هاوسەنگی لە نێو ناهاوسەنگیدا!

هاوسەنگی لە نێو ناهاوسەنگیدا!
بابەک ناسری

«کۆماری» شێوەیەکە لە دەسەڵات کە لە سەر بنەمای گەل مەزنی (دێمۆکراسی) یان نادێمۆکراتیک، خەڵکەکە، مافی دەسەڵاتداریی و خاوەندارییەتییان بە سەر چارەنووسی کۆمەڵایەتی خۆیانەوە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کۆمەڵێک دەسەڵاتدارەوە بە هەڵبژاردنی دڵخوازانە و دەنگی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی خۆیانەوە بە شێوازێک کە تێیدا میراتگری لە ڕێگەی کوڕ و عەولادەوە نەبێت، دیاری دەکەن و ئەوانیش دەسەڵاتداری دیاریکراوی یاسایی خۆیان لە ماوەیەکی سنوورداری دیاریکراو لە ڕێگەی چاودێری کردنیان لە ڕێگەی خەڵکەوە، دەچەسپێنن.

ئەمە پێناسەیەکی گشتییە لە دەسەڵاتی کۆماری، بەڵام لە زۆرێک لە وڵاتان لە سەر بنەمای ئەم وشەیە، دۆخی وێکچووی یەکسانیان نییە.

سیستمی نوێی سیاسی لە ئیران، پاش شۆڕشی ساڵی ٥٧ بەناچار بۆ جیاکاری لە نێوان قەوارەی سیاسی دەسەڵاتی پاشایەتی، دەستەواژەی کۆماری ئیسلامی هەڵبژارد تا بە ڕواڵەتیش بێت، جیاواز وێنا بکرێت.

دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێران بە دروشمی دادپەروەری و بەرژەوەندی چاکسازی لە ئابووری و دۆخی ژیانی خەڵک لە سەرەتادا خۆی لە شەڕێکی تاقەتپرووکێنی دڵخواز وەردا کە درێژە کێشانی ئەم شەڕە وای کرد گۆڕانی گەورە لە بەڕێوەبەری وڵات و بەڕێوەبەرانی وڵات بێتە ئاراوە.

ئەگەرچی بزووتنەوەی کورد بێ دوو دڵی و ڕاڕایی ناوەرۆکی ئەم ڕژیمەی لە سەرەتاوە ناسی و بەرەنگاری بوویەوە، بەڵام بۆ باقی خەڵکی ئێران و جیهان کاتی دەویست تا سیمای ڕاستەقینەی ئەم جۆرە لە حوکمڕانی و دەوڵەتداری، دەربکەوێت!

شەڕ و ڕووداوەکانی دەیەی شەستی هەتاوی لە ئێران، هاوسەنگی بەڕێوەبردنی وڵاتی لە کەشێکی هەستیار و بە ڕواڵەت حەماسی و بەرگریکارانە، بەرەو ئاراستەیەکی دیکە برد.

سپای پاسداران بە فەرمانی خومەینی پاش دامەزراندنی، سنووری دەسەڵاتی خۆی لە بازنەی ناوچەکانی شەڕ بۆ بواری بەڕیوەبەری ناوخۆیی چڕ کردەوە. ئەم مۆتەکەیە هێدی هێدی وەک تارماییەک پانتایی خۆی بەرین کردەوە و ئەمێستا دەسەڵاتی ڕەهای بە سەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی خەڵک هەیە.

وێرانی سیستمی ئابووری ئێران لەم ساڵانەی دواییدا و قەیرانی بەڕێوەبەرێتی لە حوکمڕانی وڵاتدا کە لە سەر بنەمای تاک ڕەهەندی کردنەوەی دەسەڵات بوو، بە ئەسپایی سیمایەکی ڕاستەقینەی لە کۆماری ئیسلامی خستەڕوو.

کەڵک وەرگرتن لە وشەی «تۆتالیتێر» بۆ ئاشکرا کردنی ناسنامەی سیستمی حوکمڕانی ئێران، وشەیەکی پڕ بە پێستە و ئەم تایبەتمەندییە لە بەڕێوەبردنی وڵاتی، بە ئاشکرا دەبینرێت.

دەسەڵاتدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە تەماحی ئەوەی بەرینترکردنەوەی چاودێر و کۆنتڕۆڵی تاکەکەسی ترین ڕەهەندی ژیانی خەڵک لە ناوخۆ و تەشەنە پێدانی بیروبڕوای خۆیان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، پانۆرامای تۆتالیتاریزمی هێنایە سەر شانۆ.

بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگا لە سەر بنەمای بیروباوەڕی تاکڕەوانەی ئایینزایی و بەهێزکردنی هێزی سەربازی خاوەن ئەزموونی شەڕی ٨ ساڵە، بە تێپەڕبوونی کات هەندێک پێویستی بۆ دەسەڵاتداران دەرخست.

تەماحی کیشوەرگوشایی و فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتەکەیان بۆ ئەودیوی سنوورە جوگرافییای ئێران لە ڕێگەی پەرەپێدان بە ئیدئۆلۆژی، وای لە دەسەڵات کرد کە بە نهێنی و بە ئاشکرا سیاسەتی خۆی لە ناوچەکە پەرە پێ بدات و ئەمە خۆی تێچوویەکی زۆری بوو کە دەبوو لە خەزینەی خەڵک لە بری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی، بدرایە بە گرووپە نیابەتییەکان و ببێتە ئەجێندای کاری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی.

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەبووایە جومگەکانی دەسەڵاتی خۆی بۆ پەرەپێدانی ئەندێشەی خۆی بەهێز بکات و باشتر وابوو کە لەم پێناوەدا سەرمەشقی دڵخوازی خۆی بدۆزێتەوە. بەم ڕوانگەیەوە پێویست بوو پاڵ وەهێزەکەوە بدات کە داواکارییەکانی بۆ جێ بە جێ بکرێت و ڕێکەوتن لەگەڵی ئاسانتر بووایە.

ڕووسیە لە بن گوێی ئێران کە ساڵانێکی ساڵ دراوسێن کە چاوی لە سامانە سەرزەمینی و ژێرزەمینییەکانی ئێران بووە و مێژووش باشترین ئاوێنەی ئەم ڕاستییەیە لە سەردەمە جیاجیاکان، دەیتوانی باشترین سەرمەشقی دەسەڵاتدارنی کۆماری ئیسلامی بێت لە ئێران دا.

ترکمانچای از نامی ترین دست اندازی های تاریخی روسیه بود که بر کسی ویژگی غیر متعارف آن پوشیده نیست.

تورکەمەنچای لە بەناوبانگترین دەستدرێژییە مێژووییەکانی ڕووسییەیە دژی ئێران و لە کەسیش شاراوە نییە. لەم ساڵانەی دواییدا پێوەندی گرتن و پشتیوانی هەمە لایەنەی دەسەڵاتدارانی ڕووسییە لە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی ئێران، ئەم جەربەزەیەی پێ بەخشین کە بیرۆکەی بوژاندنەوەی هیلالی شیعی و جێ بە جێ کردنی ئەم پیلانە، بە ئاشکرا و ڕووهەڵماڵدراوتر بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجام بدەن.

بە دەستەوەگرتنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات، دەیتوانی بۆ دامەزراوەییەکی وەک سپای پاسداران بەهێزترین کارت بێت بۆ ئاراستەکردنی ناوخۆ و دەرەوە.

جووڵە و ماجەراجۆییە دەرەکییەکانی سپا لە ناوچەکە لە ئێستادا و لە سەردەمی گەمارۆکانی ئەمریکا ڕوو لە فەنابوون و نەمان بوو و پێشبینی هاوسەنگی دەسەڵاتەکانی بە جۆرێک لە جۆرەکان نادیار کردبوو.

کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی بە ڕواڵەت بەهێزی سپای قودس، چرا سووری ئەو ئاراستەیە بوو تا ژووری ستراتێژی کۆماری ئیسلامی بخاتە بیری ئەوەی کە دەبێت بۆ گۆڕانکاری لە ستراتێژی ناوچەیی خۆی بیرێکی نوێ بدۆزێتەوە.

باڵانس کردنەوەی هێز لە ناوخۆ لەو تایبەتمەندییانەیە کە دەیتوانی لانی کەم بۆ ماوەیەکی سنوورداریش بوو بێت کاتی بەسەرچوونەکەی وەدوابخات. هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی و دەستەبژێرکردنەکانی شوورای نیگابان لە ڕاستیدا تیری خەلاسێک بوو لە پەیکەرەی دژوازییە ناوخۆییەکان و پەردەپۆش کردنی قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ناوخۆی ئێران و بەڵام ئەمجارە دەبوو دەسەڵات یەک کاسە بکرابایە لە ڕێگەی پاڵاوتنی وردتر و فارس وتەنی «یا رومی رومی، یا زنگی زنگی»!.

پرۆسەیەک کە بێ گومان بۆ پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی کۆماری ئیسلامی یەکلای کەرەوە دەبێت و ڕەنگە لە پشتی پەردەوە ئەم توانەوەی یاری ئیسڵاحخواز و بناژۆخواز لە پێوەند لەگەڵ جیهانی دەرەوە، لە لایەن لۆبی دەرەکییەوە، پێی بێ مەیل نەبووبێتن و بە وتەی هاوڕێیەکی بیرمەندم؛ ترامپ ئێستا دەزانێت لە کێ و چی لە «ئێران خانم» داوا بکات!

تای تەرازووی هێز لە جومگەکانی دەسەڵات بەرەو ئاراستەیەک یەکلا دەکاتەوە و ئیتر شاهیدی یاری دوو تیمی ئیسلاحخواز و ئوسوولگەرا نابین، خۆکرد کاتێکی گونجاوە بۆ گیرگە دەستخستن بۆ یەکلای کردنەوەی قەیرانەکان.

لە قەیرانە ئاڵۆزە ئابوورییەکانەوە بگرە تا هەڵە مشت و مڕ هەڵگرەکانی سەربازی و ناسەربازی ئەم دواییانە بۆ ئەوەی سیمای ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی زۆرتر لە جاران دەربخات و لە جێی خۆییدایە ئاماژە بدرێت بە ڕۆڵی کوڤیدی ١٩ لە پەککەوتووتر کردنی لەشی زامداری کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی و دەرەوەی سنوورەکانی.

پەلکێش کردنی هاوسەنگی هێز بۆ مەیدانی دڵخوازی خامنەیی، پرۆژەیەکی ناوخۆیی دەسەڵات بوو تا ئاوێکی پاک بڕژێنێتە سەر ئەم ئاگری باڵ باڵێنەی ناوخۆی حاکمییەت.

مەجلیسی نوێنەرانی ڕژیم لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و بە سەرۆکە تازەکەیەوە، غوڵامی گوێ لە مستی خامنەیی دەبێت کە هەستان و دانیشتنیشی بە ئەمر و فرمانی ئەو دەبێت.

بۆشاییەکی چاوەڕوانکراو لەم بێ کێشییەی ئێستادا، تەنانەت بۆ کورت ماوەش دەتوانێت کاتی بەڵێن دراو بۆ دەسەڵات بکڕێت.

بە دڵنیاییەوە دەسەڵاتەکانی دیکەش ئەم هاوسەنگییەیان پێ خۆشترە. یارییە ناوخۆییەکان کاتیان بە سەرچوو بوو و کاتی ئەوە هاتبوو تا خامنەیی مۆرە سوواوەکان وەلا بنێت و بوار بدات دەموچاوە پشت پەردەکان.

ئێستا باڵی دەسەڵاتداری ڕەها بێ ڕاڕایی لە بوونی داهۆڵەکان کە هەندێک جار بۆ خۆنواندن، زەنگوڵەکەیان دلەراندەوە، (پێشووتر سەری داهۆڵی گەورەیان لە مەلەوانگەی شاهانە کردبوویە ژێر ئاوەوە!) بە ئەرخەیانییەوە، دەست دەکەنە گیرفانی خەڵکەوە و ئەگەر ترامپ و کۆرۆناش دەرفەت بدەن، لە خەونی شەوانەیان هیلالێک لە ئاسمانی پڕ ئەستێرە دەبینن. هیلالێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سەر ئیزنی ڕووسییەی مۆدێڕنی تێزاری ناویان نابوو هیلالی شیعە، بەڵام هەورێکی ڕەش لەناکاو شیرینییەکەی کردە، ژەهری مار.

ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە ئێران خانم «بەڵێ» بۆ هاوسەرگیرییەکی تر بڵێت و زەماوەندێک دەعوەت بین.

کاتێک کە دابی سیغە بۆ نێرەکان حەڵاڵە، کاتی ئەوەیە زانایان لە سەر مێینەکانیش سەرباری خێزانی خۆ یارێکی ڕۆژی ڕابواردن حەڵاڵ بکەن و «ئێران خاتوون» لە ململانێیەکی تاقەتپرووکێن دەرباز بکەن، بەڵکوو خوا و خەڵکی ساتێک بحەسێنەوە و هەمووان بە زگی تێرەوە، لە سەر سفرە هەستن. بەو هیوایە.

*ئەم بابەتە لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی