۆی توند بوونی کەشی ئەمنیەتی و جێگیربوونی هێزێکی زۆری رژیم لە شوێنی دیاریکراو لە دوایین ساتەکاندا شوێنی ناڕەزایەتییەکە گۆڕدرا بۆ شەقامی فێردەوسی و دوای ئەوەی کە دەستی پێکرد خەڵک بە پانایی شەقامەکان روویان لە مەیدانی ئیقباڵ کردەوە.

ناڕەزایەتییە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە هێزێکی زۆر لە ئاستی شاری سنە جێگیر کرابوو هاوکات هێلیکۆپتێریش بە سەر شاردا دەسوڕایەوە.

لە جەریانی ئەم ناڕەزایەتییەدا لە شەقامی ناسرخەسرەو رووبەرووی پاساژی ئاشنا شەش کەس دەستبەسەر کران و لە شەقامی فێردەوسیش ژمارەیەک خەڵکیتر لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران بەڵام بە هۆی گوشاری خەڵک، هێزەکانی رژیم زۆرێک لە دەستبەسەرکراوەکانیان ئازاد کرد بەڵام تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتەش ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوەکان لە دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکان دان کە ژمارەیان لە سەرووی ١٥ کەسەوەیە.

بازاڕیانی شاری سنە کە لە سەر بانگەوازەکەی ئەوان خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە هاتنە سەر شەقام سپاسنامەیەکیان ئاراستەی خەڵکی شاری سنە کردووە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

سپاسنامەی بازاڕیان و چالاكانی سیاسی شاری سنە

خەڵكی تێكۆشەر و خۆشەویستی شاری سنە 
چالاكانی سیاسی و بازاریانی هەمیشە لە مەیدانی شارە خوشەویستەكەمان 
رێبوارانی زمانی ئاگرینی شۆڕش
لێرەوە سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هەموو بەشداربووانی گردبوونەوەكەی ئەمڕۆی شارەكەمان دەكەین، بە هاتنە سەر شەقامتان و دەنگهەڵبڕینتان پشتیوانی خۆتان و دەنگی خۆتان خستە پاڵ دەنگی بنەماڵەی كۆڵبەرە بەشمەینەتەکانی شاری بانە و سەرجەم شارە سنوورییەكان، لێرەدا دەبێ ئاماژە بەوە بكەین كە ناڕەزایەتی ئێمە كە بڕیار بوو ئەمڕۆ لە مەیدانی ئیقباڵ و بە شێوەیەكی هێمنانە بەڕێوە بچێت، بەداخەوە بە هۆی هێنانی هێزەگەلێكی زۆر و میلیتاریزە كردنی شارەكەمان ئاراستەی كۆبوونەوەكەمان بردە خیابانی فیردەوسی، بەڵام هەر وەكوو خۆتان بینیتان هێزە نیزامییەكان نەیانهێشت ئەو ناڕەزایەتییە بە شێوەیەکی مەدەنی بەڕێوە بچێت و دەستیان كرد بە هەڕەشە و گوڕەشە كردن لە خەڵک و گوشارێكی زۆریان هێنایە سەرمان، كە بە داخەوە كۆمەڵێک لە لاوانمان گیران و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە .
هەر لێرەوە داوا لە جەماوەری خەڵكی شاری سنە دەكەین هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئازاد كردنی ئەو ئازیزانەمان، داواشمان لە دەسەڵاتداران و حكوومەت ئەوەیە بە زوویی ئازادیان بکات.
جارێكتر سوپاس و پێزانینی خومانتان پێشكەش دەكەین، ئێوە جەماوەری تێكۆشەری شاری سنە جارێكتر سەلمانتان كە خەباتی ئێوە بۆ پشتیوانی كردن لە خەڵكی زۆڵم لێكراو و بەشمەینەتی كوردستان هەر درێژەی هەیە .

کوشتنی کۆڵبەران لە سنوورەکانی رۆژهەڵات بە هەموو شێوەیەک مەحکوومە
خەباتمان بۆ ژیانێكی شیاوی خەڵکی کوردستان کە تێیدا ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی حاکم بێت درێژەی هەیە
بازاڕیان و چالاكانی سیاسی شاری سنە، 16ی خەرمانانی 1396ی هەتاوی

PM:03:13:08/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 127 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌