برووسکەی سەرەخۆشی کۆمەڵە سەبارەت بە ماڵئاوایی لە ژیان کردنی هاوڕێ"جەماڵ میرزادە"

برووسکەی سەرەخۆشی کۆمەڵە سەبارەت بە ماڵئاوایی لە ژیان کردنی هاوڕێ


بە داخەوە ئاگادار کراینەوە، پێشمەرگە و هاوڕێی دێرینمان کاک جەمال میرزادە ناسراو بە جەمال ڕانندە، ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی٢٢ی مارسی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی، لە ماڵی خۆی لە شاری ساپسبۆرگ لە وڵاتی نۆروێژ بە هۆی نەخۆشیەوە، ماڵئاوایی لە ژیان کرد و خەم و پەژارەی خستە دڵی هەموومان.

هاوڕێ "جەماڵ" ساڵی ١٣٤٢ی هەتاویی لە شاری سەقز لە دایکبوو ولە سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵە ئاشنا بوو و لە بەڕێوەبردنی جەمعیەتەکان لە کوردستاندا دەور و نەخشی گێڕا.

ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویی پەیوەست بوو بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و دواتر لە گوردانی ٢٦ی سەقز و هێزی پێشڕەو سازمان درا و بەشداریی چالاکانەی بوو لە زۆرێک لە عەمەلیات و چالاکییەکانی کۆمەڵە لەو سەرەدەمەدا. هەروەها لە دەرەوەی وڵات ئەندامی کومیتەی وڵاتی نۆروێژ و بەرپرسی بەشی ماڵی کۆمەڵە لەو وڵاتە بوو.

هاوڕێ جەماڵ میرزادە تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ئامانج و ڕێبازی کۆمەڵە مایەوە و لەو پێناوەیشدا لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک درێغی نەکرد.

بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیان کردنی هاوڕێ جەماڵ میرزادە، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرجەم هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی و بنەماڵەی سەربەزی کاک جەماڵ بە تایبەت فەریبا خانم نەسروڵڵاهی هاوسەری و هانی و تانیای کچی دەکەین.


کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی

٢٢ی مارسی ٢٠٢١ی زایینی

٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاویی








ئه‌م بابه‌ته 303 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:49:22/03/2021