«سنووری هەرێمی تاکەکەسی»

«سنووری هەرێمی تاکەکەسی»

بابەک ناسری

میکانیزمی مافی شارۆمەندی لە هەموو وڵاتان لە سەر بنەمای دێمۆکراتیک ژێرخانی کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ و ئیدارە دەکات و هەموو کات لە سەر یەک پێناسە سوارە.

*بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەوڵەت بە ئەرکی خۆی دەزانێت لە پێناو دابین کردنی ئازادی و ئاسایشی شارۆمەندەکانی، دەستپێڕاگەیشتن بە دادپەروەری و دادگایی دادپەروەرانە، پارێزراو بوونی هەرێمی تاکەکەسی لە هەر چەشنە دەستدرێژییەکی نایاسایی، دزینی دەنگ، لێپرسینەوە، سیخووڕی بە سەرەوە کردن، پشکنینی بیروباوەڕ و لە قاودانی نایاسایی زانیاری، دەست بە سەرکردنی خۆسەرانەی خەڵک و هەر چەشنە ئەشکەنجە یان ناچارکردن بە شایەتی دان، داد پێدانان یان سوێندخواردن بۆ هەموو شارۆمەندان لەگەڵ هەر سێ دەسەڵاتەکەی دیکە هاوکاری بکات و ڕەچاوکرنی ئەسڵی بێ بەری بوون، بنەمایەکی یاسایی بوونی تاوان و سزا و شایستەیی ناوەندێک بۆ لێکۆڵێنەوە لە تۆمەتێک، شەفافییەت و ڕوونکردنەوەی تاوان و ڕەچاوکردنی مافی تۆمەتباران و سزا دراوانبە تایبەتی لە بواری تاوانە سیاسی و ڕگەیاندنییەکان، مافی دادگایەکی دادپەروەرانە، ئاشکرا بوون و بێ هەڵاواردن و مافی هەڵبژاردن یان بەهرەمەندی لە پارێزەر، ڕەچاو دەکات.

پارگرافەکەی سەرەوە ڕێک گێڕانەوەیە لە مەنشووری مافی شارۆمەندی کە بە مەبەستی بە جێ گەیاندنی ئەرکی بڵاوکردنەوە، وەشاندن و گەیاندنی لە ماڵپەڕی بەشی یاسایی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە. هەڵبەت وێڕای ئەو پاراگرافە لە هەندێک لە بەشەکانی ئەو مەنشوورە باس لە ئازادی بیروباوەڕ و ڕێز دانان لێی لە لایەن یاسادانەران و ئازادی ئایینیش کراوە.

کۆمەڵێک چەمک کە شایەتی مێژوو و بەڵگە لەقاودراوەکان لە ماوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی نەتەنیا هیچ چەشنە پێبەندییەکی یاسایی پێیان نەبووە، بەڵکوو لە بواری پێشێل کردنی سەرەتایی ترین مافە تاکەکەسییەکانیش، هیچ سنوورێکی نەناسیوە و هیچ کات خۆی بۆ جێ بە جێ کردنیان بە بەرپرس نەزانیوە.

بە چاوخشاندنو بەراوردکردنێکی خێرا دەتوانین ڕاشکاوانە ئەم ئیدیعایە شی بکرێتەوە. دەقی یاسا لە جێ بە جێ کردنی مادە مادەی ئەو چەمکانەی کە لە لایەن یاسادانەر ئاماژەی پێکردوون، ڕێگە بۆ هەر چەشنە لێکدانەوەیەک، دادەخات. واتە بە پێی بڕیارێک لە سەر وەرەقە ئەم یاسا و ڕێسایانە دەبێت لە لایەن دەزگا پێوەندی دارەکانەوە بە بێ هیچ مەرجێک جێ بە جێ بکرێت. بەڵام ئایا سەرەڕای ئەم هەمووە لە سەر وەرەقە نووسراوە، مژدەی ژیانێکی ئاسوودە دەدرێت، ئەم ژیانە لە ڕاستی دا هاتووەتە دی؟ وڵامەکە بە پێی حەقیقەتی ژیان، «نەخێر»ـە!. ژیان لە جیهانی ئەمڕۆدا کە هەموومان لە گەمارۆی تێکنۆلۆژی پێوەندییەکان لە فەزای مەجازیداین، ئەم دەرفەتەی بۆ حاشا لێکردنی ڕووداوەکان، بە ئاسانی ستاندووەتەوە.

لە ئیستادا دەتوانین هەموو ڕووداوەکان لە سەر بنەمای بڵاوکردنەوەی وشە و وێنە بە ئاسانی لە بازنەیەکی بەرفراوان هاوبەش بکەین. دەتوانین بە ئاسانی ببینین کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سەر بنەمای حاشای ڕاستنی وەستاوە و پاش هەموو پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤ بە خێرایی لە ڕاگەیاندنەکانییەوە، ڕاستییەکە ئاوەژوو و پێچەوانە نمایش دەکات. دەزگا میدیاییە درۆزنەکەی لە سەر ئەم بناغەیە سووار کردووە و بە سەرەڕای بەئاگابوونی لەوەی کە ئیتر متمانە بە هەواڵەکانی خۆی ناکرێت، هەروا لە بڵاو کردنەوەی دۆر و حاشاکردن لە ڕاستییەکان بەردەوامە. بؤ سەلماندنێ ئەم ئیدیعایە تیشک بخەینە سەر وردەکاری هەنێک لەو چەمکانە؛ دابین کردنی ئاسایشی شارۆمەندی و مافی ئازادی ڕا دەربڕین بە هەزاران جار لە نیزامی ئیسلامی دا هێرشی کراوەتەوە سەر. سەرکوتی دڕندانەی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان کە هەر جارە و بە پشتئەستوور بوون بە هێزی سەربازی و هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئاستی شارە گەورەکان ڕوویانداوە، تەنانەت لە لایەن کۆڕ و کۆمەڵە مافی مرۆڤییە جیهانییەکانیشەوە سەرکۆنە و شەرمەزار کراوە.

لە تؤڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبینرێت کە نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ لە وڵام بە سەرکوت، زیندان و ئیعدامەکان، بە هێنانە گۆڕێی ئایەتێک لە قورئان لە هەوڵی ئەوە دابوو کە وای دەربخات کە کارەساتەکان، دەستکرد و ناڕاستن.

ئایین و باوەڕە دینییە جیاوازەکان هیچ کات لە ئێران و بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پارێزراو و سەلامەت نەبوون و بەردەوام هێرشیان کراوەتە سەر و هەوڵ بووە بۆ سڕێنەوەیان. نموونەی ئاشکرای گوشار و سەرکوتی زیندان بۆ بەهاییەکان و ئاینی تەریقەتە کە کۆڕ و کۆمەڵی جیهانیش لە سەر هاتوونەتە دەنگ. سونییەکانیش تەنانەت لەم هێرشە پارێزراو نەبوون! ئەمەش واتەی ڕەچاونەکردنی هەمان ماددەی یەکەمی ئەو یاسایەیە کە ئاماژەی پێکرا.

جێ بە جێ کردنی دادپەروەری و دادگایەکی عادیلانە زۆرتر وەک گاڵتە دەچێ. سیستەمی گەندەڵی قەزایی کۆماری ئیسلامی بەم بێ عەداڵەتییە ئاشکرا و دزی و تاڵان و ئیختلاسانەی ئەم دواییەی پازێڵێکی دیکەی ئەم تابڵۆیەن و دیاردەی نوێی بەناو ئەکبەر تەبەری ناساند و مافیا ئاسا بووە هۆی مەرگی چەند قازی گەندەڵ و پارێزەری ئەو کەیسانە. بێ گومان ناکرێ متمانە بەم دەزگا قەزاییە بکرێت و ئەمە خۆی بە مانای پێشێل کردنی هەمان ماددەی یەکەمی مافی شارۆمەندییە.

بە بارمتە گرتنی ئەو شارۆمەندانەی کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەن و داوای پارەی خەیاڵی لە دەوڵەتی وڵاتەکەیان لە بری ئازادی و ژیانیان، ئیتر هیوابڕاوبوونێک کە ناکرێ حاشای لێ بکرێت.

دزینی دەنگ، دەستدرێژی، لەقاودانی زانیاری تاکەکەسی و پێشێل کردنی و بەزاندنی سنووری هەرێمی تاکەکەسی کە ئیتر ئەمڕۆژانە بووەتە پرسێکی ئاسایی ڕۆژانە و بەم دواییانەش خامنەیی تیری خەلاسی ڕوو لە کەلەی ئەم پرەسیپە تەقاند.

لە وتاربێژی ئەم دواییانەی دا و لە پێوەند لەگەڵ هاوردەکردنی تەلەیفوونی زیرەکی ئایفۆن بە بیانووی لوکس بوونی و سەپاندنی گوشار لە سەر ئەو کەسانەی کە بە پارەی خۆیان دەچن لە وڵاتی تورکیە مڵک دەکڕن، ئیتر پێویستی بە لێکدانەوە و تەفسیر و شیکردنەوە نییە. ویلایەتی فەقێ فرمانی کردووە بە دەوڵەت کە دەبێت پێشگیری لەم دوو پرسە بخاتە ڕیزی یەکەمی کارەکانییەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە خامنەیی خۆی بە تەلەیفوونی دەستی ئایفۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاک و سەرقاڵی پەرەپێدانی بیر و شۆڕشەکەیەتی و تەنانەت ئایەت و شەرعیش بۆ پاساوی دەهێنێتەوە. دەستگیری سەرەڕۆیانە و دادن پێدانان و ئەسڵی یەکەمی بێ بەری بوونیش ئیتر لە کەس شاراوە نییە کە تەنزێکی تاڵە لە سەر یاسا. لە ڕاستیدا بە پێچەوانەی یاساکە بنەما و ئەسڵ لە سەر «بێ بەری بوون» نییە! بەڵکوو لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە هەموو خەڵک تاوانبارن، مەگەر ئەوەی کە پێچەوانەکەی بسلەمێت و کارنامەی مێژووی دەسەڵاتەکەی ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.

بە دڵنیاییەوە پێویست ناکات لە باقی بەند و ماددەکانی تری ئەو مەنشوورە بدوێن، کورد وتەنی مشت نموونەی خەرمانە و هەموو ناعەداڵەتییەکان دەزگای دەسەڵات داری کۆماری ئیسلامی لە خۆ دەگرێت.

در سال های اخیر پیمانی که جمهوری اسلامی با پنج قدرت اصلی دنیا تحت عنوان «برجام» بسته، به عینه می توان مشاهده کرد که قدرت های اروپایی هیچ علاقه ای به نقض حقوق بشر در ایران نشان نداده اند و اولویت بر مفاد اقتصادی است و با این تفاسیر باید به ضرس قاطع گفت که؛ امیدی به نیروی خارج نیست و سرنوشت آزادی و انسانی مردم ایران تنها به دست خودشان رقم خواهد خورد.

لەم ساڵانەی دواییدا پەیمانێک کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پێنج زلهێزی جیهان و ئاڵمان بەستی کە بە ناوی «بەرجام» دەناسرێتەوە، بە ئاشکرا دیارە کە دەسەڵاتە ئۆرووپاییەکان هیچ مەلێکیان بۆ بەدواداچوونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دا نییە و ئەولەوییەتی یەکەمی ئەوان لە سەر بنەمای بەرژوەندی ئابووری خۆیانە، هەر بۆیە لێبڕاوانە دەبێ بڵێین کە «هیوایەک بە بێگانە نییە و چارەنووسی ئازادی و کەرامەتی ئینسانی خەڵکی ئێران تەنیا بە دەستی خۆیان دەپارێزرێت.»

وڵاتێک کە چارەنووسەکەی بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وڵاتێکی دیکەوە گرێ درابێت لە جیهانی ئەمڕۆدا، جێی داخە. هیچ هیوایەک بە بێگانە نییە، چارەنووسی کۆتایی لە دەست و مستی خودی خەڵکی ئێران دایە.