دادگا نێودەوڵەتییەکان و کەیسی تاوانبارانی کۆماری سێدارە لە سەر نەتەوەی کورد

دادگا نێودەوڵەتییەکان و کەیسی تاوانبارانی کۆماری سێدارە لە سەر نەتەوەی کورد
کەیوان فەرامەرزی


کاتێک بەکرێگیراو یا دەسەڵاتدارێکی کۆماری ئیسلامی ئێران تاوانێک دەخوڵقێنێ، ڕاستەوخۆ  بیر و بۆچوونی تاکی کورد دەڕوا بۆ دادگای نێودەوڵەتی لە شاری دەنهاخ(لاهای) لە وڵاتی هۆڵەند.
زۆر جار هەموومان گوێبیستی ئەو پەرسیارانە بووین کە ئایا چۆن دەکرێت ٥٩ لاوی تازە پێگەیشتو بە فەرمانی جەلایی پور کۆمەڵکوژی بکردرێن وە دواتر  بکوژانی بە بێ هیچ لەبەرچاوگرتنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ببنە بەڕێوەبەر و بڕیاردەر لە سەر هەمان  کۆمەڵگا؟  
چۆن دەکرێ محەمەد جەعفەری سەحراوردی و غەفوری دەرجزی و کازمی دارابی ڕاستەوخۆ لە ڕێبەرانی کورد خەڵتانی خوێن بکەن و دواتر بە بێ سڵەمینەوە ببن بە وتەبێژ و دیپڵۆمات لە سەر هەمان خەڵک؟
ئەوانە و سەدان تاوانی دیکەی وەک ئێعدامەکانی پادگانی سەقز، فڕۆکەخانەی سنە، کۆمەڵکوژی قاڕنێ و ئیندرقاش، تا دەگاتە ئەمڕۆکە، کە دەسەڵاداران کردویانەتە کردەوەی ڕۆژانە، وەک ئێعدامی چالاکانی سیاسی و کوشتنی کاسبکارانی بێدەسەڵات و هتد... 
ئایا دادگا و دادوەریی بێ لایەنی نێوەنەتەوەییی بوونی هەیە؟ ئایا یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە سەر هەق و ناهەق  سەرکوت کردنی خەڵکی کورد دەبیستێ؟
ڕاستە کە پێکهاتەی دادوەری واتە سیستمی دادی هەر وڵاتێک دەبێ لە چوار چێوەی ستانداردی نێودەوڵەتی بێ، بەڵام لە وڵاتانی دیکتاتۆڕیی وەک  کۆریای باکور، سوریە و دەیان وڵاتی دیکە دەسەڵاتداران لە پێناو مانەوەی خۆیان و داسەپاندنی قسەی خۆیان خاوەن یاسای دادی داخراوی خۆیانن کە حکومەتی ئێرانیش یەکێک لە نموونە بەرچاوەکانی مڵهوڕیی دنیای ئەمڕۆیە لە ناو خەڵکەکەی خۆیدا.
بە پێی یاسای ناو حکومەتی ئێران، هەر ناڕازییەک بەتایبەت کورد بە ڕواڵەت بە ناوی دادگا و دادوەر بەڵام لە ڕاستیدا بە زەبری گوشار و زۆرداری، مافی پێشێل و دەخورێت.
بە ڵام ئایا  هانا بۆ دادی دنیای نێودەوڵەتی کاریگەری هەیە؟ ئایا لە لاهای دەنگی کورد دەبیسترێ؟ ئایا کورد لە دەرگای داون؟
دوو دادگای نێودەوڵەتی بوونیان هەیە. دادگای نێونەتەوەیی داد»International Court of Justice» وە دادگای تاوانی نێونەتەویی»International Criminal Court, ICC»
یەکەم دادگا، دادگای نێونەتەوەیی دادە، دادگایەکی سەراسەرییە و دەبێتە بەشێک لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان کە لە ساڵی ١٩٤٦وە کاری خۆی دەست پێکردوە، بە فەرمی دەزگایەکی دادوەریی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە ئەرکی کەیسی نێودەوڵەتی لە سەر شانە، نەک پێداچوون بە سکاڵانامەی گروپ و تاک. مانای ئەوەیە ئەم دادگایە تەنیا وڵامی دەوڵەتان دەداتەوە، ئەو دوڵەتانەی وا سەربەخۆن و لە ناو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا بەشدارن. لە ڕاستیدا ئەم دادگایە ناتوانێ سکالای نەتەوەیەک بخاتە ژێر دەستی خۆی، کە نە ئەندامی نەتەوە یەکگرتوەکانە و نە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیە. واتە ئەرکی دادگا چارەسەری و نێوانجیگەریی کێشە و گرفتی دەوڵەتەکانە. بەڵام بەوحاڵەشەوە کۆمەڵەی شۆڕشگێر وەک سکاڵا  چەند کەیسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لە ڕێگای ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە لە ژێنێو، بۆ بەڕێ کردون تا بیخەنە بەردەستیان، لە وانە ئیعدامی ٥٩ تازە لاوی مەهاباد و تاوانی گوندی قاڕنێ. کەوابوو ئەوان تەنیا وەک بەڵگە لە لای خۆیان ڕایانگرتوە بۆ ئەگەری ئەوەکە بەڵکو دەوڵەتێکی دیکە بۆ دژایەتی ئێران لە پێناو بەرژەوەندی خۆی یا گشتی کەڵکی لێوەربگرێ و بەکاری بهێنێت.
دوهەم دادگا، دادگای تاوانی نێونەتەویی (ئای.سی.سی)یە، کە دائیمییە بۆ بەدواچوون و سەزادانی تاوانە نێونەتەوەییەکان وەک جینۆساید، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی وە ئەو تاوانانەی وا لە شەڕدا ڕوو دەدەن. ئەم دادگایە تەنها شوێنێکە کە تاک یا گروپ لە سەرارسەری دنیا دەتوانن سکاڵای خۆیان ئاراستەی دادوەرانی بکەن. «ئای.سی.سی» ساڵی ١٩٩٨ دامەزراوە و ساڵی ٢٠٠٢ بە واژۆکردنی ٦٠ دەوڵەت بە  فەرمی دەست بەکاربوونی خۆی ڕاگەیاندوە. پێداچوونەوەی دادگا لە لە ژێر چاودێریی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکرتوەکانە. ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ساڵی ٢٠٠٢  ئەساسنامە، واتە ستاتوتی دادگای ئیمزا کردوە. هەر ئەوکات ڕایگەیاندوە دەبێ لە پاڕڵمانی ئێران بیخاتە بەر باس و لێدوان و دەنگدان، هەرکات مەجلیسی ئێران دەنگی پێدا، ئەوە یانی وڵاتی ئێران بە فەرمی دەکەوێتە ناو یاسای نێونەتەوەیی بۆ دووری لە تاوان. هەر بۆیە نیزیک ٢٠ ساڵە حکۆمەتی ئێران خۆی پاراستوە لە نزیک بوونەوە لەو دادگایە، لە ڕاستیدا حکومەتێکی دیکتاتۆڕی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران کە بناغەی بە سەرکوت، ترس و کوشتاری خەڵک دروست بوە و مانەوەشی هەر بەم هۆیەیە تەنانەت نایهەوێ باسی ڕەزامەندی پاڕڵمانەکەیشی بۆ ئەم بابەتە بێنێتە ئاراوە. بە کورتی  ڕەزامەندیی مەجلسی ئێران یانی دادگایی کردنی تەواوی کاربەدەستانی حکومەتی کۆماری سێدارە.
لە لایەن کۆمەڵەی شۆڕشگێڕەوە لە سەر زۆربەی بکرانی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر خەڵکی کورستان، هەر یەکەو بە جیا سکاڵا خراوەتە بەر دەستی دادگای «ئای.سی.سی». بۆ نموونە جەنایەتی فەرماندە نیزامییەکانی ئێران لە سەر کورد بەتایبەت کۆڵبەران  وەک سەید موحەممەد حیجازی، موحەممەد عەلی جەعفەری و موحەممەدی پاکپور کە تاوانیان لە سەر خەڵکی کوردستان ئەنجام داوە. بەداخەوە هەر وەک ئاماژەی پێدرا بەهۆی ئەوە کە کۆماری ئیسلامی خۆی پاراستوە لە واژۆکردنی ئەساسنامەی  دادگای «ئای.سی.سی»، دادوەرەکان ناتوانن دانیشتوانی ناو وڵاتی ئێران بکێشنە بەر دەم یاسا.
جیا لەوانە کەیسی ئیعدامی ٥٩ لاوی مەهاباد لە لایەن حەمید ڕەزا جەلایی پورەوە و کۆمەڵکوژی قاڕنێش هەر ڕادەستی دادگای «ئای.سی.سی» کراون، مەخابن بە هەمان شێوە دادگا ناتوانێ لێپرسینەوە لە گەڵ ئەو تاوانبارانە بکات کە دەوڵەتەکەیان واتە ئێران یاسای «ئای.سی.سی» واژۆ نەکردوە. 
لە گەڵ  ئەوە کە دادگا ئەم  کەیسانەی تۆمار کردوە وە لە ئاڕشیڤی خۆیدا وەک بەڵگە و سکاڵا ڕایگرتوە (سەنەدییەتی پێ داون) لە سەر ئەم کەیسانە دادگا دوو ڕێگای لە پێشە، یەکەم، ئێران ئاڵوگۆری ناوخۆیی بەسەردا بێ و پەیڕەوی ناوخۆیی «ئای.سی.سی» واژۆ بکات و دادگا دەستی ئاواڵە بێ بۆ لێپرسینەوە، کە بە دڵنیایەوە کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی لێنادا. دوهەم ئەوە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوی نەمێنێ و دادگا تاوانباران بە سەزای خۆیان بگەیەنێت، لە ئەگەری هەر دو حاڵەتدا جیا لە بە سەزا گەیاندنی تاوانباران دادگا قەرەبو کردنەوەی زەرەر و زیانەکانیش دیاری دەکات.
گۆمانی تێدا نییە هەر داگاییەک دژی کۆماری سێدارە بەڕێوە بچێ کورد براوەیە، کاتێک لە ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٢ کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن کۆمەڵێک دادوەری بیانی و ئێرانەوە ‹ئێران تریبوناڵ› لە دادگایەکی نافەرمیدا لە لە لاهای مەحکوم کرا، بەڵگەکانی خەڵکی کوردستانیش ڕۆڵی سەرەکییان لەم بڕیارەدا هەبوو. هەر چەند ئەو دادگایە دەیتوانی لە دنیادا ببێتە  ڕاسڵی دوهەم. بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندیی وڵاتانی ئوروپایی بوو بە لەمپەرێکی بەهێز دژی کاردانەوەکەی. 
لە مێژو دا زۆر جار لە کۆتایی شەرەکاندا مرۆڤ لە پێناو ئاسایش، دووری لە توندوتیژی و مافی دادپەروەریدا یاسای نوێی داڕشتوە، بۆ نموونە گۆڕانکارییەکانی دوای شەڕی سەلیبی، یا شەڕی جیهانی دوهەم.  هیچ دوور نییە لە ئەگەری دوای لاواز بوونی کانگاکانی نەوت یا کەم بوونی ڕێژەی پێویستیی نەوت لە وڵاتان بە هۆی ئاڵۆگۆڕ لە سەنعەتدا،  ئەمجارە نە زلهێزەکان و نە کۆڵۆنالیسمەکان پێویستییان بە پشتیوانی لە دیکتاتۆڕەکان هەبێ، بۆ نموونە ڕەنگە لە داهاتووی دووردا ئیتر ئوروپا و زلهێزەکانی دیکە جۆڕی شەڕی هێز و ئابوری بگۆرن، یا چی دیکە کێبڕکێی فرۆشی کالاکانیان لە بازاڕی وڵاتە دیکتاتۆرەکان نەکەنە برایەتی نێوان دێموکڕاسی و دیکتاتۆڕی. تەنانەت هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە کە بە بێ شەڕی نیزامی بەشەر بگاتە یاسایەکی دادوەریی هاوبەش، تا دەوڵەتان لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیڕەوی بکەن وە پەیرەوی نەکردنی ببێتە کۆتایی هەر حکومەتێک.
ئەم کورتە ئاماژانەی سەرەوە دەریدەخات کە، ڕاستە لە دنیای نێونەتەوەییدا هەوڵ دراوە بۆ لە قاودانی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی وە هەوڵی زیاتریش دەدرێ، بەڵام خەڵکی کوردستان نە چاوەڕوانی دادگاکانی نێودەوڵەتین کە دادوەرانی دەستەوئەژنۆ دانیشتون و چاوەڕوانن حکومەتی ئێران بگۆڕدرێ تا دواتر تاوانباران بەرنە بەردەم  یاسا، وە نە چاوەڕوانی ئەوەش دەبن کە ئایا کەی لە داهاتوویەکی نادیاردا هەموو دنیا لە پێناو مرۆڤایەتی بە یەک دەنگ بە پشت لە دیکتاتۆڕەکان یاسای سەراسەری مافی مرۆڤ دەکەنە ئەرکی هەر حکومەتێک، بەڵکۆ  بەدڵنیایەوە بەردەوامیی خەبات و خرۆشی جەماوەری خەڵکی کوردستان زۆرداری زاڵم دەستبەسەر دەکات و هەروەها  لە دادگای عادڵانەی خەڵک و بەدەست دادوەرانی کورد دادگایی دەکرێن