"بەرگری ڕەوا"ی خەڵکی کوردستان لە یاسای نێونەتەوەییدا


ئەردەڵان فەرەجی

ھێرش،حاشا کردنی مافە و بەرگری، حاشا کردنی ئەو حاشاکارییە و ھەر بۆیەش سەلمێنەری مافە.

ھێگڵ

لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوو، دەربارەی ھۆکارەکان، رەھەند و کاریگەرییەکانی ھێرشی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کوردستانی رۆژھەڵات زۆر وتراوە وزۆریشی لە سەر نووسراوە. رەنگە رەھەندێک کە کەمترین باسی لەبارەوە کرابێت، لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی ئەم پرسە لە رەھەندی یاسای نێونەتەوەییەوە بێت. ئەگەرچی بۆ بەراوردکردن و لێکدانەوەی ھێرشی ٢٨ی گەلاوێژ بۆ سەر کوردستان و بەرگری خەڵکی کوردستان دژی ئەو ھێرش و داگیرکارییانە سەرچاوە و دەقی پڕ بە پێستی نێونەتەوەیی بوونی نییە، بەڵام لە جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند خاڵێک لەوبارەیەوە ھەن کە دەکرێت ببنە بنەما و پێوەرێک بۆ لێکدانەوە ئەو ڕووداوە. ئاشکرایە و بەڵگە و دیکۆمێنتی باوەڕ پێکراو لەبەر دەست دان کە باس لە "دەست درێژی"، "ھێرشێکی ناڕەوا" و "داگیرکارییەک" دەکەن، بۆ سەر کوردستانی رۆژھەڵات، بە فەرمانی خومەینی و بەم جۆرە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر "فەتوای جەھاد" دژی کوردی رۆژھەڵات درا.

لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژی، ھێرشە ناڕەوا و داگیرکارییە، خەڵکی کوردستان دژی وەستانەوە و بە بڕوای چالاکانی سیاسی کوردئەو بەرەنگارییەی خەڵکی کوردستان تاکوو ئێستا بەردوامە. دەربارەی ٢٨ی گەلاوێژ دوو چەمک جێی ئاماژەن: "ھێرش" و "بەرگری". ھەر ھەوڵێکی داپڵۆسێنەرانە بۆ سەر ئەویتر ‌"ھێرش" و وەستانەوە لە بەرامبەر ئەو ھەوڵە داپڵۆسێنەرانەیە، "بەرگری"یە. بەرگری بێ مانا دەبێت ئەگەر ھێرشێک لە ئارادا نەبێت. زۆر بە کورتی بەرگری و بەرگری ڕەوا نەک تەنیا مافی سرووشتی مرۆڤە، بەڵکوو پێویستی بەردەوامی ژیانی ھەر گیان لەبەرێکە. ھەر بۆیەش لە دێر زەمانەوە شەڕەکانیان بە دوو گرووپ دابەش دەکرد: شەڕە ڕەواکان و شەڕە ناڕەواکان. سیسروس رۆمی (۱۰۶ - ۴۳زاینیی) یەکەم کەسە کە تیۆری شەڕی ڕەوای ھێنایە گۆڕێ و تا رادەیەک توانی دەست بردنی بێ مەرج و رەھای بۆشەڕ و زۆرداری بەرتەسک بکاتەوە.

لە سەردەمی ھاوچەرخدا، گرینگترین بەڵگەنامەی نێونەتەوەیی کە تێیدا بەرگری ڕەوای وەک مافی سرووشتی ناسیوە، جاڕنامەی گەردوونی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بە تایبەتی ماددەی ٥١ ئەو جاڕنامەیە. بە پێی ئەو ماددەیە لە ئەگەری ھێرشی چەکدارانە و سەربازی بۆ سەر ئەندامێکی ئەو رێکخراوەیە، تا ئەو کاتەی کە ئەنجوومەنی ئاسایش ھەنگاو و ھەوڵی پێویست بۆ سەقامگیری و پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایش دەدا، مافی بەرگری تاق و کۆ بۆ ئەو وڵاتەی کە ھێرشی کراوەتە سەر بە ڕەسمی ناسراوە. ماددەی ٥١_ لە ئەگەری ھێرشی سەربازی دژی یەکێک لە ئەندامانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ئەو کاتەی کە ئەنجوومەنی ئاسایش (رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان) ھەنگاوی پێویست بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی دەنێ، ھیچ کام لە خاڵەکانی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی سرووشتی بەرگری ڕەوای تاک یان بە کۆمەڵی ئەندامان پێشێل ناکات. ئەندامان دەبێت بە زووترین کات ھەوڵەکانی خۆیان بۆ ئەنجامی ئەو بەرگرییە بە ئاگاداری ئەنجوومەنی ئاسایش رابگەیەنن. ئەم ھەوڵانە بە ھیچ شێوەیەک لە ئەستۆ و بەربرسایەتییەک نییە کە ئەنجوومەنی ئاسایش بە پێی ئەم جاڕنامەیە ھەیەتی بۆ پارێزگاری و سەقامگیر کردنی ئاشتی و ئەمنییەتی نێونەتەوەیی لە ھەر کاتدا کە بە پێویستی بزانێت کە رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر.

جێی ئاماژەیە کە لە ماددەی ٥١دا ئاماژە بەوە دەکاتی کە پشت بە ستن و جوڵاندنی ھێزی سەربازی تەنیا لە کاتی ھێرشی سەربازی دا رێگە پێدراوە. بە تایبەتی ھەرچەشنە ھێرشێکی داگیرکەرانە لە رێگەی ھەڕەشە و یان کەڵک وەرگرتن لە ھێزی سەربازی بەدەر لە چوارچێوەی فەسڵی حەوتەمی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە پێی خاڵە ئاماژە پێکراوەکانی جاڕنامەکە نایاساییە. ئەگەرچی شی کردنەوە و لێکدانەوەی ئەم ماددە یاساییە لە پسپۆڕی شارەزایان و مافپەروەرانی یاسای نێودەوڵەتییە، بەڵام ئەم چەند خاڵە دەربارەی مەرجەکانی بەرگری ڕەوا جێی ئاماژەن کە دەکرێت وەک بنەمایەک بۆ ھەڵسەنگاندی بەرگری خەڵکی کوردستان دژی ھێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرگری "ڕەوا"ی جێی پشتگیری و پشتیوانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کەڵکی لێوەربگیردرێ کە بریتین لە:

.ھێرشی سەربازی مەرجی یەکەمی بەرگری ڕەوایە و ھەر چەشنە ھێرشێکی پێشگیرانە نایاساییە. ھەروەھا بەرگری ڕەوا دەبێت لە بەرامبەر ھێرشێکی سەربازی بێت و ھەر چەشنە ھێرشێکی ئیدۆلۆژیکی، کولتوری و یان ئابووری نابنە پاساو بۆ بەرگری ڕەوا.

.بەرگری ڕەوا دەبێت "پێویست" (Necessity) بێت. واتە بەرگری ڕەوا کاتێک ئەنجام دەدرێت کە ھەموو رێگەچارە ناسەربازی و دیپلۆماسییەکان بە مەبەستی ڕەواندنەوەی مەترسی ھێرش گەیشتبێتە بن بەست.

.ھاوسەنگی (proportionality)واتە لە نێوان ھێرش و بەرگری ڕەوا دا دەبێت ھاوسەنگی ھەبێت، ئەگەرچی لە بنەڕەتدا دیاریکردنی ھێرش و دەستدرێژی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، بەڵام دەبێت بەرگری ڕەوا ھاوسەنگ بێت لەگەڵ ئەو ھێرش و دەستدرێژییەی کە ئەنجام دراوە. بۆ وێنە ئەگەر ھێرش یان دەستدرێژی لە ئاستی پیدادانێکی سەر سنووری نێوان دوو وڵات بێت، نابێت بەرگرییەکە بە جۆرێک بێت کە بگاتە ئاستی وێرانکردنی گشتی وڵاتی ھێرشبەر.

.بەرگرییەکە بۆ ئەوەی کە ڕەوا بێت، دەبێت خێرا و دوابەدوای ‌ھێرشەکە دا بێت. واتە ئەگەر ھێرشەکە کرابێت و کۆتاییشی پێ ھاتبێت و بەرگرییەکە پاش ماوەیەک ئەنجام بدرێت، ناچێتە خانەی بەرگری ڕەواوە، بەڵکوو ئەمە دەبێت "تۆڵە ستاندنەوە"، مەگەر ئەوەی کە ھێرش و داگیرکارییەکە ھەر بەردەوام بێت.

.راگەیاندن بە ئەنجوومەنی ئاسایش، ھەر ئەو جۆرەی کە لە ماددەی ٥١ی جاڕنامەکەدا ئاماژەی پێدراوە، واتە ھەر ھەوڵێک بۆ بەرگری ڕەوا دەبێت بە زووترین کات بە ئاگاداری ئەنجوومەنی ئاسایش رابگەیەندرێ.

لێرەدا زۆر بە کورتی بە پشت بەستن بە ماددەی ٥١ی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆی ماددە و بەندەکانی جاڕنامەکە، پەیوەست بە مافی بەرگری ڕەوا، ھەڵسەنگاندنێک دەکەین بۆ بابەتی ٢٨ی گەلاوێژ:

.کوردستان و بەتایبەتی کوردستانی رۆژھەڵات ئەگەرچی لەو کات و تەنانەت ئێستاش یەکیک نییە لە ئەندامانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام ناوچە و دانیشتوانێکی سەلمێنراو، لە ئاستی نێونەتەوەیی ھەیە کە لە لایەن یەکیک لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ھێرشی دەکرێتە سەر. کەواتە ھێرشەکە یان داگیرکاری و دەستدرێژییەکە سەلمێنراوە.

.کاتێک کە ‌ھێرش دەکرێتە سەر کوردستان، سەرکردایەتی سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتی کوردستان ھەموو ھەوڵەکانیان دەخەنەگەر بۆ وەستاندنی ئەو شەڕە داسەپێندراوە کە بەر دەرکەی ماڵی کوردی گرتووە، بۆ پێشگیری لە خەسار و کاولکاری، بەڵام بێ سوود دەبێت. بە پشت بەستن بە مەرجی دووھەمی بەرگری ڕەوا کە ئاماژە بەوە دەکات بەرگری ڕەوا کاتێک ڕەوا دەبێت کە ھەموو ھەوڵە دیپلۆماتیک و ناسەربازییەکان بێسوود و کاریگەر بن، بەرامبەر بەو ‌ھێرشەی دەسەڵاتی ناوەند خەڵکی کوردستان دەست دەدەنە بەرەنگار بوونەوە. بەرەنگاربوونەوە لە بەرامبەر ھێرشێکدا کە ھیچ سنوورێکی نەدەپاراست و ژیانی ھەموو خەڵکی کوردستانی خسبووە مەترسی لەناوچوونەوە.

.ئەگەرچی مقاومەت و بەرەنگاری خەڵکی کوردستان بە ھەموو توانایانەوە بە ژن و پیاو و پیر و گەنج و ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بووە، بەڵام ھیچکات ھاوسەنگ نەبووە لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژی و داگیرکارییەی کۆماری ئیسلامی و ھەموو کات تای تەرازوی ھێزی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان قورستر بووە. خەڵکی کوردستان ھەرگیز ھێرشیان نەکردۆتە سەر بستێک خاکی ئەولاتری کوردستان و تەنیا بەرگرییان لە خۆیان و خاکی کوردستان کردووە.

.بەرگری خەڵکی کوردستان لە یەکەم ساتەکانی ئەو ھێرش و داگیرکاری و دەستدرێژییەی رژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێکرد و ھیچ دەستەوەستانی و وەقفەیەک لە نێوان مەودای ‌ھێرش و بەرگریدا نەبووە. ئەگەر ئەو بەرگرییەش تاکوو ئێستاش بەردەوامە، ئەوا تەنیا لە بەر ئەوەیە کە ئەو داگیرکاری و دەستدرێژی و ھێرشە بۆ سەر کوردستان بەردەوامە و ھیچی تر و ھەرگیز بەرەنگاری خەڵکی کوردستان نەچۆتە خانەی تۆڵەستاندنەوە.

.لە یەکەم ساتەکانی ئەو ھێرشەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ھەوڵیان داوە لە رێگەی دیپلۆماسی و میدیا جیھانییەکان ئەم ھێرشە لە قاو بدەن و بەرەنگاری خەڵکی کوردستان بە ئاگاداری ھەموو ڕای گشتی جیھانی بگەیەنن.

ئەگەرچی بە وردبوونەوەی زۆرتر دەربارەی خاڵە ئاماژە پێکراوەکانی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مەرجەکانی بەرگری ڕەوا زۆرتر و زیاتر رەھەند و ناوەرۆکە داگیرکارانە و دەستدرێژیکارانەکەی ھێرشی کۆماری ئیسلامی و لە بەرامبەردا "ڕەوا"یی "بەرگری" خەڵکی کوردستان دەردەکەوێت، بەڵام بێ دەنگی ماناداری کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەو سەردەمەدا و لە ئێستاشدا جێی گومانە.

_دەقی ماددەی ٥١ی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان:

.

Article ٥١

Nothing in the present Charter shall impair theinherent right of individual or collective self defenseifanarmedattackoccursagainstaMem-her of the United Nations, until the Security Councilhastakenthemeasuresnecessarytomaintaininternationalpeaceandsecurity.MeasurestakenbyMembersintheexerciseofthisrightofself defenseshallbeimmediatelyreportedtotheSecurityCouncilandshallnotinanywayaffecttheauthorityandresponsibilityoftheSecurityCouncil UnderthepresentChartertotakeatanytimesuchactionasitdeemsnecessaryinordertomaintainorrestoreinternationalpeaceandsecurity.