دوو سه‌ده‌ ئه‌زموونی سیستمی فیدراڵیزم

دوو سه‌ده‌ ئه‌زموونی سیستمی فیدراڵیزم

دوو سهده ئهزموونی سیستمی فیدراڵیزم

سەلاح بایەزیدی

نووسەر و بیردۆزی سیاسی «پییر جۆزێف پڕۆدھۆن» کە بە یەکێک لە ناسراوترین بێرمەندانی تیۆریی یەکسانی کۆمەڵایەتی و لایەنگری لە دێمۆکراسی رادیکاڵ و جەماوەری سەدەی نۆزدەھەم دەناسرێت، بەم شێوەیە باس لە گرنگی و پێگەی سیستەمی فیدراڵی بۆ نەھێشتنی شەڕ و ئاژاوە لە کۆمەڵگە فرەنەتەوەکان دەکات « سەدەی بیستەم دەکرێت وەک سەردەمی بڵاوبوونەوەی حکوومەتە فێدراتیوەکان ھەژمار بکرێت، بەڵام ئەگەر ئەوە سەر نەگرێت، بۆ ھەزار ساڵی دیکەش مرۆڤایەتی ڕووی ئاسایش و ئاشتی بە خۆیەوە نابێنێت». پرۆدھون، فیدراڵیزمی وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی، فەلسەفی، تەنانەت روانگەیەکی جیھانیی لە کۆمەڵگە و بە گشتی «یسم» یکی دیکە بە ھاوشێوەی لیبراڵیزم و سۆسیالیزم پێناسە دەکرد. پێش ئەوەش، ئیمانۆیل کانت، فیدراڵیزمی نە وەک چەمک یان بیروباوەڕ، بەڵکوو وەک تیۆری یاسا و سیاسەت پێناسە کردبوو. بەڵام بەھاوشێوەی پڕۆدھۆن، کانت دامەزراندنی فیدراتیوێکی جیھانی، بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵگا لە شەڕ و بشێوی کە لە سەر دەستی ناوەندیەتیی بەھێز و دەمارگرژی نەتەوەیی درووست دەبێت، بە شتێکی پێویستی ھەژمار کردبوو. لە سەردەمی ھاوچەرخیش، پرۆفیسۆری بەناوبانگی زانستە سیاسییەکان»ئیدوارد ئیل گیبسۆن» بە گەش بینی باسی لەوە دەکات کە «مرۆڤایەتی رۆژبەڕۆژ لە جیھانێکی بەتەواوی فیدراڵ نزیک دەبێنەوە». سەرۆکی «کۆمەڵەی فیدراسیۆنەکان»، جۆرج ئەندرسۆن، فیدراڵیزم وەک گرنگترین کۆڵەکە بۆ دێموکراتیزە کردنی کۆمەڵگا، بەھێزترکردنی یاسادەستوورییەکان و بڵاوبوونەوەی فەرھەنگی لێبوردەیی پێناسە دەکات. ئەوە بەشێک لە چەند روانگەیەکی جیاواز بۆ پێناسەکردنی بنەما فیکری، فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکانی چەمکی فیدراڵیزم بوو کە دواتر وەک بریتێکی بەھێزی سیاسی بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە دەتوانێت ئاشتی و ئاسایش و ھاوکات نەھێشتنی ئاژاوە و پەشێوی لە ناو نەتەوە جیاوازەکاندا دەستەبەر بکات.

کەوابوو، ئەوە گرنگە کە بە وردبوونەوەیەکی زۆرتر، لێکۆڵینەوە لە بارەی ھۆکارەکانی خێرایی لە بەربڵاو بوون و پەرەسەندنی سیستەمی فیدراڵیزم لە سەر ئاستی نێونەتەوەیەدا بکریـَت. وەک نموونە دەکرێت ئاماژە بەو زانیاریانە بکرێت: لە بیست و ھەشت وڵات کە لە سەدا چلی دانیشتووانی ئەم جیھانە لە خۆ دەگرێت، فیدراڵیزم پەیڕەو دەکرێت یان ئەوە کە سیستەمی سیاسی خۆیان بە فیدراڵی پێناسە دەکەن. زۆربەی ھەرە زۆری ئەو حکومەتە دێموکراتیکانەی کە خاکێکی زۆر و دانێشتوانێکی زۆریان ھەیە، لە سیستەمی فیدراڵی پەیڕەوی دەکەن. بەدوای کوتایی ھاتن بە حووکمی ژنێڕاڵەکان و گەشەسەندنی پڕۆسەی دێمۆکراسی لە ئاڕژانتین، برێزیل و مێکزیک، بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی لەم وڵاتانە بەھێزتر بووە.

بێلژیک، ئیتیۆپی و ئیسپانیا کە پێشتر لە ژێر سیستەمی سیاسی ناسراو بە یەکپارچەبوون و یان بە واتایەک، ناوەندێتی بەڕێوەدەچوون، ئێستا پەیڕەوەی لە فیدراڵیزم و دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان ھەرێمەکان دەکەن. فیدراڵیزم ھەروەھا وەک نەریتێکی سیاسی گوونجاو بۆ ئەو وڵاتانەیش کەڵکی لێوەرگیراوە کە قوناغی دوای بارودۆخی شەڕ و کێشەی نەتەوەیی و ئایینی تێپەڕ دەکەن کە لە نێوانیاندا دەکرێت ئاماژە بە بۆسنیا، کۆماری دێمۆکراتیکی کۆنگۆ، باشووری ئافریقا، سودان و عێراق بکرێت و ھەروەھا لە نیپاڵ و سریلانکاش، وردبوونەوەی لە سەر کراوە. یەکیەتی ئورووپاش وەک نموونەیەک لە کۆنفیدراڵی، زۆربەی تایبەتمەندییەکانی سیستەمی فیدراڵیزم لە خۆ دەگرێت. بە لەبەرچاوگرتنی گەشەسەندنی خێرایی سیستەمی فیدراڵیزمی مۆدێرن کە وەک پێشمەرجێکی سەرەکی بۆ دێموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا پێناسە دەکرێت، زۆربەی فیدراسیۆنەکان لە چەند پرۆسەیەکی تایبەتی مێژوویی لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوو درووست کراون. لەگەڵ ئەوەشدا، ھەر کام لەو فیدراسیۆنانە لە ھەلومەرجی جیاواز و بە پێی تایبەتمەندی و روانینی رێبەرانی سیاسی و لە ھەمووان گرنگتر کاریگەری رووداوە مێژووییەکان کاری داڕشتنیان بۆ کراوە.

بەم پێیە، فیدراڵیزم وەک ھۆکارێک بۆ یەکگرتن و تێکەڵبوونی چەند کەرت و پارچەی جیاوازی نەتەوەی بۆ ناو فیدراسیۆنێکی نوێ یان پۆلێن کردن و دووبارە داڕشتنەوەی وڵاتێک کە پێشتر بە یەکپارچە و ناوەندێتی بەڕێوەچووە یان تەنانەت ئەوە کە وەک بەرھەمێک لە تێکەڵ کردنی ھەر دوو پرۆسەی ناوبراو کەڵکی لێوەرگیراوە.

یەکەم قوناغی درووستبوونی سیستەمی فیدراڵی لە کوتایی سەدەی ھەژدەھەم و سەرتای سەدەی نۆزدەھەم بە یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەی ئەو وڵاتانە دەست پێدەکات کە پێشتر وەک چەندین پارچەی لێکترازاو و سەربەخۆ ھەژمار دەکران. ئەزموونی ئەمەریکا لە سیستەمی کۆنفیدراڵی، تەنیا ھەشت ساڵی خایاند کە ئەوەیش ساڵانی ١٧٨١ بۆ ١٧٨٩ لە خۆ دەگرێت. وەک یەکەم ھەنگاو، سێزدە ویلایەت لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و بە چاوپێداخشانێکی دووبارە بە بوونی ناوەندێکی لاواز و پەیڕەوی کردن لە دەستوورێکی ھاوبەش کار بۆ داڕشتنی بەردی بناغەی یەکەمین سیستەمی فیدراڵی مۆدێرن دەکەن. لە لایەکی دیکە، سوئیس بۆ زیاتر لە پێنج سەدە بە شێوەی کۆنفیدراڵی بەڕێوە دەچێت، بەڵام دوابەدوای سەرھەڵدانی بشێویی و ئاژاوەی ناوخۆی ساڵانی نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەم، رووبەڕووی گۆڕانکاری دەبێتەوە و لە ساڵی ١٨٤٨ دا بە کەڵک وەرگرتن لە مۆدیلی ئەمریکایی، دەستوورێکی فیدراڵی پەسەند دەکات.

ئاڵمان بە ھەمان شێوە لە ساڵی ١٨٧١ بە داڕشتنی حکوومەتێکی نەتەوەیی کە چەندین ھەرێمی فیدراڵ لە خۆ دەگرێت لە شێوازی پێشووتری کە لە سیستەمێکی کۆنفیدراڵی و ناوندێکی یەکجار زۆر لاواز پێکھاتبوو، دوور دەکەوێتەوە. لە لایەکی دیکە، کانادا لە یەکەم ھەنگاودا لە یەکگرتنی تەنیا سێ ناوچەی سەر بە باکووری ئەمریکای بریتانیا سیستەمی فیدراڵی لە ساڵی ١٨٦٧ درووست دەکات کە ئەوەش زۆرتر دوو ناوچەی فەرانسی زمانی کۆبێک و ئینگلیسی زمانی ئۆنتاریۆ لە خۆ دەگرێت و ئۆسترالیاش لە پێکەوەنانی شەش ناوچە لە سالێ ١٩٠١ یاساییەکی دەستووری فیدراڵ ئامادە دەکات. لە ئەمریکای لاتین لە ژێر کاریگەری ئەزموونی فیدراڵیزم لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چوار حکوومەتی فیدراڵی لە ناو ئەو وڵاتانەی کە لە سەدەی نوزدەھەم و سەرەتایی سەدەی بیستەم سەربەخۆییان وەرگرتووە درووست دەبێت، بەڵام بە ھۆی بەردوامبوونی شەڕی ناوخۆیی و دیکتاتۆری سەربازی، ئەزموونی فیدراڵیزم سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست ناھێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ماوەی بیست ساڵی رابردوو، بە ھۆی گەشەسەندنی دێمۆکراسییەکی راستەقینە لە ئاڕژانتین، برێزیل و مێکزیک، دەستووری فیدراڵ ژیانێکی نوێی وەرگرتووە و بە گشتی دەورێکی سەرەکی لە دێموکراتیزەکردنی ناوچەکش دەبێنێت بەڵام وێنێزویلا، ئێستاش لە ژێر دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەھێز بەڕێوە دەچێت.

لە دەرئەنجامی ھەر دوو شەڕی جیھانی و ھەرسھێنانی چەند ئیمپراتۆرییەکی ئورووپایی، کۆمەڵیک وڵاتی نوێ سەربەخۆیی خۆیان مسۆگەر دەکەن و لە ناویاندا چەند وڵاتیکی فیدراڵ وەک ھێندوستان، پاکستان، مالزی و نیجریە درووست دهبێت. بەڵام لە ھەندێک ناوچەش ئەو ھەوڵانە بۆ گەیشتن بە فیدراڵیزم سەرکەوتنی بە دەست نەھێنا کە لە ناویاندا دەکرێت ئاماژە بە ناوچەکانی ناوەندی ئەفریقا، رۆژھەڵاتی ئەفریقا و ناوچەکانی رۆژئاوای ئەفریقا کە پێشتر لە ژێر داگیرکاری فەرانسەدا بوو بکرێت. ھەروەھا لە ئەندونیزی، مالی و ئۆگاندا بە ھۆی تایبەتمەندی مێژوویی خۆیان بەدوای ڕزگاربوون لە داگیرکاری، ھێچ ھەوڵیک بۆ دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵی ئەنجام نەدرا. جێگەی سرنج و تێبینیە کە حکوومەتی فیدراڵی لە ناوچەی یەکجار زۆر بچووکی وەک بیلاو، کۆمۆرۆس، میکۆرنیسیا و سنت کێتس و نێڤیس لە سەردەمی دوای ڕزگاربوون لە داگیرکاری ئورووپاییەکان درووست دەبێت.

قوناغێکی نۆی و گرنگ لە پڕۆسەی درووستبوونی فیدراڵیزم بە دوای ھەرەسھێنانی یەکیەتی سۆڤییەت دەست پێدەکات. لە کاتیکدا، یۆگسلاوی، چێکۆسلاواکی و یەکیەتی سۆڤییەت بە ڕواڵەت لە سەر بنەمای دەستووری فیدراڵ دامەزرابوون، بەڵام بە ھۆی بەڕێوەچوون لە ژێر سێبەری دیکتاتۆری تاک حیزبی و نەبوونی دێمۆکراسی لە یەکەم دەرفەتی گونجاودا ھەڵوشانەوە. کەوابێت، سیستەمی فیدراڵی و دێمۆکراسی لە پەیوەندییەکی حاشاھەڵنەگر لەگەڵ یەکتردان و دەبێت بە شێوەیەکی ھاوتەریب کاریگەریان لە سەر پرۆسەی سیاسی کۆمەڵگادا ھەبێت. ئێستا فیدراسیۆنی ڕووسیا کە لە کۆمەڵیک ھەرێم و ناوچەی فیدراڵی سەر بە یەکیەتی سوڤیەتی پێشوو پێکھاتووە، بە ھۆی نەبوونی دێمۆکراسی ھەموو کات لە ژێر مەترسیی سەرھەڵدانی ئاژاوە و بشێویی ناوخۆییدایە. ھەروەھا بەدوای ھەرەسھێنانی یۆگسلاوی، بە پێی «پەیمانی دایتۆن» فیدراسیۆنی بوسنی و ھێرزوگۆیین پێکدیت کە چەند ئایین و نەتەوەی جیاواز لە خۆ دەگرێت، بەڵام لە ژێر چاوەدێری وردی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدایە.

ھاوکات لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانە کە لە ڕوژھەڵاتی ئورووپا بەڕێوە بوو، سیستەمی فیدراڵی لە چەند وڵاتێکی دیکە بڵاوبووە کە پێشتر بە شێوەی ناوەندێتی و یەکپارچە ئێدارە دەکران. بێلژیک لە ناو دیارترینی ئەو نموونانەدایە کە لە ساڵی ١٩٩٣ دەستووری فیدراڵی پەسەند کرد. ھەروەھا ئیسپانیا بەدوای فرانکو، دەسەڵاتی ھەرێمەکانی خۆی بەرفراوانتر کردووە و بە شێوەیەکی کاریگەر، یاسای دەستوری فیدراڵیزم لەو وڵاتە بەھێزتر بووەوە. لە باشووری ئەفریقاش بەدوای کوتایی پێھاتن بە سیستمی ئاپارتاید، پڕۆسەی دێموکراتیزەکردنی ئەو وڵاتە، خێراییەکی بێوێنەی بە خۆیەوە بینیوە و بەکەڵک وەرگرتن لە نموونەی فیدراڵی ئاڵمان، بنەماکانی فیدراڵیزم وەک دابەشکردنی دەسەڵات بۆ ھەرێمەکان لە پەرەسەندن دایە. ھەروەھا وڵاتانی دیکە، وەک ئیتالیا، ئەندۆنیزی، پێرۆ و بریتانیا (بەتایبەت بە دوای پێشوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە ئیرلەندی باکوور) دەسەڵاتی ھەرێمەکانیان بەرفراوان کردووە، بەڵام ھێشتاش بە تەواوی، وەک فیدراڵ ھەژمار ناکرێن. ھاوکات ھەر لە دوو وڵاتی بۆلیوی و فیلیپین پڕۆسەی مشتومڕکردن لە بارەی سیستەمی فیدراڵیان دەست پێکردووە. پڕۆسەی دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵی لەو ناوچانەی کە لە بارودۆخی دوای کوتایی پێھاتن بە شەڕ و ململانێ تێپەر دەبن، گرنگییەکی تایبەت بە خۆی ھەیە. لە ناویاندا دەکرێت ئاماژە بە وڵاتی ئیتیۆپی بکرێت کە ھێچ کات ئەزموونی دێمۆکراسی نەبووە ، بەڵام بەدوای ڕووخانی حکوومەتی دیکتاتۆری مینگیستۆ، فیدراڵیزم وەک سیستەمێکی گونجاوی سیاسی کە دەتوانێت کێشەی ناخۆیی ولاتێکی فرەنەتەوە وەک ئیتیۆپی چارەسەر بکات، پەسەند کراوە. دەستووری نوێی وڵاتی کۆنگۆ کە لە ھەڵبژاردنێکی سەرتاسەری پەسەندکرا، بە شێوەیەکی فەرمی سیستمی فیدراڵی جێگیر کردووە.

ھەر وەھا زیاتر لە سەدا ٨٥ ی دەنگدەرانی عێراقی دەستووری نوێ ئەو وڵاتەیان پەسەند کرد کە بە تەواوی ئاماژە بە دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵیزم کراوە، بەڵام جێبەجێکردن و خستنە گەڕی ئەو یاسا ڕووبەڕووی کێشەیەکی زۆری سیاسی و یاسایی بۆتەوە. لە چەند شوێنێکی دیکەش، وەک سریلانکا و قێبرێس ھەوڵەکان بۆ کۆتایی پێھینان بە کێشە و ئاڵوزی ناوخۆیی لە ڕێگەی داڕشتنی سیستەمی فیدراڵی سەرکەوتنیان بەدەست نەھێناوە. لە نیپاڵ بە دوای کۆتایی پێھاتن بە شەڕی ناوخۆیی و رووخانی رژیمی پاشایەتی، ئەگەری درووستبوونی فیدراڵیزم زۆر بەھێز بووە. لە کۆتاییدا، جێگەی ئاماژە پێکردنە، لە کاتێکدا کە فیدراڵیزم وەک شێوازیکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی ئەزموونی دێمۆکراسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە فرەنەتەوەکان دەستنیشان کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ھاوشێوەی ھەموو حکوومەتە دێمۆکراتییەکانی دیکە خاڵگەلی بەھێز و لاوازیشی ھەیەئەوە دەبێت لە بەرچاو بگرین کە فیدراڵیزم بەتەواوی دوورکەوتنەوە لە بشێوی، گەندەڵیی و پێشێلکردنی یاساکانی دێمۆکراسی، گارانتی ناکات. ھەروەھا بە ھۆی سەرھەڵدانی ھەلومەرجی تایبەتی سیاسی و ئابووری، ئەگەری گۆڕانکاری نوێ و کاردانەوەی جیاواز لە ئەزموونی فیدراڵیزم بوونیان ھەیە. لە لایەک، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئوسترالیا کە ئەزموونێکی دوور و درێژیان لەگەڵ سیستەمی فیدرالێ ھەیە، رۆژبەڕۆژ بە ھۆکاری گەشەسەندنی کەرەستەی مۆدێرنی پەیوەندیگرتن، ڕێکخستن و ھاوتاکردنی سیاسەتەکانیان و گوشاری ھەمە لایەنەی گلۆباڵیزاسیۆن بەرەو بەھێزترکردنی ناوەندێتی ھەنگاو دەنین. بەڵام لە لایەکی دیکە، کانادا، سویس و ھێندوستان ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆیان بەسەردانەھاتووە یان بەتەواوی لە ناوەندگەرایی دوورکەوتوونەتەوە.