ئایا کۆرۆنا دەبێتە گیوتین بۆ ملی خامنەیی و ئێران دەکاتە ناوەندی دەستپێکی ڕێنسانس لە ناوچەکەدا؟

ئایا کۆرۆنا دەبێتە گیوتین بۆ ملی خامنەیی و ئێران دەکاتە ناوەندی دەستپێکی ڕێنسانس لە ناوچەکەدا؟

کەیوان فەرامەرزی

حکومەتی ئایینی ئێران پێیوابوو لە پێناو چەندپاتە پتەوکردنی  ژێربینای هڵۆڵ و کرمەڵۆکی ڕژیمی جەهل و خورافە دەتوانێ بە دانەخستنی بنکە ئایینییەکان وەک ئیمامزادە و حوسینییە و مزگەوتەکان بیسەلمێنێ کە ناوەندە مەزهەبییەکان توانایی بەرەنگارییان بەرامبەر بە ڤیرووسی کۆرۆنا هەیە و لە هەمانکاتدا درۆی شاراوەیان بۆ گیرۆدەبووان بە موقەدەساتی شیعەگەری ئاشکرا نەبێ.
نوێنەرانی ئاسمانی پێیان وابوو بەشاردنەوەی ڕاستییەکان لەوانەیە تا ئاشکرابوونی توشبوونی بە کۆمەڵی خەڵک بە نەخۆشی،  هەم خەڵک دێنە سەر سندووقی دەنگدان و یادی ٢٢ی ڕێبەندان هەم چارەسەری نەخۆشییەکە دەدۆزرێتەوە.
بەرپرسایەتی ئەو تاوانە گەورەیە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر شانی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران کە لە پێناو مانەوەی خۆیان سەروەت و سامانی گشت ئێرانیان فیدای بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ئایینیان کردووە، لە هەموو وڵاتانی دنیا بەشێک لە داهات و تەنانەت پاشەکەوتەکانیش بۆ کاتی قەیرانەکانە، کەچی لە وڵاتی ئێران تەنیا بودجەی ناوەندە ئایینییەکانی قوم هەشتا بەرابەری بودجەی تەرخانکراوە بۆ قەیرانە سەراسەرییەکانە! تەنانەت  خەرجی دیاریکراو بۆ گۆڕی خومەینی چوار هێندەی ئەو پارەیەیە کە بۆ قەیرانەکان دیاری کراوە!
نکۆڵی کردن و شاردنەوەی بەئەنقەستی ڕاستییەکان یانی هەڵاتن و خۆ دزینەوە لە بەرپرسایەتی گیان لەدەستدانی بە کۆمەڵی هاوڵاتیان، هاندانی قوربانیانی خورافە و تاوانی خۆیان ڕادەستی بنکە ئایینییەکان و خۆشیان لە باشترین نەخۆشخانەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا!
سون تزوی یەکێک لە مەزنترین پسپۆرانی نیزامی چینی بوو کە لە شەش سەد ساڵ پێش میلاددا دەڵێ: لە هەموو شەڕێکدا فریودانی دوژمن ئەساسە واتە بەلاڕێدابردنی دوژمن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان نیشانەی لێهاتوویی و بەتوانا بوونە لە داهێناندا لە پێناو شکستی دوژمن، دوژمنی کۆماری سێدارەش خەڵکی وڵاتەکەی خۆی و دنیای دەرەوەیە کە جیا لە ناوبردنی ناڕازییان  نزیک نیو سەدەیە بە فریودان و درۆ کردن خەڵکانێکی لە دەوری خۆی ڕاگرتوە، بەڵام ئەم جارە ئەم کەمینە خەڵکەش بۆیان دەرکەوت کە ئاشکرا نەکردنی توشبووانی نەخۆشی بە کۆرۆنا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنگرە بۆ سەلماندی نزیک نیوسەدە فریودان و درۆ لە گەڵ بیری گشتی جەماوەری ناو کۆمەڵگا. ئیتر نە کۆماری سێدارە مەشروعییەتی ماوە و نە خەڵک باوەڕ بە درۆی سەر مەنبەرەکانیان دەکەن، بۆیە دەڵێن کۆرۆنا کێچی خستە کەوڵی پاشماوەی حکومەتەکەی خومەینی بۆ نموونە زۆر بەرپرس هاتنە سەر مێدیا سەراسەرییەکان و بە درۆ بۆ فریودانی خەڵک وتیان ئێمەش نەخۆشین! 
بە ڤیرووسی کۆرۆنا ڕۆژانە بەدەیان بۆچوون دەکەوێتە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هێرشی ئەمریکایە بۆ سەر چین لە هەمبەر شەڕی ئابوری! پاشگەزبوونەوەی ئەمریکایە لە سەر گلۆبالیزاسیۆن-جیهانگیریی ئابوری! لە وڵاتی چین لە کاتی دروست کردنی چەکی بیوڵۆژیکی ئەم ڤیرووسە درزی کردووەتە دەرەوە! مرۆڤ بە گشتی و بەتایبەت لە چین شێوازی بەکارهێنانی خواردەمەنی گۆڕیوە و بووەتە لاواز بوونی سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ بەرامبەر بە نەخۆشییەکان!  ئەوانە و سەدان بۆچوونی دیکە لە لایەن خەڵکانێک دێنە ناو باسەکان و دەبنە پرسیار، هەموو ئەوانە لە کۆمەڵگای ئێراندا لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە کە خەڵکی پێ فریو بدات و خۆی وەک بەرپرس  بەرامبەر بە خەڵک نیشان بدات و تاوانەکانی لە کاتی ئەم قەیرانەدا حەشار بدات.
دزیی سپای پاسداران لە  یارمەتی وڵاتانی دەرەوە قزێونە، بەڵام ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە کردەوەیەکی تازە نییە. کاتێک ١٦ی مارس ١٩٨٨  لە لایەن ڕژیمی بەعسەوە  ھەڵەبجە بە بۆمبی شیمیایی کۆمەڵکوژی کرا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی یارمەتییەکانی خۆیان ڕەوانەی کوردستانی باشوور کرد زۆربەی خۆڕاک، پۆشاک و  ئەو کەل و پەلانەی وا لە لایەن نەتەوەیەکگرتۆکانەوە وەک یارمەتی بۆ خەڵکی هەڵەبجە ڕەوانە کرابوون لە شارەکانی ئێران لە لایەن سپای پاسدارانەوە ببوونە کالای بازرگانی و کاسپییان پێوە دەکرد لە سەر شەقامەکانی زۆربەی شارەکان دەفرۆشران.هێج گومانی تێدا نییە زۆربەی ئەو یارمەتییانەی وا بۆ بەرەنگاری لە هەمبەر ڤایرۆسی کڕۆنا ڕەوانەی ئێران کراون لە لایەن کاربەدەستانی حکومەت، بەتایبەت سپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و دواتر یا کاسپی پێوەدەکەن یا ڕادەستی لق و پۆقەکانی سپاسی قودس لە وڵاتانی دەوروبەر دەکرێ. ڕۆژنامەی شپیگڵی ئاڵمانی باس لە ناردنی دەیان تۆن کەل و پەلی پێوەندیدار بە کۆنتڕۆڵی ڤیرووسی کۆرۆنا بۆ ئێران دەکات لە حاڵێکدا لە نەخۆشخانەکان ئاسەوارێک لەم یارمەتییە نابیندرێت و باسی ناکرێت و دیسان لە سەر شەقامەکانی ئێران و ناو بازاڕ بە نرخێکی گران بۆتە داهات بۆ سپای پاسدارانی ئێران.
وڵاتانی  ڕووسییە و چین لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا لە سەر کەیسی ئێران نەتەنها نکۆڵیان لە ناکارامەبوونی دەسەڵاتداریی ڕژیم دەکرد بەڵکۆ  لە بەرامبەر تیرۆریسمی نێودەوڵەتی و سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیان لە هەموو یاسا نێودەوڵەتییان کرد، ئێشتاش هیچ دوور نییە لە هەمبەر داخوزییەکانی دنیای دژە دیکتاتۆر و تیرۆریسم، نەتوانایی یا بەئەنقەست کۆنتڕۆڵ نەکردنی ڤایرووسی کۆرۆنا لە لایەن کاربەدەستانی ڕژیمی ئێرانەوە بەتایبەت محەمەدی سەعیدی نوێنەری دەست نیشاندەی خامنەیی لە شاری قوم، دوو وڵاتی زلهێزی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش واتە چین و رووسییە رووبەڕوی مشتە کوڵەیەک ببنەوە. 
زۆر کەس دەڵێن خۆ ئیتالیا و زۆر وڵاتی دیکە وەک ئێران گیرۆدەی ڤیرووسی کۆرۆنا بوون و نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکەن ئەگەر وایە ئەوانێش تاوانبارن،  ئەم بەراوەردە زۆر ناڕەوایە لە بەر ئەوە کە لە ئیتالیا یا زۆر وڵاتی دیکەی گیرۆدە بە  ڤیرووسی کۆرۆنا هیچ شتێک شاراوە نییە و  هاوڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە. هەروەها پێداویستییەکانی لەبەردەست، تایبەت نییە بۆ چەند دەسەڵاتدار و لە ناو حکومەتدا قەفیسی نەخواردوە جیاوازی دز و دڵسۆز لە کردەوەی  دەسەڵاتداراندا ڕوونە، ئیتالیا پێنج سەد ساڵە ئەسپاردەکردنی بەڵا و نەخۆشی بە ئایین ڕاوناوە بۆتە مەهدی تەمەدونی ئوروپا کەچی حکومەتی ئێران تازە وەک یاسای کلیسا لە سەدەکانی سێزدە و چواردە، هانی خەڵک ئەدات پەنا بۆ ئیمامانی شیعە ببن و گۆیا دوعا شەفابەخشە!
نە دوعا پێشنیارەکەی خامنەیی بڕی کرد، نە نوشتۆکەی ڕۆحانی کە وتی لە ڕیگای دورەوە زیارەتی ئیمامانی مردوو بکەن!
مەبەست لە ئاماژەکانی سەرەوە ئەوەیە ئەگەری ئەوە هەیە کە دوای تێپەربوونی خەڵکی ئێران بەسەر ئەو ئیپیدمییە،  بێکارامەیی رژیم و بەکوشتدانی خەڵک لە پێناو بەرژەوەندیی مانەوەیاندا تێکەڵ بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان ببێت و  خەڵک بیکەنە چەکی ڕاماڵینی ڕژیمی جەهل و خورافە و تاوان. هەروەها ئێران نموونەی ڕینسانسێک  بۆ خۆی و ناوچەکە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا تۆمار بکات.