مەجلیسی یازدە و دوا هەنگاوەکان بۆ میلیتاریزەکردنی ئێران

مەجلیسی یازدە و دوا هەنگاوەکان بۆ میلیتاریزەکردنی ئێران
ئەرسەلان ئیحسانی

هەڵبژاردنی خولی یازدەی مەجلیسی شوورای ئیسلامی ئێران لە دووی ڕەشەمەدا، لە کاتێکدا بەڕیوەچوو کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن و دامەزراوە سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئێران بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کردبوو، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرا ڕێژەی بەشداری خەڵک بە ڕادەیەکی زۆر دابەزێت. ئەوەش لە کاتێکدابوو کە ئەنجوومەنی پاریزەری دەستوور (شوورای نیگابان) ڕێژەیەکی بەرچاوی لە بەربژێرەکانی ڕەت کردبوویەوە و هەروەها هەواڵی ئەوە هەبوو کە ئێرانیش ئالودەی ڤیرووسی کۆرۆنا بووە، هەرچەند بەرپرسان وەک هەمیشە ئەو ڕاستییە مەترسی دارەیان لە پێناو ڕاکێشانی چەند خەڵکێکی زۆرتر بۆ سەر سندووقەکان پشت ڕاست نەکردەوە و بەردەوام خەڵکیان هان دەدا و داوایان دەکرد کە بە گڕ و تینەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن. بە بەڕیوە چوونی هەڵبژاردنەکان لە ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەدا و بە پێی هەواڵاکان دەردەکوت کە خەڵک ئەم جارە هەڵوێستی خۆیان گرتووە و نایانهەوێت لەم هەڵبژاردنەدا کە تەنیا وەک شانۆیەک سەیر دەکریت بەشدار بن، دوای دوو ڕۆژ لە هەڵبژاردنەکان لە ڕاگەیاندنێکی ڕەسمیدا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە  ڕێژەی بەشداری بە لە سەدا ٤٢ ڕاگەیەندرا کە ئەگەرچی ئەم ڕێژەیە باوەڕ پێکراو نەبوو، بەڵام هێستاش بە بەراورد لەگەڵ خولی پێشوو لە سەدا نۆزدە کەمی کردووە  کە نزمترین ئاستی بەشداری خەڵکە بووە لە مێژووی چل ساڵەی لە سەر کاربوونی بۆ هەڵبژاردنەکان.
ئەوەی جێی سرنجە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە کەسی نیزامی و سپایین یان ئەوەیکە بناژۆخوازن. بە پێی ئامارەکان سپا زیاتر لە ١٢٠ کورسی مەجلیسی بە دەست هێناوە لە ٢٩٠ کورسی مەجلیس کە سەبارەت بە رێفۆرمخوازەکان کە تەنیا ١٩ کورسیان دەستەبەر کردووە، بەڕیژەیەکی بەرچاو پێشکەوتنیان تۆمار کردووە بە ڕادەیەک کە بە درێژایی خولەکانی پێشووی مەجلیس بێ وێنەیە. زیاتر لە ١٥ کەس لە وەزیر و کاربە دەستانی دەورانی سەرۆک کۆماری مەحموودی ئەحمەدی‌نژادی تێدا بەدی دەکرێن، کە ئەگەرچی شیوازی کاریان لە سپا و ڕێبەری تا ڕادەیەک جیاوازە، بەڵام هەموویان یەک ئامانج دەپێکن ئەویش پێداگری لە سەر بنەماکانی شۆڕشی ٥٧ی ئێرانە، واتە مەجلیسی ئەمجارەی کۆماری ئیسلامی سپا و بناژۆخوازەکان قۆرسایەکی زۆریان لە یەکلایی کردنەوەی بریار و یاسا پەسەند کراوەکانی مەجلیسدا دەبیت.
خاڵی جێی ئاماژە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی مەجلیس دەست تێوەردان و بەشداری کەم وێنەی سپا و بەسیج بوو، تەنانەت بە پێی یاسای پڕ کەم و کورتی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیش ئەوە ڕێگە پێدراو نییە. 
مادەی ٤٠ی یاسای سزادانی هێزە چەکدارەکان باس لەوەدەکات کە «دەست تێوەردان، بەشداری یا چالاکی کاربەدەستانی نیزامی لە دامەزراوەکان و کێشە سیاسییەکان و هەروەها  پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکان رێپێدراو نییە و بە تاوان ئەژمار دەکریت و هەرکەسێک ئەو کارە بکات لە شەش مانگ تا سێ ساڵ دەستبەسەر دەکرێت»، لە لایەکی ترەوە مادەی ٢٩ی یاسای ئەرتەش، مادەی ١٦ی یاسای دامەزراندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئێسلامی و مادەی ١٦ی یاسای دامەزراندنی هێزی چاودێری کۆماری ئێسلامی ئێران و مادەی ٤٧ی پەیڕەوی سپای پاسدارانیش باس لە قەدەغە بوونی بەشداری و دەست تێوەردانەکان لە لایەن سپاوە دەکات و مادەی ٢٤ی هەڵبژاردنەکان باس لەوە دەکات کە هێزی نیزامی و چەکدار مافی دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکاندا نییە .
خومەینی لە کتێبی «سەحیفە» دا باس لەوە دەکات کە «نابیت هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەڕتەش، سپای پاسدران و هێزی چاودیری پشتیوانی لە حیزب و لایەن و دامەزراوە سیاسیەکان بکەن لەبەر ئەوەیکە دەبنە هۆی گەندەڵی هەر بۆیە وا باشترە خۆ لە سیاسەت بپارێزن».
دوای مردنی خومەینی ڕۆڵی سپا لە سیاسەتدا بە هاتنە سەر کاری خامنەیی بەرچاوتر دەبێت و بەردەوام لایەنە سیاسیەکان خامنەیی بەوە تاوانبار دەکەن کە بە کەڵک وەرگرتن لە سپا بابەتە سیاسیەکان یەکلایی دەکاتەوە و وەک مۆرەیەک بە خواستی خۆی کەڵکیان لێ وەردەگرێت هەربۆیە کاتێک لە حەوتەمین خولی پاڕلماندا ئەنجومەنی پاریزەری دەستوور ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەربژەرەکان ڕەت دەکاتەوە و پاڕلمانداران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی مان دەگرن و وەک کاردانەوەیەک  محەمەدی خاتمی باس لەوەدەکات کە با هەڵبژاردنەکان بۆ کاتێکی گونجاوتر وەدوا خەین خامنەیی  زۆر بە توندی دێتە سەر خەت و بە زمانی هەڕەشەوە ڕایدەگەیەنێت کە دەبێت هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت و ئەگەر ئەو کارە نەکەن ئەوە ئەم کارە دەخەینە ئەستۆی لایەنێکی دیکە کە مەبەستی سپای پاسدرانە.هەر بۆیە خاتمی ناچار دەبێت هەڵبژاردنەکان بەڕیوە ببات کە لەم هەڵبژاردنەدا بناژۆخوازەکان سەرکەوتن بەدەست دێنن کە زۆربەیان سپایین.
لە هەڵبژاردنی خولی نۆهۆمی سەرۆک کۆماری لە ساڵی ١٣٨٤دا کە مەحموودی ئەحمەدی‌نژاد دەبێتە سەرۆک کۆمار ناڕەزایەتی زۆری لێدەکەوێتەوە لە نامەیەکدا مێهدی کەڕوبی کە بۆ خامنەیی ناردوە ئاوا دەنوسێت کە « بابەتی دەست تێوەردانی بەشێک لە سپا و بەسیج لە هەڵبژاردنەکاندا کە پێشتر بە بەڕێزتانم راگەیاندبوو و وەک بیستوومە وەزیرەکان ، دەزگای هەواڵگری و دەزگای دادیش لە نامەیەکدا ئەوەیان بۆ بەڕێزت ڕوونکردۆتەوە و داوایان لە بەڕێزت کردووە کە پێش بەم بابەتە بگری تا رادەیەک ئاستەنگی ساز کردووە و داواکارین چارەسەری دۆخەکە بکەن «.ئەوە یەکەم جار و تەنیا جارێک نیە کە بە ئاشکرا سپا دەست تێوەردان لە کاروباری سیاسی وڵاتدا دەکات،هاشمی ڕەفسەنجانی لە بیرەوەریەکانی خۆی لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاویدا باسی چەندین نموەنە لەم چەشنە دەست تێوەردانی هێزە نزامیەکان دەکات لە هەڵبژاردندا.
ئەم دەست تێوەردانانە دەرخەری ئەو بابەتەیە کە ژینگەی سیاسی ئێران زۆر لەمەو پێشتر ئامادە کراوە بۆ بەشداری کەسانی سپایی و نزامی کە سەرەتا بە دەست تێوەردانی سپا لە پەیوەندیە ناودەوڵەتیەکان دەستی پێکرد و دواتر لە ئابووریدا و ئێستاش لە سیاسەتدا خۆی دەردەخات.بەشداری کەسانی نزامی لە وڵاتاندا دەتوانێت بە دوو شیواز بێت یان ئەوەیکە نزامیەکان لە ڕێگای کودتاوە دێنەسەر کار و دەستهەڵات دەگرنە دەست و یان ئەوەیکە بە شێوازی نەرم واتە لاینگری کردن لە لایەنە سیاسیەکان و یان بەشداری ڕاستەوخۆ لە سیاسەتدا پێدەنێنە ناو جەرگەی سیاسەتدا، لە ئێراندا لایەنی دووهەم هەڵبژیردراو و بە  لاوازکردنی کۆمەڵگای مەدەنی،داڕمانی  ئابووری، نەبوون یان ناکارامە کردنی دامەزراوە سیاسیەکان ئەم هەلەیان بۆ سپا ڕەقساندووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە دەست تێوەردانی کەسانی نزامی لە سیاسەتدا بە گشتی دژی دێموکراسیە.
کاربەدەستان هەوڵ دەدەن زۆر بەنەرمی سپا دەستهەڵات بگرێتە دەست بۆ ئەوەیکە ئامانجەکانیان بپێکن. سپا بە گرتنە دەستی پاڕلمان هەوڵ دەدات دوو ئامانجی سەرەکی خۆی بەدی بێنێت، کە دەتوانێت یەکیان گەمارۆی سیاسی حەسەنی ڕۆحانی ،سەرۆککۆماری ئێران بێت کە سەر بە ڕێفۆرمخوازەکانە بۆ ئەوەیکە بە تەواوی بە کەڵک وەرگرتن بەو دەستهەڵاتانەی لە پاڕلمان دەیانبێت بە پەسەند کردنی یاسا  و ڕێساکان و هەروەها بەربەست خستنە سەر ڕێگاکەی، لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران بە گشتی بیخەنە دەرەوە و نەهێڵن وەک ڕەفسەنجانی و خاتمی لێبێت، وە هەروەها سپا هەوڵ دەدات تیری کۆتاییشی بهاوێت و بە داڕشتنی یاسا و ڕیسای پۆپۆلیستی لە سەر بنەمای گوزەرانی خەڵک دەنگی جەماوەر بۆ لای خۆیان رابکێشن و بەو پوڵ و دەستهەڵاتانەی پێشتر بە دەستیان هێناوە دڵی خەڵک لەگەڵ خۆیان بخەن و هەوڵ بدەن سەرۆککۆماری داهاتوی ئێرانیش هەر لە خۆیان بێت و ئێران بە گشتی بکەنە بنکەیەکی نزامی و بە تەواوی دێمەکراسی لەناو بەرن.
وا پیدەچێت لە دەست بەکارکردنی پارلمانی داهاتوو تا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری داهاتوو سیاسەتی ئێران بەرەو ئاستێکدا تێپەڕببێت کە ئێران بەتەواوی خۆی لە وڵاتێکی نزامیدا ببێنێتەوە. دەبینین کە ئامریکا و وڵاتانی ئۆروپایی بەردەوام هەوڵی گوشاری زیاتردەدەن بۆ سەر ئیران کە ئابووری و هێزی نزامی و سیاسی ئێرانی لە ئاستی ناودەوڵەتیدا بە ئامانج کردووە. تا دێت باس لە مردنی خامنەیی و نەبوونی جێگرەوەیەکی بە هێز و بەتوانا کە بتوانێت چوارچێوەی دەستهەڵات لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بگرێتە دەست زیاتر دەبیسترێت، هەر بۆیە لەوانەیە سپا هەستی بەم بابەتانە کردبێت و هەر بۆیە هەوڵ دەدات ئەگەر کاتێک خامنەیی نەما بە لانی کەمەوە پاڕلمانێکی بەهێز و سەرۆککۆمارێکی بەهێز هەبێت تا ئەم بۆشاییە پڕکەنەوە تا ڕیکارێک بۆ دەرچوون لە قەیرانەکان بدۆزنەوە هەر بۆیە هەوڵیان داوە لە هەنگاوی یەکەمدا پارلمان بگرنە دەست و لە هەنگاوی دواتردا سەرۆک کۆمار لە خۆیان بێت کە لە ئەگەری هەر کێشەیەکی نەخوازراودا سپا سەرجەم دەستهەڵاتەکان بگرێتە دەست و خۆی لە سەر کورسی دەستهەڵاتداری دابنیشێت، ئەوەش دەبێت چاوەڕوان بکرێت کە ئەم سناریۆیە تا چ ڕادەیەک دەتوانێت سەرکەوتوو بێت و ئایا بە دەرکەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی دەستهەڵاتداران بۆ خەڵک و پەرەستاندنی ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژی ناڕەزایەتیەکان و هاودەنگی خەڵک لە گەڵ یەکتر خەڵک دیسان فریوی درۆکانیان دەخۆن و هەروەها ئۆپۆزسیۆن تا چ ڕادەیەک دەتوانێت ڕۆڵی ئەرێنی خۆی بگێڕێت و کۆسپ و تەگەرە بخاتە سەر ڕیگای دیکتاتۆریەتێک کە زیاتر لە ٤٠ساڵ هەوڵی بۆ دراوە.