ناتوانی داهێنان بکوژی!

ناتوانی داهێنان بکوژی!
بابەک ناسری

خوێندنەوەیەکی کورت دەربارەی ڕۆڵی دەزگای سدا و سیمای و ڕێکخراوی پروپاگاندای ئیسلامی لە ئێران
تەنوویر، وشەیەکە کە لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێران ساڵانێکی سالە بە کار دەبرێت و پێگەیەکی تایبەتیشی هەیە. وشەیەک کە تێکەڵەیەکە لە ئەدەبیاتی عەرەب و لە سەرکێشی «تفعیل».
زۆرجاران وتراوە و بیسراوە کە کردەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی ڕای گشتی لە فڵانە یان فیسارە کەس و دامەزراوە ڕووی داوە کە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکانەوە بە هات و هاوار بە دەیگەیەنە گوێ کۆمەڵگا.
پێوەندی کردەیەک لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی تەنیا کاتێک دەتوانێت لە هەناوی چەمکی دیمۆکراسی لە ئەدەبیاتدا خۆی بنوێنێت کە مافی کۆمەڵایەتی تاک و یان تاکەکانیش لە خۆی بگرێت.
بۆ وێنە لە کۆمەڵگایەکی ئازاددا کە لە سەر بنەمای ڕەچاوکردنی مافی شارۆمەندی بنیات نرابێت، پێشێل کردنی مێنتالیتە و مۆڕاڵەکان کارێکی ناشایست و ناپەسندە. کاتێک جل و بەرگ و پۆششی مرۆڤەکان پرسێکی گرنگ ئەژمار ناکرێت، نەگونجاوە ڕووت و قووت لە بەر ڕای گشتی دەرکەوت. (بە پێچەوانەی عورفی کۆمەڵگایە).
ئەمانەم بۆیە باس کرد کە بیکەمە پێشەکی بابەتە سەرەکییەکەم کە لە سەرەتای دامەرزاندنی نیزامی کۆماری ئیسلامی، سیاسەتمەداران و سیاسەتبازانی ئەو ڕژیمە لە بەر و پشتی پەردەوە لە هەوڵ پاراستن و پەرەپێدانی ئەو هەوڵی زۆریان بۆ داوە. 
بەدەستەوە گرتنی ئامرازێکی کاریگەر بۆ گەیشتن بە ئامانجی میلیتارزەگەرانە خۆی؛ مێدیۆم کارتێکەری وەک هونەر
لە نیزام و سیستمی دەسەڵاتێکی پشت بە ستووە بە شەریعەتی وەک کۆماری ئیسلامی لە ئێران، کە بەڕێوە بردنی کاروباری کۆمەڵگا تێکەڵەیەکە لە دین و دەسەڵاتداری، هونەر وەک کەرەست و ئامرازێکی کارتێکەر گرنگییەکی تایبەت بەخۆیەوە دەگریت.
دامەزراندنی ڕێکخراوی تەبیغات (پروپاگاندا)ی ئیسلامی لە سەرەتاکانی دەیەی شەستی هەتاوی و پاکسازی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێرانی سەردەمی شا لە خەڵکانی پسپۆر و پڕکردنەوەی شوێنەکانیان بە خەڵکانی بەبەڵێنی سەر بەخۆیان؛ دوو دامەزراوە کە بەردەوام وەک چاڵی ڤیل بودجەی خەیاڵی، قووت دەدەن، لە پێناو ئەم بیرکردنەوەیە دایە.
ڕێکخراوی پروپاگاندا بە پەروەردە کردنی منداڵێکی لە خۆی بۆ چاودێری کردنی هونەرمەندانی خستەوە کە دامەزراوەیەکی فرمانبەری بەرهەم هێنا کە ناوی نرا «حەوزەی هونەری».
ئەم دامەزراوە دەوڵەمەندە بووە بە ناوەندێکی سوواڵکەر پەروەر لە بواری هونەر ئەرکەکەشی هەر ئەوە بوو. ئەوە بوو کە نووسەر یان هونەرمەند بقەبڵێنێت کە؛ یان لەگەڵ منی یان دژی منی!
لە قەوارە و سیستمێکی دیکتاتۆری کە بستێنی ئایین بیانوویەکە بۆ دەسەڵاتداری، کارکردنی سەربەخۆی (هونەرمەندی سەربەخۆ) مانای نییە و زۆر بوون و زۆرن ئەو هونەرمەندانەی کە لەم قۆناغەدا لە شەمەندەفەری چارەنووسی وڵاتەکەیان بەناچار دابەزین و ڕێگەیەکی تریان گرتە بەر. تەنیا چەند کەسایەتییەکی گەورە بوون کە توانیان ماوەیەک درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن کە ڕەگیان لە مێژووی بەرلە هەموو ڕووداوە سیاسییەکانی پێش هاتنە سەرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو.
هەڵبەت دەسەڵاتیش لە بەرامبەر ئەوان دا بێ دەنگ نەبووە و دەستی داوەتە پەروەردە کردنی و ڕاهێنانی خەڵکانێکی وەک یووسف عەلی میر شکاک کە لای هونەرمەندانی ئێرانی بە «میر هەتاک» (جنێوفرۆش) ناوبانگی دەرکردووە. خەڵکانێک کە تێچووی ڕازاندنەوەی مەنقەڵ و سفرەکەیان لە لایەن حەوزە هونەرییەوە دابین دەکرا، ڕاسپێردرا بوون تا بە گاڵتەجاڕی و بابەتە بەناو ڕەخنەئامێزەکانیان هێرش بکەنە سەر هونەرمەندان و نووسەرانی بەناوبانگ و لەم ڕێگەیەوە ناو و ناوبانگیان خەوشدار بکەن. (هەڵبەت نەک ڕەخنە لە سەر بەرهەمەکانیان، بەڵکوو ڕەزیلانە بە باس کردنی ژیانی تاکەکەسی ئەو نووسەر و هونەرمەندانە).
دەنگ و ڕەنگ (صدا و سیما جمهوری اسلامی) ـیش ئەم ڕۆڵە دەگێڕێت، هەڵبەت بە جۆر و ئاراستەیەکی تر. تا ڕادەیەک کە لای خەڵکی ئاسایی ئەمە باوە کە دەڵێن؛ دەیخەیە سەر هەر کاناڵێکی تەلەفزیۆنی مەلایەک خەریکە موعیزە دەکات، وەک ئەوەی بڵێی ئانتێنی تەلەفزیونەکە ڕوو لە مزگەوت بێت. بیرمان نەچێت کە دامەزرێنەرانی کۆماری دیکتاتۆری ئەمەیان لە سەر دەستی سیستم و نیزامی پێشووی یەکێتی سۆڤییەت نووسیبوویەوە؛ کە دەبێت بۆ پەرە پێدان بە بیر و ئیدئۆلۆژی لە هونەر وەک ئامراز کەڵک وەربگرن.
ئەمجۆرە دەسەڵاتانە ئەگەری تیغی سانسۆر سەری زۆر نەمامی لە بەربەیانی گەشانەوە و شکۆفانەوە بڕێ، بەڵام خاڵێکی تری بۆ هونەرمەندان دووپات کردەوە؛ یان لە ژێر تیغی سانسۆر کار بکە و درێژە بە ژیانت بدە، یان بڕۆ بمرە!
هونەرمەندان و نووسەران لە زریان ڕۆژگارێک کە تووشی ببوون هەموو ڕۆژێک و هەر ساتێک، بەڵا و نەهامەتییەک بەرۆکی دەگرتن، ناچار و مەحکووم بوون بە بەردەوامی و هەر ئەم دیاردەیەش بووە هۆی شکۆفانەوەی گەلێک داهێنانی ئاڵۆز لە بوارە جیاجیا و جیاوازەکان.
شیعری باش، چیرۆکی باش و سینەمای پێشکەوتوو و پێشەنگ لە ژێر سێبەری ئەم چەقۆ تیژە بەناچار لە دایک بوون و ئیتر ناکرێت بەرامبەریان بوەستییەوە. تەنانەت ناردنی بەناو هونەرمەند و نووسەری دەوڵەتی بۆ خولی فێربوون و پەروەدە و گەڕانەوەیان و سپاردنی ئەرکی دەوڵەت و حوکمڕانیش نەیانتوانی پێشیان کەون. (بۆ وێنە ناسری پەلەنگی لە نیگارکێشی و یان مستەفا مەستوور لە چێرۆک نووسین دا)
ئەمجارەیان سانسۆر ئەنجامێکی دیکە و پێچەوانەی بوو و موهەندسی و پیلانی پێشوەختەی ئەم دیاردەیە، زەحمەت و پێویستی بە تێچووی گەورە و گران بوو.
ڕێگەیەکی تر بەخشینی بورسییەی تایبەت بۆ پەروەردە کردن و پێگەیاندنی کورتیلە باڵاکانی بواری ئەدەب و هونەر بوو تا مەڵحەمێک بن بۆ سەر برینی سیاسەبازانی دەسەڵاتی ئایینی.
فێرکردنی فیلمسازی و بەرهەم هێنانی فیلم بە فەقێ و مەلاکانی حەوزەی عیلمییەی قوم هەم تیرێک بوو لە تاریکی و هەمیش تەنیا دەسکەوتی ڕەهەندی پروپاگاندای بوو بۆ کۆماری ئیسلامی و هیچێ تر.
نە سەدا و سیما و بەو بەرنامە و پرۆگرامە تراو و بێ تامانەی پروپاگەندە کردن بۆ هێز و دەسەڵات لە ناو دڵی جەماوەر و خەڵکدا جێی بوویەوە و نە سازمانی پروپاگاندای ئیسلامیش توانی لەو ئاوە لێڵە ماسییەک بۆ خۆی بگرێت.
ئەدەبیات و هونەر ڕێگەی خۆی لە هەناوی ئەم دیکتاتۆرییە ڕووە لە دەرەوە دۆزیوەتەوە و هەرواش بەردەوامە لە ژیانی سەربەرزانەی خۆی، جیلێک کە ئیتر فێر بوون چۆن ڕێی گەورەکانی خۆیان بدۆزنەوە، جیلی دەوڵەت ئابادی و گولشیرییەکان، شێرکۆ بێکەسەکان، شاملوو و ئەحمەد مەحموودەکان و عەلی ئەشرەف دەروێشییەکان و...
ناتوانی داهێنان بکوژی، ئەگەرچی دەکرێت چەند ڕۆژێک بیکەیە قەفەزەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە نێوان شۆرە پۆڵاییەکانی قەفەز ڕێی خۆی دەدۆزێتەوە و باڵ دەگرێت و دەفڕێت تا ئازادی.